راپۆرتێکی نوێی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، مرۆڤ خەریکە زەوی پەکدەخات و دەیکاتە هەسارەیەکی وەها کە بەکەڵکی ژیان نەیەت، ئەوەش بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا، نەمانی فرەچەشنیی ژینگەیی و زیادبوونی پیسبوونی ژینگە.
نەتەوە یەکگرتووەکان لەوبارەیەوە داوا دەکات، جیهان گۆڕانکاریی گەورە لەنێو کۆمەڵگە، ئابووری و ژیانی رۆژانەیدا بکات.
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ساڵی 2021 بە ساڵی یەکلاکەرەوە ناودەبات و دەڵێت، “ئەمە ئەو ساڵەیە کە پێویستە تێیدا چوارچێوەیەکی نوێ دروستبکەین بۆ پاراستنی فرەچەشنیی ژینگەیی؛ ئەمە ئەو ساڵەیە کە پێویستە تێیدا ژمارەیەک رێکاری زۆر گرنگ بگرینەبەر بۆ کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگە”.
پێچەوانەی راپۆرتەکانی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان کە سەرنجیان تەنیا لەسەر یەک پرسی ژینگەیی دەبوو و تێیاندا دیارینەدەکرا کە دەبێت سەرکردەکانی جیهان چی بکەن، لەو راپۆرتەی کە رۆژی پێنجشەممە 18ی شوبات بڵاوکراوەتەوە، سەرنج خراوەتە سەر سێ پرس و تێیدا باس لەوە کراوە کە پێویستە جیهان چ شتێک بگۆڕێت.
راپۆرتەکە داوا دەکات گۆڕانکاری بکرێت لە “ئەو شتانەی کە باجی حکومییان لەسەرە، چۆنێتی نرخاندنی بەرهەمی ئابووری، چۆنێتی بەرهەمهێنانی وزە، چۆنێتی هاتووچۆکردن، ماسیگرتن، کشتوکاڵکردن و خواردن”.
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، “بەبێ هاوکاریی سرووشت، ئێمە گەشە ناکەین، تەنانەت بە زیندووییش نامێنینەوە. ماوەیەکی زۆر درێژە، ئێمە شەڕێکی خۆکوژیی بێمانامان دژی سرووشت راگەیاندووە”.
ئینگەر ئەندرسن، بریکاری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کە هاوکات دەکاتە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پرۆگرامی ژینگەیی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەڵێت “خەریکە هەسارەکەمان لەنێودەبەین و تەندروستی و خۆشگوزەرانیی خۆمان دەخەینە مەترسییەوە”.
بەشێک لە ئەنجامەکانی راپۆرتە 168 لاپەڕەییەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم خاڵانەی خوارەوە پێکدێت:
1- پلەی گەرمیی زەوی 3.5 پلەی دیکەی سیلیزی بەرزتردەبێتەوە بەراورد بە قۆناخی پێش پیشەسازی، لەکاتێکدا هەر ئێستا 1.9 پلە لەو کاتە بەرزتربووەتەوە. بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بە 3.5 پلەی دیکە زۆر لەوە زیاترە کە وڵاتانی جیهان لە رێککەوتنی کەشوهەوای پاریسدا لەسەری رێککەوتبوون.
2- ساڵانە نزیکەی 9 ملیۆن کەس بەهۆی پیسبوونی هەواوە گیان لەدەستدەدەن.
3- ملیۆنێک لەو هەشت ملیۆن جۆرە رووەک و گیانلەبەرەی کە هەن، مەترسیی لەنێوچوونیان لەسەرە.
4- هەموو ساڵێک 400 ملیۆن تۆن کانزای قورس و خڵتەی ژەهراوی و پاشەڕۆی دیکەی پیشەسازی دەکرێنە نێو ئاوەکانی جیهانەوە.
5- تێکچوونی خاک کاریگەریی کردووەتە سەر زیاتر لە سێ ملیار کەس و تەنیا 15%ی خاکی تەڕی زەوی بە گونجاوی ماوەتەوە.
6- لە 60%ی ناوچەکانی ماسیگرتن، رێژەی ماسیگرتن لەوپەڕی بەرزیدایە.
7- زیاتر لە 400 ناوچەی دەریایی کەم ئۆکسجین هەن.
8- پیسبوونی دەریاکان بەهۆی پلاستیکەوە 10 هێندەی ساڵی 1980 زیادیکردووە.