
هندرێن ئەحمەد :
سەرەتای هەموو ساڵێك، سەرتای راپەڕین و بەهارێكی نوێیەو بۆ گەلی كوردستان لەباشور،چونكە واهەست دەكرێت كە ئەوە یەكەم حكومەت و یەكەم كابینەیە دەست بەكار دەبێت، بۆیە هەموو لایەك بەشەوقەوە چاوەڕوانی پڕۆژەو بڕیارەكانی حكومەت دەكەین، چاوەڕوانی ئەوە دەبین كە ئاخۆ لەگەڵ بڕیاردانی بودجەی ساڵ، بازاڕ چۆن دەجولێت و پرۆژەكانی حكومەت چەندن و چۆنن و كوێ دەگرێتەوە، گەنجامان چی بەر دەكەوێت، بەشێوەیەكی گشتی ئەم بوجە نوێیە، تاچەندە بەشێوەیەك لەشێوەكان هەر تاكێك دەگرێتەوە.
لەماوەی ساڵانی رابدروودا، كەوەك نەریتێكی لێهاتووە، لەكۆتایی ساڵەوە كارەكان دەوەستن و پرۆژەكان چاوەڕێی ساڵی داهاتوو دەكەن، هەروەها هاوڵاتیانیش هەریەك بەبەرژەوەندی خۆی دەیەوێ بزانێت، بازاڕ چی بەسەر دێت، مانگانەكەی چ زیاد و كەمێكی بەسەردادێت، ئەم كچە یا ئەو كوڕە یان هەر تاكێك، چەند پرۆژەیەك لەخەیاڵی خۆیان دەدەڕێژن، بۆنموونە، ئەگەر حكومەت هاوكاریی بكات، دەتوانێ ناوی لەلیستی شوقەكانی حكومەت تۆمار بكات، یان دەتوانێ 100 مەعاشییەكە وەرگرێ و بیكاتە پێشەكی ئەو گوندو گەڕەكە نوێیانەو خانوێك مسۆگەر بكات، یاخود ئەو دووەی بەتەمای یەكترن پێكەوە دەتوانن پلانی هاوسەری دابڕێژن و شتێك بەشتێك بكەن، بەم شێوەیە هەركەسێك پلانێكی هەیە.
ئەمە خەونی كەسە سادەو زۆرینەكەیە كەچاوەڕێیە لەحكومەت لەسەرتای ساڵی نوێ بۆی بێنێتە دی، بەڵام خەونی گەورەی كەسە دەستڕۆیشتوو سەرمایەدارەكانیش جیاوازە، بەهاری ساڵی نوێ و بڕیاردانی بودجە لەسایەی بازاڕی ئازادا، بۆئەو دەرگای چەندین پرۆژەی چەند ملیۆن دۆلاری دەكاتەوە، كە ئەویش لە كەسێكی دەستڕۆیشتووتر بەپێدانی قازانجی كاش وەریبگرێت و كەئەوكەسەش بەهۆی نزیكی لەفلانەكەس كەتەنها ناوی بەسەر پرۆژەكانە وەریگرتووە، بەڵام لەسەرووی هەموو ئەمانە كۆمپانیایەكی تۆماركراوی فەرمی كە لەخانوێكدا تابلۆی ناوەكەی هەیە یان(نا)،كە زۆربەی كاروكاسبی بازاڕی لەدەستدایەو بێئەوەی تەندەر پێشكەش بكات، بەقودەرەتێكی شاراوەوە دەتوانێ پرۆژە بۆ ئەوانەی خوارتر مسۆگەر بكات..كەواتە ساڵی نوێ و بەهاری راپەرینی هەرێم بۆهەموو لایەك قازانجی هەیە و جێگای ئومێدە..بەڵام ئومێدی گەورەو ئومێدی بچووكو بچووكتر هەیە، تادەگاتە ئەو رادەیەی كەسانێك خوایە لێمانی تێك نەدەی بەس نییە منداڵەكانمان دەچنە بازاڕو بەسەلامەتی دێنەوە….. ئەم خەونانە لەسایەی ئەوسیاسەتەی بەناوی بازاڕی ئازادە كەپەیڕەو دەكرێ، پەیدابووە، بەڵام چی بەرهەمهێناوە بازاڕی رەش و قۆرخكاریی لەسەر هەموو ئاستەكان، باواز لەخەون و قسەو باسی ئەملاوئەولا بهێنین و تەنها لێدوانی بەرپرسانی حكومەت وەربگرین، ئەگەر هەمووی لە سەر یەك كۆبكەینەوە لە گرتەی ڤیدیۆییدا، حكومەت زۆربەگوناحی دەردەكەوێت و باسەكە دەبێتە باسی دەستێك كەبازاڕی قۆرخكردوەو كەسیش نازانێ ئەو دەستە هی كێیە…دوو پرۆژە یاسا لەپەرلەمان هەیە، (نەهێشتنی قۆرخكاری) و(پاراستنی بەكاربەر)، بەڵام ئایا ئەمە چارەسەرە، یان چارەسەر راستركردنەوەی پلان وسیستمی ئابوری و بەدامەزراوەییكردنە.