نیشتیمان هی ئەوانەیە
شوێنیان هەیە
ئەوانەش بۆی ئەمرن
بێ شوێنن!
هەموو شەوێك
تەنیایی لە چاوەكانمدا ئەنوێت
بەیانیان پێش خۆم
بە خەبەردێت.
**
شەوان درەنگ ئەنووم/ رۆژانیش درەنگ هەڵەسم/ لە هەموو حاڵەتێكدا، ئەمەوێت كارێك بكەم، ژیان زووتر تەواوبێت/ زۆر خۆشحاڵم دوای خۆم ،هیچم نیە جێی بهێڵم جگە لە چەن دێرێكی شێواو/ ئەوانەی ئەمناسن تێدەگەن، ئەوانەش نامناسن حەزناكەم قەد تێبگەن/ ئەترسم بمرم و دڵی هەموو ئەو ژنانە بشكێت لە دورەوە خۆشیان ئەوێم/ من خەمی ئەوانەمە ژیانیان نەدیوە و لە مردن ئەترسن/ نووسینەوەی مەرگ خۆشترە لە نووسینەوەی ژیان/ مەرگ ئازارێكە یەكجار دەردەكەوێت، كەچی ژیان ئازارێكە هەموو بەیانیەك ئەدا لە دەرگاكەت/ ژیان ئەگەر پەردەیەك بواییە بەدەستی خۆم لام ئەدا بۆ ئەوەی هەمووتان بیبینن.
**
ژیان
سێ وەرزە
تەنها وەرزی منداڵی خۆشە.
مەرگ، داخستنی دوكانی ژیانە.
خۆشبەختی، دۆزینەوەی دڵی ژنێكە لەناو سەبەتەیەك پیاودا.
ژن
ئەگەر كانی بوایە
هەردوو قاچم تێ ئەخست
تا پیاوەتیم فێنك بێتەوە.
لێرە
ژن چیرۆكێكە
بەقەڵەمی پیاو ئەنوسرێتەوە!
**
من واخۆم راهێناوە هەمیشە قسە لەگەڵ خۆمدا بكەم، تا گوێم لە ئێوە بێت/ ئەم خەڵكە دەست لە ژیانی ئەم و ئەو هەڵناگرن، ئێ ئاوایە تا خۆیان وننەكەن ئەبێ شتێك بڵێن/ من مرۆڤم خۆشدەوێت، بۆیە تا ئێستا ماوم/ ئەما، مرۆڤ ڕەشەبایەكە ڕویكردە هەرلایەك تێكی ئەدا/ مرۆڤ نەبوایە زەوی جوانتر ئەبوو/ مرۆڤ شیعرێكی تەواو نەكراوە/ من ئەو مرۆڤانەم خۆشدەوێن بە ئەدەبەوە ئەمرن، بە ئەدەبەوە ئەگرین، بە ئەدەبەوە ئەژین/ من مرۆڤم خۆشدەوێت بۆیە تا ئێستا مرۆڤم/ بەڵام زۆرن ئەوانەی لێم تێناگەن، كەمن ئەوانەی لێم تێدەگەن.
مەیە بۆ لای من
ژورەكەم ئەوەندە بچوكە
رێی خەونەكانمی تیانابێتەوە
چ جای تۆ.
پەردەكەم داداوەتەوە
چەنجەرەكەشم داخراوە
تەنها دەرگای خەوەنەكانم كراوەن.
پەنجەرە ناوی دووهەمی چاوەڕوانیە.
هەرچی دەرگا هەیە
بە ڕووتا دابخرێن
هێندەی داخستنی دەرگای دڵێك سەخت نیە.
**
ئەگەر سەیری تاڵە سپیەكانی سەرم بكەیت ئەزانی چەنجار دڵم شكاوە/ وەك سوارێك كەوتمە خوارەوە بۆ ناو ژیان/ كەوتنە ناو ژیان عەیبترە لە سورابوونی مەرگ/ ئەوەی دڵم خۆشدەكات ئەوەیە ئەتوانم بەپارەیەكی كەم پاكەتێك هاورێ بكڕم/ جگەرە هاورێكە بە بێدەنگی ئەو كوژێت/ من لە زمان بێزارم ، نەك لە بێدەنگی/ چاوێك كە سەیرت ئەكات بەقەت سەد قسە جوانترە/ مرۆڤ ئەگەر زمانی نەبوایە حەیوانێكی نەجیب ئەبوو.
هەتا بێت ژورەكەی من بچوكتر ئەبێتەوە
ڕەنگە بەشی من هەر ئەوەبێت
لە ژورێكی بچوكدا بۆ دڵێكی گەورە بگەڕێم.
هەفتەیەكە كتێبێكم نەخوێندوەتەوە
هەر خەریكی خوێندنەوەی
دڵی تۆم.
**
ئەوەندەی شەڕم بۆ خەڵكیكرد شەڕم بۆ خۆم بكردایە، ئێستا لە پێشی پێشەوەی ژیان ئەبووم/ ئەوەندە تكام بۆ سەلامەتی ئەوانكرد، دوعام بۆ خۆم بكردایە، ئێستا بووبووم بە وەلی/ كە هەقی ئیشەكەم وەرئەگرم، دە جار ئەیژمێرم ئەڵێم نەكا بەشی چوار رۆژم بكات/ ئەو رۆژانەی پارەم پێنیە خۆشترن لەو رۆژانەی پارەم پێیە/ مرۆڤ بەبێ پارە سروشتی ترە/ پارە رۆحی لە مرۆڤدا كوشت./ حەزم لە ئامۆژگاری نیە، مرۆڤ ئەبێت كەمێك یاخی بێت/ رقم لەپەندە كۆنەكانە/ بۆیە لای من سوار بوون خۆشە و دابەزینش هەر خۆشە/ كڵاوم لەسەردانیە تا دەستی پێوە بگرم/ سەری خۆم باش ئەشۆم ئیتر بۆچی بیخورێنم/ هەموومان ئەزانین سەری گا هەر زلە/ ڕێوی ئەچێت بە كونەكەی خۆیدا یا ئەچێت بۆ ماڵە دراوسێكەیان، ئەوە كەی موشكیلەی منە./ بەرد لەهەرشوێنێ بێ هەر قورسە/ هەموو چێشتێ بێ خوێ خۆش نیە، خوێی زۆریش بۆ زەخت خراپە/ نان بۆ خواردنە و گۆشتیش بۆ برژاندن/ زمانت بگرە، قسە و بۆ ناكرێت/ هەندێجار ئاوام، دەنیشمە سەر پەندە كان و تێك و مەكانیان ئەیەم!
بۆ ئەوەی لە بارەی خۆمەوە بدوێم
دەبێت ئیجازە لە تەنیایی بخوازم
بەڵام بزانە كە….
ژورەكەی من
هیچی تیانیە
جگە لە پیاوێكی دڵ شكاو.
نەبەز گۆران