لاپەڕەی سەرەکی ئەدەب و هونەر کتێبێکی پڕ له‌ خه‌ون و خەیاڵ ..!

کتێبێکی پڕ له‌ خه‌ون و خەیاڵ ..!

0 تێبینییەکان 16 بینینەکان
ئەم کتێبە بخوێنەرەوە ..
چونکە جەندینجار کتێبەکان هەوڵیانداوە فریوت بدەن،چەندجار لەنێوان وێنەی راستەقینەی دەق و سێبەرەکانیدا وویستویانە گومڕات بکەن.. چەندجار نووسەرە درۆزنەکان وویستویانە لەرێگای ووشەوە و بەناوی جوانی و حەقیقەتەوە فریوت بدەن، ئەوانەی لەسەر خوانی میرزادەکان و ئوتێلی پێنج ئەستێرەی حزبەوە، دەڕوانن و دەیانەوێت بەنرخی رۆژ ،ئەم ژیانە دۆزەخییەکان لە وێنەی بەهەشتدا نیشان بدەن ..
تۆ نازانی چەند ( بازرگانی ووشە )چاویان بڕوەتە بیر و خەیاڵت،ئەوانەی وەک ئافرەت لە ووشە دەڕوانن و تا حزب بزەیەکی دەستخۆشییان لێبکات، گەوادییان پێوە دەکەن .ئەوانەی کە نازانن شوێنی فاریزە لە کوێێ رشتەدا ،گوێبگرن باشترە،نەک بیر لە نووسین بکەنەوە. وەک ئەوەی ئێمە نەزانین نوسینەوەی ئازار و جەرگ سوتان نە پێوسیتی بە فاریزەیە نە بە دوو (و) هەیە .

نووسەر دەنوسێت من لە خەیاڵمدا بوو بەسەرهاتێکی سەیرت بۆ بگێڕمەوە، ئەگەر مردنی ئەو کورە گەنجە رۆژنامەنووسە نەبوایە، کە تەنها لەبەر ئەوەی شۆخییەکی کرد، فیشەکێکیان نا بەدەمییەوە و تەرمەکەیان لە شارێکی دوور فڕێدا و ئیتر سەرلەبەری کارەکەی منی شێواند .لەگەڵ کوژرانی ئەو کورە گەنجەدا،ئیتر من نوسینی رۆمانەکەم لێشێواو و بۆم پاکنوس نەکرا ،بەخۆمم ووت ئەگەر هاوکێشەی شۆخیکردن ئەوەندە مەترسیدارە،ئەوا دەبێت هەر یەکەمان لەبارەی ئەو ڕۆحی گاڵتەجارییەوە رۆمانیک بنوسێت .
له‌ کۆندا خه‌ڵکی له‌ رێگای قۆشمه‌چی‌و گاڵته‌چییه‌وه‌ گاڵته‌ی ده‌کردو ده‌سه‌ڵاتدار، خه‌لیفه‌و سوڵتانه‌کانیش پێده‌که‌نین. به‌ڵام له‌سه‌رده‌می ئێمه‌دا ئه‌م هاوکێشه‌یه‌ تێکده‌چێت‌و ئیدی ئه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاته‌ گاڵته‌ده‌کات‌و ده‌بێت خه‌ڵکی پێبکه‌نێت. هه‌ر که‌سێکیش له‌م یاسا نوێیه‌ی گاڵته‌کردن لابدات‌و بیه‌وێت گاڵته‌بکات، ئه‌وا چاره‌نووسێکی ره‌ش چاوه‌ڕێی ده‌کات، هه‌روه‌ک پاڵه‌وانی رۆمانه‌که‌. ئه‌و پاڵه‌وانه‌ی پێمان ده‌ڵێت جۆرێک له‌ ده‌سه‌ڵات هه‌یه‌، له‌ گاڵته‌و پێکه‌نین ده‌ترسێت. به‌ڵام ده‌بێت هه‌رگیز توانای پێکه‌نین له‌ده‌ست نه‌ده‌ین‌.

ئەگەر مردنە ئاساییەکان پرسیاری مردن چیە و بۆ دەمرین.. لەگەڵ خۆییدا بهێنێت، ئەوا مردنی ئەو کورە گەنجە دەمانخاتە بەردەم زۆر پرسیاریتر،چ پەیوەندییەک لەنێوان ئەو کوشتنانە و مانای ئازادی و ستەمکاری و شۆڕش و نەتەوە و نوسین و پیرۆزی و زۆر شتیتردا هەیە ؟ گاڵتەت لەگەڵ ناکەم ئەگەر بڵێم تەنانەت تۆ دەتوانیت پەیوەندی لەنێوان دۆزینەوەی بیرە نەوتەکان و ئەو مردنە بدۆزیتەوە .
لەگەڵ نوسین و کتێبەکاندا خوێنەرێکی دڵپاک مەبە، چونکە نوسین بونەوەرێکی بێگەرد نییە و دڵپاکی و سادەیی لەگەڵیدا ،مانای گەمژەییە . تۆ نازانیت لەبەرامبەر خەیاڵە سادەکانی تۆی خوێنەردا،چ دەزگا گەلێکی زەبەلاح کاردەکات و چ پارەیەکی خەیاڵی بۆ ئەو سوپایە خەرج دەکرێت، کە گەورەترین دەسکەوتی ئەوەیە (ناشیرین) بە ( جوان) ببینین و ژاوەژاوت لەلا بکەن بەشاکار ..جەجێتان دەهێڵم بۆ رووداوەکانی ناو ئەو شاکارە پڕ لە خەون و خەیاڵە .لێتان ناشارمەوە من زۆرم سوودم لێ بینی و زۆریشەوە بەدیارییەوە گریام،چونکە زۆر بیری پاڵەوانی ننێو رۆمانەکەم دەکرد !

بەشدار عوسمان
24\6\2019

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە