لاپەڕەی سەرەکی هەواڵ حكومەت خەرجییەكانی كەمدەكاتەوە

حكومەت خەرجییەكانی كەمدەكاتەوە

0 تێبینییەکان 26 بینینەکان
anjumany wazeran
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دەسپێكردنی ساڵی تازە ڕێككەوتنەكەی نێوان هەولێرو بەغدا دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوەو راشیدەگەیەنێت “دەمانەوێت هیچ لەوە زیاتر خەرجنەكەین كە وەك داهات دەمانبێت، بۆ ئەمەش وەزارەتی دارایی دەست بەكۆمەڵێك چاكسازی دەكات‌و دەبێت خەرجییەكان كەمبكەینەوە”
بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەسەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەی ئاساییی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان سازكرا كە تایبەت بوو بەسەردانی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغداو ئەو ڕێككەوتنەی هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و حكومەتی فیدرال بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان، پێیگەیشتن.

بەپێی راگەیەنراوێكی سەرۆكایەتی حكومەت، سەرۆك وەزیران تیشكی خستە ‌سەر دیدارو كۆبوونەوەكان‌و باسی لەوە كرد كە “بەشێوەیەكی گشتی ئەرێنی بوون‌و لەبەغدا كەشێكی نوێ هەیە، ئەوانەیش كە جاران كێشەیان دروستدەكرد، ئەمجارە كە زانییان كێشەكان بەرەو چارەسەردەچن، خۆیان ئەرێنی بوون‌و هەوڵیاندا هاوكاربن بۆ چارەسەركردن، گفتوگۆكان زۆر كراوە بوون‌و زۆر بەجددی قسەمان لەگەڵ یەكتركرد، هەستمان كرد ئەوان بەدوای چارەسەردا دەگەڕێن‌و دەزانن بارودۆخەكە گۆڕاوەو پێویستییان بەچارەسەر هەیە، بەتایبەتیش عەبادی هاوكار بوو بۆ لێكگەیشتن”.

نێچیرڤان بارزانی هەروەها وتوویەتی: ئەولەوییەتی ئێمە هەمیشە ئەوە بووەو ئەوەیە لەگەڵ بەغدا بگەینە چارەسەر، ئەوانیش لەوە تێدەگەن كە ئێمە دەمانەوێت بگەینە چارەسەرو لێكگەیشتن.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش كردووە عێراق لەڕەوشێكی دارایی زۆر خراپدایەو ڕاوەستانی ناردنی نەوت كێشەی گەورەی دروستكردووە، لەكابینەی پێشوودا پارەیەكی زۆر خەرجكراوە كە بەڕوونی دیار نییە بۆچی خەرج كراوە؟
هەروەها ڕێككەوتنەكەش‌ بۆ هەموو عێراق‌و بۆ هەرێمی كوردستان وەك ڕێككەوتنێكی باش لەقەڵەمدا، بەڵام دووپاتی كردەوە كە “بە دڵنیاییەوە هەموو خواستی ئێمە نییە”‌، باسی لەوەش كرد كە حكومەتی فیدرال دەیەوێت بودجەیەك لەسەر بنەمای بڕی (70) دۆلار بۆ یەك بەرمیل نەوت دابنێت، بۆیە پرسیاری ئەوەیان كرد كە ئاخۆ نەوتی هەرێم ڕادەستی سۆمۆ دەكەین یان نا؟ ئێمەش بەكراوەیی پێمانگوتن: بەتەنیا ئەوەندە ڕادەستدەكەین كە لەسەری ڕێككەوتووین.
هەروەها ڕوونیكردەوە ڕێككەوتنەكە دەخرێتە چوارچێوەی یاسای بودجەوە بۆ ساڵێك‌‌، بەڵام بنەمایەكی باشمان داناوە،
لەبارەی ناوەڕۆكی رێكەوتنەكەش نێچیرڤان بارزانی ئاشكرایكردووە “بەپێی ڕێككەوتنەكە (250) هەزار بەرمیلی ڕۆژانە ڕادەستی حكومەتی فیدرال دەكەین‌و (300) هەزار بەرمیلی دیكەش بۆ ئەوان دەگوازینەوە، (11) ساڵە داوا دەكەین خەرجییەكانی پێشمەرگە بدەن،‌‌ قبووڵناكەن، بەڵام ئێستا خەرجییەكانی پێشمەرگە خرایە ناو بودجەی فیدراڵەوە، ئەمە سەركەوتنێكی گەورە بوو، لەسەر پرسی قەرزەكانی هەرێمیش، ڕوونیكردەوە حكومەتی فیدرال (16) تریلیۆن دینار قەرزاری هەرێمەو ئەمەش بەشێوەیەكی فەرمی لەڕاپۆرتی وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدرالدا جێگیركراوە، جگە لەوەی پارەی كۆمپانیا بیانییەكانی نەوتیشیان نەداوە.
دەربارەی ڕۆڵی پێشمەرگەش دووپاتیكردەوە كە عەبادی پێزانینی خۆی بۆ ڕۆڵی پێشمەرگە هەبوو، هەروەك چۆن بۆ پرسی پشكنینی ئەو فڕۆكانەی كە كۆمەك‌و هاوكاریی مرۆیی‌و سەربازیش دەگەیەننە هەولێر، داوایان لەحكومەتی فیدرال كردووە پشكنینی فڕۆكەكان بەهەمان میكانیزمی بەغدا لەهەولێر بكرێت
نێچیرڤان بارزانی هەروەها تیشكی خستە سەر ئەوەی لەڕووی كردەییەوە عێراق پێویستی بەهەرێمی كوردستانەو ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو ژێرخانە نەوتییەی دروست نەكردبا، ئێستا نە عێراق دەیتوانی هیچ شتێك بۆ هەرێمی كوردستان بكات، نە هەرێم خۆی دەیتوانی هیچ بۆ خۆی بكات، ڕوونیشیكردەوە كە ئێستا كار دەكرێت بۆ بەستنەوەی نەوتی كەركوك بەبۆرییە نەوتییەكانی هەرێمەوەو ئەم پرۆسەیە كاری تەكنیكی پێویستە.
ڕوونشیكردەوە كە لەقۆناغەكانی داهاتووی گفتوگۆكانی چارەسەركردنی كێشەكاندا، هەر وەزارەتێك كە پەیوەندییان بەكێشەكانی نێوان هەولێرو بەغداوە هەیە، كار لەسەر دۆسیاكان دەكەن،

سەرچاوە : شار پرێس
0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە