هاوسەرگیریی پێشوەختە و بە زۆر بە شوودانی منداڵان هێشتا یەکێکە لە کێشە هەرە هەستیارەکانی مافەکانی ژنان و منداڵان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، پارێزەران ئاماژە بەوە دەکەن، کچانی خوار تەمەنی یاسایی هێشتا لە بەکارهێنانی مافە یاساییەکانیان سنووردارن و هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسیی عێراقیش نیگەرانییەکانی زیاد کردووە.
لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان یاسا و سزای تایبەتی بۆ ڕێگریکردن لە هاوسەرگیری پێشوەختە و بە شوودانی منداڵ بە زۆرەملێ داناوە، هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسیی عێراق مشتومڕێکی فراوانی لەسەر تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری و پاراستنی مافەکانی ژنان و منداڵان درووست کردووە، ئاژانسی ڕۆژنیوز لەم دۆسییەیەدا جیاوازییە یاساییەکان، بۆچوونی شارەزایانی یاسا و هاوکات هۆشیارکردنەوەی ژنان لە ڕێکارییەکانی خۆپارێزگارێزییان دەخاتەڕوو.
جیاوازی یاسای هاوسەرگیری لە هەرێمی کوردستان و عێراق چییە؟
یاسای هاوسەرگیری لە هەرێمی کوردستان بە شێوەی سەرەکی لەسەر بنەمای یاسای باری کەسیی عێراق، یاسای ژمارە (١٨٨)ـی ساڵی ١٩٥٩ جێبەجێ دەکرێت، بەڵام بە هۆی هەندێک دەستکاری یاسایی بە تایبەتی لە بواری پاراستنی مافەکانی ژنان و منداڵان، جیاوازی لە جێبەجێکردنی هەندێک مادە کردووە.
بەپێی یاسای ژمارە (١٥)ـی ساڵی ٢٠٠٨ـی هەرێمی کوردستان، تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری ١٨ ساڵە، لە هەندێک دۆخی تایبەتدا، هاوسەرگیری لە تەمەنی ١٦ ساڵیش ڕێگەپێدراوە، بە مەرجێک دادوەر دڵنیابێت لە پێگەیشتنی جەستەیی و عەقڵی کەسەکە و ڕەزامەندیی هەردوو لایەن بە ڕوونی هەبێت.
لە بەرامبەردا، بەپێی هەمووارکراوی یاسای باری کەسیی عێراق کە لە ساڵی ٢٠٢٥ پەسەند کرا، لە هەندێک بارودۆخدا پێگەشتنی جەستەیی بۆ هاوسەرگیری لەبەرچاو دەگیرێت، کە نۆ ساڵ بۆ کچ و ١٥ ساڵ بۆ کوڕ باس دەکرێت.
لە هەرێمی کوردستان، هاوسەرگیریی پێشوەختە و بە زۆر بە شوودانی منداڵ لە ژێر چوارچێوەی یاسای توندوتیژی خێزانی بەتاوان دادەنرێت و بۆ سەرپێچیکاران سزا دیاری کراوە.
هەروەها یاسای باری کەسیی ژمارە (١٨٨)ـی ساڵی ١٩٥٩ ئاماژە دەکات کە هیچ کەسێک لە ئەندامانی خێزان مافی ئەوەی نییە منداڵەکەیان ناچار بکات بە هاوسەرگیری، لە ئەگەری سەرپێچی، دادگا دەتوانێت گرێبەستی هاوسەرگیری هەڵبووەشێنێتەوە.
بەپێی یاسای هەرێمی کوردستان، سزای سەرپێچیکاران بەپێی نزیکایەتیی خزمایەتی دیاری دەکرێت، خزمە نزیکەکان بە دوو تا پێنج ساڵ زیندان و خزمە دوورەکان بە سێ تا ١٠ ساڵ زیندانیی سزا دەدرێن.
لە هەمان کاتدا، هەرچەندە یاسای باری کەسیی عێراق ڕەزامەندیی هەردوو لایەن بە بنەمای هاوسەرگیری دادەنێت، بەڵام وەک یاسای هەرێمی کوردستان، سزایەکی تایبەتی بۆ ئەوانەی کە منداڵ ناچار بە هاوسەرگیری دەکەن دیاری نەکردووە.
کچانی ژێر تەمەنی یاسایی و سنوورداربوونی مافی سکاڵاکردن لە دادگا
ئەشواق نەجیب، پارێزەری ڕاوێژکار لە لێدوانێکدا، وتی: بەپێی یاساکانی هەرێمی کوردستان و عێراق کچانی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ لە ڕووی یاساییەوە ناتوانن بە تەنها لە دادگا سکاڵا تۆمار بکەن یان داوای پارێزەر بکەن، لە کاتێکدا کچێک تووشی هەر جۆرە توندوتیژییەک ببێت، زۆرجار یەکەم هەنگاو قسەکردن لەگەڵ خێزانەکەیە بۆ چارەسەری کێشەکە بە ناوبژیوانی، لەو دۆخانەدا دادگا دەتوانێت بەڵێننامەیەک لە دایک و باوکی وەربگرێت کە ئیتر هیچ جۆرە توندوتیژییەک بەرامبەر کچەکە ئەنجام نەدەن.
وتیشی: کاتێک تەمەنی کچەکە دەگاتە ١٨ ساڵ، لە ڕووی یاساییەوە مافی تەواوی هەیە بچێتە دادگا و پارێزەر وەربگرێت، سکاڵای فەرمی تۆمار بکات و هەر جۆرە توندوتیژییەک کە بەرامبەری ئەنجامدراوە بخاتە پاڵ ئەو کەسانەی بەرپرسیارن، لەوانەش دایک و باوک.
باسی لەوەشکرد، ئەگەر کچێک لە خوار تەمەن ١٦ ساڵدا هاوسەرگیری کردبێت و دوای هاوسەرگیری تووشی هەر جۆرە توندوتیژییەک ببێت، لە ڕووی یاساییەوە ناتوانێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ کەیسەکە بجوڵێنێت، لەو دۆخانەدا دەتوانرێت لە ڕێگەی ڕای گشتی و بە هاوکاری ڕێکخراوەکانی پاراستنی مافی ژنان و دامەزراوە یاساییەکان چارەسەر بکرێت.
سەبارەت بە ڕۆڵی دادگا لە ڕێگریکردن لە هاوسەرگیریی منداڵانی ژێر تەمەنی یاسایی جەختی لەوە کردەوە، ئەگەر کچێک لە ژێر تەمەنی یاسایی بێت و بۆ تۆمارکردنی هاوسەرگیری بچێتە دادگا، لە هەندێک حاڵەتدا، ئەگەر هۆکارگەلێکی وەک دووگیانی یان هەبوونی منداڵ بوونی هەبێت و بەڵگە و شایەتی پێویستیش پێشکەش بکرێت، دادگا ناچار دەبێت ڕێگە بە تۆمارکردنی هاوسەرگیرییەکە بدات، بەڵام لە هەمان کاتدا، دادگا بەدواداچوون بۆ دۆسییەی هاوسەرگیریی دەرەوەی دادگا دەکات، لە ئەنجامی ئەو بەدواداچوونەدا، سزای یاسایی وەک پێبژاردنی دارایی بەسەر پیاوەکەدا دەسەپێندرێت.
پاشەکشەی مافەکانی ژنان لە ژێر هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسیی
هاوکات، دکتۆر ڕازاو گوڵی پارێزەر و داکۆکیکاری مافەکانی ژنان، وتی: دوای هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسیی عێراق، لە ژێر چوارچێوەی مەزهەبی جەعفەرییدا ڕێگە پێدراوە کچ لە تەمەنی نۆ ساڵی و کوڕ لە تەمەنی ١٥ ساڵی هاوسەرگیری بکەن، پرۆسەی هاوسەرگیری دەتوانرێت بەبێ گەڕانەوە بۆ دادگا و لەلایەن سەرپەرشتیاری خێزانەوە جێبەجێ بکرێت، بەبێ ئەوەی ڕێکارە دادگاییە باوەکان پەیڕەو بکرێن.
وتیشی: ئەگەر یاسای مەزهەبی جەعفەری جێبەجێ بکرێت، بێگومان چاوەڕوانی دروستبوونی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی، کە یاسا و ڕێسا تێیدا سەروەر بێت ئەستەم دەبێت، هەروەها هەرێمی کوردستانیش لەدوای شەڕی داعش لە هەندێک بواردا پاشەکشەی لە پاراستنی مافەکانی ژنان کردووە و پشتگیری لە هەندێک ئاڕاستەی دواکەوتووانە دەکات، حزبە سیاسییەکان زیاتر بیر لە دەنگ و هەڵبژاردن دەکەنەوە و هەوڵ دەدەن پشتیوانی ئەو گرووپانە بەدەست بهێنن.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، جەختی لەسەر ڕۆڵی خانەوادە کردەوە و ئاماژەی بەوەدا، ئەگەر دایک و باوک هۆشیار بن و نەهێڵن فشاری کۆمەڵایەتی یان کاریگەری هەندێک پیاوی ئاینی بڕیارەکانیان ئاراستە بکات، دەتوانن منداڵەکانیان بە شێوەیەکی سەردەمیانە پەروەردە بکەن، هانیان بدەن بخوێنن و بڕوانامە وەربگرن و ڕێگەیان پێبدەن لە داهاتوودا خۆیان بڕیاردەری ژیانی خۆیان بن.
هەمووارکردنی یاساکانی باری کەسی و ئاسانکاری بۆ ئەنجامدانی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان، زەنگێکی مەترسیدارە بۆ پاشەکشەی ڕاستەقینەی مافەکانی ژنان، کە لە کۆتاییدا کۆسپێکی زۆر گەورە لەبەردەم گەشەی کۆمەڵایەتی و سەروەریی یاسادا دروست دەکات.
سەرچاوە:رۆژنیوز