هاوڕێ مام خدر سکرتێری گشتی بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان لە پەیامێکدا بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی قوربانی پیرۆز پیرۆزبایەکی گەرم ئاراستەی خەڵکی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و تەواوی موسڵمانان لە جیهاندا دەکا و رایدەگەیەنێت و دەبێت جەژن و بۆنە ئاینی و نیشتیمانیەکان بکرێتە دەرفەتێک بۆ ئاشتەوایی و خزمەتی خەڵکی هەژار و کەمدەرامەتی کۆمەڵگا و تێپەڕانندی قەیرانەکان ..
هاورێ مام خدر لە لێدوانیکی تایبەتدا بە سایتی ئاشتی راگەیاند ( سەرەتا پیرۆزبایەکی گەرم لە خانەوادەی شەهیدان و پێشمەرگە و شەرڤانە قارەمان و دڵسۆزەکان دەکەم کە لەماوەی سێ ساڵی رابردوو بە گیانفیدایی ئەوان دڕندەترین هێزی تاریک پەرستی دنیا کە داعشە لەسەر دەستی ئەوان و بە خوینی ئەوان تێکشکێندرا و بیر و هزری تاریکی ئەو هێزە ڕەشە بۆسەر مناڵان ولاوان و کۆمەڵگاکەمان دوورخرایەوە ، بۆیە لەم جەژنەدا وێڕایی ئەوەی دەبێت سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدان و خانەوادەکانیان دابنوێنین ، لەهەمانکاتیشدا دەبێت بەکردار دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەت خزمەتی خانەوادەی شەهیدان بکەن بۆ ئەوەی کۆستی لەدەستدانی رۆڵەکانیان لەسەر شانیان سوکتر بکەین و هەست بکەن کە رۆڵەکانیان رۆڵەی هەموو خەڵکی کوردستانن و لەپێناو ئازاددیدا گیانیان بەخشیە ..)
لەبەشێکیتری قسەکانیدا سکرتێری گشتی بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان ئەوەشی بە سایتی ئاشتی راگەیاند ( ئێستا خەڵکی کوردستان لە وەزعیەت و گوزەران و قەیرانێکی سەختی ئابوری و سیاسیدا دەیگوزەرێنن ، ناکۆکی نێوان هێز و لایەنە سیاسیەکان و پەکخستنی دامودەزگا شەرعی و هەڵبژێردراوەکان و نەبوونی مووچە و وەستانی هەموو هەموو پرۆژە ئاوەدانی و خزمەتگوزارییەکان تەنگی بە هاوڵاتیان هەڵچنیوە و لەم جەژنەدا سەدان و هەزاران خانەوادە بە نائومێدی و نەبوونی و رەزاڵەت جەژن دەکەن ، بۆیە پێوسیتە هەمووان بە گیانێکی بەرپرسانەوە لە دۆخەدا بروانن و ئەو مناسبە ئاینیە بکەنە رۆژی بەخۆداچوونەوە و چارەسەرکردنی کیشە و گرفتە سیاسی و ئابورییەکان و هەموومان بەیەک دەنگ هەوڵەکانمان یەک بخەین و بەرژەوەندییە تایبەت و حزبیەکانمان وەلا بنێین و بەرژەوندی خەڵکی کوردستان ئامانجمان بێت، چونکە خەڵک هێندە دەردەسەری و مەینەتی دیوە چیتر بەرگە ناگرێت و شایەنی خزمەتی زیاتر و خزمەتگوزاری زیاترە ..)
لەکۆتاییدا هاوڕێ مام خدر گووتی ( جارێکیتر جەخت لەسەر ئەوە دەکەمەوە،جەژن ئەگەر بۆ ئاشتەوایی نەبێت جەژن نیە ، جەژن ئەگەر بەخۆداچوونەوە لە کەموکوریەکان نەبێت جەژن نیە ، جەژن ئەگەر نەبێتە هۆکارێک بۆ خزمەتی زیاتری کۆمەلگا جەژن نیە ، بۆیە پێویستە ئەو جەژنە بکەینەوە جەژنی ئاشتەوایی و تێۆەڕاندنی قەیرانەکان ..)