12
گۆنا سەعید:
« بە تەنها ئەنجامی ئەو تاقیکردنەوەیە ڕێچکەی ژیانی تۆ دیاری ناکات … ژیانت زۆر لەوە فراوانترە »..
دوێنێ ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پۆلی دوازدە بڵاوکرایەوە. دڵخۆشم بۆ هەموو ئەو قوتابیانەی کە دەرئەنجامی باشیان بەدەست هێنا، هەوڵیان داوە و شایستەی پیرۆزبایین. بەڵام ئەوانی تریش هەر شایستەن ، ئەم پەیامە بۆ ئەوانەیە کە ناویان لە سەر سەردێڕی هەواڵەکانی میدیا نەهاتووە.
بۆ ئەوانەی کە ئەمڕۆ هەست دەکەن شکستیان هێناوە، یان ئەو پلەیەیان نەهێناوە کە خەونیان پێوە بینیبوو ، ئەمە هەموو شتێک نی یە .
ژیانی گەنجێک لە یەک ئەنجامی تاقیکردنەوەدا کورت نابێتەوە. ژیان زۆر فراوانتر و سەرسوڕهێنەرترە لەوەی ئەمڕۆ هەستی پێ ئەکەیت ..
دڵم زۆر دەئێشێت کاتێک میدیا تەنها باس لە یەکەم و دووەم و سێیەم دەکات، بە جۆرێک کە وای لێ دێت ئەڵێی ئەو هەزاران گەنجەی تر هیچ هەوڵیان نەداوە ، یان ئەوەی خوار ٩٥ ی هێنابێت ، هیچی نەکردوە . ئاخر ئەوانیش شەوانە نەخەوتووەن ، ماندوو بوون، گریاون، نیگەران بوون و توانایان خستووەتە گەڕ. لە ئێوەش پیرۆز بێت و دەستتان خۆش بۆ ماندوو بوونتان ، کە لەوانەیە زۆر شت کاریگەری هەبووبێت لەسەر هەوڵەکانتان..
با چیرۆکی خۆمتان بۆ باس کەم :
لە ٨/٥ ی ساڵی ١٩٨٥، لە هەفتەی یەکەمی مۆڵەتی سەعی کردن بۆ تاقیکردنەوەکانی ئەوکاتەی پۆلی شەشی ناوەندی ، من مارێک پێوەی دام . چەند ڕۆژێک لە نێوان ژیان و مردندا بووم، لە بیرمە لەسەر قەرەوێڵەی خەستەخانە کتێبی عەرەبیم بە دەستەوە بوو و سەعیم ئەکرد کە دکتۆر عەلی هاتە ژورەوە و ووتی ( نا نا باشی ، قاچت پێوستی بە بڕینەوە نی یە) !! ؛ منیش ووتم ئەی ئیمتحانەکانم , ووتی( تاجیلی کە) ، ئای چەندە گریام بەو قسەیە ، وام ئەزانی ژیان لەوێدا وەستا بۆ من .. نزیکەی دوو مانگ بە دوو دار شەق دەڕۆیشتم. تاقیکردنەوەکانم لەو بارودۆخەدا دا ، بەڵام دوانم دوا خست . نمرەی ٩٣م هێنا، بەڵام بەهۆی ترۆما، خەونە ترسناکەکان و کاریگەرییە دەروونییەکانی ئەو ڕووداوە، لە دەورەی دوو ، پلەی کۆتاییم بوو بە ٨٧.
لەو کاتەدا ئیتر خەونی دکتۆر بوونم لەدەست چوو؛ خەونێک کە زیاتر خەونی خێزانەکەم بوو زیاتر لە خۆم. چوومە هەندەسە .. کەچی نەشبووم بە موهەندیس ..
ژیان دەستی گرتم و بردمی بۆ شوێنێک کە زۆر جیاواز بوو ، بەڵام ڕێگەی خۆم بوو ، تاقیکردنەوەکان بۆیان دیاری نەکردم ..
ئەمڕۆ، دوای دەیان ساڵ لەو ڕووداوە ، ئەگەر بەو ڕێگای ژیانەدا بڕۆمەوە ، یەک ڕۆژ لەو ئەزموونانەی ژیانم بە ژیانی هیچ کەسێکی دی ، وە هیچ دکتۆرێکیش ناگۆڕمەوە..
چونکە ویست و هەڵبژاردەکانی خۆم ، و بەشێکیشی ڕێکەوتەکانی ژیان فرسەتی تری بۆ پێشهێنام ، فێر بووم کە ژیان چەند بەری فراوانە ..
خۆتان بە سەرکەوتوو بزانن، نەک بۆ ئەوەی نمرەی بەرزتان هێناوە، بەڵکو بۆ ئەوەی هەوڵتان داوە و بەردەوام ئەبن و ئازایانە ڕوو ئەکەنە دەرگا فراوانەکانی ژیان کردن .