یەكێك لە نیشانە هەرە زیندووەكانی كوردانی باكور ئەوەیە كە توانای بەردەوام بەرھەمھێنانی نوخبەی سیاسیی تازە و چالاك و خاوەن باوەڕیان ھەیە. تونای بەرهەمهێنانی كەسانێكیان هەیە كە نە دەكڕدرێن و نە بێدەنگدەكرێن و نە دەترسنێرێن، نە منداڵی ئەم یان ئەو بنەماڵەی تایبەتن و نە كسیشیان تەماحی بە سوڵتانبوونی خۆی و نەوەكانی خۆی هەیە. سیاسییەكانی باكور لەناو كۆمەڵگاوە دێن و نوێنەرایەتی كۆمەڵگا دەكەن. سیاسەت ئەوەندەی ریسك و مەترسیی و بەرپرسیاریەتە ئەوندە پاڵدانەوە و دزیكردن و جەردەیی و درۆكردن نییە.
ھەركەسێك سەیرێكی ئەم وێنەیە بكات بۆی دەردەكەوێت تا ١٠ تا ١٥ ساڵێك لەمەوبەر ھیچ یەكێك لەو كەسانە بوونێكی سیاسیی شایانی باسكردنیان نەبووە، بەڵام لەو ماوەیەدا بوون بە ڕوخساریی سیاسەتكردنێكی نوێ لە باكور و لە توركیا خۆیدا، ھەروەھا بوون بە ڕوخساری كێشەی كورد لەبەر دیدی كۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا.
دۆخی تەندروستیی باكور لەوەدایە گیری بەدەست چەند خێزان و بنەماڵەیەكی سیاسییەوە نەخواردوە، كە بە لۆژیكی سوڵتانیزمی سیاسیی بەنیازبن تا قیامەت خۆیان و منداڵەكانیان حوكمڕانبن. گیریشیان بەدەست ئەو نەخۆشییە سیاسییە كوشندەیەوە نەخواردوە كە سیاسەت و بازرگانیی و كەسایەتی سیاسەتمەدار و كەسایەتی بازرگان، بەیەكدی تێكەڵدەكات.
سیاسەت لە باكوردا ڕێگایەك نییە بۆ دەوڵەمەندبوونی نایاسایی و نائەخلاقیی نوخبەیەكی بچووك، بەڵكو زۆرجار ڕێگایەكە بەرەو زیندان.
لەوە دڵنیام گەر ئەم كۆمەڵە مرۆڤە ئازا و بەرپرسیارەش نەمێنن، یان بێدەنگبكرێن، یان نەھێڵرێت بەشداربن لە ژیانیی گشتییدا، ئەوا كۆمەڵگای باكور توانای بەرھەمھێنانی كەسانیتری وەك ئەمانەی ھەیە.
ئەم توانای بەرھەمھێنانە بەردەوام و تازەیەیە، دۆخێكی سیاسیی زیندوو لە دۆخێكی سیاسیی مردوو جیادەكاتەوە، بە كۆمەڵگایەك دینامیكیەتێكی تایبەت دەبەخشێت و كۆمەڵگایەكی تر وێران و بێجوڵە و بێڕۆح دەكات.