8
ڕۆزا حەمەساڵح:
لە وڵاتانی ئەورووپادا، پرۆسەی پەروەردە و خوێندن هاوسەنگییەکی دروستی لە نێوان فێربوونی زانست و کارامەیییەکانی ژیاندا دروست کردووە. لە کاتێکدا، سیستەمی خوێندن لە کوردستان و زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هێشتا لە چوارچێوەیەکی کلاسیکیدا ماوەتەوە و بەدەست چەندین کێشەی بنەڕەتییەوە دەناڵێنێت.
فەلسەفەی پەروەردە لە ئەورووپا (نموونەی هۆڵندا)
له هۆڵندا و زۆربەی وڵاتانی تری ئەورووپا، سیستەمی خوێندن لەسەر بنەمای “فێربوونی بەدواداچوون” داڕێژراوە. لەم سیستەمەدا:
١/ ڕۆڵی قوتابی: قوتابی زانیارییەکەی بە حازربەری و وشکی پێشکەش ناکرێت تا دەرخی بکات، بەڵکو خۆی لە ڕێگەی تاقیکردنەوە، توێژینەوە و پڕۆژەی بەکۆمەڵەوە (Group work) بەدوای ڕاستییەکاندا دەگەڕێت.
٢/ ئەرکی ماڵەوە (Homework): بڕی ئەرکەکان ڕۆژانە زۆر کەمە، بەگشتی لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا قوتابی پێویستی بە دوو بۆ سێ کاتژمێر پێداچوونەوە دەبێت. فەلسەفەکە ئەوەیە کە کاتی ماڵەوە هی خێزان، پشوو، و پەرەدانە بە کارامەیییە کۆمەڵایەتییەکان، نەک تەمەنێک لەژێر فشاری دەروونیدا بەفیڕۆ بچێت.
٣/ پێوەری هەڵسەنگاندن: چارەنووسی منداڵەکە بە یەک تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵ دیاری ناکرێت. بەڵکو هەڵسەنگاندنێکی بەردەوام هەیە کە پشت بە ئامادەبوونی چالاکانە، کوالیتی پڕۆژەکان، و توانای شیکردنەوەی بابەتەکان دەبەستێت.
واقیعی خوێندن لە کوردستان (کێشە و تەحەدییەکان)
ئەگەر بە دیدێکی زانستی و واقیعی سەیری کێشەکانی سیستەمی خوێندن لە کوردستان بکەین، دەبینین لە چەند خاڵێکی سەرەکیدا کورت دەبنەوە:
١/ فشاری دەرخکردن:
ئەو سیستەمەی لە کوردستان پەیڕەو دەکرێت، پێی دەوترێت “ پەروەردەی بانکی” (Banking Education)؛ کە تێیدا مێشکی قوتابی وەک بانکێک سەیر دەکرێت کە تەنیا زانیاری تێدا کۆگا دەکرێت بۆ ڕۆژی تاقیکردنەوە.
١٤ بۆ ١٦ کاتژمێر خوێندنی ڕۆژانە لە پۆلی ١٢ی ئامادەییدا، نیشانەی سەرکەوتوویی سیستمەکە نییە، بەڵکو بەڵگەی شکستی هێنانێتی. قوتابی ناچار دەکرێت کاتێکی زۆری تەمەنی بەفیڕۆ بدات تەنیا بۆ لەبەرکردنی وشە بە وشەی کتێبەکان.
٢/ غیابی لایەنی پراکتیکی:
نەبوونی تاقیگەی پێشکەوتوو، غیابی خولەکانی ڕاهێنانی گونجاو، و فەرامۆشکردنی بەهرە جیاوازەکانی خوێندکاران، بووەتە هۆی ئەوەی زانستەکە تەنیا وەک تیۆرییەکی وشک بمێنێتەوە و نەگۆڕێت بۆ کارامەیی کرداری.
٣/ بازرگانیی “مامۆستای تایبەت “ و خولە دەرەکییەکان:
ئەم دیاردەیە گۆڕاوە بۆ بازرگانییەکی گەورە و بارگرانییەکی دارایی تاقەتپڕووکێن بۆ سەر شانی خێزانەکان. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە قوتابی متمانەی بەوە نەماوە کە بتوانێت لە ناو پۆلدا فێری بنەماکانی زانست ببێت.
٤/ ڕۆڵی نەرێنیی ڕاگەیاندنەکان و لێکەوتە دەروونییەکان:
چاوپێکەوتنی میدیاکان لەگەڵ یەکەمەکانی هەرێم، لە ڕوانگەی پەروەردەیی و دەروونییەوە کارێکی ناتەندروستە. کاتێک میدیا قوتابییەک نیشان دەدات کە دەڵێت: “من ڕۆژانە ١٦ کاتژمێر دەمخوێند، میوانداریمان قەدەغە کردبوو و هیچ کاتێکی حەسانەوەم نەبوو”، پەیامێکی مەترسیدار بە کۆمەڵگە دەدات، بەوەی سەرکەوتن تەنیا لە ڕێگەی لەناوبردنی تەندروستیی جەستەیی و دەروونییەوە بەدەست دێت.
ئەم پڕوپاگەندەیە فشاری بێزارکەر دەخاتە سەر خێزانەکانی تر و ڕێژەی دڵەڕاوکێ، خەمۆکی لە نێو مێر منداڵاندا زیاد دەکات.
٥/ کەمتەرخەمیی وەزارەتی پەروەردە:
وەزارەتی پەروەردە پێویستە لەبری شانازیکردن بە نمرەی ١٠٠ی چەند خوێندکارێک — کە بە ماندووبوونی خۆیان و سەرمایەی خێزانەکانیان بۆ مامۆستای تایبەت بەدەستیان هێناوە — سەیری ئاستی گشتیی سەرجەم خوێندکاران بکات. ئەرکی وەزارەت کێبڕکێی نمرە نییە، بەڵکو داڕشتنی سیستەمێکی هاوچەرخە کە مرۆڤی بەرهەمهێنەر و داهێنەر بۆ داهاتوو پێبگەیەنێت.
کاتی ئەوە هاتووە تێبگەین کە پێشکەوتنی کۆمەڵگە بە مێشکی پڕ لە زانیاریی دەرخکراو بەدی نایەت، بەڵکو بەو کارامەیی و هۆشیارییە دەپێورێت کە قوتابی لە ژیانی واقیعی و بازاڕی کاردا بەکاری دەهێنێت. سیستەمێک نەتوانێت مرۆڤێکی هاوسەنگ، تەندروست و خاوەن بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بەرهەم بهێنێت، پێویستی بە شۆڕشێکی ڕیشەیی و چاکسازیی ڕاستەقینە هەیە لە پێناو داهاتووی نەوەکانماندا.