زیرەک کەمال:
هەر زوو پێم گوتن، تكایە واز لە من بهێنن. لێم گەڕێن دەمەوێت ئەو چەند گەوە و پێچەی تەمەنم، كە ماوە تەرخانی بكەم بۆ سەفەركردن بەنێو دنیای ڕەنگاڵەیی كتێب و سەردانی هاوڕێ و ئازیزانم. جگە لەوەش من سەلیقە و حەوسەڵە و توانای سیاسەت و ململانێ و ئەولاو-ئەولام نەماوە، چونكە سیاسەت لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا كێرڤەكەی بۆ ئاستێكی یەكجار نزم دابەزیوە. سیاسەت لەمڕۆدا لەیاریەكی وەرزشی دەچێت، كە ناوبژیوان هیچ ڕۆڵێكی تیادا نییە، بۆیەش بەرلەوەی یاریەكە دەست پێ بكات، هەموو خەڵك دەزانێت كێ براوەیە و كێ دۆڕاوە. لەوەش سەیرتر ئەوەیە كەسیش نازانێت براوە چۆن بردیەوە و دۆڕاویش چۆنی دۆڕاند. بەرپرسەكەم پێی لە كەوشان گیر كرد و گوتی:
بەو پێیەی تۆ تێكۆشەرێكی دیار و خاوەنی چەندین پسپۆڕی لە بواری جیاجیادا، بۆیە دەبێ پاڵێوراوی ئێمە بیت بۆ ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی مەملەكەت. منیش بە ناچاری داوایەكەیانم قبوڵ كرد. خۆم ئامادە كرد بۆ ئەو ئەركە قورسە، بەڵام لەپڕ هەواڵی ئەوەم پێگەیشت، كە حزبی بەرانبەر زرپۆی تیكتۆكچی كردۆتە پاڵێوراوی خۆی و وەكو ڕكابەر لەم هەڵبژاردنە دایناوە، كە ئەوەم بیست یەكسەر لە ترسان دڵەكوتەیەكی تووندم گرت و ئاسمان لەبەرچاوم تاریك بوو. زراوم چوو. زمان لەناودەممدا وشك بوو. هەردوو ئەژنۆم كەوتنە لەرزین. ورەم بۆ ئاستی سفر دابەزی و یەكسەر بە خۆمم گوت: دایكم گوتەنی قوڕی حەوت گوندانم وەسەری، جا من چۆن دەرەقەتی زرپۆی تیكتۆكچی دێم. هەڵمەتی هەڵبژاردن دەستی پێ كرد، من بە كارنامەیەكی تۆكمە و فرەڕەهەند، شارەزایی و پسپۆڕیم لە چەندین بواردا و بەشایەتی دۆست و نەیاریش بە خاوەنی ڕابردووێكی جوان چوومە ناوهەڵمەتی هەڵبژاردن.
لەبەرانبەر ئەوەشدا دروشمەكانی زرپۆ لەم هەڵمەتەدا هیچ پێوەندی بە كێشەی خەڵكەوە نەبوو، بەڵكو لەناو میدیا و تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان ئەو دروشمانەی دەگوتەوە: عەمر و عەزیزم یارە زێڕی هەژدە عەیارە شێت و شەیدام بۆ پارە ئامانجم بەس دۆلارە كۆتر و قاز و مراوی گۆشتیان دەخۆم بە خاوی من كەسێكی قسەخۆشم بۆ دەرچوون بە پەرۆشم ئەگەر بێت و دەربچم میللەتم دادەدۆشم دوای چەند ڕۆژێك دەرەنجامی هەڵبژاردن بڵاوكرایەوە. زرپۆ بە دەنگێكی سەرسوڕهێنەر و یەكجار زۆر لەمنی بردەوە. دواتر هەموو ئەوانەشی كە هەڵمەتی هەڵبژاردنیان بۆ زرپۆ بەڕێوە دەبرد و دەنگیان دابوە زرپۆ، سەرلەنوێ لە میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، كەوتنە گلەیی و بۆڵەبۆڵ لەو نادادی و قەیرانەی هەناسەی لێ بڕیوون. دواتر حەكیمی زانا تەلەفۆنی بۆ كردم و پێی گوتم: دۆڕانت پیرۆز، ئاخر هەی شێت و پێت تۆ لەسەردەمی سیاسەتی گەوجاندن و بەڵێنی درۆ و تێكتۆكچیەكان، چۆن لە زرپۆی تیكتۆكچی دەبەیەوە.