كامەران محمد:
لەوەتەى دەنگى ناڕەزايى زياتر بەرزبۆتەوە و قسە لەسەر خۆپيشاندانى سەرتاسەرى و تەنانەت ڕاپەڕينيش دەكرێت, لەبەرامبەردا دەنگێكى تر لەلايەن كەسانێكەوە بەرزبۆتەوە داواى پاراستنى ئاسايشى نيشتمانى دەكەن. هەڵبەتە ئەو كەسانە لە ڕايردوودا بۆ جارێكيش باسيان لەو ناعەدالەتىيە نەكردووە كە باڵى بەسەر نيشتماندا كێشاوە, ئەمانە دوو جۆرن, يان ئەوەتا لە سەر سفرەى ناعەدالەتى, خاوەنى لوقمە باتمانيي بوون, يان ئەوەتا خزمەتكارىى بەرماوەخۆريى ڕازاندنەوەى سفرەكە بوون.
ئاسايشى نيشتمانى چييە؟ كێ ئاسايشى نيشتمانى تێكدەدات؟ من پێموايە كوردستان خاوەن چوارچێوەيەكى كۆنكريتى نييە بۆ ئاسايشى نيشتمانى و زۆربەى جارەكان ئاسايشى حزبيى دەسەلآتدار يەكسان كراوە بە ئاسايشي نيشتمانيى, ئەگەر بە گريمانەيەكيش وەريبگرين و بلێين هەيە, كەواتە دەبێت قسە لەسەر ئەو هؤكار و لايەنانە بكەين, كە شێوێينەر و تێكدەرى ئەو ئاسايشە نيشتمانىيەن!
هەركاتێك بينيمان ناعەدالەتى لە ماف و ئەركدا شوێن پێى عەدالەتى لەماف و ئەركدا گرتەوە, لەوێوەوە تێكچوونى بارودۆخ (ئاسايشى نيشتمانى) جێگەى ئارامى دەگرێتەوە. پيرۆزى ئەو چەمكەش كاڵ دەبێتەوە!
لە دواى ڕووخانى سەدام حوسەين و گەيشتن بەنانى نەوت, ئيدى كوردستان لە گشت بوارەكان گەيشتە چلەپۆپەى ناعەدالەتى, حزب بووە كۆمپانيايەكى زەبەلاحى دۆزينەوەى هەنگ لە كوڵەكەدار ! بەرپرسەكان بوونە خاوەنى گەورەترين كۆمپانيا , زەوى زارى جوتياران بەناوى پڕۆژەەوە زەوت كرا و دواتر لەلايەن بەشێك لە مودير ناحيە و قائيمقامەكان بە هاوبەشى لەگەڵ بەرپرسانى سەروو فرۆشرايەوە! سەرجەم بوارەكانى ترى بازرگانى و سەرچاوەكانى پارە پەيدا كردن بە ئاشكرا و بە نهێنى كەوتە دەست بەرپرسە شۆڕشگێرەكانى سەردەمى شاخ! تەنانەت نەخۆشخانە و زانكۆش بووە بەشێكى لە كارى بزنسىي! .بەهەزاران كەس بە موچەى بەرز بەرز و پلەى ئيدارى و سەربازيى بەرز خانەنشين كران, لەبەرامبەريشدا بە دەيان هەزار كەسى دەرچووى زانكۆ و چاوەڕێى دامەزراندنێكى سادە بوون..
بۆيە مادەم كوردستان خاوەنى عەدالەتى كۆمەلآيەتى نييە، كەواتە ئەگەر ئاسايشى نەتەوەيىشى هەبێت, ئەوا لەلێكترازانە، بەشێوەيەكى تر ئەگەر بمانەوێت ئاسايشى نەتەوەيى بپارێزين دەبێت كۆتايى بەو ناعەدالەتييە بێنين. ئاخر بەرقەراركردنى ئاسايشى نيشتمانى لەو كاتە دێتە ئاراوە، كە بتوانرێت بەبێ جياوازى ژيان بۆ تاكەكان فەراهەم بێت ! تێكدەرانى ئاسايشى نەتەوەيي، ئەوانەن كە خولقێنەرى ئەو ڕەوشە پڕ لە ناعەدالتيەن، نەك ئەو كەسانەى دەڕژێينە سەر شەقام و داواى عەدالەتى دەكەن !