موراد قەرەیلان ڕایگەیاند، ڕێبەر ئاپۆ دانووستانکاری سەرەکیمانە و تا بە جەستەیی ئازاد نەبێت هیچ گەریلایەک چەک دانانێت، ئەگەر هێرشمان بکرێتە سەر سێ بۆ چوار هێندەی پێشتر بەهێزتر وەڵام دەدەینەوە، دەبێت وڵاتپارێزان، گەلە هێژاکەمان و سیاسەتمەداران هەموویان ئاگاداری ئەوەبن کە شەڕێكی تایبەت بەڕێوەدەچێت و دەیەوێت متمانە بشکێنێت، بۆ ئەوەی بێمتمانەیی دروست بکات.
لە میانی بەشدارییەکەی لە بەرنامەیەکی تایبەتی ستێرک تیڤیدا، موراد قەرەیلان، ئەندامی فەرماندەیی گشتیی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) لە بارەی پڕۆسەکە و تواناکانی گەریلاوە هەڵسەنگاندنی کرد و زانیاری لەسەر تواناکانی گەریلا ئاشكرا کرد.
لە سەرەتای قسەکانیدا موراد قەرەیلان ئاماژەی بە هەنگاونەنانی دەوڵەتی تورک لە پرۆسەکەدا دا و وتی: پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کە بە بانگەوازی ٢٧ـی شووباتی ٢٠٢٥ـی ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێکرد، چەندە بۆ ئێمە گرنگە هێندەش بۆ کۆماری تورکیا و دەوڵەتیش گرنگە و لەو باوەڕەداین کە لەمە بەدوا پێویستە تێکۆشانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک بەڕێوەببرێت، بەڵام تا ئێستا دەوڵەت بۆ پرۆسەکە هیچ بڕیارێکی ڕوون و هیچ هەنگاوێکی نەناوە و لە زیهنییەتی دەوڵەتدا کێشە هەیە.
لە بارەی بەردەوامی گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئاپۆشەوە وتی: ٤٢ ڕۆژە جگە لە شاندی دەوڵەت کەس ڕێبەر ئاپۆی نەبینیوە، ئاشکرایە کە گۆشەگیرییەکی سیاسیی لەسەر ڕێبەر ئاپۆ بەڕێوەدەچێت، لەم ماوەیەدا دەبوو دیدار هەبووایە، هەروەها هەندێک کەسی نزیک لە دەسەڵات لە ڕاگەیاندنەکاندا بانگەشەی ئەوەیان کرد کە گوایە ڕێبەر ئاپۆ یاسای چوارچێوەکەی پەسەند کردووە، بەڵام ئەمە ڕاست نییە و درۆیە، ئەمە شەڕێکی دەروونییە (تایبەتە)، دەیانەوێت چاوەڕوانی و هیوا بخوڵقێنن.
جەختیشی کردەوە، ڕێبەر ئاپۆ دانووستانکاری سەرەکییە، لە هەر بابەتێکدا دەتوانێت بڕیار وەربگرێت و ئێمە، هەڤاڵانمان و ڕێکخستنەکەمان پێشتر ئەمەمان ڕاگەیاندبوو، بەڵام بڕیاری پەیوەست بە ڕێبەر ئاپۆ ئێمە دەیدەین، واتا گەریلا ئەو بڕیارە دەدات، کۆنگرە ئەو دەستپێشخەرییەی داوەتە گەریلا، لە ١٢ـیەمین کۆنگرەی پەکەکەدا بڕیار درا کە دەبێت ڕێبەر ئاپۆ بڕیاری چەکدادان بەڕێوە ببات، واتا بەو واتایە دێت کە ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ پێکدێت و ئەم بڕیارانە دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمە دەستپێشخەرییەکە کە دراوەتە گەریلا، لەبەر ئەوە هەڵوێستی تەڤگەرەکەمان و گەریلا سەبارەت بە ڕێبەر ئاپۆ ڕوونە.
سەبارەت بە بانگەشەی لاوازبوونی پەکەکە و گەریلا و پاشان چوونە ناو پرۆسەکەوە، قەرەیلان ئاماژەی بەوەدا، لەم بابەتەدا براوە و دۆراو نییە، دەوڵەتی تورک لە زاپ و مەتینا چوار ساڵ سەرەڕای پێداگرییەکەی نەیتوانی ئەنجام بەدەست بهێنێت و توشی بنبەستبوون بوو و نەگەیشتە ئەم خاڵە، ئەم پرۆسەیەش بۆیە دەستیپێکرد.
وتیشی: ئەمانە هەمووی شەڕی دەروونین و ڕاست نین، ئەگەر باسی تاوانیش دەکەنم با دۆسییەی تاوان بکەینەوە ئەوکات دەردەکەوێت کە تاوانەکانی دەوڵەت چەندە زۆرە و بابەتەکە دەبێتە چوارچێوەیەکی دیکە، بۆیە نابێت بەمشێوەیە قسە بکرێت و دەبێت هەوڵی چارەسەریی بدرێت ئەگەرنا منیش دەتوانم زۆر شت بڵێم.
موراد قەرەیلان لە بارەی ئاگربەستەکەشەوە ڕایگەیاند، لە ١ـی ئادار ئاگربەستمان ڕاگەیاند، بەڵام دەوڵەت ئاگربەستی قەبووڵ نەکرد و ئۆپەراسیۆنەکانی بەردەوام بوون، دوای ئەوەی لە ٢٤ و ٢٦ـی حوزەیران بە تاکتیکی درۆن دوو هەنگاومان نا، ئەوکات لە ڕێگەی ناسراوەوە هاتنە سەرخەت و وتیان چیتان دەوێت؟ ئێمەش ڕامانگەیاند، ئێوە ئاگربەست بە بنەما وەرناگرن، هەوڵ دەدەن ئەم ئاگربەستە وەک دەرفەتێک بەکاربهێنن و هێزەکانمان گەمارۆ بدەن، ئێمەش لەبەر ئەوە ئەمە دەکەین’، بۆیە لە ١ـی تەمووزی ٢٠٢٥ چوونە دۆخی ئاگربەستەوە.
ئاشكراشی کرد، جووڵەی فڕۆکەی سیخوڕی بەردەوام بوو، کاتێک دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری ئاکنجی کە لە بەرزیی ١١ هەزار مەترەوە دەفڕین لە ئاسمانی قەندیل خرانە خوارەوە، ئیتر لەو کاتەوە جووڵەی درۆنە بۆمبڕێژکراوەکانیش وەستێنرا.
جەختیشی کردەوە، ئەگەر ڕێبەر ئاپۆ بانگەوازی نەکردبایە، ئێمە دەمانتوانی شەڕەکە فراوانتر و قورستر بکەین، دەمانتوانی لە ئامانجە دوورەکانیش بدەین، نەک تەنها ئامانجە نزیکەکان، دەمانتوانی بگەینە سەرچاوە ئابوورییەکان، ناوچە نەوتییەکان و هەر شوێنێک کە ٨٠٠ کیلۆمەتر دوور بێت، تەڤگەرەکەمان خاوەنی ئەم دەرفەت و هونەرە تەکنەلۆژییە بوو، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانەش تەڤگەرەکەمان بڕوای بە ستراتیژیی سیاسەتی دیموکراتیک و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ هێنا، بۆیە شەڕی ڕاگرت.
قەرەیلان دووپاتیشی کردەوە، ئێستاش هەمان دەرفەت و توانامان هەیە، ئەگەر سەرەڕای ئەمەش بە ئامانجی لەناوبردن هێرشی سەربازیمان بکرێتەسەر، ئەگەر بیانەوێت بە ڕێبازەکانی شەڕی پێشوو لەناومان ببەن، ئێمە دەتوانین سێ بۆ چوار هێندەی پێشووتر وەڵام بدەینەوە تەنانەت لە شوێنە دوورەکانیش، تەڤگەرەکەمان ئەم ماتەوزەیەی هەیە و ئامادەین پارێزگاریی لە خۆمان بکەین.
وتیشی: کادرە فیدایی، زیرەک و لێهاتووەکانی تەڤگەرەکەمان ئەزموونی تاکتیکییان بەهێزتر بووە، زاڵبوونمان بەسەر تەکنیکدا دروست بووە، هەم لە بەرامبەر تاکتیکی تونێل کە لە ساڵانی دواییدا بەڕێوەچوو، هەمیش لە بەرامبەر درۆنە نوێیەکانی FPV ـی فایبەر ئۆپتیک کە تازە بەکاردەهێنرێن، بێچارەن، بێگومان سوپای تورک ئاستێکی هەیە و نامەوێت بە بچووکی پیشانی بدەم، بەڵام لە بەرامبەر ئەمانەدا چارەیان نییە و هەر خۆی بێچارە ماون، ئەمەش ڕاستییەکە.
لە کۆتاییدا گەلی کوردی لە شەڕی تایبەتی ئاگادار کردەوە و وتی: دەبێت وڵاتپارێزان، گەلە هێژاکەمان و سیاسەتمەداران هەموویان ئاگاداری ئەوەبن کە شەڕێكی تایبەت بەڕێوەدەچێت و دەیەوێت متمانە بشکێنێت، بۆ ئەوەی بێمتمانەیی دروست بکات، هیوا دەبەخشێت بەڵام جێبەجێی ناکات، بەم شێوەیە دەیەوێت کۆمەڵگەکەمان لاواز بکات، دەیەوێت شکۆی کۆمەڵگەکەمان نەمێنێت و لاوازی بکات، دەیەوێت چالاکی و دینامیکییەکەی بکوژێنێتەوە، لە بەرامبەر سیاسەتی لەم جۆرەدا دەبێت مرۆڤ وریا بێت، دەبێت بزانین کە لەبەر ئەم هۆکارەیە کە پرۆسەکە بەسەر کاتدا دابەش دەکرێت، سیاسەتێکی لەم شێوەیە پەیڕەو دەکرێت، گرنگە هەموو کەس ئەمە بزانێت.