8
قەمیس شینەکانی دەسەڵات
کوردستان وەک دورگەی ئیبستین
عەزیز ڕەئووف:
یەکەم: شەڕی هەڵدانەوەی عەورەتی یەکتر شەڕێکی هێندە قوڵ نییە، ئەو کاتەی ئەم پیاوە بەیارمەتی دەسەڵات دەزگای ڕۆشنبیری لە سلێمانی دادەخات، ئەو کاتەی دەڵێت دەسەڵات وەلی ئەمرە، ئەو کاتەی کۆماندۆی سەلەفی بە ئەڵاهوئەکبەر هەڵدەکوتنە سەر هێزێکی سیاسی لە سەرچنار، ئەوکاتەی ئەم پیاوە مامۆستای زانکۆیە لەسەر ئابڕوچوونەکانی و وەزارەتی خوێندنی باڵا قسەناکات، کۆی ئەم ڕووداوانە بەبێدەنگی تێدەپەڕێت ئەمە کارەساتە. بەڵام ئەوەش ڕاستە کە ئارەزووی مامۆستا عەبدوللەتیف بەڕاستی ناخۆشی کردووە، ئەگەر ئەم گرتانەشی ڕاست نەبن، خۆ ئەوانەی ٢٠١٦ ڕاستبوون و هیچ گومان لەوەدا نییە ئەم پیاوە وەک گورگێکی برسی دەکەوێتە گیان ئاسکە خوێندکارەکانی خۆی.
دووەم: لەگەرمەی خۆپیشاندانەکان بۆ ڕۆژئاوا “مەلا هەڵۆ” خۆپیشاندەرانی بە بەرەڵا وەسف کرد، ئەوکات وتم دا،عش لە سلێمانییە، هەر ئەو ئێوارەیە دەسەڵاتی سلێمانی مەلا هەڵۆی دەستبەسەر کرد بە ناوی ئەوەی دەعوای لەسەر تۆمارکراوە، تومەس دەسەڵات مەلا هەڵۆی لە توڕەیی خەڵک پاراست و دوای ماوەیەک ئازادی کرد و ئیستا مەلا هەڵۆ بە دەنگی بەرز ئەم هەینییە جنێو بە هەموو ئەوانە دەدات کە سەیری یاری تۆپی پێ دەکەن و کەسیش هیچ ناڵێت. گوێگرێکی ئەم مەلایەش لەو شاری چەمچەماڵە گەنجێکی بەناوی خواناس کوشت و ئیستاش لەو زیندانی چاکسازییە قەڵەودەکرێت.
سێیەم: کەس ئەم کەیسەی مەلا عەبدوللەتیف نەقۆزێتەوە بۆ نیشاندانی خۆی وەک فریشتە و بەرامبەریش وەک شەیتان. بە هەزاران کەیسی بەم شیوەیە لە میدیاکان و بارەگای حزب و سێ حزبە ئیسلامییەکەی تر و زانکۆکاندا هەیە و بەڵام ڕەنگە عاقڵتر بن لەوەی باشتر تەکنەلۆژیا بەکاربهێنن و کەمێک وریاتر لەم مامۆستایە مامەڵە بکەن. ڕاوەژن دیاردەیەکە لە باشور کە هیچ پەیوەندی بە ئیسلامی و نائیسلامییەوە نییە. هەرێمی کوردستان دورگەی ئیبستینێکە بۆخۆی، بەڵام هەموو ئەم کەیسانە بە هەرشێوەیەک بێت هەڵنادرێنەوە و چاوی زۆر کەسیش لەسەر حەیا و حورمەتی ژنانە بۆیە بەردێک دەخەنە سەری و دایدەخەن.
چوارەم: ئەرکی ڕێکخراوەکانی ژنانە کە هوشیارییەک بڵاوبکەنەوە کە هیچ ژنێک لەمافی خۆی خۆشنەبێ و شەرم نەکات بە دەنگی بەرز هەراسانکردنەکان بڵاوبکەنەوە و بەرگری لە جەستەی خۆیان بکەن. ئەرکی دایکان و باوکانە کە کچان وا فێربکەن کە جەستەیان جەستەی خۆیانە و ئەگەر مامۆستایەکی ئاینی یان پرۆفیسۆرێکی زانکۆ، بەرپرسی کۆمپانیایەک یان خاوەن میدیایەک هەر کردەیەکی هەراسانکردن بەکاربێنێت، شەرم نەکات و شەڕی گەورە لەسەر جەستەی خۆی بکات.
پێنجەم: کوردستان و عیراق سەرزەمینێکە وەک دورگەی ئیبستین ودەریایەک لە تاوانی جەستەی و دەروونی تێدایە. بێکاری و هەراسانکردنی کچان و کوڕان لە کۆمپانیاکاندا بۆ دەستکەوتنی پارەیەکی کەم و بێدەنگبوون لە جەستە و دەروونی خۆیان ئەم وڵاتەیان کردۆتە گۆڕستانی دەریایەک لە تاوان و بێحورمەتیکردن و ئەتککردن. هەر خۆی بە یاسا لەعیراقدا کچی نۆ ساڵ مارە دەکرێت کە هەزار شەرع و ئایین ناتوانێ ئەم لاقەکردنە بشارێتەوە.
بەخێربێن بۆ عیراق و کوردستان، بەخێربێن بۆ دورگەی ئیبستین