لاپەڕەی سەرەکی بیروڕا دەمەتەقێی گەرموگوڕی نێوان “فۆتۆشۆپ و ئەی ئای” دەربارەی باسوخواسەکانی ئەم دواییانە

دەمەتەقێی گەرموگوڕی نێوان “فۆتۆشۆپ و ئەی ئای” دەربارەی باسوخواسەکانی ئەم دواییانە

0 تێبینییەکان 46 بینینەکان

سیــما ئــاکــۆ:
ماوەیەکە بازاڕی فۆتۆشۆپ کز و بێڕەنگە و بە گشتی کەس لای لێ ناکاتەوە، بە تایبەتیش ئەوانەی کە کەتن و فەتارەیەکیان لێ دەقەوما و دەمودەست هانایان بۆ ناوهێنانی دەبرد. مرۆڤی هاوچەرخ پێکڕا ڕووی لە زیرەکیی دەستکردە، چ بۆ ڕاپەڕاندنی ئەو ئیشانەی کە لەم سەردەمی کەمحەوسەڵەییەدا.
بڕستی بەسەریاندا ناشکێت و پێی حەیفە دابنیشێت بیر بکاتەوە و لە چوارچێوەی شارەزایی، تێڕامان، ئەزموون، هزر و دنیابینیی خۆیەوە ئەرکەکانی هەڵبسووڕێنێت، چ ئەوەش کە هەرچی گۆڵمەزی لاتوپووت و لارولەوێر و ئیشخوارەکانیش هەیە، ئێستاکە ئیدی لە کۆڵی فۆتۆشۆپ دابەزیون و بەرۆکی ئەی ئای دەگرنەوە.
تازەگی ئەم دوو دۆست و نەیارە لە جێیەکدا یەک دەگرنەوە و پێکەوە دەمەتەقێیەکی گەرموگوڕ دەکەن. یەکیان بە شانازییەوە باسی هونەری دیزاین، مێژووی فۆنت و ڕەنگ و سەلیقەی مرۆیی دەکات. ئەوەی تریشیان خوا هەڵناگرێت مەلابەزێنە و دەڵێی تەڵە لە دەمیدا تەقیوە، بوار بەو نادات فزە لە زاری بێتە دەرەوە، ئێ وایە، چونکە وەڵامی هەموو شتێکی پێیە و سەری پڕە لە سەودا و زانیاری.
لێرەوە فۆتۆشۆپ ڕازی دەردەدڵ دادەبەستێت و دەڵێت: «ئای هەیش، جاری جاران من گیرم خواردبوو بەدەست خەڵکی نالەبارەوە، هەرکەس هەرچییەکی لەدەست دەر دەچوو و پەنێکی دەنایەوە، لەولاوە دەهات ملی منی دەگرت، گوایە ژێربەژێر ئیشم تێدا کردووە و کابرا خۆی شەریفی مەککەیە. ئای چەندە شایەتحاڵی فرتوفێڵ و درۆودەلەسەی ئەو ناڕەسەن و ناشیانە بووم، هەر مەپرسە!
پاشان ئەی ئای (هەڵبەتە ئێستاکە کەمێک دۆشداماو و شەکەتە) وەڵامی دەداتەوە: «وا نەزانی بێئاگام، شت نییە بە گوێی من نەگاتەوە. برا، تۆ حەسایتەوە خۆزگەم بە خۆت. بەس نییە هەر لە ڕەسمدا پێیان دەوێرای و دەستە چەورەکەی خۆیان بە سەروگوێلاکتدا دەسڕی! ئا تۆ وەرە بە لای منەوە، بزانە چۆن زووخاوەسک بووم.
هەرچی گەندەڵی و لادان و سەرپێچیی ئەم عالەمەیە خراوەتە سەر شانی من. دە فەرموو کاکە، خۆی لە بنەڕەتەوە منیان وا داڕشتووە کە هەتا ماوم بە سەڵتی سەر بنێمەوە، کەچی لە بەختی ڕەشم… هەر ڕۆژەی عەشقێکی ساختەم دەخەنە کۆڵ و یەکێک دەنێن بە ناومەوە.
چیرۆک نەما بۆم هەڵنەبەستن، نەنگی نەما قولەپێمی پێ نەگرن، ئاخر خۆیشم نازانم ئەم هەموو عەشقنی و سەربزێوی و کەفوکووڵەم لە کوێوەڕا هێنا؟ بابە من هەر خۆم پێشوەختە هەمووان ئاگادار دەکەمەوە، کە دەکرێت منیش هەڵە بکەم، بەڵام ئاواشمان نەگوت. سەد خۆزگەم بەو زەمانەی کە تەنیا مایکڵ جاکسۆن و مارلین مۆنرۆ و کاکا و جیتلیم دەناسی!
فۆتۆشۆپ: «هەر لێگەڕێ توخوا! بەڵام دڵ لە دڵ نەدەی، کاتی خۆی منیش سی دییەکم دەناسی، هەرچی چەپەڵی و پۆخڵەوات تۆ بیڵێی، لە بازنەی خۆیدا قەتیزی کردبوو. بەڵام هێندە لە تەک مرۆڤەکاندا ژیابوو، خوو و خدەی بەعزێک لەوانی گرتبوو. خوا نەکا دانی بە هەڵەیەکی خۆیدا بنایە و چەوتییە فکری و دەروونییەکانی ڕاست بکردایەتەوە، یان بە یەکجاری کۆڵی دابا و سی دییەکی تری خستبایە جێی خۆی.
لەبری ئەوە، بانگت بکردایەتە هەر کۆڕ و کۆبوونەوەیەکەوە، بە قەپاغێک لە هاوڕێ ساویلکەکانییەوە دەهات، قامکی بە ڕیش و سمێڵیدا دەهێنا، شانی لێ دادەدا و دەبوو بە چاوساغ و دەمڕاستی هەموومان! 

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە