لاپەڕەی سەرەکی بیروڕا ڕۆڵ و کاریگەری ڕاگەیاند و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، لە هۆشیارکردنەوە تا زەقکردنەوە.

ڕۆڵ و کاریگەری ڕاگەیاند و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، لە هۆشیارکردنەوە تا زەقکردنەوە.

0 تێبینییەکان 106 بینینەکان
لاجان محمد عوسمان:
ڕاگەیاندنکار و کەسانی نێو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان نابێت ڕۆڵی پسپۆری کۆمەڵایەتی و دەروونی یان پارێزەر و دادوەر ببینن و لە شوێنی دادگا یان پسپۆڕی کۆمەڵایەتی و دەروونی بڕیار بدەن. ڕۆڵی سەرەکیی ڕاگەیاندن ئەوەیە زانیاریی دروست، هاوسەنگ و پشتڕاستکراو بگەیەنێت، دەنگی لایەنە جیاوازەکان ببیستێت و کێشە کۆمەڵایەتییەکان بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە بخاتە بەردەم خەڵک.
بۆیە لە کۆمەڵگەی کوردیدا، میدیای بەرپرسیار دەتوانێت کێشەکان تەنها زەق نەکاتەوە، بەڵکو هۆکارەکان، چارەسەرەکان و ڕوانگەی پسپۆڕانیش ڕوون بکاتەوە. ئەمە یارمەتیدەرە بۆ دروستکردنی هۆشیاری کۆمەڵایەتی، نەوەک زیادکردنی ترس و ناکۆکی و قوڵکردنەوەی کێشەکان .
ئەگەر چی میدیا و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان دەتوانن کاریگەری خراپ و باش لەسەر کۆمەڵگاوە دروست بکەن و ڕۆڵیکی زۆر گرنگیان هەبێت و بەرپرسیارانە و بەشێوەیەکی هەستیار مامەڵە لەگەڵ ڕووداو و هەواڵ و پێشهاتەکان دا بکەن. چونکە کاتێک میدیا بەشێوەیەکی نابەرپرسانە و هەواڵی (تاوان و توندوتیژی خێزانی و لادان و کێشەسیاسیەکان و قەیرانی ئابووری و ناکۆکیەکان) زۆر دووبارە دەکاتەوە هەستی ترس و نائارامی و نا ئاسایشی دەروونی لە کۆمەڵگادا بڵاو دەکاتەوە.
لەلایەکی ترەوە بڵاوکردنەوەی هەندێک وێنەو بابەتی نەشیاو ڕەفتاری زیانبەخش ، دەبێتە هۆی گۆڕینی تێروانینی تاک و ئاڕاستەکردنیان بەرەو ڕەفتاری لادەر و توندوتیژ ، هەرچەندە ئەو هەواڵانە زەق تر بکرێنەوە کاریگەری لەسەر منداڵان و گەنجان قووڵتر دەبێت، بە تایبەتی ئەگەر هۆکارەکان، پاشخانەکە، بارودۆخەکە و زانیاریی پەیوەندیدارەکانی ڕوون نەکردەوەو نەیخستەڕوو.
دەتوانین بڵێن لێرەدا پێویستە ڕاگەیاندن سنووری نێوان گەیاندنی زانیاری و دادوەری بپارێزێت و لە بابەتە کۆمەڵایەتی و دەروونییە هەستیارەکاندا پشت بە پسپۆڕانی بواری پەیوەندیدار ببەستێت.
ڕاگەیاندن هەندێک کات لە شوێن ئەوەی کۆمەڵگا هۆشیار بکاتەوە، هەڵدەستێت بە دابەشبوونی کۆمەلگە لەلایەک و لەلایەکی ترەوە هەستی دوژمنایەتی زیاد بکات و متمانەی خەڵک بە دامەزراوەکان، پسپۆڕان و تەنانەت بە یەکتر کەم بکاتەوە.
0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە