وێنەکە بەو جۆرەیە کە دۆناڵد ترامپ دەڵێت کوردەکان لە شەڕی داعش و دژ بە تیرۆردا ئازاو چالاکن، بەڵام نازانێت ئەگەر پارەیان پێنەدررێت ئاخۆ دەتوانن جەنگەکان بەرێوە ببەن یان نا، خودی پەیامەکە ئەوەیە کە کورد بەکرێگیراوێکی باشە، کە ئەو پێناسەیەش تا ئاستێکی زۆر واقێعی لەگەڵ مێژووی بزوتنەوەی ناسیۆنالیزمی کوردی وئەحزابەکانیدا یەکانگیروو بەداخەوەش بەشیکیشە لە مێژووی واقیعی سیاسی- کۆمەلایەتی کۆمەڵگای کوردی بە هۆی پێکهاتە ئیتنیکی و کۆمەلایەتیەکەیەوە، بەدەرلەوەش ئەو جۆرە قسەکردنە لەگەڵ مێژووی گوتارەکانی ترامپ بەرامبەر بە کورد دەگونجێت، ئەو پێشتر لە ٢٠١٩دا، کاتێک هێزە ئەمریکییەکان بەشێکی زۆریان لە باکوورو رۆژهەلاتی سووریا(ڕۆژئاڤا) کشانەوە، گوتی کوردەکان (فریشتە نین و ئەوان دەزانن چۆن بجەنگن).
ئەگەر پرسیارەکە ئەوە بێت کە ئایا ئەوە سووکایەتییە بە مێژوو و قوربانیی خەڵکی کوردستان؟ وەڵامەکە بە دڵنیایەوە بەڵێیە، لە ڕووی ئەخلاقی و مێژووییەوە قسەیەکی زۆر بێئاستوو کەمکردنەوەیە لە مێژووی ئەو هەموو قوربانییە، چونکە شەڕی کورد دژی داعش نەک تەنها شەڕێکی لۆکاڵی بوو، بەڵکو بەشێک بوو لە ستراتیژیی نێودەوڵەتی بۆ شکاندنی خەلافەتی داعش، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە فەرمی ڕایگەیاند کە هێزە هاوپەیمانەکان و هێزە هاوبەشەکانیان لە ٢٣ی ئازاری ٢٠١٩دا دوا خاکی ژێر دەستی داعش لە لە سوریایان ئازاد کرد و لەو پڕۆسەیەدا هێزەکانی سووریای دیموکرات، کە هێزی سەرەکی تێیدا شەڕڤانانی کورد بوون و لەو پرۆسەیەدا ڕۆڵێکی یەکجار سەرەکی و گرنگیان هەبوو.
بەڵام ئەگەر پرسیارەکە ئەوە بێت کە ئایا ترامپ کەوتۆتە هەڵەیەکی زمانەوانییەوە؟ ئەوا وەڵامەکە ئاڵۆزترە، جونکە ترامپ لە ڕووی ئەخلاقییەوە قسەیەکی نادادپەروەرانە دەکات، بەڵام لە ڕووی تێگەیشتن لە سیاسەتی زلهێزەکاندا، بە شێوەیەکی ڕووت و نادیپلۆماسی، یەک ڕاستی تاڵ دەردەخات، ئەمریکا و زلهێزەکان هاوپەیمانییەکان بە هەست و وەفاداریی مێژوویی نابینن و نابەن بەڕێوە، بەڵکو بە بەرژەوەندیی ستراتیژی، تێچووەکان، بازاڕی ناوخۆ، هاوسەنگیی ناوچەیی و گوشاری هاوپەیمانانی دیکە دەیبینن، ئەوە ڕوخسارە واقیعەکەی سیاسەتی نێودەوڵەتییە، بەڵام ئەو ڕاستییە مافی هیچ سەرۆکێک نادات قوربانیی هاوپەیمانەکانی بە شێوەیەکی سووک و بازاڕی وەکوو ئەوەی ئیستای ترامپ کەم بکاتەوە.
خەڵکی کوردستان، بە تایبەتی لە سووریا، تەنها جەنگاوەر و شەڕکەری باش نەبوون، ئەوان بە قوربانیی وبەرگرییەکی بێوینە شاری کۆبانێیان کردە هێمای خۆڕاگری، ڕەقەیان گرتەوە، داعشەکانیان بەند کردن و ناوچەیەکی گەورەیان خستە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان و بەرێوەیان دەبرد، کە بۆ ئاسایشی ئەوروپا و ئەمریکاش گرنگ بوو، بە پشتبەستن بە هەندێک لە سەرچاوەکان باس لە نزیکەی ١١ هەزار کوژراوی هێزە کوردی و هاوبەشەکانیان لە شەڕی داعش دەکەن، ئەو ژمارەیە هەرچەندە لە هەموو سەرچاوەکاندا بە یەک شێوە پشتڕاست ناکرێتەوە، بەڵام لە ئاستی سیاسی و مۆراڵیدا واتایەکی ڕوونی هەیە، ئەو هاوپەیمانییە بە قسە و دروشم دروست نەبوو، بەڵکو بە خوێن، خاک، زیندان، ئاوارەیی و خاپووربوونی شار و گوند دروست بوو.
من پێموایە کێشەی سەرەکی ئەوە نییە کە ترامپ کوردی خۆش دەوێت یان نا، کێشەکە ئەوەیە کە کورد چۆن دەبێت لە سیستەمێکی جیهانیدا کار بکات و تێبگات کە تێیدا وەفادارییەکان کورتخایەنن و بەرژەوەندییەکان دەگۆڕێن، ترامپ تەنها نموونەیەکی توند و بێ پەردەی ئەو سیستەمەیە، پێش ترامپیش خەڵکی کوردستان چەند جار بەدەست هاوپەیمانی کاتی و بەڵێنی نیوەچڵ زیانی گەورەی بینیوە؛ دوای ترامپیش ئەگەر کورد بە هەمان خۆشباوەڕی و شێوە پشت بە بەڵێنی دەرەکی ببەستێت، بە دڵنیایەوە ئەو مەترسییە هەر دەمێنێت.
ئایا ئەو روداوە دیدگای سیاسی کۆمەڵگای کوردی دەگۆڕێت؟من پێم وایە بە شێوەیەکی گشتی کاریگەری دەبێت، بەڵام بە شێوەیەکی قووڵتر باوەڕی بزوتنەوە و حیزبە کوردیەکان بە (هاوپەیمانیی بێ مەرج) لاواز دەکات، کوردستان کۆمەڵگەیەکی یەکدەست نییە، هەندێک هێز لە باشوور گرنگی بە رۆژئاواو واشنتن دەدەن، هەندێک نزیکترن لە تاران و بەرەی بەرگریکاریی شیعە، هەندێک لە باکور مامەڵەی زۆر پڕاگماتیک دەکەن و هەندێکیش لە ڕۆژئاوا گرێدراوی هاوپەیمانیی سەربازیین لەگەڵ ئەمریکا، بۆیە قسەی ترامپ هەموو کورد ناکاتە دژە-ئەمریکی، بەڵام دەبێتە بەڵگەیەکی نوێ بۆ ئەو دیدگایەی کە دەڵێت، (زلهێزەکان کورد بەکاردەهێنن)، بەڵام کاتێک تێچووەکەیان گران بوو، بە زەرەر دەیانفرۆشنەوە.
ئەوەش هەڵەیەکی گەورەترە ئەگەر کورد تەنها بە تووڕەیی و لە ژێر کاریگەری هەستوسۆز وەڵام بەو گوتارە بداتەوە، وەڵامی دروست نابێت تەنها هاشتاگ، وێنە، یان جنێو و توڕەیی ناو سۆشیالمیدیا بێت، وەڵامی دروست دەبێت ستراتیژی بێت، یەکخستنی ناوماڵی کۆمەڵگای کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، کەمکردنەوەی وابەستەیی یەک لایەنە بە هەر زلهێزێک، هەرێمیاتی یان نێودەوڵەتی، دروستکردنی دامەزراوەی سەربازی و دیبلۆماسی نیشتمانی بەهێز، بەهێزکردنی ئابووری و گۆڕینی قوربانییەکان بۆ سەرمایەی سیاسیی نێودەوڵەتی، ئەگەر خەڵکی کورد قوربانی بدات بەبێ ئەوەی ئەنجامە سیاسییەکەی پارێزراو بێت، ئەوا مێژوو بەردەوام دووبارە دەبێتەوە.
لە کۆتاییدا، قسەی ترامپ “حەقیقەت” نییە ئەگەر واتای ئەوە بێت کە کورد تەنها بە پارە دەجووڵێت یان قوربانییەکانی بێ نرخن، ئەوە نادادپەروەرییە و مێژوو زۆر سادە دەکاتەوە، چونکە قوربانیەکانی خەڵی کوردستان عیبارەت نین لە بەرخوردوو مامەڵەی بزوتنەوە و ئەحزابە سیاسیەکانی.
بەڵام قسەکە هەندێک ڕاستیی تاڵی سیاسەتی زلهێزەکان ئاشکرا دەکات کە لە جیهانی سیاسەتدا، ئەوەی قوربانی دەدات هەمیشە براوە نابێت؛ ئەوەی قوربانییەکەی دەگۆڕێت بۆ دامەزراوە، دیپلۆماسی، یەکڕیزی و هێزی چەندلایەنە، ئەوە دەتوانێت قوربانییەکە لە مێژوودا بپارێزێت.
بۆیە خەڵکی کوردستان نابێت تەنها لە ترامپ تووڕە بێت؛ دەبێت لە خۆشی بپرسێت، ئەو هەموو خوێنە چۆن دەکەینە دەسکەوتی سیاسیی پارێزراو؟ ئەوە پرسیاری ڕاستەقینەی دوای ئەو قسەیەیە..