ئا: هێڤی ئاوات
زۆرینه‌ی ئه‌و منداڵانه‌ی سه‌رقاڵی كاركردنن، ئه‌وانه‌ن كه به‌هه‌ر هۆكارێك بێت هه‌ژاریی ئێخه‌ی پێگرتوون‌و پێویستیان به‌وه‌یه كه یارمه‌تی خێزانه کەمدەرامەتەكانیان بده‌ن، کۆمەڵناسێک دەڵێت “لەئەنجامی کارکردنی منداڵان لەبازاڕو شوێنە گشتییەکاندا نه‌وه‌یه‌كی ماف پێشێلكراو ده‌خه‌ینه ناو كۆمه‌ڵگه‌و دواجار كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی بێ سه‌روبه‌ری لێبه‌رهه‌مدێت”.
کەیوان عوسمانی ته‌مه‌ن ١٢ ساڵ، له‌ترافیك لایتی نزیک نەخۆشخانەی سمارت كلینێكس ده‌فرۆشێت، ئه‌و ئاواته‌خوازه کە وەک مناڵی خەڵکی دوای گەڕانەوە لەقوتابخانە بۆ خۆی پشووییەک بدات، نەک ئەوەی تا ئێوارەیەکی درەنگ وەخت راکە راک بکات، ئەو بەئاوێنەی وت “كه شه‌ویش ئه‌گه‌ڕێمه‌وه ماڵه‌وه، بیر له‌و ساتانه ده‌كه‌مه‌وه كه منداڵه ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان له‌ئۆتۆمبێله مۆدێل به‌زره‌كانه‌وه به‌چاوێكی سه‌یره‌وه لێمان ده‌ڕوانن، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌وان له دنیایه‌كی تره‌وه هاتبن، ئێمه‌ش خواخوامانە كه‌سێك پارچەیەک كلینێكسمان لێبكڕێت”.
وتیشی “”ئه‌گه‌ر من‌و براکەم كار نه‌كه‌ین بەبژێویی ژیانی خێزانەکەمانەوە دیارە، ناتوانین بژین، ئه‌گینا حه‌زم له‌به‌ر سەرماو هه‌تاو نییه”.
نه‌وجه‌وان یان مێرمنداڵ له‌ته‌مه‌نی شه‌ش ساڵییه‌وه ده‌ست پێده‌كات تاده‌گاته ته‌مه‌نی هه‌ژده ساڵی‌و له‌وكاته‌شدا پێویستی به‌چاودێری هه‌یه، بەڵام هەندێکجار خێزانەکان بەهۆی دەستکورتی‌و هەژارییانەوە منداڵەکانیان بەکاردەهێنن بۆ پارە پەیداکردن.“خاڵه گیان، پورێ گیان توخوا عەلاگەیەکم لێبكڕه”، ئەمە قسەیەکە لەنیوەڕۆوە تا ئێوارە رێناس بەو رێبوار‌و کڕیارانەی دەڵیت کە بەشەقامە قورەباڵغەکەی سەروو مزگەوتی گەورە تێدەپەڕن، ئەو باوێنەی وت “باوکم نەخۆشە، لەوەتەی لەبیرمە هەژارین، باری گوزەرەنمان باش نییە، بۆیە ناچارم رۆژانە بێم عەلاگە بفرۆشم”.
ئەو کە تەمەنی ١١ ساڵە، باس لەوە دەکات چەندین منداڵی هاوتەمەنی خۆی ناسیوە کە ناو بازاڕدا کاری دەستگێڕیی یان عەلاگە فرۆشتن یان میوە فرۆشتن دەکەن، هەشە خەریکی کارتۆن‌و قووتوو کۆکردنەوەیە یان شاگردیی یاخود کاری بۆیاخچێتی دەکات‌و بەشێکیشیان عەرەبن، رێناس وتی “ئه‌گه‌ر ناچار نه‌بم له‌كاتی خوێندندا كارناكه‌م به‌تایبه‌ت ئه‌مساڵ، چونكه له‌پۆلی پێنجی بنه‌ڕه‌تیم”.
کاری منداڵان نەک هەر کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی تاک‌و خێزان هەیە، بەڵکو کاریگەری لەسەر گەشەی درێژخایەنی کۆمەڵگاش هەیە، ئەمە جگە لەوەی بەو پێیەی ئەو کۆمەڵگایانەی کە ڕێژەی کاری منداڵانی تێدا زۆرە، ڕەنگە تووشی لەدەستدانی هاوسەنگی کۆمەڵایەتی ببن بەهۆی بەرزیی ڕێژەی هێزی کاری نەخوێندەوار.
محەمه‌د عه‌لی، ته‌مه‌ن ١٥ ساڵ، منداڵێكی قژ ره‌شی گه‌نم ره‌نگەو کار بۆیاخچێتی دەکات، ئەو باس لەوە دەکات کە ماوەی ساڵێکە وازی لەخوێندن هێناوە، بۆ ئەوەی خۆی بژێنێ‌و هاوکاریی خێزانەکەشی بکات، ئەو بەئاوێنەی وت “هەموو رۆژێک دێم بۆ بازاڕ بۆ بۆیاخكردنی پێڵاو، باوکم مردووەو دوو خوشك‌و برایه‌كم هه‌یه، ناچارم كار بكەم”.
وتیشی “زۆرم حه‌زده‌كرد خوێندن تەواو بکەم، به‌ڵام نه‌داریی خێزانه‌كه‌م ناهێڵێت، رۆژانە دە پانزە دینار پەیدا دەکەم‌و بۆیان دەبەمەوە”.ئەمە لەکاتێکدایە کە هیچ ئامارێکی فەرمی لەئارادا نییە سەبارەت بەژمارەی ئەو منداڵانەی لەبازاڕو شەقام‌و شوێنە گشتییەکان کار دەکەن، کۆمەڵناسانیش پێیانوایە کارکردنی منداڵان لەبازاڕو شوێنە گشتییەکان زیانی گەورەی بۆ کۆمەڵگە دەبێت.
کۆمەڵناس هێمن غەفور، کە خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لەبارەی زیانەکانی کارکردنی منداڵان، سه‌باره‌ت به‌چۆنیه‌تی كاركردنی ئه‌و منداڵه ده‌ستگێڕانه‌ی كه له‌سه‌ر شه‌قام‌و شوێنه گشتییه‌كان كارده‌كه‌ن، بەئاوێنەی وت “ده‌بێت دان به‌وه‌دا بنێین کارکردنی منداڵان‌و ده‌ستگێڕیی دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌و لەزۆربەی وڵاتانی دونیا هه‌یه، له‌وڵاته دواكه‌وتو‌و هه‌ژارو بێ ستراتیژه‌كان منداڵ وه‌ك سه‌رچاوه‌ی داهات ساكار ته‌ماشا ده‌كرێت، لەهەرێمی کوردستانیس هۆکاری یەکەم‌و سەرەکی کەمدەرامەتی‌و هەژارییە، پاشان کلتورە، بۆ نمونە ئێمه به‌گشتی وا راهاتووین كه منداڵ ته‌مه‌نی گه‌یشته دە ساڵی بەرەو ژوور، ئیتر باوك یان برا گەوەرەکەی ده‌ستی ده‌گرێ‌و ده‌یهێنێ بۆ سه‌ر دوكان یا كار، بۆ ئه‌وه‌ی وەک خۆیان دەڵێن چاوی بكرێته‌وه، یان پیشەیەک فێر بێت”.
دەربارەی بەزیانەکانی کارکردنی منداڵانیش لەبازاڕو شوێنە گشتییەکان، ئەو وتی “گرنگترین ئه‌و زیانەکانی کارکردنی منداڵان بریتین له: منداڵ له‌ژێر سیسته‌می په‌روه‌رده‌ی دروستی دایك‌و باوك‌و دامه‌زراوه ره‌سمییه‌كان، ده‌رده‌چێ بۆ ژێرده‌ستی دامه‌زراوه ناڕه‌سمی‌و ئاڵۆزه‌كان كه بازاڕ‌و خه‌ڵكی هه‌مه‌جۆره، منداڵ له‌كاتی كاركردندا به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر كاره‌كه گران بێ تووشی شه‌كه‌تبونی جه‌سته‌یی ده‌بنێته‌وه، كه ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریی له‌سه‌ر جه‌سته‌و لایه‌نی ده‌رونیشی هه‌یه، هه‌ندێكجار منداڵ سه‌ره‌نجامی كاركردن توشی توندوتیژیی‌و گاڵته‌جاڕی ده‌بێت، كه هه‌موو ئه‌مانه كاریگه‌ری له‌سه‌ر كه‌سایه‌تی ده‌بێت، هەندێکجار له‌به‌ر ناچاركردنیان‌و گرانی كاره‌كه‌یان‌و نه‌بوونی بازاڕ، به‌ره‌و هه‌ڵدێر ده‌برێن، ئیدی وه‌ك لادانی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و یاسایی وه‌ك دزی‌و توندوتیژیی‌و جنێو‌و درۆكردن، لەئەنجامی هەموو ئەمانەشدا نه‌وه‌یه‌كی ماف پێشێلكراو ده‌خه‌ینه ناو كۆمه‌ڵگه‌و دواجار كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی بێ سه‌روبه‌ری لێبه‌رهه‌مدێت”.
وتیشی “به‌پێی یاسایه‌ك كه له‌وه‌زاره‌تی ناوخۆ‌و وه‌زاره‌تی كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌رچووه ئه‌مجۆره كاره قه‌ده‌غه‌كراوه، به‌ڵام به‌داخه‌وه نه حكومه‌ت‌و نه وه‌زاره‌تی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی، هیچ به‌رنامه‌یه‌كیان نییه بۆ ئه‌وه‌ی پێش له‌و دیارده‌یه بگرن‌و كه‌میبكه‌نه‌وه”.
سەرچاوە: ئاوێنە