
لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە”بۆ بەرپرسە ئەمنی، پەروەردەیی و كارگێڕییەكان، بۆ كۆتایی پێهێنانی كۆیلایەتی واز لە فشارو هەڕەشە بێنن و سزاكانتان هەڵوەشێننەوە.”
ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی وتیشی”لەماوەی 10 ساڵی رابردودا حكومەتی هەرێمی كوردستان خۆی بەشێوەیەكی مەبەستدارانە هۆكاری سەرەكی قەیرانی دارایی و ستەمی بژێوی هاوڵاتیان و موچەخۆران بوەو هیچ هەنگاوێكی بۆ چارەسەركردنی نەناوە. بۆ بردنەسەری ئەم سیاسەتەش رێوشوێنی كۆیلایەتی گرتۆتەبەر كە لەوێوە سەروەریی یاسا نامێنێت كە لەراستیشدا لە هەرێمی كوردستاندا نەیهێشتوەو بەوهۆیەشەوە كۆمەڵگە توشی داخوران و هەڵوەشانەوە هاتوە.”
جەختیشی كردەوە “ئەم هۆكارانە هەمویان پاڵنەری سەرەكی سوربونی مامۆستایان و فەرمانبەرانن بۆ بەردەوامیدان بە بایكۆت و ناڕەزایەتییەكان بەو بەرپرسیارێتییەی كە كۆمەڵگە لەلێواری هەرەسهێنانی فەرمانڕەوایەتی و داڕوخانی تەواوی كۆمەڵایەتیدا رزگاربكەن.”
ئاماژەی بەوەشدا”بەڵام بەداخەوە لەبەرامبەردا دەسەڵات بە فشارو هەڕەشەو سزا بە یاساییكراوەكان روبەڕوی خەباتی مەدەنی ناتوندوتیژی مامۆستایان و فەرمانبەران و چین و توێژەكان بۆتەوە تاوەكو لەڕێی بە كۆیلەكردنیان كۆتایی بە بایكۆت و ناڕەزایەتییەكان بهێنێت، ئەم كردەوانەش بە كارپێكردنی زۆرەملێیانە ئەژمار دەكرێن و بەپێی یاسا نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان تاوانە. بەم پێیەش ئەوانەی بەجێهێنەری ئەم تاوانانەن، دەبێت دادگایی بكرێن و قەرەبوی قوربانیانییەكانیش بكەنەوە، نەك پێچەوانەكەی.”
ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی وتیشی”بۆیە كۆتا ئاگاداركردنەوەكانمان بە بەرپرسە ئەمنی، پەروەردەیی و كارگێڕییەكان دەدەین و داوایان لێدەكەین كە واز لە فشارو هەڕەشەكانیان بهێنن و سزاكانیان هەڵوەشێننەوە، ئەگەرنا روبەڕوی فشاری مەدەنی زیاتریان دەكەینەوەو تەنانەت پەنا بۆ دادگا تایبەتمەندە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەكانیش دەبەین.”
جەختیشی كردەوە “بەردەوام دەبین تاكو رسواكردنی ئەم سیاسەتە ستەمكارییەی كۆیلایەتی و كۆتایی پێهێنانی، بۆ ئەو مەبەستەش سبەی یەكشەممە 11/2/2024 سەعات 10ی سەرلەبەیانی لەبەردەم پەروەردەی رۆژئاوا(ی سلێمانی)، هاوشانی شارو شارۆچكەكان خۆپیشاندانێكی بەرفروان سازدەكەین.”
هاوكات لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا مامۆستا عادل حەسەن رایگەیاند”ژمارەی ئەو مامۆستایانەی كە گوازراونەتەوە لە قوتابخانەیەكەوە بۆ قوتابخانەیەكی تر بەبێ رەزامەندی خۆیان زیادی كردوە كە ئێمە ئاواتەخوازین كۆتایی بەم جۆرە فشارانە بهێنرێت، مامۆستایان لەبەر قوت و ژیانی رۆژانەی خۆیان بایكۆتیان كردوە.”
جەختیشی كردەوە”چارەسەری ریشەیی ئەم كێشانە بە فشارو هەڕەشەو گواستنەوە نابێت. دەرئەنجامی هەمو سزاكان لێكەوتەی خراپی دەبێت. هیوادارین دەسەڵات ئەم جۆرە فشارانەو ئەو جۆرە سزایانە هەڵوەشێنێتەوە.”
هەروەها وتیشی”تاوەكو ئێستا هیچ فشارێك نییە بۆ ئەوەی خۆپیشاندانی سبەینێ نەكەین و داواكارین سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران بە گوڕو تینێكی زیاترەوە بەشداربن.”