بە هەزاران کەس لە دانیشتووانی ڕۆژئاوا بە کورد، عەرەب و سریان و پێکهاتەکانی ترەوە، تەرمی ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتیی پەیەدە شەهید ساڵەح موسلیمیان لە قامیشڵۆوە بەرە زێدی خۆی لە کۆبانێ بەڕێکرد. مەراسیمی ماڵئاواییکردنەکە لەلایەن ئەنجوومەنی بنەماڵەی شەهیدانی شاری قامیشلۆوە لە گۆڕەپانی شەهیدانی ١٢ـی ئادار بەڕێوەچوو. سیاسەتمەدار و نوێنەرانی هۆزەکانی کورد و عەرەب، شاندێکی پارت و تەڤگەرە سیاسەییەکانی باکوور و باشووری کوردستانیش بەشدارییان لە مەراسیمەکەدا کرد.
بە ناوی ئەنجوومەنی بنەماڵەی شەهیدانی قامیشلۆوە هاوسەرۆکی ئەنجوومەنەکە عوبەید عەتێ قسەیکرد. عوبەید عەتێ لە قسەکانیدا باسی تێکۆشانی زیاتر لە ٥٠ ساڵی شەهید ساڵەح موسلیم لە پێناو دۆزی گەلی کورددا کرد و ڕایگەیاند کە شەهید ساڵەح موسلیم بێ دوودڵی و بێ بەرانبەر تێکۆشانی کرد، لە سەختترین هەلومەرجەکاندا خزمەتی گەلەکەی کرد، لە دژی ڕژێمی بەعس و گرووپە چەکدارەکان و سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورک دژی ناوچەکە تێکۆشانی کرد.
عەتێ لە بەردەوامیی قسەکانیدا بیری هێنایەوە کە نەک تەنها گەلی ڕۆژئاوا، بەڵکوو گەلی بەشەکانی تری کوردستانیش بەهۆی کۆچی دوایی ساڵەح موسلیمەوە غەمگین بوون. لە کۆتایی قسەکانیدا عەتێ گوتی، ئەوان لەسەر هێڵی شەهیدان دەبن تاوەکو هێنانەدیی خەیاڵەکانیان.
لە مەراسیمەکەدا ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتیی پەیەدە فۆزا یوسف قسەی کرد. فۆزا یوسف سەرەخۆشیی لە گەلی کورد کرد و سڵاوی لە پشتیوانیی کوردانی لە هەموو بەشەکانی کوردستان، لە قامیشلۆ، لە هەولێر، سلێمانی، ئامەد و مهاباد کرد.
فۆزا یوسف ئاماژەی بەوەدا، ساڵەح موسلیم خاوەن مێژوویەکی دوور و درێژی تێکۆشانی ئازادییە، لە ساڵانی ١٩٨٠ ماندوونەناسانە کاری کردووە، بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆی بڵاو دەکردەوە و داکۆکی لە مافەکانی گەلی کورد دەکرد. فۆزا باسی لەوەشکرد، ساڵەح موسلیم لە دژی ڕژێمی بەعسیش تێکۆشانی کردووە و گوتی: “لەلایەن ڕژێمەوە دەستگیرکرا و ئەشکەنجە درا. سەرەڕای ئەمەش بۆ پاراستنی دۆزی گەلەکەی ڕۆژێکیش نەوەستاوە”.
فۆزا یوسف ڕایگەیاند، شەهید ساڵەح موسلیم تەنها سیاسەتمەدار نەبووە، بەڵکوو نووسەر و ئەدەبیاتی شۆڕشی ڕۆژئاوا بووە، کتێبەکانی ڕێبەر ئاپۆی وەرگێڕاوە بۆ بەرەوپێشبردنی هۆشیاری لە کوردستان.
لە کۆتایی قسەکانییدا فۆزا یوسف سەرنجی خستەسەر ئەوەش، شەهید ساڵەح موسلیم بۆ بنیاتنانی یەکێتیی نەتەوەیی کورد تێکۆشانێکی درێژخایەنی کردووە و دەڵێت: “خێزانێکی وڵاتپارێز، دیموکرات و تێکۆشەر بنیاتنا. منداڵەکانیشی لە شۆڕشدا بەشداربوون. یەکێک لە کوڕەکانی بۆ پاراستنی ڕۆژئاوا لە چەتەکانی داعش شەهید بوو. لە هەمانکاتدا پاڵپشتی لە دۆزی ژنان کرد”.
52