بەڕێز: هاوڕێ مام خدر رووسی سکرتێری گشتی بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان.
بەرێز: مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان.
بابەت: پیرۆزبایی
سڵاوێكی گەرم..
بە بۆنەی 25 ئاب، یادی 26ساڵەی دامەزراندنی بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان، بە ناوی مەكتەبی سیاسی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێزتان و هەموو ئەندامانی بزووتنەوە تێکۆشەرەکەتان دەكەین و ئومێدەوارین ئەم بۆنەیە دەرفەتێکی دیکە بێ بۆ بەرەو پێشبردنی خەبات لەپێناو وەدیهێنانی تەواوی مافەكانی گەلی كوردستان و چەسپاندنی بنەماکانی دادپەروەری و دەستەبەرکردنی داوا و داخوازییەکانی خەڵک .
بەڕێزان..
یادی 26 ساڵەی بزووتنەوەی دیموكراتی گەلی کوردستان لە کاتێک دایە، ناوچەکە و دەوروبەرمان بە قۆناخێكی دژوار تێدەپەڕێ، کە پەرەسەندنی سیاسەتی فراوانخوازی هێزە ئیقلیمیەكان، ئارامی و ئاسایشی ناوچەیان خستۆتە بەردەم ئەگەری نادیارەوە. بۆیە لەم هەلومەرجە ئاڵۆزەدا، سەرەڕای زیادبوونی مەترسییەکان و لێکەوتەکان ، هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک کێشەی نێوەخۆیی هەیە ، بۆیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئالنگاریانە، لە لایەنە سیاسییەكانی دەسەڵاتدار داوا دەکرێ ، هەڵوەستەی جددی بکەن و دەرک بە بەرپرسیارییەتی قۆناخەکە بکەن و بە پێی کارنامەیەکی هاوبەشی کوردستانی ئەمادەکاریی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگاریەکان و لێکەوتەکانی ئەو دۆخە ئاڵۆزە بکرێ .
لەو یادەدا، جارێكی دیكە جەخت لە پێویستیی پتەوكردنی پەیوەندی لە نێوان حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان و بزووتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان دەكەینەوە.
لەگەڵ ڕێزماندا.
مەكتەبی سیاسیی
حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
25ی ئابی 2021