هیوا سەید سەلیم:
لەو چەند ساڵەی بەشداری کورد لە پرۆسەی سیاسی بەغدا لە دوای رووخانی رژێمی سەدام، کورد هەمیشە گرفتی لە بەشداریکردنەکە هەبووە و پێی وابووە کە لایەنە باڵادەستەکانی بەغدا کار بە پڕەنسیپی شەراکەت ناکەن کە هەموو لایەک لە دەستووری عیراق لەسەری ڕێککەوتوون.
ئەو رەخنانەی کورد و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بەتایبەتیش ئەوانەی لە بەغدا لە پۆستە ئەساسیەکانن کاتێک بەخەمخۆری بۆ کورد هەژماردەکرێن کە ئەگەر رەخنەکان لەسەر داکۆکیکردن لەسەر مافەکانی کورد و هەرێمی کوردستان بن، بەس ئایا ئەوەیان ڕاستە؟
هەموو لایەک دەزانین کە کورد کاراکتەری سەرەکی بوو لە بیاکردنەوەی عیراقی دوای سەدام، بەڵام هەر لەسەرەتا و تائێستاش کە باس لە کابینەی تەکنۆکراتی تازە دەکرێت هێندە عەوداڵی پۆست و دەستکەوتی حزبی بوون، لە غەمی داخوازیەکانی خەڵک نەبوون، ئەوە نە تۆمەتە پێیان دەکرێت نە بێویژدانیشە و ئەو نموونەی کە حاکمی کاتی ئەمریکی لە عیراق (پۆل بریمەر) لە یاداشتەکانی خۆی بەناوی (ساڵێک لە عیراق) هێناویەتەوە بەوەی دەڵێت: کورد لە نێوانی مافەکانیان و پارە بە مەرجی پێدانی پارە هاتن بەشداریان لە پرۆسەی سیاسی کرد، هەر دوای ئەوەش دەبینین لەسەرەتایی پێکهێنانی هەموو کابینەکان لە سەردەمی (عەلاوی و جەغفەری و مالکی و عەبادی) شەڕەکە زیاتر بۆ هەریسەیە نەک بۆ پرسێکی وەک ماددەی (١٤٠) کە ئایندەی ناوچەیەکی گرنگی کوردستانی پێوە گرێدراوە کە ساڵانیکی زۆرە لە نێوان و کورد و دەوڵەتی عیراق کێشەیان لەسەرە.
جا ئەگەر لە کابینەکانی ڕابردوو کورد بەهێز و یەکگرتووەوە مەرجەکانی خۆی کە وەک باسکرا مەرجی پۆست بوونە زیاتر دەخستە رو و لێشیان وەردەگیرا، چونکە بەغدا ئەگەر زۆریش مەبەستی نەبووبێ کورد بەشداری بکات فشارەکانی ئەمریکا دەیگەیاندن بە ڕێکەوتن، ئەوا ئەمجارەیان لە کابینەکەی عەبادی کە ئێستا لەبەردەم گۆڕانکاریە چ لەوەی رابردو و ئەوەی ئێستاش کە ناونراوە کابینەی تەکنۆکرات، بەشداری کورد هێندە بە لاوازیە تەنانەت لە جاری ڕابردوو بۆ نیو کاتژمێریش چاوەڕوانی کوردیان نەکرد بگرە ئەو کاتەی کابینەی عەبادی ڕاگەیاندرا نوێنەرانی کورد لەدەرەوەی هۆڵی ئەنجومەنی نوێنەران بوون، دیسان فشارەکانی ئەمەریکا و نوێنەری یوئێن کورد گێڕایەوە ناو هۆڵی پەرلەمان و بەشداری و سوێندخواردنی وەزیرە کوردەکان کرایە پاشکۆی مەراسیمی کابینەی عەبادی، کە بەراستیش کورد ئەمجارەیان هەر زۆر بە زەقی پاشکۆبووە و نوێنەرانی لەو کابینەیە زۆر بێ دەسەڵات بوون کە ئەمەشیان هۆکاری زۆربوون.
لەگەڵ هەموو ئەوانەی لەسەرەوە باسمانکرد کێشەکانی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان کاریگەری زۆری لەسەر سەنگ و بەشداری کورد لە کابینەی عەبادی هەبووە، بە جۆرێک کە وەزیرەکان نەتوانن وەک پێویست داکۆکی لە مافەکانی خەڵکی کوردستان بکەن، لە نموونەی ئەوەی خودی وەزیری دارایی کە لە پشکی کوردبوو نەک لە پرسی بودجە هیچی بۆ هەرێم نەکرد و یان ڕێکتر بڵێین پێی نەکرا، بگرە لە سەرفکردنی پارەی گەنمی جوتیاران کە مافی جوتیارانی کوردستان بوو بەوەی گەنمیان بە حکومەتی ناوەند فرۆشتووە دەبێت بەغدا پارەکەیان بداتەوە کارێکی ئەوتۆیان بۆنەکرا.
لێرەدا دەپرسین کە ئایا ئەو جۆرە بەشداریەی کورد لە پرۆسەی سیاسی بەغدا لە بەرژەوەندی کێدایە کە ئایا لایەنە سیاسییەکانی کوردستان تاکەی دەتوانن باوەڕ بە خەڵکی خۆیان دێنن کە بەشداری ئەوان لەسەر داوای دۆستەکانیانە؟
ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە بۆ جارێکیش بێت کورد بڵێت نەخێر، پۆستەکانتان بۆ خۆتان کێشەی کورد لە بەغدا پۆست نییە، بگرە ئێمە مافی خۆمان دەوێت؟
بێگومان ئەوەشیان کاتێک دەبێت کە کورد خۆی یەکلابکاتەوە لەگەڵ بەغدا کە ئایا دەیوێت لەگەڵ بەغدا بێت یان پشت لە بەغدا دەکات و بژاردەی تری دەبێت، سیاسەتی خۆرمژ لەهەردوو دنیانی دەکات، نە لێرە وڵاتیکی سەربەخۆمان هەیە کە بنەماکانی دەوڵەتی پێرفێکت بێت و متمانەی خەڵکی لەسەر بێت، نەبەشداریمان لە بەغدا بۆتە مایەی خێروخۆشی بۆ خەڵکی کوردستان.
وابڕوا چیتر خەڵکی کوردستان بەرگەی ئەو سیاسەتە چەوتە ناگرێت بەوەی لە پێناوی پۆست و پایەی بەغدا دەستیان لەولا بەرنەبێت و لێرەش ئیدیعای گەورە بکەین و چاویشمان هەر لەولا بێت.
کات کاتی بڕیاری یەکلاکەرەوەیە بەوەی نە ئەو هەزیلیەی لە بەغدا بۆ پۆست قەبوولی دەکەن چارەسەرە، نە ئەو پەرتەوازەیەی نیو ماڵی کورد لە هەرێمی کوردستان خزمەتمان ناکات، وەرن ناو ماڵی کورد رێکبخەنەوە، بەرژەوەندییە حزبی و کەسییەکان وەلا بنێن و کات کاتی دەستپێشخەری دڵسۆزانەیە بۆ چارەسەری ئەو دۆخەو و بەکارخستنەوەی پەرلەمانی کوردستان، ئەوەی ئەو سەروەریەی پێدەبڕێت ناوی دەچێتە نیو دەفتەری سەروەرییەکان و ئەوانەشی کە بەرپرسن دەبێت پێیان بڵێین:
مێژوو ڕەحەم بەکەس ناکات