60
بابەتەکەم تایبەتە بە باوکان. باوکی بەڕێز ئەوەت لە بیر بێت کە کوڕەکەت بەتەنها گوێت لێناگریت بەڵکو تەماشای ڕەوشت و هەڵسوکەوت و سیفاتە مرۆڤایەتییەکانت دەکات و لێیانەوە فێر دەبێت، ئەوەش لە یاد نەکەی کە پەروەردەکردنی منداڵ تەنها ئەرک و لێپرسراوێتی دایک نییە بەڵکو خاڵی هاوبەشی نێوان دایک و باوکە.
بەداخەوە لە کۆمەڵگای ئێمە زۆربەی کاتەکان پەنجەی گلەیی تەنها بۆ دایک درێژ دەکرێت لە پەروەردەکردنی منداڵەکانی باوکیش تەواو خۆی لە پرۆسەی پەروردەکردن دەرهێناوە تەنانەت هەندێک جار نازانێت منداڵەکانی لە چ قۆناغێکی خوێندنن.
لە زانستی پەروەردەکردن هەندێک بابەت هەیە دایکەکە ناتوانێت بیگەینێت بەڵکو دەبێتە ئەرکی باوک بەتایبەتی لە پەروەردەکردنی کوڕدا. باوکی بەڕێز ئەو شەش خاڵەی خوارەوە لەپەروەردەکردنی کوڕەکەت جێبەجيبکە بۆ ئەوەی کوڕێکی پیاوانە گەورە بکەی:
١- بە ئاشکرا ڕێزی دایکەکە بگرە ئەویش با لە ڕەفتار و مامەڵە و تەنانەت تۆنی دەنگیشت بەدەرکەوێت ئەوە هەمووی دەبێتە نامە بۆ کوڕەکەت کە لە داهاتوودا چۆن مامەڵە لەگەل ئافرەت بکات.
٢- کە هەڵەیەکت کرد داوای لێبوردن بکە و زۆر ئاساییە ،بەو جۆرە فێری کوڕەکەت دەکەی کە پیاوەتی مانای دەسەڵات ناگەینی بەڵکو ئازایەتی و لێپرسراوییە. بەداخەوە لە کۆمەڵگا ئێمە زۆربەی وا بیر دەکاتەوە کە داوای لێبوردن واتا بێ هێزی کە بەتەواوەتی پێچەوانەیە بەڵکو داوای لێبوردن لەکاتی هەڵەکردن نیشانەی گەورەی و تێگەیشتن و ڕۆشەنبیرییە.
٣- لەهیچ ژنێک کەم مەکەوە و گاڵتە و وشەی ناشرین بەرامبەر هیچ ژنێک بەکارمەهێنە ئینجا ژنەکە ناسراو بێت یان نەناسراو ئاگاداربە کوڕەکەت زمان و قسە لە تۆی باوک فێر دەبێت.
٤- هەستەکانت باس بکە بۆ نمونە بڵی(ماندووم، یان حەزم لێیە دیارییەک بۆ فڵان بکرم….) بەوە فێری هێزی دەکەی نەک دڵ ڕەقی.
٥- لە پيش چاوی کوڕەکەت بەشداری بکە لە ئیشی ماڵەوە ئەگەر زۆر کەمیش بیت ،بەوە فیری دەکەی کە لێپرسراوی مانای چییە ! هاوکاریکردن چییە!
٦- لە پێش کوڕەکەت هاوکاری هەژاران بکە ڕێگا مەدە لە پێشت سووکایەتی بە کەسی هەژار و لاواز بکریت بەوە فێری غیرەت و پیاوەتی دەکەی.
مانای ئەوە ناگەینی منداڵ هەڵە بکات واتا پەروەردەی خراپە بەڵکو منداڵ سروشتی خۆی وایە بەتایبەت هەرزەکار. بۆیە تاکو تەمەنی هەرزەکاری تەواو دەبێت لە منداڵ دایک و باوک ماندوو دەبن بەڵام دوای ئەوە بەرهەمێکی جوان دەچنەوە.
دکتۆر دیلمان ئازاد…..پسپۆری پزیشکی دادوەری
مامۆستای زانکۆ لە کۆلێژی پزیشکی
