ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە لە هەڵبژاردنەکانی دوێنێی تورکیادا پارتی ئاکەپە بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو دەنگێکی زۆری بەدەستهێنا کە ئەمەش تورکیا دەگەڕێنێتەوە بۆ حوکمی تاکە حزبی لەو وڵاتەکەدا.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، لەگەڵ ئەوەی لە ئێستادا زۆرینەی دەنگەکان جیاکراونەتەوە، پارتی ئاکەپە نزیکەی لەسەدا ٥٠ی دەنگەکانی بەدەستهێنا کە ئەمەش زۆرینەی کورسیەکانی پەرلەمانە.
ئەحمەد داودئۆغلۆ، سەرۆک وەزیرانی تورکیا هاوکات سەرۆکی پارتی ئاکەپە لە کاتی ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکەدا لە شارۆچکەی کۆنیاوە خۆشحاڵی خۆی بۆ بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگەکان دەربڕی و بە ژمارەیەک لە پشتیوانانی پارتەکەی کە لەوێ ئامادەبوون ڕاگەیاند “هیواخوازم تا ٤ ساڵی دیکە بەشێوەیەکی باش خزمەت بە ئێوە بگەیەنم و لە ساڵی ٢٠١٩ دا جارێکی دیکە لەبەردەم ئێوەدا ڕابوەستم”.
دوێنێ یەکشەممە ١/١١/٢٠١٥ هەڵبژاردن بۆ ٢٦هەمین خولى پەرلەمانى تورکیا بە شێوەى پێشوەختە لەو وڵاتەدا بەڕێوەچوو و لەم هەڵبژاردنەدا ١٦ حزب و ٢١ کاندیدی سەربەخۆ بەشدارییان تیادا کرد.
بەپێى ئەنجامە بەراییەکانى ٢٦هەمین خولى هەڵبژاردنى پەرلەمانى تورکیا، ئاکەپە لە ئاستى تورکیا و هەدەپە لە ئاستى کوردستاندا پلەى یەکەمیان بە دەستهێناوە.
تائێستا لە ٩٩.٩% دەنگەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا جیاکراوەتەوە و ئاکەپە لە ٤٩.٣% دەنگەکانی بەدەستهێناوە، کە هاوتایە لەگەڵ ٣١٦ کورسیى پەرلەمان. جەهەپەش لە پلەی دووەمدایە و لە ٢٥.٤% ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و ئەو ڕێژەیەش دەکاتە ١٣٤ کورسیى پەرلەمان.
هەریەکە لە مەهەپە و هەدەپەش بەربەستی هەڵبژاردنەکانیان تێپەڕاندووە، بەپێی ئامارە سەرەتاییەکانی دەنگە جیاکراوەکان، مەهەپە لە ١٢% ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، کە هاوتایە لەگەڵ ٤١ کورسى و هەدەپەش لە ١٠.٦% ی بەدەستهێناوە و بە پێى ئەو ڕێژەیە بێت هەدەپە ٥٩ کورسیى پەرلەمانى تورکیا بە دەست دەهێنێت.
دەنگی دیکەش ڕێژەی لە ٢.٧% دەنگەکانە.