دەستەی داکۆکیکردن لە نەخۆشخانەی هیوا لە یاداشتێکدا داوایانکرد، حکومەتى هەرێم و عێراق بە ئەرکى خۆیان هەستن و کەمووكوڕییەکانى نەخۆشخانەکە پڕ بکەنەوە، ئاماژەیان بەوەشکرد: پێویستە لەڕێگەى یاساوە فشار بخرێتە سەر خاوەن کارگەکان، تاوەکو سیاسەتی ژینگە پارێزى پەیڕەو بکەن.
لەبەردەم بیناى نەخۆشخانەى هیوا-ى تایبەت بە تووشبوانى شێرپەنجە لە شاری سلێمانى دەستەی داکۆکیکردن لە نەخۆشخانەی هیوا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا یاداشتێکى هەشت خاڵیان خستەڕوو، کە یاداشتەکەش لەلایەن بەهار مونەزیر، ئەندامى دەستەکەوە خوێنرایەوە.
لە سەرەتاى قسەکانیدا بەهار مونەزیر وتى: نەبوونی بڕی پارەی پێویست، نەبوونی دەرمان، بوونى گرفت ئامێرەکانى سی تی سکان و ئێم ئاڕ ئای و هەموارنەکردنەوەى یاسای ژمارە ١١ی ساڵی ٢٠١٣، کە لەکاتێکدا دەرچووە تەنها ٥٠ نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی هیوایان دەکرد، بەڵام لەئێستادا لەسەرتاسەری عێراقەوە سەردانی نەخۆشخانەکە دەکەن، هەربۆیە پێویستە حکومەتى هەرێم و عێراق بە ئەرکى خۆیان هەستن و کەمووكوڕییەکانى نەخۆشخانەکە پڕ بکەنەوە.
بەهار مونەزیر ئاماژەى بەوەشکرد: هۆکاری زیادکردنی شێرپەنجە پیسبوونی ژینگە و کەمی وەرزشکردنە، هەربۆیە پێویستە لەڕێگەى یاساوە فشار بخرێتە سەر خاوەن کارگەکان، تاوەکو سیاسەتی ژینگە پارێزى پەیڕەو بکەن.
لە بەشێکى دیکەى یاداشتەکەدا هاتبوو: نەبوونی دەرماڵەی پێویست بۆ پزیشک و کارمەندەکان و دانەمەزراندنى کارمەندە خۆبەخشەکانى ناو نەخۆشخانەکە، کە ڕێژەى لە ٤٠% ى توانا مرۆییەکانی هیوا پێک دەهێنن و لە هەمانکاتیشدا کەمى شوێن بۆ نەخۆشەکان و بچوکی بیناى نەخۆشخانەکە بەشێکى دیکەن لەگرفتەکانى نەخۆشخانەى هیوا.
دەستەی داکۆکیکردن لە نەخۆشخانەى هیوا داوایانکرد، کە بە زوترین کات پەرلەمانی هەرێمى کوردستان لەڕێگەى ڕەشنوسێک، کە نەخۆشخانەکە ئامادەی کردووە، میکانیزم و ڕێنمای خەرجکردنی داهاتی سندوقی کۆمەک پەسەند بکات و لە هەمانکاتیشدا پێویستە سەنتەری دەستنیشانکردنی پێشوەختەی نەخۆشی شێرپەنجە بکرێتەوە.
لە کۆتایش یاداشتەکەدا ئاماژەبەوەکرابوو: داواکارین لە ڕێگەى وەزارەتی تەندروستی حکومەتى هەرێم و میدیاکانەوە هۆشدای بڵاوبکرێتەوە لەسەر زیانەکانى کێشانى نێرگەلە و جگەرە.
جێگەى ئاماژەیە، ماوەیەکە نەخۆشخانەى هیواى تایبەت بە شێرپەنجە لە شارى سلێمانى، بەهۆى کەمى کارمەند و پزیشک و نەبوونى بودجەى پێویستەوە چەندین جار کەمپەینى هاوکارى و بەدەمەوە هاتنى چارەسەرى گرفتەکانی ئەو نەخۆشخانەیە ڕاگەیەندرا، بەڵام وەک بەرپرسانى نەخۆشخانەکە و چالاکوانان دەڵێن: گرفتەکان بەردەوامن.