فوئاد قەرەداغی:
سیکولاریزم سیستمی فەرمانڕەوایی نییە، وەک زۆربەی باوەڕداران و بەشێکیش لە بێباوەڕەکان وەها تێیگەیشتوون. دەشێت لە سایەی سیستمی سەرمایەداریدا، وەک سیستمی باوی ئەمڕۆ لە جیهاندا، دەوڵەتەکان سیکولار بن یان سیکولار نەبن. دەشێت سیستمی فەرمانڕەوایی پەڕلەمانی یان سەرۆکایەتی بێت، بەڵام بۆ هیچ یەکێکیان سیکولاربوون مەرج نییە، دیسان دەشێت سیکولار بن یان سیکولار نەبن.
سیکولاریزم پەیوەندی بە پەیوەندی نێوان دەسەڵاتی ئایینی و دەسەڵاتەکانی دیکەوە هەیە. واتە پەیوەندی نێوان دەسەڵاتی ئایینی و دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری رێکدەخات و سنوورو رادەی ئەو پەیوەندییانە دیاری دەکات.
سیکولاریزم لەسەر بنەمای دوو پرنسیپ دادەڕێژرێت، پرنسیپی سەرەکیی: جیاکردنەوەی ئایینە لە دەوڵەت، رێگرتنە لەوەی دەسەڵاتی ئایینی و دامەزراوە ئایینییەکان دەست وەربدەنە کاروباری دەسەڵاتە جیاجیاکانی دەوڵەتەوە. پرنسیپی دووەمیش، جیاکردنەوەی ئایینە لە پڕۆسەی پەروەردەو فێربوون، رێگرتنە لەوەی ئایین سەرچاوەی خوێندنی گشتیی بێت و بە ئاڕاستەی پەروەردەی یەکێک لە ئایینەکان، کە ئایینی باوی کۆمەڵە.
بڕیاری جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت وەک پرنسیپی سەرەکیی، لە واقیعی دەسەڵاتەکانی دەوڵەتەوە سەرچاوە دەگرێت، چونکە دەستێوەردان هەموو بوارەکان دەگرێتەوە، ئەو بوارانەی کە دەسەڵاتی سیاسیی دەوڵەت بەرجەستە دەکەن. بۆیە دەستکۆتاکردنی دەسەڵاتی ئایینی دەبێتە مایەی سەربەخۆیی سیاسەتی دەوڵەت و جیایی لە ئاڕاستەی دامەزراوەی ئایینی، دەبێتە مایەی کاری سەربەخۆی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و کارکردنی بەپێی ئەو پلان و نەخشانەی پەیوەندی بە کاروباری ژیانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی رۆژانەی خەڵکییەوە هەیە، هەروەها دەبێتە مایەی سەربەخۆیی دەسەڵاتی یاسایی و دەرکردنی یاساکانی رێکخستنی هەموو بوارەکانی ژیان بەپێی بەرژەوەندییەکانی چینی باڵادەستی کۆمەڵ، لەهەر قۆناغێکی مێژوودا، نەک ئایدیۆلۆژیایەکی غەیرە دنیایی دیاریکراو.
پرسی پەروەردەو فێربوون، بوارێکی گرنگ و زیندووی ژیانی کۆمەڵایەتییە و کاریگەریی سیاسەت و ئابووری و رۆشنبیریی بەسەرەوەیە، مەیدانێکی ململانێی چینایەتی نێو کۆمەڵە، پەیوەندی بە دەسەڵاتەکانەوە هەیە، بەتایبەتی بڕیارەکانی هەردوو دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانان، رەوتی پڕۆسەکەو ئامانجەکانی و دواڕۆژی دیاری دەکەن، چۆنایەتیی (مخرجات) ی سیستمەکە دیاریدەکەن، بەوەی ئەو (مخرجات) انە، گونجاو دەبن لەگەڵ سەردەمەکەی خۆیاندا؟ بەشێک دەبن لە رەوتی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگاکەیان؟ یان بە رێچکەی رابردوودا دەڕۆنەوە، هەمان بەرهەمی رابردوو و هەمان چۆنایەتی دەبن؟
دیارە بەدیهێنانی سیکولاریزم لەڕێی دەستوورێکی سیکولارەوە، یارمەتی مەیلی پێشکەوتووانەی کۆمەڵگە دەدات، ململانێکانیان بۆ کۆمەڵگەیەکی باشتر بەرنە پێشەوەو، تیادا پەروەردەو فێربوون هۆکارێکی پڕبایەخی ئەو گۆڕانکارییانە بێت کە کۆمەڵگە لەرەوتی بەرەوپێشەوەچوونی خۆیدا، چ بۆئیمڕۆو، چ لە دواڕۆژدا بۆ سیستمی جێگرەوەی سیستمی ئێستا، پێویستێتی.
لێرەدا، وەک پێشتر ئاماژەمان بۆکرد، جەخت لەوە دەکەینەوە کە بابەتی سەرەکیی سیکولاریزم، پەیوەندیی بە رێکخستنی میانەی ئایین و دەوڵەتەوە هەیە. جیاکردنەوەی ئایینیش لە سیستمی پەروەردەوفێربوون، دەکەوێتە بازنەی ئەو رێکخستنەوە.
هەڵوێستی فیکری سیکولاریستی و پڕاکتیککردنی لە قوتابخانەدا، فیکرو پڕاکتیک و کەسایەتیی خوێندکاران لە ژیانیاندا دیاری دەکەن، روانگەیان بۆ ئایینەکان و پێکەوەژیان و هاووڵاتیبوون پێکدەهێنێت.
سەرچاوەی ئەم بیرکردنەوەو پڕاکتیکە، چۆنایەتیی تێگەیشتنە لەو پەیوەندییە، هەروەها چۆنایەتیی هەڵوێستی دەوڵەتە لە ئایینەکان، بەوەی ئایا لایەندارییە لە ئایینێکی دیاریکراو، کە ئایینی باوە، یان بێلایەنییە لە ئایینەکان و رێزگرتنی چوونیەکە لە هەموویان و رێپێدانی شوێنکەوتووانیانە، ئازادانە رێوڕەسمی تایبەتی پەرستن و نەریتەکانیان پڕاکتیک بکەن.
یەکێک لە بنەماکانی بیرکردنەوەی سیکولاریستی هەڵوێستی بێلایەنانەی دەوڵەتە لە ئایینەکان، ئەم هەڵوێستە دەستێوەرنەدانی دەوڵەتیش لە کاروباری ئایینی ئایینە جیاوازەکان دەگرێتەوە، بە رەچاوکردنی بنەماکانی مافی کەسێتی لەدەستوورداو، رێزگرتنی یاسا گشتییەکانی تایبەت بە ژیانی سەرجەم هاووڵاتیانەوە. بە واتایەکی دیکە پاراستنی مافی هەمووانە لە ئازادی بیرکردنەوەو دەربڕین و پاراستنی هاوکێشەی پەیوەندی نێوان ئەرکەکانی ئایین و ئەرکەکانی دەوڵەت و، نەبەزاندنی ئەو سنوورەی دەستوور لە نێوانیاندا دەیکێشێت، ئەمەش لە پڕاکتیکدا هۆکارێکی بنیاتنانی پەیوەندییە دیموکراتییەکانی نێو کۆمەڵ دەبێت لەسەر بنچینەی پرنسیپەکانی ئازادی و یەکسانیی هاووڵاتییان و رێزگرتنی بەرامبەر بە هەموو جیاوازییەکانەوە.
ئەم پرنسیپانە، لە وڵاتێکی فرە ئاییندا، گرنگییەکی زێتریان هەیە، سەبارەت بە واقیعی جیاوازی و ململانێی ئاینی و، ئەو دەمارگیریی و یەکتر رەتکردنەوەیەی هێزە باڵادەستەکانی کۆمەڵ، لەپێناوی بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا دنەی دەدەن. هەروەها بۆ چینە نەدارو چەوساوەکان، دیسان گرنگییەکی چارەنووسسازی هەیە، بۆ یەکخستنیان و رێگرتن لە دزەکردنی چەمکەکانی هەڵاواردنی ئایینی بۆ پەرتپەرتکردنی ریزەکانیان و لاوازکردنی لەبەرامبەر ئەو توێژو چینانەی بەرژەوەندییان لە ناکۆکیی نێو ریزی چینە بندەستەکاندا هەیە.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم راستییانە، سیستمی پەروەردەوفێربوون، دەتوانێت رۆڵێکی بەرچاوبگێڕێت لە بنیاتنانی هزری یەکسانی و لێبوردەیی و، بەرجەستەکردنی پرنسیپەکانی ئازادی و مافەکانی مرۆڤ و تەبایی و پێکەوەژیان لەنێوان ئایینە جیاوازەکاندا. سیستمی پەروەردەو فێربوون، بە پڕاکتیککردنی ئەو پرنسیپانە لە قوتابخانەکاندا، لە ڕێی بەرنامەکانی خوێندن و شێوازی پەیوەندییەکانەوە، بە سەرپەرشتیی ئیدارەو مامۆستایان، دەتوانێت بەردێک لە بنچینەی تەلاری سیکولاربوونی پەروەردەو کۆمەڵگە دابنێت و، بەمەش کۆمەڵگە لە ناکۆکی و جەنگی ئایینی و توندڕەوی و دەمارگرژی و رەتکردنەوەی بەرامبەرو سووکایەتی بە کەمینە ئایینییەکان بپارێزێت و کۆمەڵگەیەکی مەدەنی گونجاو لەگەڵ پرنسیپەکانی سیکولاریزم و جیهانی هاوچەرخ بێنێتەکایەوە.