لاپەڕەی سەرەکی هەواڵ ٤ هەزار کەس لەکوردستان تووشبووی “تالاسیمیا”ن

٤ هەزار کەس لەکوردستان تووشبووی “تالاسیمیا”ن

0 تێبینییەکان 41 بینینەکان

ئا: شیلان – هێڤی

تالاسیمیا باوترین نەخۆشیی بۆماوەیی خوێنە کە لەباوانەوە بۆ منداڵان دەگوازرێتەوە، سەرۆکی کۆمەڵەی تالاسیمیا دەڵێت “له‌سلێمانی ١٣٠٠ تووشبووی تالاسیمیا هەن کە مانگانه‌ پێویستە لەکاتی خۆیدا چارەسەر وەربگرن”.

بەناز، کچێکی تەمەن ١٦ ساڵەو تووشبووی تالاسیمیایە، رەنگی پەڕیوەو تەنگەنەفەس‌و شەکەت‌و ماندوو دیارە‌و لەنەخۆشخانەی نانەکەلی بوتلە خوێن وەردەگرێت، ئەو بەدەم ئازارەوە باس لەوە دەکات کە ئەمە دووەم کەسیانە لەناو خێزانەکەیاندا تووشی ئەم نەخۆشییە بووە، تەنها ئەوەشی بەئاوێنە وت کە “ئازارم زۆرە، یەخوا دوژمنەکەشم تووشی ئەم نەخۆشییە نەبێت”.

تالاسیمیا بۆ یەکەمجار ساڵی ١٩٢٥ باسکرا، کە پزیشکێکی ئەمریکی بەناوی “تۆماس کولی” ئەوکات ئاماژەی بەنەخۆشییەکی نەناسراو کرد تووشی منداڵانی وڵاتانی سەر دەریای ناوەڕاست دەبوو. ئەم منداڵانە کەمخوێنییەکی زۆریان هەبووەو بۆ ماوەیەکی کورت ژیاون، دواتر دەرکەوت کە نەخۆشییەکە پەیوەندی بەتێکچوونی بەرهەمهێنانی هیمۆگلۆبینەوە هەیە.

د.ڤیان زاهیر، ئاماژە بەوە دەکات کە تالاسیمیا نەخۆشییەکی بۆماوەیی خوێنە، تووشبوانی رێژەیەکی کەمی خڕۆکە سوورەکانیان لە لەشیاندا هەیە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی بڕێکی کەمتری پڕۆتینی هیمگۆگڵۆبینی هەبێت کە رەنگ بەخڕۆکە سوورەکانی خوێن دەبەخشێت‌و ئۆکسجین بۆ بەشە جیاوازەکانی جەستە دەگوازێتەوە، ئەو بەئاوێنەی وت “چەند جۆرێک لەنەخۆشی تالاسیمیا هەن، سەرەکیترینیان ئەلفا تالاسیمیاو بێتا تالاسیمیایە”.
ئەم پزیشکە ئاماژە بەوە دەکات ئەم نەخۆشییە لەدایک یان باوکەوە بۆ منداڵان دەگوازرێتەوەو ئەگەر هەردوو دایک‌و باوک تووشبووی نەخۆشیی تالاسیمیا بن، ئەوا مەترسیی تووشبوونی منداڵەکەیان زۆر زیاتر دەبێت، ئەو وتی “هەندێک منداڵ لەکاتی لەدایکبوون نیشانەکانی تووشبوون بەتالاسیمیایان تێدا دەردەکەوێ، بەڵام هەندێكیان لەدوای ساڵانی یەکەم‌و دووەمی تەمەنیان نیشانەکانیان دەردەکەون، توندی‌و قورسی یان سووکی تالاسیمیا بەندە بەوەوە کە مرۆڤ کامەو چەند جینی گۆڕاو بەمیرات دەگرێت”.
وتیشی “گرنگترین نیشانەکانی تالاسیمیا بریتین لەبێتاقەتی، بێهێزی، لاوازی، رەنگزەردی، شێواوی پێکهاتەی ئێسکەکان بەتایبەت لەسەرو روخسارو زیادبوونی ماددەی ئاسن لەجەستەو نەخۆشیەکانی دڵ”.

سەبارەت بەچارەسەری نەخۆشییەکەش، د.ڤیان وتی “ئەوانەی تووشبووی تالاسیمیای سەرەکی‌ جۆری بێتان دەتوانرێت لەڕێگەی خوێن گواستنەوەی بەردەوامەوە نەخۆشییەکەیان کۆنتڕۆڵبکرێت، جۆرەکانی دیکەش کە لاوەکین نەخۆشەکە کەمتر تووشی کەمخوێنی دەبێت‌و پێویستییەکی کەمتریان بەخوێن گواستنەوە هەیە”.

وتیشی “گرنگترین کار بۆ رێگرتن لەبڵاوبوونەوەی تالاسیمیا ئەوەیە ئەو کەسانەی دەچنە پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە، پێشوەخت پشکنینەکانی خوێن‌و پشکنینی بۆماوەیی جینەکانی خێزان ئەنجامبدەن، هەروەها پشکنینەکانی ماوەی دووگیانی دەتوانن دەستنیشانی تووشبووانی نەخۆشییەکە بکەن”.

سەرۆکی کۆمەڵەی تالاسیمیای سلێمانیش جەغت لەوە دەکات کە پێویستە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم‌و عێراقیش بایەخی زیاتر بەتووشبوانی تالاسیمیا بدەن.

سەرۆکی کۆمەڵەی تالاسیمیا لەسلێمانی، کۆچەر کەریم ئاماژە بەوە دەکات لەسەرتاسەری هەرێم نزیکەی ٤ هەزار تووشبووی تالاسیمیا هەن، کە هەزارو ٣٧٨ کەسیان لەپارێزگای سلێمانی، ئیدارەی راپەڕین، گەرمیان‌و پارێزگای هەڵەبجەدان‌و مانگانه‌ پێویستیان به‌خوێن‌و ده‌رزی‌و چارەسەر هه‌یه‌، ئەو بەئاوێنەی وت “تالاسیما نەخۆشییەکی زگماکی درێژخایەنی بۆماوەییە، ئەو کەسانە بەردەوام پێویستییان بەوەرگرتنی خوێن‌و چارەسەرو چاودێری پزیشکییە، هەندێک جار بەهۆی کەمبوونی چارەسەرو پێداویستییەکانی تاقیگەو گرفتی کەمی خوێن، چارەسەرکردنیان قورس دەبێت، بەڵام خۆشبەختانە بەهەوڵ‌و هیمەتی کۆمەڵەکەمان‌و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەو گرفتانەمان لەبەردەوامییەوە کردووە بەکاتی، هەرچەندە هەندێکجار ئەو کاتییەش بۆ توشبووانی تالاسیما هەر کێشەیە، چونکە ناکرێت هەم خوێن لەکاتی خۆی وەرنەگرن، هەم چارەسەرو دەرمانەکانیشیان لەکاتی خۆی وەک پێویست وەرنەگرن “.

ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات لەدوو ساڵی رابردوودا ٢٠٢٣و ٢٠٢٤، هیچ حاڵەتێکی نوێی تالاسیمیا لەسلێمانی تۆمارنەکراوەو بەشیکیشی دەگەڕێتەوە بۆ چالاکی کۆمەڵەکەیان کە بڵاوکردنەوەی رێنمایی‌و هۆشیارییە بۆ ئەوەی رێگری لەنەخۆشییەکە بکرێت، ئەو وتی “پێویستە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم‌و عێراقیش، ئەو چارەسەرو پێداویستییە گرنگانەی لەڕووی جۆرێتی زۆر باشترن‌و بەکاردێن‌و سوودو قازانجی زیاتر بەنەخۆشانی تالاسیما دەگەیەنن گرنگییان پێبدرێت، بەتایبەت ئەوانەی لەوڵاتانی پێشکەوتوو بەرهەم دەهێنرێت، بهێندرێت بۆ توشبوانی تالاسیمیا”.

 

سەرچاوە:ئاوێنە

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە