لاپەڕەی سەرەکی بیروڕا کاتێک غەریزە جێگەی ئەقڵ دەگرێتەوە

کاتێک غەریزە جێگەی ئەقڵ دەگرێتەوە

0 تێبینییەکان 41 بینینەکان
مژدە علی:
لەوکۆمەڵگەیانەی کە ناهۆشیاری دەبێتە کەشوهەوای گشتی، مرۆڤ لە بوونەوەرێکی خاوەن پڕۆژە و بیرکردنەوە، کورت دەبێتەوە بۆ ئامرازێکی بێدەنگ کە تەنها لەژێر فشاری خواستە سەرەتاییەکانیدا دەجووڵێتەوە. کۆمەڵگەی ناهۆشیار تەنها کۆمەڵەیەکی مرۆیی نییە، بەڵکو کارگەیەکی گەورەیە بۆ بەرهەمهێنانی تاکی خاڵی؛ ئەو تاکەی کە زەین و هزر وەک بارێکی گران دەبینێت و پەنا بۆ سادەترین شێوەی ژیان دەبات، کە ئەویش ژیانی غەریزییە.
بەتاڵبوونەوەی زەین و باڵادەستیی غەریزە؛ نەخۆشییە کوشندەکەی سەرمایەداریە
دەبینیت لەم سیستمەدا زەینی تاک لە مەعریفە و پرسیارکردن بەتاڵ دەبێتەوە، بۆشاییەک دروست دەبێت ئەم بۆشاییە بە هیچ شتێک پڕ ناکرێتەوە جگە لە غەریزەکان. جا بۆیەلە جیهانی مۆدێرندا، ناهۆشیاری تەنها دیاردەیەکی خۆڕسک نییە و گرنگە. ئەوە ببینرێت کە ستراتیژێکی داڕێژراوە؛ کاتێک سیستەمی جیهانی مرۆڤ تەنها وەک بەکارهێنەر دەبینێت، کار لەسەر زیندووکردنەوەی غەریزە ئاژەڵییەکان دەکات بۆ ئەوەی بازاڕەکان گەرم بن.
لەم دۆخەدا، غەریزە لە غیابی ئەقڵدا دەبێتە تاکە بزوێنەری مرۆڤ؛ لێرەوەیە کە مرۆڤەکان تەنها بۆ مانەوە، بۆ خۆسەلماندنی شەڕەنگێزانە، و بۆ تێرکردنی ئارەزووە کاتییەکانیان دەژین. لەم دۆخەدا، مرۆڤایەتیی مرۆڤ دەروخێت و تەنها جەستەیەک دەمێنێتەوە کە لەلایەن هێزە ناوەکییەکانەوە ئاڕاستە دەکرێت.
بۆیە پەروەردە بە داینەمۆی ڕزگاری و ڕۆڵی ژن لە گۆڕینی ئەو دیدگایە زۆر گرنگە
هەمیشە گوتومە و دەیڵیمەوە پەروەردە وەک داینەمۆی ڕێگەی ڕزگاری و دروستکردنی کۆمەڵگەیە. هەر لەبەر ئەمەیە وەک پەروەردەکارێک هەمیشە جەخت لەوە دەکەمەوە کە تەنها پەروەردەیەکی دروست دەتوانێت کۆمەڵگەیەکی دروست بەرهەم بهێنێت. پەروەردە ئەو پردە کاتییەی نێوان ناهۆشیاری و هۆشیاری نییە، بەڵکو بناغەی بنیاتنانی مرۆڤە.
ناتوانین باس لە پەروەردە بکەین بەبێ ئاماژەکردن بە ڕۆڵی ژن؛ کاتێک ژن لە پەراوێزی غەریزەکانەوە دەگوازرێتەوە بۆ ناوەندی بڕیار و بیرکردنەوە، بنەماکانی پەروەردە دەگۆڕێن. هۆشیاریی ژن دەبێتە گەرەنتییەک بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوو لەناو تەمی ناهۆشیاریدا گەورە نەبن.
ئەگەر پەروەردە فێری بیرکردنەوەمان نەکات، ئەوا تەنها کۆمەڵێک مرۆڤی غەریزی پێکەوە کۆدەبنەوە کە ناتوانن داهاتوویەکی گەش دروست بکەن.
ئەوەی ئێمە وەک نەتەوە بەرەو کەناری سەرفرازی دەبات و لە کاروانە شارستانییەکانی جیهان دوامان ناخات، باڵادەستیی هێزی زەین و هۆشیارییە، نەک تەنها هێزی بازوو. مێژوو ئەو ڕاستییەی چەسپاندووە کە چەک و بازووی بەهێز بەبێ زەینێکی ڕۆشن، ناتوانن قەوارەیەکی شارستانیی بەردەوام و جێگیر بنیات بنێن. لێرەوەیە کە ئەرکی هەرە لەپێشینەمان، هێنانەدی نەوەیەکی نوێیە؛ نەوەیەک کە وەک ڕۆبۆت تەنها بۆ جێبەجێکردنی فەرمان و لاساییکردنەوەی کوێرانە بەرنامەرێژ نەکرابێت، بەڵکو نەوەیەک بێت خاوەنی زەینێکی داهێنەر، بنیادنەر و شکێنەری قاڵبە چەقبەستووەکان بێت.
سەرکەوتنی ڕاستەقینە لە ڕزگاربوونی تاکەکەسدایە لە کۆیلایەتیی غەریزە و گۆڕانیەتی بۆ مرۆڤێکی بنیادنەر کە ئەخلاقی مرۆڤایەتی و ویژدانی زەین، مەرجەعی یەکەمی ڕەفتارەکانی بن. وەک فرانسیس بیکۆن دەڵێت: زانین خۆی هێزە، بەڵام ئەم هێزە ئەگەر بە ئەخلاقی مرۆیی و هۆشیاریی نەتەوەیی ڕازاوە نەبێت، دەبێتە ئامرازێکی بێ ڕۆح. پێویستە نەوەیەک پەروەردە بکەین کە ئینسانییەت وەک بەرزترین بەهای بوون ببینێت؛ نەوەیەک کە تەنها کار نەکات بۆ ژیان، بەڵکو مانا بدات بە ژیان.
کەواتە:ڕزگاربوون لەم بازنە داخراوەی ناهۆشیاری، تەنها لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ هزر و بایەخدان بە پەروەردە دەبێت. کۆمەڵگەیەک کە نەتوانێت تاکی هۆشیار و خاوەن زەین پەروەردە بکات، مەحکومە بەوەی لەناو تەمی غەریزەکاندا بخنکێت. هۆشیاری تەنها چەکێکە کە دەتوانێت مرۆڤ لە بوونەوەرێکی غەریزییەوە بگۆڕێت بۆ تاکی بەرهەمهێن و نەتەوەیەکی پێشەنگ.
0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە