فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی رایگەیاند كە گەورەترین بەربەستی بەردەم ئەنجامدانی ریفراندۆم نەبونی یەكڕیزی نێوماڵی كوردە و هەروەها ئەو بۆشاییە سیاسییەش كە بەهۆی بەسەرچونی ماوەی سەرۆكایەتی مەسعود بارزانییەوە دروستبوە بە یەكێكی دیكە لە بەربەستەكان دەزانێت و پێشی وایە بەر لە ریفراندۆم دەبو هەرێم هەنگاو بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ بەغدا بنێت.
ئەو وتانەی فەرید ئەسەسەرد، لەمیانی چاوپێكەوتنێكیدا هاتون لەگەڵ ئاژانسی تەسنیمی ئێرانیدا .
ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی ئاماژەی بەوەداوە كە نەبونی یەكڕیزی نێو ماڵی كورد كە زادەی ناكۆكی سیاسی لایەنەكانە گەورەترین بەربەستی بەردەم ئەنجامدانی ریفراندۆمە.
باسی لەوەشكردوە كە یەكێكی دیكە لەكێشەكانی ناوخۆی پەیوەست بە ریفراندۆم ئەو بۆشاییە سیاسییە كە بەهۆی ئەوەوە كە دو ساڵە ماوەی سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی تەواو بوە و تائێستاش هەڵبژاردن بۆ دانانی سەرۆكێكی نوێ ئەنجام نەدراوە.
هەروەها ئەسەسەرد ئاماژەی بەوەشداوە كە نزیكەی دوسڵە پەرلەمان لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە پەكخراوە و تەنانەت لەو ماوەیەدا یەك دانیشتنی ئاساییشی ئەنجام نەداوە.
لەبارەی كێشەكانی دەرەوەش لە پەیوەست بە ریفراندۆمەوە ئەسەسەرد باسی لەوە كردوە كە تاوەكو ئێستا لەسەر ئاستی عێراق، ناوچەكە و جیهان هیچ پشتیوانییەك لە پرۆسەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان نەكراوە.
هێمای بۆ ئەوەشكردوە كە وڵاتانی ناوچەكە ئەوە لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستاندا دەبینن كە لە رێگەی گفتوگۆ و دیالۆگەوە كێشەكانی لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكات.
وتوشیەتی”تا ئێستا هیچ هەنگاوێكی تایبەت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ حكومەتی بەغدا نەنراوە، هەولێر پێی وایە كە لە قۆناغی یەكەمدا لە 25ی ئەیلول ریفراندۆم ئەنجام بدات و دوای ئەوە پێ بنێتە قۆناغی گفتوگۆی جدییەوە لەگەڵ بەغدا و ئەم پرسە تەواو پێچەوانە كراوەتەوە چونكە پێویست بو هەرێم بەر لە هەر شتێك بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی خۆی لەگەڵ بەغدا هەنگاوی بنایە”.
وتوشیەتی”حكومەتی عێراق لە راستیدا دژی ریفراندۆمە نەك تەنیا لە بەڕێوەچونی لە ناوچە جێناكۆكەكان. بەغدا ئەنجامدانی ریفراندۆم بە نایاسایی و دژ بەوە دەزانێت كە لە دەستوری وڵاتدا هاتوە و رێگەنادات لەكاتی بەڕێوەچونیدا، ئەو پرۆسەیە لە ناوچە جێناكۆكەكان ئەنجام بدرێت”.
فەرید ئەسەسەرد ئاماژەی بەوەشداوە كە چارەنوسی سیاسی ناوچە جێناكۆكەكان بەپێی ئەوەی لە دەستوردا هاتوە هێشتا یەكلانەكراوەتەوە و ئەمەش یەكێك دەبێت لە بەربەستەكانی بەردەم هەرێمی كوردستان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆیە بە بڕوای ئەو دەبو لە قۆناغی یەكەمدا ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان و پاش ئەوە هەنگاوی وەك ریفراندۆم بنرایە.
ئەو باسی لەوەشكردوە كە توركیا و ئێران وەك دو وڵاتی دراوسێی عێراق گرنگی خۆیان هەیە و سنورێكی هاوبەشی زۆریان لەگەڵ هەرێم هەیە.
پشتیوانییەكانی ئێرانیشی بۆ گەلی كورد بە هەڵوێستیێكی مێژویی ناوبردوە و لێدوانەكانی مەسعود بارزانی لەوبارەیەوە هێناوەتەوە كە وتبوی لەكاتێكدا وڵاتانی دیكە هێشتا خاوەنی هەڵوێستێكی رون نەبون ئەوە ئێران بو وەك یەكەم وڵات فریای كوردەكان كەوت لەبەرامبەر هەڕەشە و هێرشەكانی داعشدا.