هەرچەندە زۆر باوەڕم بەوە نییە رۆژێک بۆ ژنان دابنرێت، چونکە زۆرجار ئەو جۆرە یادانە وەک مەسەلەیەکی رۆتینیی بەڕێ دەکرێن و تێیدا هەندێ بابەت لەشێوەی کۆڕ و سیمیناردا بەڕێوەدەچێت و زۆرێک لەو بابەتانەی تێیاندا باس دەکرێن، کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر گۆڕینی عەقڵیەتی پیاوسالاریی کۆمەڵگە یان باشکردنی دۆخی ئەو ژنانەی توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت، نابێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بکرێن باشترە.
زۆرجار ئێمەی ژنان لەناو خۆماندا دەڵێین رۆژی ژنان چییە؟ لەکاتێکدا ئەوە هەر منم چێشت لێدەنێم و جل دەشۆم و کاری ماڵ دەکەم، ئەمڕۆ لەچاو دوێنێدا جیاوازیی چییە؟ بۆ نموونە کاممان بە مێردەکەی دەڵێت هەردووکمان لە دەرەوەی ماڵ کاردەکەین ئەی بۆ کە گەڕاینەوە ماڵەوە ئەوە تۆیت دەحەسێیتەوە و ئەوە منم لە ماڵیشەوە دەست بەکار دەکەمەوە.
بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا 8 ی مارس جگە لەوەی یادکردنەوەی قوربانیدانی ژنانە لە پێناو ئازادیی و هەلی یەکسان لە کاردا و مافی یەکسانبوونە لە کرێی کار و مووچەدا، دەکرێت وەک هەلێک بقۆزرێتەوە بۆ رێکخستنی چەندین چالاکیی بەسوود بۆ ژنان و کچان و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و دەرچوون لە چوارچێوەی کۆڕ و سیمنار، وەک رێکخستنی کاری خێرخوازیی بۆ پاڵپشتیکردن و یارمەتیدانی ئەو ژن و کچانەی پێویستیان بە یارمەتییە، بۆ نموونە ئەوانەی خاوەن کاری دەستیی خۆیانن یان خاوەن پڕۆژەی بچووکن، هاوکات رێزلێنان لەو ژنانەی بەدرێژایی ساڵان لە بوارە جیاجیاکاندا خزمەتیان کردووە و جێ دەستیان دیاربووە، جا لە بوارە کۆمەڵایەتییەکان یان زانستییەکان و خوێندن و رۆشنبیریی و وەرزشدا بن.
هاوکات لەو بۆنەیەدا هانی ژنان بدرێت بۆئەوەی کاری خۆبەخشیی بکەن بەو پێیەی زۆرترین رەگەز لە دنیادا کە کاری خۆبەخشیی دەکەن ژنانن، جا کاری خۆبەخشیی بێت بۆ پاڵپشتیکردنی رێکخراوەکانی ژنان و شەڵتەرەکانی داڵدەدانی ژنانی هەڕەشەلێکراو یان کاری خۆبەخشیی گشتی بێت و سوودی بۆ کۆی کۆمەڵگە هەبێت، وەک کاری پاککردنەوەی شوێنە گشتییەکان و کارە ژینگەییەکان، وەک چاندنی نەمام و پاککردنەوەی باخچە و پارکەکان و..هتد.
واتا لەگەڵ ئاهەنگگێڕاندا کە زۆرجار لەلایەن پیاوانەوە تانەی ئەوە لە ژنان دەدرێت گوایە ئەو رۆژە تەنیا بە ئاهەنگ و خۆڕازاندنەوەوە بەڕێ دەکەن، کە بە رای من مافی خۆمانە ئەوەش بکەین، هاوکات ئەو جۆرە کار و چالاکییانە بکرێن کە رۆژ و یادەکەمان دەوڵەمەندتر دەکەن.