
موراد قەرەیلان، رۆژی پێنجشەممە، 6ـی شوباتی 2025، سەبارەت بە پێشهاتەکانی ناوچەکە و پرۆسەی ئاشتی و دیدارەکانی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکە و ئەگەری چەکدانانی پەکەکە، بۆ میدیایەکی نزیک لە پەکەکە قسەی کرد.
لەبارەی کۆبوونەوەکان لەگەڵ ئۆجەلان و گفتوگۆکان سەبارەت بە چارەسەری پرسی کورد قەرەیلان گوتی: “ئەم قۆناخەی هاتووەتە پێش ئەنجامی رەنجە، سەرۆک ئاپۆ رەنجێکی زۆر واتاداری هەیە. قوربانیی زۆرمان داوە. ئەم قۆناخە لەسەر بنەمای قارەمانێتی شەهیدەکانمان و قوربانیدانی گەلەکەمان هاتەدی. لە ئەنجامی ئەم قۆناخەدا دەوڵەتی تورک ناچار بوو جارێکی دیکە روو لە رێبەر ئاپۆ بکاتەوە”.
ئەو بەرپرسە باڵایەی پەکەکە رایگەیاند، گوتارەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە سەبارەت بە پرۆسەکە لە پەرلەمانی تورکیا بۆچوونی دەوڵەت بووە و گوتی: “دواتر لەوە تێگەیشتین کە هەندێک شاندی دەوڵەتیش بۆ دیدار چوونەتە ئیمراڵی. سەرۆکایەتی دەیەوێت هەڵسەنگاندن بۆ ئەم دۆخە بکات و هەنگاوێکی نوێ بنێت.”
موراد قەرەیلان ئاماژەی بەوەدا، هەڵوێستی حکومەت لە چارەسەرکردنی پرسی کورد دا روون نییە و گوتی: “لە بنەڕەتدا رەجەب تەیب ئەردۆغان چەند جارێک قسەی کرد و گوتی ئێمە لە پشت قسەکانی باخچەلین، بەڵام بە کردەوە پێچەوانەکەیان کرد. واتە بۆ دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێ بە دروستکردنی ئاشتی نێوان کورد و تورک هیچ هەنگاوێکی ئەرێنییان نییە.”
لەبارەی ئەگەری چەکدانان، قەرەیلان رایگەیاند، پێویستە پەکەکە لە کۆنگرەدا بڕیار لەسەر پرسی چەکدانان بدات؛ “چەکدانان پێویستی بە بڕیارێک هەیە، بۆ نموونە بڕیاری کۆنگرە پێویستە. کۆنگرەی پەکەکە کۆببێتەوە و بڕیارێکی لەو شێوەیە بدات. کێ دەتوانێت ئەم هەموو کارانە بکات؟ سەرۆک ئاپۆ دەتوانێت بیکات. سەرۆک ئاپۆ دەتوانێت داوای کۆنگرە بکات. کاتێک کۆنگرە کۆدەبێتەوە، سەرۆکایەتی دەتوانێت قسە بکات. ئەگەر بە جەستەییش لەوێ نەبێت، دەتوانرێت زۆر لە پەیامەکانی بگات”.
موراد قەرەیلان گوتی: “جگە لە سەرۆک ئاپۆ، هیچ کام لە ئێمە ناتوانین ئەمە بکەین، واتە کۆنگرە کۆبکەینەوە بۆ چەکدانان هەموو هەڤاڵانمان رازی بکەین. بۆ دەستپێکردن پێویستە سەرۆک ئاپۆ ئازاد بکرێت و لە شوێنێکی ئازاد لە رێگەی تەکنیکی یان رێگەی دیکە یان لە رێگەی شاندەوە کار لەسەر ئەم بابەتە بکرێت. بەکورتی ئەم پرۆسەیە دەبێت بکرێت و تەنیا سەرۆک ئاپۆ دەتوانێت بیکات. مەحاڵە شتێکی لەم شێوەیە لە زیندانی ئیمراڵییەوە و لە ژێر ئەو گۆشەگیرییەدا رووبدات”.
ئەندامی دەستەی کارگێڕیی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە پێیوایە هەنگاوی سەرەکیی پرۆسەکە ئاگربەستە نەک چەکدانان و دەڵێت: “پێویستە سەرەتا ئاگربەست بکرێت. تاوەکو ئاگربەست نەبێت، ئێمە چۆن لێرە پرسی چەکدانان بخەینە رۆژەڤ. رۆژانە چەک بەکاردەهێنرێت و بە چەک بەرگری لە خۆمان دەکەین.”
پرۆسەکە چۆن دەستیپێکرد؟
دەوڵەت باخچەلی رۆژی 1ـی تشرینی یەکەمی 2024، تەوقەی لەگەڵ هاوسەرۆکانی دەم پارتی کرد؛ رۆژی 22ـی تشرینی یەکەمی 2024 هەنگاوێکی دیکەی نا و داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد بچێتە “پەرلەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات و بڵێت: تیرۆر کۆتایی هاتووە و رێکخراوەکە هەڵوەشێندراوەتەوە.” دواتر داوای کرد، شاندێکی دەم پارتی سەردانی ئۆجەلان لە ئیمراڵی بکات.
شاندی دەم پارتی رۆژی 28ی کانوونی یەکەمی 2024 سەردانی ئیمراڵییان کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبووەوە. رۆژی دواتر شاندەکە پەیامێکی لەسەر زاری ئۆجەلان بڵاوکردەوە، تێیدا جەختی لە بەهێزکردنی برایەتیی کورد و تورک کردەوە.
دوای ئەوە، شاندەکە سەردانی بەشێک لە پارتە سیاسییەکانی پەرلەمانی تورکیای کرد و لەگەڵیان کۆبووەوە.
شاندەکەی دەم پارتی بۆ جاری دووەم لە 22-01-2025 سەردانی ئیمراڵیی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆبووەوە؛ دواتر پەیامێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند: “کارەکانی بەڕێز ئۆجەلان لەبارەی پرۆسەکە بەردەوام دەبێت. دوای تەواوکردنی ئامادەکارییەکان، پەیام بۆ رای گشتی بڵاودەکاتەوە.”