کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوی كردەوە، دەستبەجێی داوای هەڵوەشاندنەوە و ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدان لە ئێران دەکەین، دەشڵێن، ئێران سزای لەسێدارەدان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و سەركوتكردنی چالاکوانانی ژن بەکاردەهێنێت.
کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە سزای لەسێدارەدان لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئێمە دەستبەجێی داوای هەڵوەشاندنەوە و ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدان دەكەین لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئێران سزای لەسێدارەدان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و سەركوتكردنی چالاکوانانی ژن لە وڵاتەکەی بەکاردەهێنێت.
دەشڵێن، وریشە مورادی سێیەم ژنە کە بەهۆی چالاکیەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە، لە دوای پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی. هەرچەندە سزای لەسێدارەدانی شەریفە محەمەدی لە تشرینی یەکەمی ئەمساڵ هەڵوەشێندراوەتەوە، بەڵام هێشتا مەترسی سزای لەسێدارەدانی لەسەرە.
جێگای ئاماژەیە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، جگە لە ڕاگەیاندنی سزای لەسێدارەدانی وریشە مورادی زیندانی سیاسیی کورد لە ئێران، لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدان بۆ شەش زیندانی دیكە دەرچووە.