بەیان کەریمی :
به پێویستی دەزانم که باسەکه بە ئاوردانەوەیک لە کارەساتی شنگاڵ و بە تایبەت لایەنە جەندەریەکانی ئەم کارەساتە دەست پێبکەم.
ئەگەر چی گشتمان شاهیدی هێرشی بەرفراوان و درندانەی گرووپی داعش بە دژی کۆمەڵگەی کوردە ئێزیدیەکان بووین، شاهیدی رووخان و تێکشکاندی گشت ئاسەوارەکانی ژیان و کۆمەڵگا، و بە گشتی بەرپابوونی کارەساێکی کەم وێنەی مرۆئئ بووین، من بە پێویستی نازانم کە بە وردی لە سەر وردەکاری تاوانەکان و تراجیدیەکانی ئەم کارەساتە بدوێم.
بەڵام،بە پێویستی دەزانم کە هدندێ روونکردنەوه بخەمە روو لە سەر لایەنە جەندەریەکانی ئەم کارەساته، بە مەبەستی دانانی بناغەیک بۆ باسەکەی ئەمرۆمان.
لە راستیدا، بەرلە هەموو شت، بەرپابوونی شەپۆلی نوێەیەی جێنۆساید لەم بەشەی کوردستان، و سەرهەڵدانی هێزێکی نوێی فاشیزمی ئیسلامی، لەم کاتەدا پێویستە کە سەرنجمان بۆ دوو خاڵی گرنگ و بە یەک گرێ دراو رابکێشێت.
یەکەمیان، کێشەی سەربەخۆیی نەتەویی کورد لە ناوچەدا، و دووهەم کێشەی تایبەت سەبارەت بە مافەکانی ژن یا خود کێشەی سەربەخۆیی تاکەیی و کەسایەتی ژن (واتە دەسەڵاتی ژن بە سەر کەسایەتی و بە سەر جەستەی خۆیدا).
ئەم دوو کیشەیە، بە رای من هەر دووک، پەیوەندی راستە وخۆیان بە کارەساتی شەنگال، بە تایبەت-و بە بارودۆخی کاتی و مێژوویی ژنی کورد، وبە گشتی بە چوارچێوەی بزووتنەوەی سیاسی ژنی کوردەوه هەیە.
بۆ نموونه، بە رای من ،کارەساتی شەنگاڵ ، سەرهەڵدانی هێزێکی نوێی فاشێزمی داگیرکەر، و کەمپەینی وێرانگەری- بە لایەنە جەندەری و غەیرە جەندەریەکانیەوه-پەیوەندی راستەوخۆی هەیه هەم بە کێشەی نەتەوەیی کورد و هەم بە کێشەی سەربەخۆیی کەسایەتی ژنەوه.
بە وتەیکی دیکە، هەر لێکدانەوەیک لەم بوارەدا پێویسته کە بارودۆخی گشتی ژنی کورد راستەوخۆ گری بدات بە بارودۆخی ژێردەستی نەتەویی ژنی کورد، ستراکتۆری سیاسی ناوچەکە، و کەشی جێۆپۆلیتیکی ناوچەکە ،و لەم دوایانەشدا سەرهەڵدانی ئیسلامی سیاسی.
ئەگەر چی پێویستە وەبیر خۆمانی بێنینەوه کە سەرهەڵدانی داعش، یەکەم ئەزموونی فاشیزم نیە لەم ناوچەیەدا. بەڵکوو مێژووی مودرنی ئێمە شاهیدی سەرهەڵدان و شکەستی گەلێک هێزی فاشیستی هاوشێوه بوو، وەک فاشیزمی کەمالیزمی تورکی، بەعسیزمی عێراق و سووری و رژیمه کانی پەهلەوی و ئیسلامی لە ئێراندا. کە لە راستیدا، درندەیی هیچ کامیان کەمرەنگتر لە درندەیی داعش نەبووه.
بەڵکوو ئەوەی جێی باسە، ئەو راستیەیە، کە هێزەکانی داعش توانیان کە بە داهێنانی هەندێ نوێ کاری لە درندەیدا، و بە زەق کردنەوەی لایەنی جەندەری کەمپەینەکەیان، مانایکی نوێ بدەن بە درندەیی.
لایەنی جەندەری ئەم کەمپەینە گەلێک بەرچاو بوو- لە رفاندنی سیستماتیک و بە کویلە گرتنی ژنان و بگرە تا دەسترێژی جنسی، تا کرانەوه ی بازارە نوێکانی کۆیلایەتی، ئازار و بێ حورمەتی بە ژنان، گشتی بێ گومان بۆ مەبەستی دیاری کراو، وەک چەکێکی بە هێز لە مەیدانەکانی شەرێکی ئیتنیکیدا بە کار هێنرا.
لایەنی ئیتنیکی ئەم شەره، لە یەکەم قۆناغدا گەلێک بەرچاو بوو. کەمپەینی دژە ژنی،بەر لە هەموو شت لە پێناوی ئاکام و ئامانجەکانی داگیرکردن،ژێردەست راگرتن و بە زەبوون کردنی کۆمەڵگای داگیرکراودا بە کارهێنرا.
بە مەبەستی لە ناو بردن و بنە برکردنی گشت بنەماکانی کۆمەڵگای داگیر کراوبوو. بە مەبەستی بە ئیسلامی کردن، ئالوودە کردنی خوێن، بلاوکردنەوەی ترس و وەحشت لە ناو کۆمەڵگای داگیرکراودا بوو. بە گشتی کەمپەینێکی جێنۆساید بە تەواوی مانا بوو.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم، کە بە کورتی ئاماژە بەوە بکەم کە لایەنی جەندەری ئەم کەمپەینە لێرەدا کۆتایی نایەت و دەتوانێ کارێگەری بەرجەستەتر و درێژخایەنتر لە سەر کۆمەڵگا بە جی بهێڵێت. ئەوەش بەرای من ئەو راستیەیە کە دوابەدوای سەرهەڵدانی داعش دەتوانین چاوەروانی سەرهه ڵدانی رەوتێکی نوێی بیر وروانگای دژە ژنی لە کۆمەڵگادا بین.
بە واتەیکی دیکە، سەرهەڵدانی داعش دەتوانێ ببێتە هۆی سەرهەڵدان و داسەپاندنی هەندێ چەمکی نوێی جەندەری، دژە ژنی و بەتەواوی مسۆجنیست. بۆ نموونە، هێنانه ئارای چەمکی ‘جیهادی نیکاح’؛ شەرعیەت دان به دەسترێژی جنسی؛ شەرعیەت دان بە کۆیلایەتی جنسی ژنان ؛ به کەم گرتن و بێ حورمەتی به ژن؛ بڵاو کردنەوەی ئەو بیرەی که ژن تەنیا بۆ سێکس ده بێ و هیچ بایه خێکی مرۆڤایەتی دیکەی نیه؛ داگیرکردن و لێ سەندەوەی سەربەخۆیی تاکەکەسی ژن و لە کۆتایدا، بە تەواوی ژێردەست خستنی ژن لە ژێر ناوی ئیسلامدا.
بێ گومان بەربەرەکانی و خەبات لە گەڵ شەپۆلی ئەم فکرە کارێکی ئاسان نیە و پێویستی بەر لە هەموو شت بە خەباتی یەکگرتووی ژنی کورد هەیە.
هەربۆیە، من دیسانەوه دەمەوێ کە دووپاتی بکەمەوه،کە کاراساتی شەنگاڵ، وە بە گشتی بارودۆخی ئێستای ژنی کورد، پێویستە دیسانەوه ئاورێکی جددی و وردتری لێبدرێتەوه و بتوانین بە روانگەیکی کراوەترەوه تێی بروابین.
بەواتەیکی دیکە، پێویسته کە تاریفێکی نوێمان هەبێ بۆ پەیوەندی نێوان سەربەخۆیی نەتەویی کۆمەڵگای کورد و ویستی سەربەخۆیی جەندەری، تاکایەتی و کەسایەتی ژنی کورد. لەم هەل و مەرجەدا، پێویسته کە تاریفێکی نوێمان هەبێ بۆ ستەمی چەند لایەنەی ژنی کورد (بە تایبەت ژنی کورد وه ک ئەندامی کۆمەڵگایکی ژێر دەست و وەک ئەندامی رەگەزێکی ژێردەست). بە کورتی تاریف و پێناسی ئێمە لە ستەم بە دژی ژنی کورد دەبێ هەل و مەرجی ئینترسێکشۆناڵی ژنی کورد بە روونی لە خۆی بگرێ؛ ئەزموونی ژنی کورد لە کۆمەڵگایکی ژێردەستدا، ئەزموونه جەندەریەکانی ژنی کۆمەڵگای ژێردەست و داگیر کراو بە گشتی.
لێرەدا، بەرلەوەی کە بچمە سەر باسی شۆرشی رۆژئاوا، هەندێ پرسیاری گرنگی دیکە دێنە ئاراوه:
یەکەم پرسیار، بێ گومان، دەگەرێتەوه بۆ پەیوەندی نیوان فێمێنیزم و ناسێۆنالیزم؛ تەبایی و ناکۆکی لە نێوان ئەم دووەدا. دووهەم پرسیار، پەیوەندی بە نێوان ژێردەستی نەتەویی و ستەمی چەند لایەنەی ژنی کورد؛ و لە گشت گرنگتر، خەباتی سیاسی ژنی کورد لە چوارچێوەی خەباتی رزگاری خوازی نەتەویدا. لێرەدا، من هەول دەدەم کە ئاماژەیکی کورت بەم پرسیارانە بکەم بە مەبەستی دارشتنی بناغەیک بۆ باسەکە.
هەروەک دەزانین، ناکۆکی لە نێوان فێمێنزیم و ناسێۆنالیزمدا شتێکی شاراوه نیە. بە گشتی فێمێنیزم و بە تایبەت فێمێنیزمی رۆژئاوایی، ناسێۆنالیزم لە چوارچێوەیکی جەندەریدا پێناس دەکات. بە پێی ئەم پێناسه، ناسێۆنالیزم، لە گشت قۆناغ و چوارچیوەیکدا، بەر لە هەموو شت لە سەر بەها و بایەخی پیاو سالاری دامەزراوه و بە گشتی لە ئاست ویستی یەکسانیخوازی ژندا داخراوه. بە واتەیکی دیکە، بە پێی ئەم پێناسە، ناسێۆنالیزم جوولانەوەیکی پیاوسالارە، لە سەر ویست و فکری پیاو مەزنی دامەزراوه، و لە پەرەپیدانی ژێردەستی ژندا نەقشی راستە وخۆی هەبووه و هەیە.
بۆ نموونه، بە پێی تیۆریەکانی نیرا یاوڵ داڤیس، ژن بە چەند شێوەی سەرەکی لە پرۆسەی ناسێۆنالیزمدا بەشدارن: یەکەم، وەک بەرهەم هێننەری بایلۆژی نەتەوە؛ دووهەم، وەک بەرهەم هێنەری سنوورەکانی کۆمەڵگای ئیتنیکی؛ سێهەم، وەک جیاکەرەوە و راگوێزەرری تایبەتمەندیەکانی نەتەوە (وەک کەلتوور و ئادابی نەتەوه)؛ وه زۆرجاریش وەک بەشدارانی راستەۆخۆ و بە کردەوەی خەباتی نەتەوەیی.
بەڵام، سەرەرای ئەمەش، ژنان بەردەوام لە پەراوێژی پرۆژەکان و پرۆسەکانی ناسێۆنالیزمدا رادەگیرێن و لە دەسەڵات بێ بەشن؛ رۆڵەکانیان بێ گومان بە جەندەر و سێکشۆڵایز دەکرێت.
ئەم پێناسە، لە سەر پەیوەندی نێوان ناسێۆنالیزم و جەندەر، جوڵانەوه جۆراوجۆرەکانی رزگاری خوازی نەتەوەیی و ئەوەی پێ دەورێت جووڵانەوه کانی ئانتی کۆنۆڵیانیزمیش لە خۆی دەگرێتەوه.
بۆ نموونە، لە سەر ئەزموونی ژنانی شۆڕشگێری ئەلجەزیرە (دوابەدوای سەرکەوتنی شۆرشی ئەلجەزیرە سەنتیا ئەنلۆ، ئاماژە بەوه دەکات کە بزووتنەوەکانی دژە کۆنۆلیالیزم هاوشێوه لە سەر بناغەی پیاو مەزنی دامەزرراون؛ لە سەر ئاوات و ئامانجە ماسکۆلینەکان ؛ لە سەر بناغەی ئەزموونی ماسکۆلینەتی ژێردەست؛ کە لەم پرۆسەدا، بە گشتی ئەزموون و ویستی ژنی داگیرکراو پشت گوێ خراوه.
لەم پرۆسەدا، کاتێک کە ژنان داوای داسەپاندنی یەکسانی راستەقینەیان کردووە، بەردەوام پێیان وتراوه کە ئێستا کاتی نیە، چاوەروان بن….ئێستا نەتەوەکەمان لە ئەستەمێکی مەترسیداردایە… ئێستا نا دواتر…ئامۆژگاریکە کە بەردەوام بە گوێی ژنانی بە شدار لە شۆڕشی رزگاری نەتەویدا چپاوه.
هەر وەک ئەزموون و مێژووی بەشداری ژنان له زۆربەی جووڵانەوه نەتەویەکان نیشانی داوه، شەر کردن و خۆ بەخت کردن لە پێناوی نەتەوەدا، مسۆگەری ویستی یەکسانی جەندەری ژن نیە. ئەزموونی زیاتر لە بیست هەزار ژنی شۆڕشگێری ئیلیتریا، ژنانی شۆڕشگێری بەشدار لە شۆڕشی ئەلجەزیرە و با دوور نەرۆین (ژنانی بەشداری شۆرش بە دژی رژێمی بەعس لە باشووری کوردستان)؛نموونەی بەرچاوی ئەو راستیەن کە دوابە دوای سەرکەوتن، ناسێۆنالیزمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو، لە زووترین کاتدا نە تەنیا ژنانی لە پرۆسەی یەکسانی بێ بەش کردووه، بەڵکوو ‘هەوڵی دامەزران و داسەپاندنی فۆرمێکی نوێی پیاوسالاری’ کردووه. کە زۆر جار، بە وتەی چاندرا مۆهانتی، فۆرمێکی هەره توند وتیژتری پیاو سالاری، کە نە قشێکی گرنگی بووه لە بەرفراونتر کردنی بۆشایە جەندەریەکان.
هاوکات، کەسانی دیکەش، ئاماژە بە پرۆسەی فەرامۆش کردن دەکەن، وەک یەکێک لە خەسڵەته هەر بەرجەستەکانی بزووتنەوەی رزگاری خوازی نەتەوەیی. فەرامۆش کردنی دابین کردنی یەکسانی بۆ ژن.
لە راستیدا، من لە گەڵ زۆربەی ئەم دەنگانه هاودەنگم.ناسێۆنالیزم، لە بنەرەتدا دەتوانێ دیاریدەیکی پیاوسالار بێت؛ دەتوانێ لە سەر بناغەی جەندەری دامەزرابێ؛ وە لە سەرکوتی ویستی یەکسانخوازی ژندا نەقشی سەرەکی هەبێت. ناسێۆنالیزمی کوردیش، بە گشتی لەم لۆژیکە بە دوور نیە. روانینێک بە سەر مێژووی زۆربەی بزووتنەوه رزگاری خوازەکانی کوردایەتی ،بە روونی شوێنەواری پیاو مەزنی و جەندەری، لە سەر ئەم بزووتنەوانە دەردەخات.
بەڵام، بە رای من، ئەم پێناسه ناکرێ وەک پێناسێکی گشتی و رەهایی (یا خود موتلق) چاوی لێ بکرێت. لەم پێناسەدا، هەندێ کەم وکوری تایبەت دەبینرێ و هەندێ پرسیاری دیکەش دێته گۆرەوه، کە من هەوڵ دەدەم ئامژەیان پێ بکەم.
یەکەم پرسیار، پەیوەندی راستەوخۆی بە ئەزموونی تایبەتی ژنانی کۆمەڵگەی داگیرکراوه وه هەیە؛ هەر وەها پەیوەندی ژنانی ئەم کۆمەڵگانە بە بزووتنەوەی رزگاری خوازی نەتەویەوه.
دووهەم پرسیار، پەیوەندی بە جۆر و شێوەی ناسێۆنالیزم و ئەو کەشە سیاسی و فکریەوه هەیە کە ناسێۆنالیزم لێی هەڵقوڵاوه و یا خود تێدا پەروەردە بووه، کە بەرای من پێویستە بە وردی چاوی لێ بکەین.
سەبارەت بە پرسیار یا خود پەیوەندی یەکەم؛ واته ئەزموونی ژنی کۆمەڵگای داگیرکراو پەیوەندی ئەم ژنە بە بزوونتەوەی نەتویەوه؛ هەر وەک پرۆسەی شەنگاڵ بە روونی دەری خست، پرۆسەی داگیرگەری لە کوردستاندا، لایەنی هەرە بەرجەستەی جەندەری هەیە. بە گشتی لە پرۆسەی داگیرکەریدا، مانایکی نوێ دەدرێ بە پیاو سالاری، و ستەم بە دژی ژن دەچێتە قۆناغێکی نوێوه. بۆشایەکانی جەندەر بەرفراوانتر دەبن، رەگەزپەرەستی، شێوێنیزمی نەتەوه ی باڵادەست، قووڵترکردنەوه ی سیستمی چینایەتی، بەرپاکردنی پرۆسەی جێنۆساید، پاککردنەوه ی ئیتنیکی، بنه برکردنی زمان، پێیناس و کەلتووری نەتەویی، بە میلیتارزەکردنی ژینگە، ته نیا هەندێ نموونەی بەرچاوی پرۆسەی داگیرکەرین . کە هەر یەک بە نۆبەی خۆی لە ستەم بە دژی ژنی داگیرکراودا نەقشی سەرەکیان هەیه.
هەربەم بۆنەوەیەوه کە لە راستیدا، بە درێژەی مێژوو ئێمە شاهیدی ئەوەین، کە لە گشت هەل و مەرجێکدا وە لە گشت قۆناغێکدا، بزووتنەوەی ژنی کورد راستە و خۆ بستراوەتەوه بە بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردەوه.
بە پێچەوانەی جووڵانەوەی فێمێنیستی ژنانی باڵادەستی کورد، کە خواستەکان تەنیا گرێ دراون بە چوارچیوەی جەندەریەوه. بزووتنەوەی سیاسی ژنی کورد بە گشتی هەوڵی داوه کە خەباتی بۆ یەکسانی جەندەری، راستەوخۆ گرێ بدات بە سەربەخۆیی نەتەویەوه. لەم پرۆسەدا، خەباتی سیاسی ژنی کورد بە وردی لایەنه جۆراوجۆرەکانی ئەزموونی ژنی کوردی وەک ژنی کۆمەڵگایکی داگیرکراو شی کردوەتەوه.
ئەم زانستە، بە دایم بەشێکی گرنگ بووه لە هوشیاری سیاسی بزووتنەوەی ژنی کورد و بێ گومان بوەتە بناغەیکی قایم بۆ دروستبوونی هاوخەباتی لە نێوان بزووتنەوەی سیاسی ژنی کورد و بزووتنەوەی رزگاری خوازی نەتەوەیی کورد.
هەر بەم شێوه دەکرێ کە سەبارەت بە پرسیاری دووهەم، واتە پەیوەندی نێوان ناسێۆنالیزم و فێمێنزم، لێکۆڵینەوەیکی جیاوزامان هەبێت، هەر وەک پیشتر ئامژەم پێ کرد. بە واتەیکی دیکە، ناسێۆنالیزم وەک گوتارێک یا خود پرۆژەیکی هاوشێوه چاو لێ نەکرێت.
هەر وه ک من بە وردی ئاماژەی پێ دەکەم( لە سەر ئەزموونی شۆرشی رۆژئاوا) بزووتنەوەی نەتەوەیی و لایەنە جەندەریەکانی بە تایبەت، دەکرێ پە یوەندی راستەوخۆی هەبێت بە کەشی سیاسی، فکری و ئایدۆلۆژی ئەم بزووتنەوەوه.
بۆ نموونە، ئەزموونی ئەو جووڵانەوه نەتەوەیانەی کە لە سەر هەندێ بنەمای یەکسانیخوازی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی، یا خود بنەما دیموکراتیک و فرەلایەنەکان، یان کەشێکی شۆڕشگێرانە پێک هاتبێ، لە م کەشەدا، دەرفەتی کراوەتر بەدی دەکرێ بۆ دابین کردنی یەکسانیخوازی جەندەری.
بە رای من، لە کەشێکی سیاسی و فکری ئاوەهادا، بزووتنەی رزگاری خوازی دەتوانێ ببێتە مەیدانێکی بەرفراوان بۆ بە سیاسی بوونی ژنان، بۆ بە مۆبەڵایز کردنی ژنان. ژن وەک مرۆڤێکی سیاسی، ئاسانتر دەتوانێ پێ بخاتە مەیدانی سیاسەتەوه (ئەو مەیدانەی کە سونەتەن جێی دەسەڵاتی پیاوبووه).
لە کەشێکی سیاسی ئاوەهادا، چالاکی لە بزووتنەوەی نەتەوویدا، دەتوانێ ببێتە هۆی بەرزکردنەوەی هوشیاری سیاسی/فیمینسیتی ژن. وه لە ئاکامدا، رووخاندن و پساندنی نۆرم و رۆلە جەندەریەکان، خەبات و بەربەرەکانی لە گەڵ سیستم، بیر و ئایدۆلۆژی پیاومەزنی.
بە کورتی لە کەشێکی سیاسی ئاوەهادا، ژن دەتوانێ وەک کەسایەتیکی هوشیار و ئاکتیڤ، لە گۆرینی ژیان و چارەنووسی خۆیدا بەشدار بێ، وە بە شێوەیکی ستراتیژی بزووتنەوەی رزگاری خوازی نەتەویی بە مەبەستی وەدیهێنانی ویستەکانی خۆی، بە تایبەت ویستە جەندەریەکانی بە کار بێنێت.
بە پێچەوانەی ناسێۆنالیزمی باڵادەست ( بۆ نموونە، ناسێۆ لیزمی وڵاتانی داگیر کەری کورد)، کە لە بنەرەتەوه لە سەر بناغەی، رەگەزپەرەستی، جەندەری، پیاومەزنی، و چینایەتی پەرەی گرتووە، بەرای من شۆرشی رۆژئاوا بە تەوای کێشێکی هاوسەنگی بۆ خەباتی شان بە شانی فێمێنیزم و بزووتنەوەی نەتەوەیی پێک هێناوه.
هەر بۆیە بەر لەوەی کە بچینە سەر باسی سەرهەڵدانی شۆڕشی ژنانی رۆژئاوا، پێویستە کە باسێکی کورت لە سەر کەشی سیاسی رۆژئاو بکەم.
شۆرشی رۆژئاوا، ئەگەر چی هێشتا ئەزموونێکی ساوایە و بە قۆناغیکی مەترسیداردا تێپەر دەبیت، و ئێستاش گەلێک پرسیار هەیە کە پێویستی بە وڵامە. بەڵام، لە سەرەوەی هەمواندا، ئەوەی روونە کە بالانسێکی بەربڵاوی دیموکراتیکی لە ئامێز گرتووه و هەندێ جار وەک مودێلێکی ئالترناتیڤ بۆ ناوچەکە باسی لێ دەکرێ.
یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی شۆڕشی رۆژئاوا کە بوەتە جێی باس و سەرنجی گشت لایک، لە راستیدا، دامەزرانی سێ کانتۆنی سەربەخۆی جەزیرە، کووبانی و ئافرینە- کە هەر وەک ئاگادارین، لە ژێر فشاری گەمارۆی چەند لاینەی ئابووری و سیاسی و شەری بەردەوامی بەعس و داعەشدا، خۆراگرانە راوەستاوه و لە لایەن جەماورێکی بە ئیرادەوه تا ئێستاش پارێزراوه.
من لێرەدا هەڵ دەدەم کە هەندێ ئاماژەی کورت بە بناغەی فکری، سیاسی، یاسایی و دەستووری، یا شێوەی بەرێوە چوونی ئەم کانتۆنانە بکەم.
بە پێی وتەی دامەزرێنەران و هەندێ چاودێری سەربەخۆ ، گرنگترین بناغه فکریەکانی کانتۆنەکانی رۆژئاوا لە سەر پرنسیپی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک یان خۆسەری دیموکراتی، یا خود دیموکراسی رادیکاڵ دامەزراوه. مەبەستی سەرەکی ئەم پرنسیپانە گۆرانکاری بنەرەتی بووه لە سەر هەڵسووران و بەرێوبردنی کۆمەگا. بە واتەیکی دیکە، ئەزموونی خوێناوی زیاتر لە سەدەیک ژیان لە ژێر سێبەری دەسەڵاتی دەوڵەتیدا، بە یەکێک لە هۆیەکان دەژمێردرێ کە کانۆتنەکانی رۆژئاو هەوڵی لابردن یا لاواز کردنی دەسەڵاتی دەوڵەتیان داوه.بە پێی بیرۆکەی، کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک، دەوڵەت بە گشتی لە سەر بناغەی ستەم و هایراکیە کۆمەڵایتیەکان دامەزراوه، لە ژێر دەسەلاتی دەوڵەتدا ستەمی جەندەری ئاوا نابێت، ستەمی چینایەتی و نەتەوەیی زیاتر پەرە دەسێنێت. بە واتایکی دیکە، کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک دەتوانێ ببێتە بناغه یکی بە هێز بۆ جێگر کردنی دادپەروری کۆمەڵایەتی و هێنانه ئارای سیستمێکی یەکسانیخواز بۆ گشت لایەک.
بە پێی ئەم پرینسیپە، لە جیاتی دەوڵەت، دەسەڵات و بریاردان راستە و خۆ دەدرێتە جەماوەر و نوێنەرانی راستەوخۆی جەماوەر. بە پێی راپۆرتێکی تازە دەرچوو لە لایەن زاهیر باهیر (کە لە لەندەنەوه سەردانی کانۆتنی جەزیرەی کردبوو) کانۆتنەکان و هەڵسوورانی کانۆتنەکان، راستەوخۆ لە لایەن نوێنەرانی جەماوەرەوه بەرێوە دەچێ. نوێنەرانی جەماوەر، پێکهاتەیکن، لە ژن و پیاو، کە نوێنەرایەتی گەرەکەکان، ناوچەکان، کارخانەکان، مەزراکان، کاسبکارەکان و کەمینە کان (وەک کورد، عەرەب، مەسیحیەکان، ئاسووریەکان و ئەرمەنیەکان دەکەن).
جگە لەمە، دامەزرێنەرانی کۆنفدرالیزمی دیموکراتیک، هەندێ چەمک و تاقیکردنەوەی نوێیان هێناوەته ئاراوه کە هەر یەک بە رای من، بەر لە هەموو شت لە گۆرانکاری فکری کۆمەڵگادا دەتوانن کاریگەری بەرچاویان هەبێت: بۆ نموونە، بیرۆکەی یەکسانی جەندەری (لە گشت لایەنێک و داسەپاندنی پرنسپی هاوسەرۆکی)؛ بیرۆکەی دیموکراسی راستە و خۆ کە ئامژەم پێ کرد؛ ئابووری لە سەر بناغەی یەکسانیخوازی؛ پاراستنی ژینگە؛ و دان نان و دابین کردنی مافی کەمینەکان.
بێ ئەوەی کە بچینە ناوەندی وردکاری کانتۆنەکانی رۆژئاوا (کە هەر وەک باسم کە لە راستیدا ئەزموونێکی هەر نوێەو تا ئێستاش لە چارەنووسێکی نادیاردایە)،بەڵام، ئەوەی مەبەستە وگرنگە بۆ ئەم باسە ئەو راستیەیە، کە ئەم کەشە سیاسیە لە گۆناغی یەکەمدا، یارمەتیدەری سەرەکی بووه لە پێکهێنان و بەردام بوونی شۆرشی ژنانی رۆژ ئاوا.
بە واتایکی دیکە، لە ژێر سێبەری کەشێکی رادیکاڵی ئەوەهادایە، لە ئەمرۆ ئێمە شاهیدی سەرهه ڵدانی شۆرشێکی ژنانی هەرە هوشیار، ئازا و بە تواناین.
ئەم ئەزموونە، بە روونی بۆمان دەردەخات کە سەرکەوتوانە توانراوه، کە بە شێوەیکی ستراتیجیک کیشەی سەربەخۆیی نەتەوەیی گرێ بدری بە پرۆژەی سیاسی بەربڵاوترەوه. وەک داوای یەکسانی ژنان.
بێ گومان ئەوەی کە ئێمە دەیزانین و چاودێرەکان ئاگادارمان دەکەن، ئەوه بە روونی دەردەخات کە لە شۆڕشی رۆژئاوادا، بە گشتی رۆڵ و پێگەی ژن لە هەر سێ کانتۆنە کان بە رەسمی ناسراوه. بە واته یکی دیکە بۆ یەکەم جار لە شۆڕشێکی ناوچەیدا ئێمە شاهیدی ئەوەین کە ژن بوەته هێزێکی بە توانا و ئاکتیڤ لە گشت بوارەکانی شۆڕشی رۆژئاوادا. هەندێ لە چاودێران لە وبراویەدان، کە لە رۆژئاو ژنان ئیتر تەنیا نیوەی کۆمەڵ نین. بەڵکوو، گرنگترین، ئاکتیڤترین و کایگەرترین بەشی شۆرشن.
هەر بەم هۆیەوەیە، کە ئەمرۆ ئێمە شاهیدی دەرکردنی یاسای تایەبت بە ژن لە کانتۆنی جەزیره دەبین. ئەم دۆکیمەنت، لە راستیدا دەبێ وەک نموونەیکی بێ وێنە و هەرە رادیکاڵ لە ناوچەدا چاوی لێ بکرێت. بێ گومان ئەم دۆکیمینتە، بەر لە هەموو شت، بە بروای من، شۆڕشێکە لە سەر بیر کردنەوەمان، لە سەر زانست و تێگەیشتنی جەندەریمان.
ئەم دۆکیمینتە، لە رادەی یەکەمدا، دەرخەری ئەو راستیە کە شۆرشی رۆژئاوا تا ئێستاش پابەندی ئەو بەڵێنانە بووه کە بە ژنانی کوردی داوه. و لە هەمان کاتیشدا بە روونی جێ پەنجەی خەباتێکی هوشیار و حاکتیڤی ژنانی پێوە دیارە.
هەر وەک پێشتر ئاماژەم پێ کرد؛ لە یەکەم قۆناغدا، ئەم دۆکیمینتە پێویسته وەک رادیکاڵترین و نوونەترین دۆکیمەنتێک کە تا ئیستا لەو ناوچەیە دەرچووه ببینرێت. پێویسته ئەوەش بە روونی بزانین کە ئەمە ئاکامی ئەزموون، خەبات و زانستی زیاتر لە سێ دەیە خەباتی بەردەوامی ژنانی گشت پارچەکانی کوردستانە. هەر بۆیە چاوەرێ دەکرێ کە دەسکەوتەکانی شۆڕشی ژنانی رۆژئاوا سنوورەکان تێپەر بکات و بتوانێ کاریگەری راستە و خۆی لە سەر بزووتنەوەی ژنانی بەشەکانی دیکەش هەبێت.
و لە قۆناغی دووهەمدا، هەر وەک پێشتر ئاماژەم پێ کرد، ئەم دۆکیمێنتە پێویستە وەک بەرهەمی فکری و ئیرادەی کانتۆنە سەربەخۆکان چاویان لێ بکرێت. ئەوەی جێی ستایشە ، و یەکێکە لە سفەتە هەرە بەرجەستەکانی شۆرشی رۆژئاوا، هەوڵدانی بەردەوامی ئەم شۆرشەیە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هوشیاری فێمێنیستی هەم لە ناو ژناندا و هەم لە ناو پیاواندا ، و بە گشتی لە گشت کۆمەڵگادا.
لێرەدا، بە پێویستی دەزانم، کە بە کورتی باسێک لە سەر رۆلێ ژنانی شەرڤانی رۆژئاوا بکەم و بتوانم روونکردنەوێک لە سەر هه ندێک لێکدانەوه کە لەم دوانەیدا بەرچاو دەکەوێت بێنمە ئاراوه.هەر وەک گشتمان ئاگادارین، بەرخۆدانی قارەمانانە و ئەفسانەیی کووبانی، بە تایبەت یەکێنەکانی پاراستنی ژن، سەرنجی گشت لایەنێکی بۆ لای خۆی راکێشاوە و بۆتە جێی باس و لێکۆلێنەوەیکی بەرفراوان. بەر لەوەی کە سەرنجتان بۆ هەندێ لەم باسانە رابکێشم، بە رای من بەرخۆدانی ژنانی شەرڤانی کووبانی پێویستە وەک گورجێکی بە هێز بە دژی گشت سیستم و بەهاکانی پیاو سالاری، بە دژ گشت بایخەکانی فاێشزمێک کە ئەمرۆ لە سەرهەڵداندایە ببینرێ.
ئەوەی کە زۆر بەرچاوه ئەمرۆ لێکدانەوەی دوولاینە کە بە رای من پێویستی بە هەڵوێست و روونکرندەوەی ئێمە هەیە.
لە لایەکەوه، میدیای رۆژئاوایی بە شێوەیکی بەربڵاو، بە تایبەت لە چەند مانگی رابردوو دا، بە پیشاندانی بەردەوامی وێنەکانی ژنانی رۆژئاو، هەندێ هەوڵی ئەوە دراوه کە لە چوارچێوەیکی تەسکدا شۆڕشی ژنانی رۆژئاوا پێناس بکات. بە جەخت کردن لە سەر رۆڵی میلیتاری ژنان، بە شێوەیک لە رۆڵی سیاسی، هەڵ ومەرجی مێژووی ئەم شۆرشە چاو پۆشی کراوە. بە تایبەت هەوڵ دانی بەردەوامی میدیا بۆ نیشان دانی جوانی روخساری ژنانی شەرڤان، تارادەیکی زۆر رەخنەی لێگیراوه.
لە لایەکی دیکەشەوه، باسێک کە پەیوەندی تایبەتی بە ژنانی رۆژهەڵاتەوه هەیە، زنجیرەی باسێک بوو کە کە لایەن هەندێ نووسەر بە تایبەت لە سایتی ‘مەدرەسەی فێمێنیستدا’ بەر چاو دەکەوێت. کە بە رای من راستەوخۆ روانگەی فێمێنزیمی هێژەموونی دەردەخات.
بێ ئەوەی کە بچمە ناو وردەکاری ئەم نووسراوانە، تەنیا سەرنجتان بۆ چەند خاڵی گرنگ رادەکێشم. یەکەم باسێکە، کە هەندێ لە نووسەرانی ‘مەدرەسەی فێمینیستی’ لە سەر رۆڵ و پێگەی ژن لە نێوان شەر و ئاشتیدا هێناویانەتە ژێر باسەوه. بەگشتی، لەم نووسراونەدا، کە بە رای من، لە روانگەیکی تەسک و رەهایەوه ویستویەتی کە پێناسێکی گرێ دراو بە سروشتی ژن و پیاو لە شەردا داسەپێنێ، لە رادەی یەکەمدا، رد کردنەوەیکی بنەرەتی بووه لە رۆڵی ژنانی شەرڤان لە شۆڕشی رۆژئاوادا.
بە واتەیکی دیکە،بە پێی ئەم پێناسە تەسکە، ژن لە بنەرەتدا نەقشی پارێزەری ژیانی هەیە و دەبێ دژ بە شەر و دژ بە توندو تیژی بوەستێت. ژن نابێ ببێتە ئامرازی شەر و لە شەردا بەشداری بکات. بەشداری شەر بۆ ژن بە مانای دژایەتیە لە گەڵ ‘سروشتی ئاشتی خوازی ئەو’. بە کورتی ئەم پێناسە، ژن وەک بوونێکی ئاشتی و پیاو وەک ئامرازێکی شەر پێناس دەکات.
ئەم پێناسە، بە رای من هەندێ کەم وکوری بەرچاوی تێدا بەدی دەکرێت:
یەکەم، ئەم روانگە،بە رای من، چاوپۆشی لەو راستیە دەکات، کە ژنانی رۆژئاو، لە راستیدا شەریان ناوێت و شەریان بە سەردا داسەپاوه.
دووهەم، ئەم روانگە، بە ئاسانی دەتوانێ مافی پاراستن و پارێزگاری ژنان لە بوون و دەسکەوتەکانیان رەد بکاتەوه. بە واتایکی دیکە، ئەم روانگە، ئەو مافە بە ژن نادات کە وەک ئەیجنتێکی هوشیار و ئاکتیڤ، بۆ مان، دارشتنی چارەنووس وه بۆبوونی خۆی بە پێی مانای خۆی شەر وخەبات بکات. لە راستیدا، ئەم روانگە، بە شێوەیکی راستەوخۆ ژن دەکاتە قوربانیکی بێ دەسەڵاتی شەر.
هاوکات، ئەم بۆچوونە بە روونی لە خەباتی بەربڵاو و شۆڕشی بەرفراوانی ژنانی رۆژئاو چاوپۆشی دەکات، بۆ نموونە خەبات بۆ داسەپاندنی یەکسانی جەندەری و دادپەروەری کۆمەڵایەتی.
روانگەیکی دیکەی بەرچاو لە نووسراوەکانی مەدرەسەی فێمێنیستی ئەوه دەردەخات کە بە گشتی هەوڵی ئەوه دراوه کە رۆلێ ژنان لەم شۆرشەدا وەک ئامرازێکی بە کارهێنراو لە لایەن’ پیاوانی ناسێۆنالیستی کورد ‘بۆ وەدەستهێنای ‘سەربەخۆیی’ پێناس بکات. ئەڵبەت ‘سەربەخۆیی ‘لە ناو کەوانەدا.
ئەم روانگە، بە رای من،لە یەکەم قۆناغدا بە ئاسانی ویستوویەتی کە چاوپۆشی لە خەباتی بەردەوامی ژنی کورد بۆ دابین کردنی مافی نەتەویی بکات. چاوپۆشی لە ژێردەستی نەتەوەیی ژنی کورد بکات. ژنی کورد، به پێێ ئەم روانگە بە بوونیێکی ناسیاسی، نا هوشیار، ناـیژوویی پێناس کراوه. کراوه بە ئامرازێکی بە کار هێنراو بۆ ویستی سیاسی پیاوی کورد.
ئەم روانگەیە، بە رای من، رەنگادنەوه یکی راستە وخۆیە لە بیری گشتی فێمێنیزمی باڵادەست، لە جیهان بینی ئەم فێمێنیزمە، لە روانگەی گشتی بەرامبەر بە ژنی کورد و خەباتی ژنی کورد.
رەنگادنەوەیکە لە کەشێکی شێوینستی زاڵ کە ئەم فێمێنیزمە لێی پەروەردە بووه، نیشاندەری پەیوەندیکی رۆحی و سیاسی بنەرەتیەیە کە ئەم فێمێنزیمە هەیەتی لە گەڵ ناسێۆنالزیمی باڵادەست.
من هەروەک پێشتریش ئاماژەم پێ کردووه، بە رای من فێمێنزیمی باڵادەست، بەردەوام لە ستەم بە دژی ژنی کوردا نەقشی بەرچاوی هەبووه. نە تە نیا بە رەد کردنەوەی ویستی نەتەویی ژنی کورد لە گەڵ ناسێۆنالیزمی باڵادەست هاودەنگی کردووه، بەڵکوو، لە پەراوێز راگرتن، بێ دەنگ کردن، بە ئەوانی تر کردن، بە کەم چاو لێ کردن و بە دوا کەوتوو ناساندنی ژنی کوردا نەقشی سەرەکی هەبووه.
با لە بیرمان نە چێت، کە تا ئێستاش ویستی سەربەخۆیی نەتەوەیی ژنی کورد، وەک تاوانێک چاوی لێ کراوه و ‘بەتەجزیە تەلەب’ تەعبیر کراوه. ئەم فێمێنیزمە، تا ئێستاش لە ئەزموونی تایبەتی ژنی کورد، ستەمی چەند لایەنەی، کە بێ گومان لە ژێر سیستمی داگیرگەریدا شکلێ گرتووه چاوپۆشی کردووه. تا ئێستاش لە بەرامەبەر رۆلی راسیزمی باڵدەست، شەری داسەپاوبە دژی کوردستان و کەمپەینەکانی جێنۆساید،بەردەوام بێ دەنگی کردووه.
هەر بۆیە، ئەمرۆش بە شێوەیکی سادە و بە تەعبیرێکی تەسک، دەیهەوێت کە هوشیاری فێمێنستی/سیاسی شۆرشی ژنانی رۆژئاوا بخاتە ژێر پرسیارەوه. لە ژێر ناوی ‘بە تە قەدووس کردنی ژنانی چەکداری کووبانی’ نووسراوه کانی مەدرەسەی فێمێنستی، بە روونی هەوڵی تێکشکاندی رۆڵ و نەقشی راستەقینەی ئەم شۆرشەی داوه، بە مەبەستێکی روونەوه، ژنانی شۆڕشگێری رۆژئاوای وەک ئامرازێکی بێ ئیرادە، بێ هەڵوێست وبە کار هێنراو پێناس کردووه. بە گشتی، ژنانی کوردی بە شێوەیک پێناس کردووه کە ئاکتەرێکی بریاردەر و هوشیار نین و هیچ ستراکتۆر و ئایدۆلۆژیەکی سیاسی/مێژوویی لە بزوونتەوەکەیاندا بە دی ناکرێت.
بێ گومان، ئەمە لە راستی دوورە. ژنانی کووبانی و رۆژئاوا، ئەمرۆ بە کۆنترین و سەرتایتیرن ئامرازەکانی شەر، پابەند بە ئایدۆلۆژیایکی روون، زانست، ئەزموونی و سیاسەتێکی روونیی خۆی، بەرامبەر بە هێزێکی فاشیستی سەردەم شەرێکی بەردەوام و قارمانانە دەکات.
من دیسانەوه دووپاتی دەکەمەوه، ئەم شۆڕشە خاوەنی فکری خۆیەتی، هوشیارانە مافی نەتەویی و مافی جەندەری لەیەک گرێ داوه؛ بە دژی جێنۆساید، کۆچی زۆرەملی، پاک کردنەوەی ئیتنیکی، زمانکوژی و ژینگە کوژی؛ بۆ سەربەخۆیی و رزگاری ژن بەرنامەیکی هه رە رادیکال و سەردەمیانەی دارشتوه. بەرنامەیک کە نەتەنیا پرنسیپە جیهانیەکانی مافی جەندەری ژنی لە بەر چاو گرتووه، بەڵکوو، بێ باکانە دژی پیاوسالاری ناوچەیی و گشت ستراکتۆرەکانی راوەستاوه، وە لە شەرێکی بەردەوامدایە بۆ تێکشکاندی سیستمی پیاو سالاری؛ شەرێک بە دژی درندەگی فاشیزم.
شۆڕشیکە بۆ بەرزکردنەوه و راگرتنی حورمەتی ژن، بۆ و ەدەستهێنانی سەر بە خۆیی ژن- سەر بە خۆیی کە سایه تی ودەسەڵاتی ژن بە سەر جەست و بیری خۆیدا.
ئەوەی کە روونە، ئەوەیە کە شۆرشی رۆژئاو بەربڵاوتر و فراوانترە لە مەیدانەکانی شەر، توانیویەتی لە گشت بوارەکانی کۆمەڵگادا نەقشی هەبێ و دروست کراوی هیچ میدیایک یا لایەنێک نیە.
لە کۆتایدا، من پێم وایە کە شۆرشی ژنانی رۆژئاوا دەتوانێ کە هەندێ کاریگەرری راستەوخۆیا لە سەر ناوچەکە بە گشتی و لە سەر جووڵانەوەی ژنی کورد بە تایبەت لە بەشەکانی دیکەی کوردستان هەبێت.
لە قۆناغی یەکەمدا، هاتنە مەیدانی ژن وەک ئاکتەرێکی بە توانا و ئاکتیڤ لە گشت بوارەکانی شۆرشدا ، بەر لە هەموو شت توانی ببێتە هۆی سەرهەڵدانی و گەشەپێدانی بیرێکی نوێ، ئالترناڤێکی بە هێز بە تایبەت لە بەرامبەر بیری ئیسلامی سیاسی و ئالترناتیڤی دژە ژنانەی ئەم بیرە. ئالترناتییڤێک بوو بۆ هەموو ئەو سیستمانەی کە تا ئێستا لە ناوچەدا دەسەڵاتیان هەیە و پێویست ناکات کە بە وردی لە سەر مێژوو و ریکۆردی دژە ژنانەیان بدوێین. بە کورتی ئەم شۆرشە نیشانی داین کە رێگایکی دیکە هەیە.
لە سەر پارچەکانی دیکەی کوردستانیش بێ گومان کاریگەری دەبێت.لە قۆناغی یەکەمدا، دەرگای دایەلۆگێکی گەورە و هاوخەباتی لە نێوان ژنان لە بەشەکانی دیکەشدا دەکاتەوه. دەتوانێ ئەزموونێکی بە نرخ بێت، لە دەسکەوتەکانی کەڵک وربگردرێت و بتوانێ کە دەرگایکی نوێ بۆ دایلۆگ بکاتەوه لە نێوان فێمێنزیمی بەشەکانی دیکەی کوردستان و بزووتنەوەی رزگاری خوازی نەتەوەیدا.
دەتوانێ توانایکی نوێ بدات بە بزووتنەوەی ژنانی بەشەکانی دیکەی کوردستان کە لە خەبات بە دژی بیری دژە ژنی، سێکسیزم، و کۆنسرڤاتیزمی زاڵ لە ناو بزووتنەوەکانی خۆیاندا بەردەوام بن.
جوولانەوەی ژنانی بەشەکانی دیکەی کوردستان دەتوانن لە دراشتنێکی سیاسەتێکی یەکسانیخوازی جەندەری، داسەپاندنی دادپەروری کۆمەڵایەتی، دیموکراسی راستەقینە، کاریگەری راستەو خۆیان هەبێت.
من پێم وایە، کە بزووتنەوەی ژنان لە هەموو بەشەکان، ئەمرۆ بە تامەزرۆیەوه دەرواننە ئەزموونەکانی شۆرشی ژنانی رۆژئاوا و لە دارشتنی بەرنامەی خەباتی خۆیان بێ گومان لە ئەزموونەکانی شۆڕشی ژنانی رۆژئاوا بەهرەمەند دەبن.
_________________________
سەرچاوه:
Works Cited
Caglayan, H. (2008). VOICES FROM THE PERIPHERY OF THE PERIPHERY: KURDISH WOMEN’S POLITICAL PARTICIPATION IN TURKEY . 17th Annual Conference on Feminist Economics (pp. 1-38). Torino, Italy : IAFFE .
Chatterjee, P. (1989 йил Nov). Colonialism, Nationalism, and colonialized Women: the contest in India. American Ethnologist , 622-633.
Ghosh, D. (2004). Gender and Colonialism: Expansion or Marginalization? . The Historical Journal , 737-755.
Jayawardena, K. (1994). Feminims and Nationalism in the Third World . London and New Jersey : Zed books Ltd. .
Korteweg, R., & Ray, C. (1999). Women’s Movements in the Third World: Identity, Mobilization, and Autonomy. Annual Review of Sociology , 47-77.
Mohanty, C. T. (1991). Cartographies of Struggle: Third World Women and the Politics of Feminism. In M. C. Tapade, Third World Women and the Politics of Feminism (pp. 1-51). Bloomington: Indiana University Press.
Yuksel, M. (2010). The Encounter of Kurdish Women with Nationalism in Turke. Middle Eastern Studies , 1-27.