لاپەڕەی سەرەکی هەواڵ ژنێك: بێ‌ موچەیی‌و خەمی منداڵەكانم فێری بازرگانی تلیاكی كردم

ژنێك: بێ‌ موچەیی‌و خەمی منداڵەكانم فێری بازرگانی تلیاكی كردم

0 تێبینییەکان 15 بینینەکان

niqabبەشێك لەو ژنانەی لەساڵی رابردودا لەسلێمانی حوكمدراون، تۆمەتەكەیان پەیوەندی بەبازرگانی‌و بەكارهێنانی مادە هۆشبەرەكانەوەیە، ژنێك كە لەچاكسازی سلێمانی لەزینداندایە دەڵێت “بێ‌ موچەیی فێری بازرگانی مادەی هۆشبەری كردم”.

ئا: مەزهەر كەریم

شەرمن ژنێكی تەمەن 44 ساڵە‌و ماوەی نۆ مانگ دەبێت لەچاكسازی سلێمانی لەزینداندایە بەتۆمەتی بازرگانی كردن بەمادەی هۆشبەر، ئەو باس لەوە دەكات كە سەرەتای بازرگانی كردنی بەمادەی هۆشبەر دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوكاتەی كە لەسەرەتای ئەمساڵی 2016ەوە سیستەمی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران دەستیپێكرد، كە موچەی مانگێكی بو بە 400 هەزار دینار، بەمەرجێك لەخانوی كرێدا بوە بەسێ‌ سەد هەزار‌و خێزانەكەشیان چوار كەس بوە، كە تەنها سەد هەزار دیناریان بۆ ماوەتەوە، هەر سەرەتای ساڵی پاریش مێردی خوشكەكەی لەسویدوە تەلەفونی بۆدەكات‌و پێیدەڵێت لەڕێگەی هاوڕێیەكی كوردی رۆژهەڵاتەوە وەك دیاری چەند موبایل‌و كەلوپەلێكیان بۆ ناردوەتەوە.

شەرمن وتی “بەدبەختی من لەوەدایە هەر سێ‌ مناڵەكەم خوێندكاری زانكۆ‌و دوا ناوەندی بون‌و كرێ‌ رێگاكەیانم پێنەبو، بەردەوام داوای پارەیان دەكرد‌و دەیانوت دایە چیتر ناچینەوە بۆ دەوام پارەمان پێنیە، منیش نەمدەزانی چی بكەم، ماوەی ساڵێك بو مێردەكەشم لێم جیاببۆوە‌و  بەهیچ جۆرێك هاوكاری من‌و سێ‌ منداڵەكەمی نەدەكرد”.

وتیشی “رۆژێكیان ئەو كەسەی بەناوی سۆران كە لەسوید گەڕابوەوە‌و كەلوپەلەكانی بۆ هێنابوین، زانی ئێمە چەند دەستكورتین، باسی بازرگانی تلیاكی بۆ كردبم‌و وتی پارەكەی زۆر باشە‌و كارێكی ئەوەندە قورسیش نیە”.

شەرمن باس لەوەش دەكات كە سەرەتا چۆن كەوتوەتە ژێر كاریگەریی ئەو بیرۆكەیەوەو داوای لەو پیاوە كردوە فێری بازرگانی تلیاكی بكات لەنێوان سلێمانی‌و ئێراندا، ئەو وتی “23/3 /2016 سۆران تەلەفونی بۆ كردم  وتی لەكوێیت؟ من لەبازگەی سلێمانی دەرچوم دەمەوێت بتبینم، منیش وتم باشە وەرە بەرەو سلێمانی وامنیش هاتم، ئەوەبو لەنزیك قەپانی چنیان لەنزیك بازگەكە یەكترمان بینی لەدوای چاكوچۆنی، وتی ئەوە تۆ كاری چی دەكەیت؟ وتم فەرمانبەرم، وتی بۆ نایەیت كارێكی زۆر باش هەیە بیكەیت  بۆ هەر جارێكیش دو هەزارو پێنج سەد دۆلاری خۆت نەقد وەرگرە‌و بیری لێكەرەوە‌و پێم بڵێرەوە كارێكی زۆر باشە”.

وتیشی “لەدوای چەند رۆژێك تەلەفونم بۆكردوە وتم رازیم چۆن دەست بەكاركردن بكەین، لەوەڵامدا وتی دەبێت بێم بۆلات قسەبكەین وانابێت، ئەوەبو جارێكی دیكە لەئێرانەوە هاتەوە بۆ سلێمانی، ئەمجارە كوڕێكی دیكەشی لەگەڵ بو بەناوی عابید، نەمتوانی بیانبەمەوە بۆ ماڵەوە، چونە میوانخانە، ماوەی چەند رۆژێك لەسلێمانی مانەوە‌و لەسەر كارەكەمان رێكەوتین، كە تلیاك لەناو مریشكی بەستودا لەئێرانەوە بگاتە دەستم بۆ هەر جارێك بڕەكەی لەیەك كیلۆ كەمتر نەبێت بەئوتومبێلێكدا بنێرێت بۆ شارۆچكەی كەلار، منیش لەوێ‌ وەریبگرم”.

شەرمن ئاماژە بەوە دەكات كە دوای چەند رۆژێك  تەلەفونی بۆكراوەو بەئوتومبێلی تایبەت چوەتە ئەو شوێنەی بۆی دیاریكراوە، ئەو وتی “تلیاكەكەم وەرگرت‌و بەڕێكەوتم بۆ سلێمانی، ئەو رۆژە پێنج شەممە بو، ئاسایشی عەربەت سلێمانی  وتیان ئا بۆستەو سندوقی ئۆتۆمبێلەكەتمان بۆ بكەرەوە بزانین چیت پێیە؟ منیش وتم مریشكم كڕیوە بۆ سەیران، كە ئەوكات وەرزی سەیران بو، ئەوان لەوەوپێش زانیاریان لەسەر من بۆ گواسترابۆوە دەیانزانی چیم پێیە، ئیتر نازانم چۆن‌و كێ‌ بوە، هەر ئەوكاتە دەستگیركرام‌و رەوانەی ئاسایشی گشتی كرام‌و دەستیش گیرا بەسەر تلیاكەكەدا”.

وتیشی “هەرگیز بیرم لەكارێكی وەها نەكردبوەوە، بەڵام كاتێك چوم  موچەم وەرگرت تەنها بەشی كرێی خانوەكەی كردم هیچی دیكەم بۆ نەمایەوە بیدەمە خەرجی منداڵەكانم، ناچاربوم ئەو كارە بكەم وەك سەرچاوەیەكی دارایی تا منداڵەكانم بەردەوامبن لەخوێندن، بەردەوام داوای پارەیان دەكردو منیش نەمدەزانی چی بكەم، كەسیش پارەی نەئەدامێ‌ بەقەرز، بەهەرچیشم دەوت لەوەڵامدا دەیانوت پێمان نیە”.

شەرمن ئاماژە بەوەدەكات پێش ئەوەی بازرگانی تلیاك بكات چەندین جار هەوڵی داوە چی هەیە بیفرۆشێت‌و لەگەڵ منداڵەكانی بڕواتە دەرەوەی وڵات، ئەو وتی “پێش ئەوەی دەست بكەم بەو كارە، چەندین جار لەگەڵ قاچاخچیدا قسەمكردوە، دەیانوت دەبێت دە كەسمان بۆ پەیدا بكەیت خۆت‌و كچەكەت پێكەوە دەبەینە دەرەوەی وڵات بەبێ‌ بەرامبەر، منیش پارەم نەبو، ئەو كارەشم بۆ نەدەكرا”.

وتیشی “دواجار لەچاكسازی ژنان‌و منداڵان خۆم بینیەوە، كەسوكارەكەم دەزانن بەبازرگانی مادەی هۆشبەر دەست بەسەرم، دو كوڕ‌و كچكەم دێن سەردانم دەكەن زۆر نیگەرانن لەو كارەی من كردومە، بەردەوام دڵنەوایم دەدەنەوە”.

شەرمن كە ماوەی نۆ مانگ دەبێت لەچاكسازی گەورانی سلێمانی زینداییە، وتی “پەشیمانم لەوكارەی كردومە لەدوای ئازاد كردنم دەچمەوە سەركارەكەم كە فەرمانبەری وەزارەتی پەروەردەم ئەوە گەورەترین غەڵەتی ژیانم بوە ئەنجامم داوە‌و زۆر پەشیمانم”.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە