نەتەوە یەکگرتوەکان ڕایگەیاند، پشتیوانی لە هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە و شەفاف دەكەن و چاوەڕوانی بانگەشەیەکی هێمنانە و ڕێزدارانەن بۆ هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستانی عێراق، هەروەها دەڵێت، “جەخت لە ژینگەیەکی ئارامی هەڵمەتی هەڵبژاردن دەکەینەوە کە دوربێت لە توندوتیژی و تۆقاندن”.
نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یونامی) لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، پێشوازی لە دەستپێکردنی ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات، کە بڕیارە لە 20ی (تشرینی یەکەم/11)ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت و چاوەڕوانی بانگەشەیەکی هێمنانە و ڕێزدارانەن بۆ هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستانی عێراق.
لەڕاگەیەندراوەكەدا هاتوە، یونامی جەخت لە ژینگەیەکی ئارامی هەڵمەتی هەڵبژاردن دەکاتەوە کە دور بێت لە توندوتیژی و تۆقاندن، هەروەها بەشداربوانیش سەرنجیان لەسەر کێبڕکێی ئاشتیانەی دیدگا و بەرنامەکان بێت، بۆ ئەوەی دەنگدەران بتوانن بڕیاری هۆشیارانە لەسەر سندوقی دەنگدان بدەن.
ئەوەشی خستەڕو، یونامی داوا لە هەمو کاندیدەکان و ئەکتەرە سیاسییەکانی دیکە و میدیاکان دەکات کە بەشداربن لە فەراهەمکردنی ژینگەیەکی ڕێزدار و گشتگیر و گفتوگۆی کراوە بە درێژایی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان.
یۆنامی باسی لەوەشكردوە، بۆ ئەوەی ئەم هەڵبژاردنانە متمانەپێکراوبن زۆر گرنگە کە ژینگەیەکی سەلامەت دابینبکرێت و پێشوازیەکی باش لە هەمو کاندیدەکان و دەنگدەران بکرێت، بەتایبەتی ئەو ژنانەی کە زۆرجار لە کاتی پرۆسەکانی هەڵبژاردنەکاندا ڕوبەڕوی ئاستەنگی جیاواز دەبنەوە، هەر ناکۆکییەک کە پەیوەندی بە هەڵبژاردنەکانەوە هەبێت، پێویستە لە ڕێگەی میکانیزمە بەردەستەکانەوە چارەسەر بکرێت بە تایبەتی ئەو میکانیزمانەی کە لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە دانراون.
بەگوێرەی ڕاگەیهندراوەكە، یونامی بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی پڕۆسەی هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە و شەفاف کە ڕەنگدانەوەی خواستی هەمو خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت.