راپۆرته‌كه مه‌ترسى پێكدادانى نێوان پێشمه‌رگه‌و حه‌شدى شه‌عبى ده‌خاته‌ڕوو ده‌نوسێت، “له‌پشت به‌ره‌ى شه‌ڕى دژ به‌چه‌كدارانى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى ناسراو به‌داعش، هه‌ردو لایه‌نى كورد‌و شیعه خه‌ریكى نه‌خشه‌ڕێژییه‌كن كه ده‌كرێت به‌شه‌ڕو ململانێى سه‌ره‌كى داهاتوى ناوچه‌كه دابنرێت”.
له‌به‌شێكى دیكه‌ى راپۆرته‌كه‌ى ده‌یلى مه‌یڵدا ئاماژه به‌ده‌ركه‌وتنى سه‌ره‌داوه‌كانى ئه‌و شه‌ڕه چاوه‌ڕوانكراوه كراوه‌و هاتوه، “هێزه كوردییه‌كان خۆیان پێشتر رێگه‌یان بۆ میلیشیا شیعه‌كان خۆشكرد بۆئه‌وه‌ى له‌شه‌ڕه خوێناوییه‌كه‌ى مانگى تشرینى دوه‌مى رابردو، شاره‌كه له‌داعش پاكبكه‌نه‌وه، مانگى رابردوش فه‌رمانده‌یه‌كى پێشمه‌رگه له‌جه‌له‌ولا هه‌ڕه‌شه‌ى ده‌ستپێكردنى شه‌ڕى كرد له‌حاڵه‌تى ره‌تكردنه‌وه‌ى جێهێشتنى ده‌موده‌ستى شاره‌كه له‌لایه‌ن شیعه‌كانه‌وه”.
پێشتر به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى جه‌له‌ولا، ئه‌نوه‌ر حسێن به‌ئاوێنه‌ى راگه‌یاندبو كه “له‌روى ئه‌منیه‌وه شاره‌كه ئێستا كۆنترۆڵكراوه، به‌ڵام وه‌ك ناوچه‌یه‌كى سه‌ربازیى داخراو ماوه‌ته‌وه‌و بوه‌ته كه‌یسێكى سیاسیى”.
جه‌له‌ولا به‌ناوچه‌یه‌كى جێ ناكۆك داده‌نرێت له‌نێوان حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان‌و به‌غدا. ناحیه‌كه ده‌كه‌وێته 90 كم باكورى خۆرهه‌ڵاتى به‌غدا، له‌رۆژى 23ى تشرینى دوه‌مى 2014 ئازادكرا. ئێستا دانیشتوانه‌كه‌ى ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه به‌هۆى ناكۆكى سه‌ركه‌وتوه‌كان له‌سه‌ر شاره‌كه، كه به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌كه‌ش به “سیاسیى” وه‌سفیده‌كات