رێكخراوی فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عێراق رایگەیاند، لەماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا زیاتر لە دو هەزار كۆچبەر بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا گیانیان لەدەستداوەو دەشڵێت، ئەم ژمارەیە بەراورد بە هەمان كاتی ساڵی رابردو دو هێندە زیادی كردوە.
فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عێراقی بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی پەنابەرانەوە، لە راگەیەندراوێكدا ئاماری پەنابەران و كۆچبەران و قوربانیانی رێگەی گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپای بڵاوكردەوە.
فیدراسیۆنەكە ئاماژەی بەوەداوە كە بەپێی ئاماری فەرمی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ کاروباری پەنابەران UNHCR کۆی گشتی ئەو کەسانەی بەهۆی نائارامی و پشێوی سیاسی و جەنگ و کێشەی ئایینییەوە بەناچاری ئاوارەو پەنابەربون تا کۆتایی ساڵی 2023 گەیشتۆتە 117ملیۆن و 300 هەزار کەس.
بەپێی ئاماری هەمان ڕێکخراو دەڵێت، بەپێی چاودێریمان لە ماوەی 4 مانگی سەرەتای ئەمساڵدا بەهۆی ئاوارەبونی پەنابەربونی خەڵکانێکی زۆر ژمارەکە 120 ملیۆنی تێپەڕاندوە لە کاتێکدا تا کۆتایی ساڵی 2022 ژمارەکە 110 ملیۆن کەس بوە واتا لەماوەی ساڵێکدا لە 10% زیادی کردوە، هەروەها بەپێی ئاماری فەرمی هەمان ڕێکخراو لە 1.5% لە کۆی دانیشتوانی سەر زەوی ئاوارەو پەنابەرن و لە کۆی 69 کەس لە دانیشتوانی سەر زەوی یەک کەس پەنابەرو ئاوارەیە لە کاتێکدا لە ساڵی پار لە هەمانکاتدا لە کۆی 74 کەسدا یەک کەس ئاوارەو پەنابەر بو و لەماوەی 10 ساڵی ڕابردودا لە کۆی 125 کەس یەک کەس ئاوارەو پەنابەربون واتا ڕێژەکە نزیکی نیواو نیو زیادی کردوە.
بەگوێرەی ئامارەكە لە ساڵی رابردودا ژمارەی ئەو کەسانەی لەناوخۆی وڵاتەکانیان ئاوارەبون بریتییە لە 68ملیۆن و 300 هەزار کەس کە 9ملیۆن و 100 هەزار کەسیان سۆدانین بەپلەی یەکەم دواتر سوری بەپلەی دوەم بە 7ملیۆن و 200 هەزار دواتر کۆماری کۆنگۆی دیموکراتی بەپلەی سێیەم بەژمارە 6 ملیۆن و 700 هەزار کەس ، ئەمە لەکاتێکدا لە کۆتایی ساڵی 2022دا ژمارەی ئەو کەسانەی بەناچاری لە ناو خۆی وڵاتەکانیان ئاوارەببون بریتیبو لە 62ملیۆن و 500 هەزار کەس وە لە کۆی 117ملیۆن و 300 هەزار ئاوارەو پەنابەر لەسەراسەری جیهاندا 58% ئاوارەی ناوخۆی وڵاتەکانیانن.
هەر بەپێی ئامارەكە ژمارەی ئەو ئاوارەو پەنابەرانەی گەڕاونەتەوە وڵات و ناوچەکانیان بەم شێوەیەیە: 5 ملیۆن و 100 هەزار ئاوارەی ناوخۆ گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان کە لەو ژمارەیە لە62% پێکدێن لە کۆماری کۆنگۆی دیموکراتی بە یەک ملیۆن و 800 هەزار ئاوارە ئۆکرانیا بە یەک ملیۆن و 300 هەزار ئاوارەو هەروەها یەك ملیۆن و 100 هەزار پەنابەری 39 وڵات لە 93 وڵاتەوە گەڕاونەتەوە وڵاتەکانیان، بەڵام ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ کاروباری پەنابەران UNHCR سەبارەت بە گەڕانەوەی ئەو پەنابەرو ئاوارانە بۆ وڵات و ناوچەکانیان دڵگرانەو دەڵێن، ناوچەو وڵاتەکانیان هێشتا ئارام نیەو گەڕانەوەیان مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەکات و مانەوەیان درێژە ناکؽشێت.
بەپێی ئاماری هەمان ڕێکخراو زۆرترین ئەو کەسانەی ڕو لە ژیانی پەنابەرێتی دەکەن لەسەراسەری جیهاندا بریتین لە پەنابەرانی هاوڵاتیانی سوری و ئەفغانی لە پلەی یەکەمدا بەڕێژەی 6ملیۆن و400 هەزار بۆ هەریەکەیان کە یەك لەسەر سێی پەنابەران پێک دەهێنن دواتر پەنابەرانی فەنزویلا بەپلەی دوەم بەڕێژەی 6ملیۆن و 100 هەزار و لە پلەی سێیەم پەنابەرانی ئۆکرانی بەڕێژەی 6 ملیۆن پەنابەر.
هەروەها بەپێی ئامارەكە ژمارەی ئەو پەنابەرانەی تا کۆتایی ساڵی 2023 ڕەوانەی وڵاتانی سێیەم کراون بریتیە لە 158هەزارو 700 پەنابەر کە ڕێژەکە لەئاست ساڵی 2022دا بە ڕێژەی 35% زیادی کردوە بەڵام ڕێکخراوەکە دەڵێت، هێشتا دو ملیۆن پەنابەر پێویستیان بەوەیە ڕەوانەی وڵاتانی سێیەم بکرێن، هەروەها ئەو پەنابەرانەی ڕەوانەی وڵاتانی سێیەم دەکرێن لەڕێگای هەمان ڕێکخراوەوە لە کۆتایی ساڵی 2023 دا 30 هەزارو 800 پەنابەر بونەتە خاوەن ڕەگەزنامەی ئەو وڵاتانەی بۆی نێردراون و سەقامگیربون.
فیدراسیۆنەكە ئاماژەی بەوەشداوە، بەپێی ئامارێكی فەرمی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی IOM لەماوەی شەش مانگی سەرەتایی ئەم ساڵدا دوهەزارو 56 پەنابەر بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا گیانیان لەدەستداوە ئەم ژمارەیەش لەئاست ساڵی پاردا لە هەمانکاتدا نزیکی دو هێندە زیادی کردوە.
بەگوێرەی ئامارەكە لە کۆتایی ساڵی 2023دا ژمارەکە بەرزبۆتەوە بۆ 65هەزارو 400 پەنابەر کە زۆرینەیان لەدەریای سپی ناوەڕاست گیانیان لەدەست داوە کە بریتییە لە 23هەزارو 524 پەنابەرو ئەو پەنابەرانەشی گیانیان لەدەست داوەو تەرمەکانیان نەدۆزراوەتەوە بریتییە لە 27هەزارو 117 پەنابەر.
بەپێی ئاماری هەمان ڕێکخراو خوێناویترین ساڵ بۆ پەنابەران ساڵی 2023 بوە کە زیاتر لە هەشت هەزار پەنابەر گیانیان لەدەست داوە.