گوند یان لادێ، ئامادەییەکی کاریگەری هەیە لەچەند ئاستێکی جیاوازدا لەپێکهاتەی ئاگاییو سیاسیو کەلتوریو ئابوریو ئەخلاقی مرۆڤی کورددا. بەڵام وەک زۆر بواری تر، بیرلێنەکراوەیە. لەناونیشانی ئەم نوسینە مەبەستم دو وروژاندنە: یەکەم، چۆن دیدی مارکس، بەئاگاییو بەبێ ئاگایی، زاڵە بەسەر پۆلێنکاری کورددا بۆ گوند، لەهەمانکاتدا، چۆن ئەم دیدە، نەگونجاوە بۆ کوردستان.
مارکس زۆر بەکەمی کاری لەسەر رۆژهەڵات کردوە، بەڵام سێ چەمکی گرنگی کارپێکردوە کە ئامادەییان هەیە: ئەوانیش ستەمکاری رۆژهەڵاتی، جۆری ئاسیایی بەرهەمهێنان، لەگەڵ گوند. ئەم سێ چەمکە هەرسێکیان پێکەوە گرێدراوەن، لەچەندین ئاستدا، من لەگوندەوە دەیانبینم. گوند لای مارکس ئەو جێگایەیە کە شارنیە.
مارکس فەیلەسوفی شارە. بەڵام دەبێت ئەوە بڵێین کە مارکس بیرمەندی پانتایی نیە، بەڵکو بیرمەندی کاتە. بەو مانایە ئەوە مێژو کاتو قۆناغە کە گرنگی هەیە لای مارکس نەک شوێنو پانتاییو بوار. بۆیە ئاسان نیە بڵێین کە لای مارکس گوند شوێنە، بەڵکو گوند لەقۆناغێکی تایبەتدایە، لەقۆناغی گەشەی مرۆڤایەتی. ئەم جیاوازییە کاتیو شوێنیە گرنگە بۆ لێکدانەوەکەمان.
کاتێک دەڵێین مارکس گوند وەک نێگەتیفی شار دەبینێت یان ئەو جێگایەیە کە شار نیە، ئەوا دو قۆناغ لەبەرچاو دەگرێت، قۆناغی پێش بۆرژوازی، لەگەڵ قۆناغی بۆرژوازی. ئەمە لەسەرەتای مانیفێستدا بەباشی دەردەکەوێت کاتێ باس لەڕەقو شل دەکات. دەتوانین بڵێین لای مارکس، وەک کاتێک باس لەگوندی هیند دەکات ئاماژەی پێدەدات، گوند جێگایەکی دابڕاوی، نەگۆڕە کە پێداویستیەکانی خۆی دابیندەکات بەدابڕان لەهەمو دەوروبەری، یانی گوند کۆمارێکی بچوکە. ئەم خەسڵەتانە پێچەوانەی شارن، کە جێگایەکی شلە، لەبەردەوام گۆڕاندایە، پەیوەندی بەجێگاکانی ترەوە هەیە. لەسەر ئەم بنەمایە گوند جێگایەکی دواکەوتوەو شار جێگایەکی پێشکەوتو. وەک بەئاگادەبێتەوە کە دەربڕینی پێشکەوتوو پێش-نەکەوتو خۆی لەخۆیدا دەربڕینێکی مارکسیە. چونکە پێشکەوتو بریتیە لەو بونەوەرەی کە پێشترە لەئەوانی تر بەرەو ئامانجێک.
دیارە ئەم دیدەی مارکس پڕ لەهەڵەیە، زیاتر دیدێکی سیاسیە لەبری ئەوەی زانستی بێت. چونکە گوند بەهیچ جۆرێک دابڕاونیە، کۆمارێکی بچوک نیە، هەروەها ئەمە هۆکاری ئەوەنیە کە ستەمکاری قبوڵ دەکات، وەک مارکس دەڵێت. بەڵام ئەمە دەریایەک شتی لەسەر نوسراوە، کاری ئێمە نیە لێرەدا، بەڵام کاری ئێمەیە گەڕانەوە بۆ دۆخی ئاگایی کوردی.
بەهەمانشێوەی مارکس گوند وەک جێگایەکی دواکەوتو دەبینرێت لەئەدەبیاتی کوردیدا، بەتایبەت لەئەدەبیاتی زارەکی ئەو جێگایانەی کە خۆیان بەشاری دەزانن. دیارە شارو شارستانی لەزمانی کوردیدا رێککەوت نیە کە لەیەکترەوە نزیکن. بەم پێیە شار باڵایەو گوند نزم. بەڵام ئەوەی رون نیە ئەوەیە ئایا گوند چیە لەئاگایی کوردیدا: ئایا جوگرافیایە، یان پێکهاتەیەکی کات-ئامێزە، ئایا گوند خاوەن بونیادی ئابوریو کەلتوری تایبەتە یان گوند ئاگاییە. من وەها هەست دەکەم گوند ناوێکە بۆ جۆرێک لەئاگایی کە پەیوەست نیە بەگوند وەک جوگرافیا.
ئەگەر گوند وەک جوگرافیا وەربگرین یان وەک پانتایی ئەوا ئاسان نیە بڵێین هەمو گوندی کوردی بەیەک جۆر لەپێکهاتەی کۆمەڵایەتیو سیاسیو ئابوری دەژین. هەروەها دەکرێت بپرسین ئایا گوند هەیە، وەک نێگەتیفێکی شار، چونکە گومان دەکرێت جێگایەک هەبێت وەک شار. بەڵام زۆر شت لەئاگایی کوردیدا، لەبەر زاڵبونی دیدی ئاینی تەنها بونێکی زمانەوانی هەیە. بۆ نمونە بەهەشت دۆزەخ، تەنها بونێکی زمانییان هەیە. بەڕای من هەروەها شارو گوندیش. کاتێ وەها دەڵێین مەبەستمان ئەمانەی خوارەوەیە:
یەکەم، دۆخی کوردستان وەک یەک بوە لەڕابوردودا. بەگشتی دانیشتوانێکی کەمو شاری نوێ، کە کەلتوری تایبەتی شار نەهاتوەتە ئاراوە. بۆیە دەبینین تەنها یەک جێگا لەکوردستان خۆی بەشار دەزانێت: هەمومان دەزانین کوێیە. ئەم کولتورە بێ بنەمایە لەپرۆسەی شەڕی ناوخۆی پارتیو یەکێتیدا بەکاردێت بۆ دروستکردنی پەرتکردنو پاشان زاڵبون بەسەر مرۆڤی کورددا
دوەم، شار وەک جێگای پیشەسازی، چینی ناوەند، هەبونی چینی بەرهەمهێنی مەعریفە، بونی نیە. ئەمڕۆ زۆرینەی خەڵكی کورد بینەری هەمان کەناڵەکانی تەلەفزیونن لەهەرجێگایەکی کوردستان. تەکنەلۆجیا رێگری بو لەهاتنە ئارای کولتوری جیاواز.
سێ، دۆخی سیاسی کوردستان کە هاتن بۆ شارو گەڕانەوەو هاتنەوە بۆ شار، بەهۆکاری سیاسی چ لەسەردەمی بەعسو چ لەسەردەمی دەسەڵاتی کوردیدا، رێگربوە لەوەی گوند بێتە ئاراوە وەک جێگایەکی سەقامگیری نەگۆڕ، لەبەرامبەر جێگایەکی شلی هەمیشە گۆڕاودا.
چوار، هەر شارێکی کوردی چیرۆکی دروستبونی خۆی هەیە، کەرکوک زۆر تایبەتەو جیاوازە لەسلێمانی، نەوت شاری تایبەت بەخۆی دروست دەکات، بێتشلەمۆن نامەیەکی دوکتۆرای تایبەتی نوسیوە لەزانکۆی هارڤەرد دەربارەی شاری کەرکوک، شایستەی خوێندنەوەیە. هەولێر جێگایەکی نیولیبرالە لەگەڵ کۆمەڵێک خەسڵەتی تردا، کە دیسانەوە بەرهەمی خەونی نەوتی کوردە.
پێنج، ئێمە ئەگەر میتۆدەکەمان وەها لێبکەین، لەکاتێکدا کە شار بونی نیە، ئەوا گوندیش بونی نیە، چونکە گوند لەڕوانگەی شارەوە بینراوە، بەدیدی مارکس، بەڵام گوند هەیە، کەواتە ئەوەی هەیە تەنها گوندە، بەڵام لەم دۆخەدا پێویستمان بۆ میتۆدی جیاوازە.
شەش، کاتێک کە شار و گوند بونێکی تایبەتی جیاواز و نزیک لەیەکتریان هەیە، ئەوا چەمکی گوند و شار، یان بونی ململانێ لەنێوان ئەم دو دیدەدا تەنها بنەمایەکی مەجازی ناواقیعییان هەیە. دەکرێت بڵێین تەنها لەخەیاڵدا بونی هەیە.
بۆیە لەسەر ئەم بنەمایانەی سەرەوە ناتوانینو هەڵەیە بڵێین کە دۆخی کوردستان بریتیە لەململانێی نێوان گوندو شار، یان بونی دیدی گوندو دیدی شار، یان چینی گوندو چینی شار. چونکە ئەمانە هەموی بونی نیە. بەتایبەت کاتێک ئەم تێگەیشتنە پانتاییانە نیە، ئابوریانە نیە، سیاسیانە نیە، ئەوەی هەیە چەمکی گوندو شار چەمکی موزەیەفن، بۆ ئامانجی سیاسی بەکار دەبرێن. ئێمە دەزانین کە دو جۆر تێگەیشتنی سەرەکی هەیە: یەکەمیان زانستیەو ئەویتریان سیاسی. یەکەمیان راستی بەیان دەکات، دوەمیان راستی بۆ ئامانجی خۆی بەرهەم دەهێنێت. دەبێت پەیوەندی نێوان ئەم دو میتۆدە پەیوەندی رکەبەری بێت نەک خزمەتکاری وەک لەکوردستان دەیبینین.
سهردار عهزیز
سەرچاوە:ئاوێنە