شکسبیر دەڵێت:
” زۆر لە پاشا و سەرۆکی خەمبارم بینی، بەپێچەوانەشەوە زۆریش گەدا و پینەدۆزی خۆشبەختیشم بینی.”
ئێمە زۆربەی جار لەکاتی ھەوڵدانمان بۆ سەرکەوتن و پەلە هەڵپەکردنمان بۆ گەشتن بە ئامانجێک، لەبیرمان دەچێت کە بژین !!
گوێ لەو دەنگەی ناخمان ناگرین کە پێویستی بە ئارامیە، گوێ نادەین بە ئەوەی چیمان لە کیس دەچێت لە کاتی سەرکەوتنی پەیژەی ژیاندا، بیرمان دەچێتەوە کە چی گرنگە؟!
ھەنگاوەکان فراوانتر دەکەین تا دەگەینە لوتکەی پەیژەکە، کە دەگەین و لەبەرزاییەوە دەڕوانین، ڕاستیەکی تاڵ دەبینین، بۆمان دەردەکەوێت کە ژیان چەندە کورت بوو!
لەو ژێر زەوییەی لەسەری وەستاوین، چەندەھا کەسی سەرکەوتوو ھەیە کە ھیوایان گەڕانەوەیە بۆ سەر زەوی تەنھا بۆ رۆژێک، تەنھا چانسێک بۆ وتنی وشەی “خۆشمئەوێن” بەو کەسانەی خۆشیاندەویستن و لەبەر سەرقاڵی ژیان بوار نەبووە بیڵێن.
تەنیا ھیوایان ڕۆژێکی ترە بۆ ئەوەی بە سەری بەرن لەگەڵ خۆشەویست و هاوڕێی و کەسوکارییان.
ھەروەکوو “جاک کورنفیلد” کەنوسەر و مامۆستایەکی بوزی ئەمریکییە، دەڵێت :
(لەکۆتایدا سێ شت گرنگە، چۆن ژیاین، چۆن خۆشەویستیمان کرد،چی فێربووین؟!
بۆ ئەوەی بە ئارامی ژیان بەجێبهێڵین.)
ھەرگیز ناڵێت چۆن بەناوبانگ بوین، چۆن توانیمان کۆشک و تەلارەکان دروست بکەین، چۆن حسابی بانکییەکانمان زیاد کرد، چۆن فۆلوەری سۆشیاڵ میدیامان زیاد بکەین؟
پێویستە لەکاتی سەرکەوتندا خۆمان لەبیر نەکەین، بەهۆش خۆمان بێینەوە، پێش ئەوەی درەنگتر بێت.
ھەموو کەسێک دەزانیت پارە خۆشبەختی دەھێنێت، بەڵام ئاگادار بە، لەوانەیە پارەیەکی زۆر بەدەستبهێنیت و ببیتە خاوەنی ملێۆنێک دۆلار، بەڵام لەگەڵیدا ھەموو خۆشەویستەکانت لە دەستبدەیت، ئایا ئەوە مانای ئەوەیە مرۆڤێکی خۆشبەختیت؟!
یان ببیتە خاوەنی بلێۆنێک دۆلار، بەڵام تەندروستیت لە دەستبدەیت، ئایا ئەمە پێی دەگوترێت سەرکەوتن؟!
دالی لاما دەڵێت :
” مرۆڤ قوربانی بە تەندروستی خۆی دەدات بۆ دروستکردنی سامان، لە دواییدا قوربانی بەھەموو سامانەکەی دەدات، بۆ دەستکەوتنەوەی تەندروستیەکی باش.”
ھەرگیز مەھێڵە ناوبانگ و سامانەکەت ببێت بە زیندانێک بۆت، لەبیرت بیت لەوانەیە چەندەھا ساڵ ھەوڵبدەیت بۆ دەسکەوتنی ئۆتۆمبێلی خەونەکانت، بەڵام ئەو ڕۆژەی دەتەوێت لێبخوڕیت، ھیج کەس نەبێت لەتەنیشتەوە بێت، پیاسەکەتی لە گەڵدا بکەیت.
بۆیە هەتا دەتوانیت ھێوربەرەوە، لەسەرخۆ بە لە ھەنگاوەکانتدا، کە بە باخچەکەدا دەڕۆیت بیرت نەچێت بۆنی گوڵەکان بکەیت، بەخێرایی تێمەپەڕە، لەبیرت بێت ھەندێک گوڵ بدەیت بە دەوروبەرت و لەسەرخۆ بە لەھەنگاوەکانت، لە یادت بێت شتێک ھەیە بە ناوی ژیان کە زوو تێدەپەڕێت، پێویست دەکات سات بە ساتی ھەست پێبکەیت ، جونکە ساتەکانی ژیانت ژمارەیەکی دیاری کراوە ..
لەیادت نەچێت، لە کۆتاییدا سێ شت بەڕاستی گرنگە :
چۆن ژیایت ؟
چۆن خۆشەویستیت کرد ؟
چی فێربوویت ؟
بۆ ئەوەی بە ئاسوودەیی ژیان جێبهێڵیت، زیادەڕۆیی مەکە لەکاتی سەرکەوتن و بەناوبانگبووندا، ھەمیشە ئەو شتانە بکە کە دڵخۆشت دەکات، ناخت ئاسوودە دەکات.