عێراق، کە ڕۆژانێک لانکەی شارستانییەت و، سەنتەرێکی ڕۆشنبیریی گرنگی جیهانی کۆن بووە، ئێستا بۆتە کۆمەڵگایەک کە ڕۆژ بە ڕۆژ، بە هۆی نفوزی زیاتری ڕژێمی ئێران و ئیسلامیزەبوونی زیاتری فەزای گشتیی کۆمەڵگاکەوە، بەرەو داخراویی و داڕوخاویی زیاتر دەڕوات.
ئەو هەموارکردنەی یاسای بەرەنگاربوەنەوەی لەشفرۆشییە کە شەممەی ڕابردوو لە پەرلەمانی عێراقدا پەسەند کرا، هێرشی ڕاستەوخۆی دەوڵەتە بۆ سەر پارێزراویی ژیانی شەخسیی هاوڵاتییان کە لە دەستوردا پارێزراوە.
ئۆتۆنۆمیی تاک و مافی تاکی گەورەساڵ لە بڕیاردان لەسەر لەش و سێکشواڵیتیی خۆی، شتێک نییە دەوڵەت مافی هەبێت دەخالەتی تیا بکات. فرۆشتنی سێکس لەلایەن کەسی گەورەساڵ خۆیەوە نابێت لە فرۆشتنی هێزی کار یان فرۆشتنی هەر خزمەتگوزارییەکی تری ئاسایی، جێگەی ڕەخنەیەکی زیاتر بێت.
ئەمەی خوارەوە وەڵامی منە بە پرسیارێک سەبارەت بەو دۆزە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی «ژنەفتن» کە چەند ساڵێک پێش ئێستا کراوە. هیوادارم بەشدارییەک بکات لە کەوتنەوەی بیرکردنەوەیەکی تۆزێک ئاڵۆزتر لە دۆزی لەشفرۆشیی.
هەروەها هیوادارم ڕووەکانی تری ئەو یاسایە کە هێرشە بۆ سەر مافەکانی خەڵکی هاوڕەگەزخواز و ترانسجێندەر و چالاکوانان و هەر کەسێک کە داکۆکیی لەو مافانە بکات، میدیاکان جورئەتیان هەبێت بەئیشکالی بکەن و لێنەگەڕێن ئاوا ئاسان و بەبێ ڕەخنە تێپەڕێت.
…
پرسیاری ژنەفتن/
لەپەیوەند بەو جیاکارییەوە کە تۆ دەیکەیت لەنێوان ”بەکاڵاکردن” و ”بەکەرەستەکردن”دا، پێویست دەکات بڵێم کە یەکێك لەو ڕەخنانەی ڕووبەڕووی کچە مۆدێلەکان دەکرێتەوە تۆمەتی لەشفرۆشییە. ئەوەی ئایا تا چەند ئەو تۆمەتە ڕاستە یان تا چەند تۆمەتێکی بێبنەمایە، ئەوە مەسەلەیەکی ترە. ئەوەی دەمەوێت پرسیاری لەسەر بکەم ڕەوایی ڕەخنەی هەندێک لە فیمینیستەکانە لە دیاردەی لەشفرۆشیی. ئایا لە ڕوانگەیەکی مافی ژنان یان مافی مرۆڤەوە، دروستە چۆن هەڵوێستگیریی لەئاست لەشفرۆشییدا بکرێت؟
س.ع./ پێموایە پێش وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە پێویست بە جیاکارییەکی تر هەیە لەنێوان دوو جۆر لە بەکاڵاکردندا.
با بەم جۆرە جیاوازییەکە گوزارشت لێ بکەم: ئەوەی کە کەسێك لەبەرامبەر خزمەتگوزارییەکی سێکسییدا کە ئارەزومەندانە بە لەشی خۆی پێشکەشی دەکات قیمەتێک وەردەگرێت، ئەوە جۆرێک لە ساتوسەودایە کە جیاوازە لەو جۆرە ساتوسەودایەی کە کەسێک لەبەرامبەر خزمەتگوزاریی بەیەکگەیاندنی کڕیار و فرۆشیاردا قیمەتێک وەردەگرێت. ئەمەی دووهەمیان لەو سۆنگەیەوە جێگەی ڕەخنەیە و دەبێت سزای یاسایی هەبێت کە بازرگانییە بە ئینسانەوە. بەڵام هەرچی حاڵەتی یەکەمیانە، من تێناگەم بۆچی دەبێت جێگەی ڕەخنە بێت، یان بۆچی دەبێت بە یاسا سزادار بکرێت.
جار هەیە لە ناوەندی ڕۆشنبیریی کوردییدا بەرچاوم دەکەوێت کە ئاماژە بەوە دەکرێت کە کڕینی سێکس لە زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاواش قەدەغە و سزادار کراوە، بۆ نموونە لە سوید، وە وای پشان دەدەن کە گوایە تەنانەت دونیای مۆدێرنیش، کە ڕێز لە مافە شەخسییەکانی مرۆڤ دەگرێت و کەم و زۆر تاک لە تەدەخولەکانی کۆلەکتیڤ خۆی دابڕیوە، فرۆشتنی سێکس یان کڕینی سێکس قەدەغە دەکات، لەبەر ئەوەی گوایە کڕینی سێکس ئیهانەیە بە ئافرەت، یان فرۆشتنی سێکس بەناچاریی و لەبەر هەژارییە.
دیارە ئەوە بەهەڵەتێگەیشتنێکی تەواوە لەو یاسای قەدەغەکردنە کە لە هەندێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا هەیە. دونیای مۆدێرن بۆ ڕێگەگرتن لە لەشفرۆشیی نییە کە کڕینی سێکس قەدەغە دەکات. ئەوەی ئەو قەدەغەکردنە دەیەوێت ڕێی پێ بگرێت پارەپەیداکردنی نایاساییە (Trafficking) بۆ نموونە لەڕێگەی لەشفرۆشییکردن بە کەسی ترەوە. واتە ئەو مانا دووەمەی چەمکی ”بەکاڵاکردن” کە ئێستا باسم کرد.
فرۆشتنی سێکس لەلایەن کەسی گەورەساڵ خۆیەوە نابێت لە فرۆشتنی هێزی کار یان فرۆشتنی هەر خزمەتگوزارییەکی تری ئاسایی، جێگەی ڕەخنەیەکی زیاتر بێت. کە دوو کەسی گەورەساڵ خۆیان دەچنە مامەڵەیەکی واوە کە لەبەرامبەر سێکسدا یەکێکیان پارەیەک یان هەر بەهایەکی ماددی تر بداتە ئەویتر، ئەمە مامەڵەیەکە لە چوارچێوەی کۆنسێپتی «ئازادیی شەخسیی»دا وەک مافێک لە مافەکانی مرۆڤ ڕەسمییەتی پێداوە. بۆیە مامەڵەیەکە کە کۆمەڵگا و دەسەڵاتی سیاسیی هیچ مافێکیان نییە تەدەخولی تیا بکەن و لەئاستیدا سۆشیاڵ-کۆنتڕۆڵ بەکار بهێنرێت.
بەم مانایە، هەر تەدەخولێک لەو کارە بە ئامانجی ڕێگرییلێکردنی، هەوڵە بۆ پێشێلکردنی مافی مرۆڤ. تەنانەت بەپێی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ، وە پەیماننامەی مافە مەدەنیی و سیاسییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، کە عێراقیش ئیمزای کردوون و لەڕووی حقوقییەوە پابەستە بەمەی دووهەمیانەوە، ئەگەر کۆمەڵگا رێگریی بکات لە مومارەسەی کەسانێک بۆ ئەو مافەی خۆیان، دەسەڵاتی دەوڵەتیی فەرزە لەسەری ئەو پێشێلکارییە رابگرێت.
٭٭٭
من ئەوە دەزانم کە زۆرێک لەبەر نەداریی دەست بۆ لەشفرۆشیی دەبەن و، هەست بە ڕووشانی کەرامەتیان دەکەن کاتێک دەیکەن. بەڵام ئەوە ئارگیومێنتێک نییە بۆ قەدەغەکردنی و زەوتکردنی ئەو مافە لەو کەسانە، یان لە کەسانێکی تر کە هەست بەو ڕووشانی کەرامەتە ناکەن لە لەشفرۆشییاندا.
کۆمەڵگا و دەسەڵات بە هۆکاریی هەژاریی و دڵپیاسووتان بە کەسەکانەوە نییە لەشفرۆشیی قەدەغە دەکەن. ڕێگەگرتن لە کاری لەشفرۆشیی هیچ لە هەژاریی کەم ناکاتەوە، بەڵکو ئەسڵەن دەرفەتێکی دەستخستنی دەرامەت لە کەسەکە دەسێنێتەوە. کۆمەڵگا و دەسەڵات لەو سۆنگە کۆنەپەرستانەیەوە قەدەغەی دەکەن و مولاحەقەی لەشفرۆشیی دەکەن کە ناکۆکە بە بەها کۆنسەرڤاتیڤەکانی ناو ئەو کولتوری عیففەت و کولتوری «سێکس-نەفرەتیی»ەی کە پاتریارکییەت و ئاین چەند هەزار ساڵێکە خەریکن ڕەگی پێ دادەکوتن لەناو کۆمەڵگای مرۆڤاتییدا. هەر لەو پێناوەدا باکیان بەوە نییە کە ئەو قەدەغەکردنە پێشێلکردنی مافی مرۆڤە.
بۆیە لەم سیاقەدا، هەر جۆرە ڕەخنەکردنێکی لەشفرۆشیی لەلایەن کەسانی ناو بزوتنەوەی ژنانەوە، هەم بەشدارییە لە زەوتکردنی مافێکدا، وە هەم بەشدارییە لە بەهێزکردنی سێتێک لە بەهای کۆنسەرڤاتیڤانەی دژەژندا کە تەداخولکردن لە ژیانی سێکسیی ژناندا و کۆنتڕۆڵکردنی، وەک پەیامێک و ئەرکێکی ئاسمانیی دەزانێت بۆ ئینسان.
ئەو مۆڕاڵیزمە سێکسییەی پاتریارکییەت و ئاین جێیان خستووە هۆکاری ئەو نەفرەت و تووڕەییە زۆرەیە کە کۆمەڵگا لەئاست کاری فرۆشتنی خزمەتگوزاریی سێکسییدا پیشانی دەدات. ئەو مۆڕالیزمە لەناو زیهنی سەرجەم تاکەکانی ناو تەنانەت کۆمەڵگای ئەم سەردەمەشدا جێی گرتووە. ئەمە تا ئەو ئاستە چووە کە خەڵکانێک کە بە ئایدۆلۆجیا و بە قەناعەت هیچ پەیوەندییەکیان بە ڕوانگەی کۆنەپارێزانەی ئاینییەوە نییە بۆ سێکس و خۆشەویستیی و تێکەڵبوون، لەپڕ دەبینیت لە سیاقێکدا یان لەئاست دۆزێکی دیارییکراودا بە هەمان بەهاکانی ئەو ڕوانگە کۆنەپارێزانەیە ئارگیومێنت یان هەڵوێستگیریی دەکات. سەیری، بۆ نموونە، ئێستاش جار هەیە لەناو هەرە زیهنکراوەترین توێژی کۆمەڵگادا وەک جۆرە ئابڕووچوونێک بۆ کەسێک چاو لێدەکرێت ئەگەر پێ بزانرێت کە لە کچێک نزیک بۆتەوە و حەزی ئەوەی پیشان داوە کە بە سێکس پێکەوە بن. نموونەی ئەوە زۆر دەگمەن نییە کە کچێکی زیهنکراوە لەپڕ چاتی کوڕێک بڵاو بکاتەوە و وەک سکانداڵێکی ئەو کوڕە پیشانی بدات و بڵێت خەڵکینە سەیرکەن ئەم کوڕە هەوڵیدا لێم نزیک بێتەوە و وا لێرەدا بەڵگەی ئەو «ناپاکی»یەی بڵاو دەکەمەوە. کوڕەش وەک ئەوەی بەسەر دزییەکەوە گیرابێت، دەبێت تەحەمولی نیگای سەرکۆنەکەرانە و بزەی مەسخەرەکەرانەی خەڵک بکات.
دیارە هەراسانکردن و گوشاربۆهێنان شتێکی ترە، بەڵام ئەوەی کە موبادەرەی سێکس یان تەنانەت خۆشەویستییش وەک کەشفبوونی کارێکی ناپاکانە سەیر دەکرێت، هیچ نییە بەغەیری مانەوەی تەڕەسوباتی کولتوری کۆنەپەرستانەی سێکس-نەفرەتیی لەناو زیهنی تاکە هەرە پێشکەوتووەکانیشدا.
٭٭٭
کۆمەڵگای کۆنسەرڤاتیڤ دوای ئەوەی کە بەهاکانی خۆی لەناو زیهنی خەڵکەکەدا ڕەگ پێدادەکوتێت، ئیتر لێدەگەڕێت، تاکەکان خۆیان دەبن بە ڕەقیب بەسەر خۆیانەوە و هەر لادانێکی تاکەکان خۆیان یان کەسانی دەوربەریان لە چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگا بەپێوانەی بەها کۆنسەرڤاتیڤەکان دەپێون. بۆ نموونە، کۆمەڵگا هەر متمانەبەخۆبوونێکی تاک و یاخییبوونی لە کۆمەڵگا ناوی دەنێت «بەرەڵا» یان «بەرەڵایی» و کۆنۆتەیشنێکی نێگەتیڤ لە چەمکەکە بار دەکات و ئیتر کەس نایەوێت وەک بەڕەڵایەک چاوی لێ بکرێت و خۆی دەستی ئازادیی و جورئەتی شەخسیی خۆی دەبەستێتەوە. ئەمە لە کاتێکدا ئەگەر لە پێرسپێکتیڤێکی دەرەوەی ئەو کولتورەوە سەیری بکەیت، ئەوا سیفەتی «بەرەڵایی» تاکێک ئەسڵەن دەبێت وەک هەر ئازایەتییەک و متمانەبەخۆبوونێکی تر جێگەی شانازیی بێت بۆی. چەمکەکان ئاوا لەدەست کۆمەڵگا دادەماڵرێن و وەک چەک دژ بە خۆیان بەکار دەهێنرێنەوە. بۆیە کارێکی گرنگ کە بکرێت ئەوەیە ووشەی «بەرەڵا» لەدەست کۆنەخوازە دژە ژن و دژە ئازادییە شەخسییەکان وەرگیردرێتەوە و، کۆنۆتەیشنی پۆزەتیڤی پێ بدرێت و بکرێتە سیفەتێکی جێگەی شانازیی.
ئەو کولتوری ناشیرینکردنەی کردەی سێکسە هەر لە سەردەمی داڕشتنی چیرۆکی ئەفسانەیی دەرکردنی ئادەم و حەواوە لە «بەهەشت» خەریکی دانانی کارکردی مونحەریفانەیە لە زیهنی خەڵکدا سەبارەت بە سێکس. ئەو کولتورە بەوێدا هاتووە کە لە چاخەکانی ناوەڕاستدا کڵێسا سێکسکردنی ژن و مێردی لە ڕۆژە پیرۆزەکانی ئایندا قەدەغە کرد. ئەم بێزراوکردنەی حەزی سێکسیی بە فەلسەفەی قەشە ئاوگوستین بۆ مۆڕاڵی سێکسدا تێپەڕی کە دەیووت سێکس دەبێت تەنها بۆ دروستکردنی منداڵ بێت نەک چێژبینین، وە کەنیسە داوای دەکرد سێکس دەبێت تەنها بە «وەزعییەتی موبەشیر»ەوە بکرێت و بۆ چێژبینین نەبێت.
وەنەبێ ئەم شزوزی بێزراوکردنەی سێکس لەسەردەمی مۆدێرندا کەم کۆمیدیتر و کەم دەبەنگانەتر بێت. چەند ساڵێک پێش ئێستا بوو کە یەکێک لە هەرە «عاقڵ»ەکانی ناو موفتییەکانی دەوڵەتی سەعودییە عەقڵی خۆی گووشی و گەیشتە ئەو قەناعەتەی کە هەر کورسییەک کە ئافرەتێک لەسەری دانیشتبێت، دەبێت تا پێنج دەقە دوای ئافرەتەکە پیاو لەسەری دانەنیشێت چونکە ئەگەر کەمتر لە پێنج دەقە بێت، ئەوە وەک ئەوە وایە سێکسیان کردبێت.
ئەزانم ئەم نموونەیەی ئەخیر نمونەی ئەوەیە کە ئیتر خووی عیففەتخوازیی و بێزراوکردنی سێکسکردن بەبێ زەواج لە مێشکی ئەو موفتییەی سەلەفییەکاندا سەری لە نەخۆشی دەرونیی و دێوانەبوونەوە دەرهێناوە، بەڵام پۆینتی من لێرەدا ئەوەیە کە فرۆشتنی سێکس ئەگەر کارکردی ئەو میراتە کولتورییە پڕ لە شزوزە نەبوایە، ئاوا بێزراوتر لە فرۆشتنی خزمەتگوزاریی تر سەیر نەدەکرا.
٭٭٭
ڕوویەکی تری ئەم دۆزە کە پەیوەنددارە لێرەدا باس بکرێت ئەوەیە کە هۆکارێکی ڕەخنەی خەڵک و کەسانێکی فیمینیست لەو دیاردەی لەشفرۆشییەی لە کوردستاندا هەیە ئەوەیە کە ئەوە بەشێکە لەو گەندەڵییە بەرفراوان و خراپبەکارهێنانەی دەسەڵاتدارێتییە کە حیزب و بەرپرسان مومارەسەی دەکەن. من دەزانم هەموو بەرپرسە حیزبییەکانی ناو حیزبەکانی کوردستان، لەپای ئەوەی لەم سێ دەیەیەی دواییدا کردوویانە، هەموو شایان بە ڕق و سزای گەورەن، بەڵام لەهەمانکاتدا من پێموایە ئەو جەوی ڕابواردنەی دەستیان داوەتێ، ئەهوەنترینی ئەو گەندەڵیی و ناپاکییانەیە کە لەم سێ دەیەیەدا بە حوکمی دەسەڵاتدارێتیی دەستیان بۆ بردووە. وە بگرە بەشێکی زۆری ئەو ڕابواردن و ڕەفاهییەتە ئیفڕاتییە ژیانی شەخسیی کەسەکانە و سنووربڕییەکی تیا نییە تا جێگەی ڕەخنە بێت.
ئەگەر ڕەخنەی کۆمەڵگا و فیمینیستەکان لە بەرپرسانی حیزبیی و لە دیاردەی لەشفرۆشیی لە سۆنگەی بەها و پرەنسیپەکانی بزوتنەوەی (#MeToo)وەوە بوایە، پۆینتێکی ڕەوایان دەبوو، چونکە ئەوە ڕۆشنە کە بەهۆی جیاوازیی گەورەی دەسەڵاتدارێتیی لەنێوان بەرپرسان و ئەو کچانەدا، ڕەوایە کەسێک گومانی ئەوە بکات کە بەشێک لەو تێکەڵبوونانە جۆرێکن لە دەستدرێژیی بۆ سەریان. بەڵام خاڵی دەستپێکردنی ڕەخنەی کۆمەڵگا و فیمینیستەکان لەو دیاردەیە ئەو ڕەخنەیە نییە کە بزوتنەوەی «می توو» هێنای. بەداخەوە کەمپین و بزوتنەوەی «می توو» بچوکترین شەپۆلی نەگەیشتە کوردستان، ئەگەرچی دیاردەیەک کە ئەو کەمپینە ڕەخنەی کرد زیاتر لە وڵاتانی ڕۆژهەڵات بەرچاوترە تا وڵاتانی ڕۆژئاوا.
شتێک کە کەسانی فیمینیست و خەباتکاری مافەکانی ژنان گرنگە لێی بەئاگا بن ئەوەیە کە پاڵنەری سەرەکیی ئەو ڕەخنە و تووڕەییەی کە کۆمەڵگا بەرامبەر ئەو ڕەفاهییەتە ئیفڕاتییەی نوخبە سیاسییە گەندەڵەکەی دەکاتەوە، پێش ئەوەی تووڕەیی بێت لە گەندەڵیی و خراپبەکارهێنانی دەسەڵات، توڕەییە لە کرانەوەی کۆمەڵگا و تووڕەییە لە خودموختاریی کچی کورد بەسەر ژیانی شەخسیی خۆیدا. کۆمەڵگای ترادیشوناڵی کوردیی زیاتر بەمەی دواییان هەستیارترە و، زیاتر خەبات بۆ بەهای کۆنسەرڤاتیڤانە و دژەژن مۆبیلیزەی دەکات تا خەبات بۆ ڕیفۆرمی سیاسیی و گەشەپێدانی دیموکراتییەت. سەیری ئەو کۆمەڵگایە بە هەموو میدیاکانی و، نزیک بە هەموو توێژەکانیەوە پشت دەکەنە ژنێک کە کچانی بۆ بەپرسان بردووە و بەناوی پاراستنی ئەخلاقەوە دەکەوێتە زیندان و کەسیش داکۆکییەکی لێ ناکات، بەڵام لەبەرامبەردا کەسانێک، بۆ نموونە، نیقابەی ڕۆژنامەنوسییان داناوە و ڕۆژانە ڕۆژنامەنووس دەبەن بۆ بەرپرسان و مەعاشیان بۆ بەدەست دەهێنێت لەبەرامبەر ئاوەدانکردنەوەی تەلەفزیۆن و ڕۆژنامەکانی حیزبدا، بەڵام کەس بە بیریشیدا نایەت بڵێت ئەو کارە بنکۆڵکردنی ئەو ڕۆڵەیە کە میدیا دەتوانێت لە گەشەی دیموکراتییدا بیبینێت. کتێبێک بنووسە و بەبەڵگەوە ئەوە کەشف بکە کە بە چی ئەندازەیەکی خەیاڵیی کۆمەڵێک پیاوی ساختەچیی بە سیفەتی وەزیری سامانە سروشتییەکان و سەرۆکوەزیران و سەرۆک حیزبەوە موڵکی گشتییان ئیختیلاس کردووە، زۆر کەس نابن خوڵقی خوێندنەوەی کتێبەکەیان هەبێت. بەڵام لە کتێبێکدا بڵێ خەڵکینە سەیرکەن ئەم بەرپرسانە ئەم سێکسە و ئەم سێکسەیان کرد، هەموو کۆمەڵگاکە دەهەژێت و وەک چارەسەر، داوای قەلاچۆکردنی کرانەوەی کۆمەڵگا و ئازادیی شەخسیی کچان دەکەن.
ئینسان بەئاگا نەبێت، لە ڕەخنەکردنی ڕەفاهییەتی گەندەڵانەی نوخبەی سیاسییدا، دەبێتە هاوسەنگەر و بەشێک لە خەباتی ئەو کۆنەخوازانە کە خوازیارانی داخرانی کۆمەڵگای کوردیین.
من دەزانم ئەو ڕەفاهییەتەی بەرپرسانی گەندەڵ دەستیان داوەتێ ئەو خەتەرەی هەیە بۆ سەر کۆمەڵگای کوردیی کە کۆنەخوازان بکەونە یەک و بێزراویی و گەندەڵیی و سەرکوتگەریی نوخبەی سیاسیی بکەنە کەرەستەی مۆبیلیزەکردنی ئەو خەڵکەی کە لە هەژاریی و بێکاریی و کەمیی دیموکراتییەت و نەبوونی دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی بێزارن، وە لەپێناو داخرانی زیاتری کۆمەڵگا و گەڕاندنەوەی ژنان بۆ ناوماڵ، هەموو ئەو ناڕازییانە بکەنە هاوسەنگەری خۆیان. ڕێک ئەمە بوو لە ئێران لە ساڵانی پێش شۆڕشی (١٩٧٩) ڕوویدا و ئیمامە کۆنەپەرستەکان توانییان ڕابواردنی بێ جڵەوی دەسەڵاتی شاهەنشاهیی و کرانەوەی ئیفڕاتیی کۆمەڵگا بکەنە کەرەستەی هەڵخڕانی خەڵک بەدەوری خۆیاندا و، هەر پێش شۆڕش دەسەڵاتدارێتیی و توانای کارکردی سیاسیی لەتەهرانی پایتەختەوە بگوێزنەوە بۆ شاری قوم. ئیخوانییەکانی میسر و داعشەکانی سوریا و هەر بزوتنەوەیەکی ئیسلامیستیی دژەدیموکراتیی تر هەمیشە توڕەیی خەڵک لە گەندەڵیی و سەرکوتگەریی دەسەڵاتداران دەهێننە پشت داخوازییەکانی خۆیان بۆ زیاتر داخراوکردنی کۆمەڵگا و ڕاوەدونانەوەی کچان و ژنان بۆ ماڵەوە.
٭٭٭
شتێک کە پەیوەنددارە لەم سیاقەدا ئاماژەی پێ بکرێت ئەوەیە کە بە حوکمی ئەوەی ئەو ڕابوارادن و خۆشگوزەرانییەی نوخبەی دەسەڵات دەستی دەداتێ هەر تەنها بۆ نوخبەکەیە و بۆ هەزاران هەزار گەنج و خەڵکی تر فەراهەم نییە، ئەمە هەستی ئیغتیرابێک لەناو ئەو بێبەشکراوانە لەو کەیف و سەفایە دروست دەکات کە لە درێژەدا دەیانکاتە کەسانێک کە لە داخی دەستڕانەگەیشتنیان بە خۆشییەکانی ئەو کراوەییە، ئاسان دەبن بە داکۆکییکار و جەنگاوەری دڵسۆز لەڕێگای داخستنی کۆمەڵگا و دژایەتیی مەدەنییەتدا. ئەمەیە وا دەکات دژایەتییکەرانی کۆمەڵگای لیبراڵ و ڕێکخراوە کۆنەخوازەکان و تەنانەت تیرۆریستییەکانیش وا ئاسان پەکیان لەسەر نەبوونی جەنگاوەر نەکەوێت.
پۆینتی من لێرەدا ئەوەیە کە گرنگە فیمینیستەکان و خەڵکانی لایەنگری کرانەوەی کۆمەڵگا، هەم لە دۆزی لەشفرۆشییدا هەم لە دۆزی هاوچەشنی تردا بەئاگا بن لەم هێڵە جیاواز و لێکدرابڕاوانەی کۆنفلیتەکانی ناو کۆمەڵگا، وە لە جیدییەتیاندا لە دژایەتیی گەندەڵیی و سەرکوتگەریی دەسەڵاتداراندا، نەبنە هاوسەنگەری خەباتکارانی کۆنسەرڤاتیڤییەت و ڕێگای داخستنی کۆمەڵگا بەڕووی کچان و ژناندا.
٭ ٭ ٭
سیروان عەبدول: