ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاندووە، لە ماوەی چوار ساڵدا تورکیا ٣٩٨ جار لە رێگای فڕۆکەوە بۆردوومانی ناوچەکانی ھەرێمی کردووە و زیاتر لە ٢٠ ھاوڵاتی مەدەنی کوشتووە.
جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە،”بۆمباران و تۆپباران کردنی سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان لە لایەن سوپای تورکیاوە چ لە رێگای فرۆکە جەنگییەکانیان وە یاخود تۆپخانەکانیان وە بگرە ھەندێ جارلە لایەن ھێزە زەمینیەکانیانەوە بووەتە مایەی زیان گەیاندن ھەم بە ھەموو ناوچە سنووریەکان کە درێژیەکەی زیاترە لە ٧٠٠ کم و ھەم بووەتە ھۆکاری ڕووخان و چۆڵکردنی گوندەکان ورووخاندی خەستەخانە، خوێندگاکان، رێگا و بانەکان، پرد و ئەمجاش شەھیدکردنی خەڵک”.
جەبار یاوەر ڕاشیگەیاندووە، “ئەوەی کە ئێمە، بەس لە ماوەی چوارساڵدا کە ژماردوومانە، لە ١/١/٢٠١٥ وە تاکو ٣١/١٢/٢٠١٨ تاکو ئێستا حکومەتی تورکیا ٣٩٨ جار لە رێگای فڕۆکەوە بۆردوومانی ناوچە سنووریەکان و گوندەکانی ھەرێمی کوردستانی کردووە، جگە لەوەش ٤٢٥ جار بە ھۆێ تۆپخانەوە بۆردوومانی سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان و ھەرێمی کوردستانی کردووە”.
ئاماژەی بەوەشکردووە ، بە ھۆی بۆردومانەکانەوە ٢٠ کەس لە ھاووڵاتیانی بێ گوناە لەو گوندانە گیانیان لە دەست داوە وە تا ئێستا ٢٨٨ لە گوندەکانی سنووری بۆردوومان کردووە، دیارە ئەمە زیانێکی زۆر گەورەی بە ھەموو ناوچەکانی کوردستانی گەیاندووە وە ئەم ھێڕشانەش ھەر بەردەوامن، وە ھەر ئەو بۆردوومانەی کە پێرەکە کرا لە ناوچەی دیرەلوک چوار ھاووڵاتی بێ گوناە دیسان شەھید بوون “.