ئەو دۆخە ئاوارتەیەی پەتای کۆرۆنا بەسەر مرۆڤایەتی و سەرجەم سیستەم و شێوازەکانی ژیانی مرۆڤیدا سەپاندووە، جۆرێک لەبێبایەخکردنی کاری پەرلەمانەکانی لە جیهاندا لێکەوتووەتەوە، لە بەرامبەردا بڕیاری تاکلایەنە و دیکتاتۆرییانەی داوەتە دەست سەرکردەکانی یەکەمی وڵات.
بەهۆی کۆرۆناوە، رۆژانە لە زۆرینەی وڵاتانی جیهاندا، بڕیاری نوێ و رێوشوێنی فەرماندراو بەجێبەجێکردن دەردەکرێت. بۆ نموونە لە ئەڵمانیادا، ئەنگێلا میرکڵ، راوێژکاری وڵات، لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی ویلایەتەکانی وڵاتەکەدا، بەردەوام بڕیار و رێنوێنی نوێ دەردەکەن، بەبێئەوەی هیچ جارێک پەنا بۆ پەرلەمانی فیدراڵی وڵات، یان پەرلەمانی ویلایەتەکان ببەن، ئەوە تێكشکاندنی وێنەی باوی پەرلەمانە، کە بەرپرسی یەکەمە لە دەرکردنی بڕیارەکانی پەیوەست بەژیانی گشتییەوە لە ئەڵمانیا.
ئەو بڕیارە بەردەوامانەی راوێژکاری وڵات و سەرۆک حکومەتە ناوخۆییەکان، دەریدەکەن، هێزی بەرهەڵستیی دژە ‘دیموکراتییەتی فەرمانەکان’ی دروستکردووە.
ئەوەی لەئەڵمانیادا روودەدات و پەرلەمانتارانی ئەو وڵاتە هەستیپێدەکەن، لە راستیدا دۆخێکی بەرجەستەی هەموو دونیایە، چونکە ئەوە دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردنی وڵاتان (حکومەتەکان)ن، کە تاکلایەنە و خێرا و بەبێ پەنابردنە بەر دەسەڵاتی یاسادانان (پەرلەمانەکان)، بڕیار دەردەکەن و فەرمان بەڕێوشوێنی نوێ لە وڵاتدا دەدەن، چ لە بارەی رێکارەکانی ژیان، یان ئابووری و یان هەر شتێکی دیکە.
لەبەرئەوەی هەموو ژیان لەژێر گوشاری کۆڤید 19یە و ئەو پەتایەش پێویستیکردووە بڕیاری خێرا و دەستبەجێ و فەرمانی رەها دەربکرێت، لەو نێوەدا پەرلەمانەکان شتێکیان بۆ نەماوەتەوە.
بەپێی ‘دی دەبلیو’ پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا، رەخنەیان لە مێرکڵ و سەرۆکی حکومەتە ناوخۆییەکانی وڵات هەیە، لە بەرامبەر ئەو رێگایانەی بۆ بەرگرتن لە کۆرۆنا دەیگرنەبەر.
مێرکڵ کە یەکێکە لەو سەرکردە دەگمەنانەی ئەوروپا، پێشەنگایەتی ئەڵمانیای کرد بۆ بەرکەوتنی کەمترین زیان لە ئابووریی وڵاتەکەی و سنووردارکردنی تووشبوون و گیانلەدەستدان بە نەخۆشییەکە، جارێکی دیکە قۆڵی لێهەڵماڵییەوە و ئامادەسازیی حکومەتەکەی بۆ بەرگرتن لە شەپۆلی دووەمی نەخۆشییەکە لە وڵاتەکەیدا راگەیاند.
مێرکڵ کە لەرووی گەلویستییەوە بەپێی سەرچاوە ئەڵمانییەکان، سوودی زۆری لە کۆرۆنا بینی و وڵاتەکەی لە دوای شەپۆلی یەکەمی کۆرۆنا، گەیاندە کەناری ئارامی، ئێستا خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا ئامادە دەکات.
خانمی سەرۆک، کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی حکومەتەکانی هەر 16 ویلایەتەکەی ئەڵمانیادا کرد و لەگەڵیاندا ئەو هەنگاوانەی تاوتوێکردن کە دەبێ بۆ دووەمجار شکستپێهێنانی کۆرۆنا لە وڵاتدا بگیرێتەبەر. بەڵام کۆبوونەوەکە رەخنەی بەرچاوی لێگیرا.
تەسککردنەوەی ئازادیی خەڵک
نوێنەرانی گەل (پەرلەمانتاران) پێیانوایە بڕیارەکان کەموکورتی زۆریان تێدایە، چونکە بەبڕوای ئەوان وەرگرتنی بڕیارەکان لەلایەن بازنەی بچووکی دەسەڵاتدار و لەودیوی دەرگا داخراوەکانەوە، بەبێ بەشداری پەرلەمان، نەگونجاوە.
فلۆریان بوست، پسپۆری یاسایی و ئەندام پەرلەمانی ئەڵمانیا، قسەی بۆ رۆژنامەی ‘بیڵد’ی ئەڵمانی کردووە، ئەو گوتویەتی “ماوەی نۆ مانگە، حکومەت و ویلایەتەکان، لەگەڵ شارەوانییەکاندا بەشێوەیەک فەرمان دەردەکەن، لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە لە ئەڵمانیادا وێنەی نەبووە. ئەوان بەردەوام ئازادییە کەسییەکان بەرتەسکدەکەنەوە، بەبێ ئەوەی هیچ جارێک رای پەرلەمان لەسەر ئەو بڕیارانە وەربگرن، کە خەڵکی دەنگی پێداون”.
بوست دەڵێ بەپێی دەستووری ئەڵمانیا، دەبێ لەو بڕیارە گرنگ و چارەنووسسازانەدا، راوێژ و پرس و بەشداری بە پەرلەمان بکرێت.
ئەوە بەتەنیا ئەندام پەرلەمانەکانی ئەڵمانیا نین هەست بەبێبایەخیی خۆیان لە پرۆسەکانی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنادا دەکەن. ئەو هەستە لای زۆر پەرلەمانتاری دیکەی دونیا هەیە، بەڵام کێشەکە بۆ پەرلەمانتارە ئەڵمانییەکان، لەبارەی ئەو رێوشوێنانەوەیە، کە ئازادییەکانی مرۆڤ جڵەو دەکات و سنوورەکانی بەرتەسکدەکاتەوە.
ئەو دۆخەی پەرلەمانتارە ئەڵمانییەکان هەستی پێدەکەن، زیاتر لای پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانی وڵات بەرجەستەیە، کریستیان لیدنەر، سەرۆکی پارتی لیبراڵ، قسەی بۆ ‘دی دەبلیو’ی ئەڵمانی کردووە، ئەو دەڵێت: “چیدی قبوڵی ناکەین پەرلەمان هەفتانە لە رێگەی تۆماری ڤیدیۆییەوە فەرمانەکانی خاتوو مێرکڵ و کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکانی پێبگات. پەرلەمانی فیدراڵی لە هیچ کام لەو بڕیارانەدا بەشدار نییە، لە کاتێکدا ئەو بڕیارانە پەیوەندییان بە مافە بنچینەییەکان و ئازادییەکانەوە هەیە”.
پارتی چەپی ئەڵمانیا، داوای بەشداریی کاریگەرتری پەرلەمانی لە دۆسێیەکاندا کردووە، یان کۆرتە، کە بەرپرسی کاروباری پەرلەمانی ئەو پارتە ئۆپۆزیسیۆنەی ئەڵمانیایە، کۆبوونەوەکانی حکومەت و سەرۆک حکومەتە ناوخۆییەکانی بە دروستکردنی ‘حکومەتێکی جێگرەوەی گەورە ناوبردووە، کە بەبێ پەرلەمان بڕیار لە هەموو شت دەدات’، ئەو بێئومێدی و ناڕەزایەتی پارتەکەی لە پەرلەمانتارانی فیدراڵی وڵات (بۆندستاگ) و پەرلەمانی ویلایەتە گەورەکان دەربڕیوە.
لێکدانەوەی پەرلەمانتارە ئەڵمانییەکان بۆ دۆخە ئاوارتەکەی بڕیارە تووند و یەکلاکەرەوەکانی خانمی دەسەڵاتداری یەکەمی وڵات، هەمووی لە ژێر یەک ناونیشاندا کۆدەبێتەوە، “ئەوان دەنگ و دەسەڵاتی پێدراوی خەڵکیان، لە ئێمە زەوتکردووە”.
گرووپی پەرلەمانتارانی پارتی سەوز لە بۆندستاگ، لە کۆبوونەوەکەی میرکڵ ناڕازین، ئەوان لە توویتێکدا گوتیان “کۆبوونەوەی سەرۆک حکومەتی ویلایەتەکان، نابێ ببێتە جێگرەوەی پەرلەمانی فیدراڵی وڵات، جێگرەوەی پەرلەمانی ویلایەتەکانیش نییە، تەنانەت نابێ ببێتە جێگرەوەی ئەنجوومەنی ویلایەتەکانیش”.
دیموکراتیەتی فەرمانە سەپێنراوەکان
تادێت رێوشوێنەکان تووندتردەبن و لەگەڵیدا فەرمانەکان زیاتر و قەڵەمبڕتر، ئەوە وایکردووە ناونانی بڕیارەکان، قوڵایی زیاتری پێبدرێت، کلاوس ستۆفە، توێژەری سیاسی لە زانکۆی ‘کاسۆلیک’ لە ‘ئینگلۆشتات’، قسەی بۆ ‘دۆیچەڤێللە’ کردووە، ئەو کارەکەی ناوناوە “دیموکراتیەتی فەرمانە سەپێنراوەکان”، بەلایەوە روونە “دەبێ هێندەی بکرێ، پەرلەمانەکان بەشدارییان پێبکرێت، بەتایبەت لە کاتی تەنگژەکاندا، چونکە ناکرێ ئۆپۆزیسیۆن و رەخنەگرتن لەپەرلەمان واز لێبهێنرێت”. بەبڕوای ئەو “لێپرسینەوە و رەخنەگرتن، هاوکاریی حکومەت دەکات بۆ بەدەستهێنانی باشترین رێوشوێن و دۆزینەوەی رادەی گونجاو، بۆ لەناوبردنی پەتاکە”.
مێرکڵ، پێدەچێت خۆی ئاڵای بەرگرتن لە دووەم شەپۆلی مەترسیداری پەتاکەی لەکۆڵنابێت. ئەو لە بڵاوبوونەوەی شەپۆلی یەکەمی کۆرۆنادا، دەستخۆشی زۆری بۆ هات، چونکە لە کاتێکدا ئیتاڵییەکان بەدەست پەتاکەوە شەکەت بوون و ئیسپانییەکان هاواریان لێهەڵسا و بەریتانیا پەتاکە پەڕییەوە ناو کۆشکی سەرۆکایەتی حکومەتی وڵاتەکە و بەلجیکییەکان قوربانییەکی زۆریاندا، ئەڵمانیا بەسیستمە پێشکەوتووەکەی تەندروستی خۆیەوە، لەسەرپێ بۆ پەتاکە وەستا و دەرگای نەخۆشخانەکانی بۆ تووشبووانی پەتاکە لە ئیتاڵیا و پۆرتوگال، بەلجیکا و فەرەنساش کردەوە و چارەسەری پێبەخشین.
میرکڵ لەسەر هەنگاوە تاکلایەنەکانی بەرگرتن لە پەتاکە بەردەوامە، ئەو لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا روویکردە دانیشتووانی وڵاتەکەی لە رێگەی تۆماری ڤیدیۆوە و گوتی “داواتان لێدەکەم، واز لە گەشتی ناپێویست بهێنن”. حکومەت بیانووی بۆ ئەو کارە هەیە، ئەوانەی لەگەڵ مێرکلدا لە سەنگەری پێشەوەی بەرگریییەکەدان، دەڵێن، هەنگاوی پێویست ئەو کاژێرەیە کە حکومەت تێیدا بڕیاری رووبەڕووبوونەوە دەدات، لەسەرەتای پەتاکەشەوە حکومەت ئەوەیکردووە، چونکە دەبێ بەخێرایی بڕیار بدات.
حکومەت بڕیاردەدات، ئابووری دادەخات، قەدەخەی هاتووچۆ دەسەپێنێت، تێکەڵاوی خەڵک سنووردار دەکات و چیدی شوێنە گشتییەکان وەک رۆژانی ئاسایی ناهێڵێتەوە، “ئەوە پەرلەمان و دەسەڵاتی یاسادانانە کە دەبێ چاودێری حکومەت بکات، پێشنیاز بدات و مشتومڕ لەسەر یاساکان بکات، چونکە نوێنەرەکانی ئەو دەسەڵاتە، نوێنەری خەڵکن”. دێڕەکانی ناو کەوانەکە، پوختکردنەوەی پێناسی پەرلەمانە لە دەستووری ئەڵمانیادا، بەتایبەت مادەی 20ی دەستوور، بەڵام رەخنەگرەکان لە هەنگاوەکانی حکومەتی بەرلین، پێیانوایە ئێستا لە ئەڵمانیادا بنەما یاساییەکانی دەستوور بەتاڵدەکرێنەوە، ناوەڕۆکی جیاکردنەوەی سنووری دەسەڵاتەکان یاسادانان، جێبەجێکار و دادوەری، لەژێر هەڕەشەدان.
وەزیری تەندروستی لە بەرامبەر پەرلەماندا
بۆ سیاسەتمەدارە ئەڵمانەکان، ئەوە تەنیا کۆبوونەوەکانی سەرۆک حکومەتی فیدراڵی و سەرۆکی حکومەتە ناوخۆییەکان نییە، کە هەڕەشەی لەسەر دەسەڵاتەکانی ئەوان دروستکردووە، بەڵکو ئەوان لە زۆر شتی دیکەش تووڕەن.
لە ماوەی رابردوودا بڵاوکرایەوە، وەزارەتی تەندروستیی فیدراڵی لە ئەڵمانیا، بەنیازە ئەو دەسەڵاتە ئاوارتانەی بە یەنس شبان، وەزیری تەندروستی وڵاتیداوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، تا 31ی ئاداری 2021 درێژبکاتەوە.
درێژکردنەوەی یاساکە، مانای بەردەوامبوون لەسەر بڕگەکانی یاسای پاراستن لە پەتاکە و بەوەش وەزیر دەتوانێت فەرمانەکانی دەربکات، چونکە ئەو فەرمانانە دەچنە ناو چوارچێوەی “پاراستنی دانیشتووان لە مەترسی نەخۆشییە درمە مەترسیدارەکان”. ئەو یاسایە بۆ نموونە رێگە بە وەزیر دەدات، بەپێی بۆچوونی خۆی بڕیار بدات لە رێگەگرتن لە گەشتی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی، هەروەها دەرکردنی بڕیار بۆ فڕۆکەخانە و بەندەرەکانی وڵات، بەڕاگرتنی کارەکانیان، ئەگەر پێیوابوو ئەو کارە بۆ بەرگرتن لە مەترسی پەتاکەیە.
ئەم دەستکراوەییە بە وەزیری تەندروستی، لەلایەن پارتەکەی خۆشییەوە رووبەڕووی رەخنە بووەوە، کە پارتی دیموکرات مەسیحیی ئەڵمانیایە. یانا شیمکە، پەرلەمانتاری ئەو پارتە بە میدیای ئەڵمانیای راگەیاند: “پێویستە بەچاوی رەخنەی تووندەوە لەو جۆرە دەسەڵاتە و ئەو جۆرە فەرمانانەی حکومەت بڕوانین”. دۆخەکە زۆر کەسی بەدەنگهێناوە، بەتایبەت ئەوانەی ترسیان لە سەرکوتکردنی دیموکراتیەتی ئەڵمانیا هەیە. کلاوس شتوڤە، شرۆڤەکاری سیاسی گوتوویەتی، پێویستە حکومەت “جیاوازیی زیرەکانە” و “هەستیارانە” بکات، تاوەکو هاوسەنگیی لە نێوان حکومەت و پەرلەماندا بەدەست بهێنێت.
ئەوەی کەمێک زیاتر پەرلەمانی ئەڵمانیای لە بەرامبەر بڕیارە تووندەکانی حکومەتی ئەڵمانیادا بێدەسەڵاتتر کردووە، پشووی پەرلەمانی وڵاتەکەیە کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو دانیشتنە ئاساییەکانی خۆی دەستپێبکاتەوە.
سەرۆکی پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا (بۆندستاگ)، فۆلفگانگ شویبلە، دەستپێشخەربوو بۆ ئەوەی چیدی دامەزراوەکەی بێبەها و پەراوێزخراو نەبێت. ئەو لە هەستکردن بە بوونی مەترسی لەسەر دیموکراتییەت و پەرلەمان، پێشنیازی خستە بەردەم سەرجەم ئەندام پەرلەمانەکانی وڵات، تاوەکو داوا بکەن حکومەت بەشداری بە پەرلەمانی فیدراڵی وڵات بکات، لە گفتوگۆکانی وەرگرتنی هەر بڕیارێک بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتاکە.
پەتای کۆرۆنا کاریگەریی لەوە گەورەتری لەسەر مرۆڤایەتی دروستکرد کە پێشبینی دەکرا. حکومەتەکانی هەندێک وڵات بەشێوەی جیاواز جیاواز، سوودیان لە نەخۆشییە جیهانییەکە وەرگرت، لە راستیدا ئەوە تەنیا پەرلەمانتارەکان نین گلەییان لە کەمبوونەوەی بەشداری و گوێگرتن لێیان لە کێشەکانی وڵاتاندا هەیە. نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: “پەتاکە مەترسی لەسەر مافەکانی مرۆڤ دروستکردووە”.
26ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان، ترسی خۆی لەرێوشوێنەکانی رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا دەربڕی بەوەی ببێتە هۆکاری “پێشێلکاری بێسنوور و سزای تووند” کە دەکرێ بەکاربهێنرێت بۆ “بێدەنگکردنی میدیا و راگرتنی ئۆپۆزیسیۆن و رەخنەگران” و تەنانەت هەلقۆستنەوە بۆ مانەوە لە دەسەڵات.
میشیل باشلیە، سەرۆکی کۆمیسیۆنە نێودەوڵەتییەکە، گوتی “ئەگەر رێز لە یاسای نێودەوڵەتی نەگیرێت، دۆخە تەندروستییە لەناکاوەکە دەبێتە کارەسات بۆ مافەکانی مرۆڤ، کاریگەرییە نێگەتیڤەکانی لە کاریگەریی پەتاکە زیاتر دەبێت”.
باشلیە، ترسی لەوە هەیە حکومەتەکان، پەتاکە بکەنە بیانوویەک بۆ کپکردنی دەنگە نارازییەکان، ئەو دەڵێت: “حکومەتەکان پێویستە دەسەڵاتە بێسنوورەکانی خۆیان لە سەردەمی کۆرۆنادا بۆ دەمکوتکردنی بەرهەڵستکارەکانیان بەکارنەهێنن، یاخود هەوڵی کۆنترۆڵکردنی گەلان و تەنانەت مانەوە لە دەسەڵات بدەن”.
ئەو پێدەچێت بەر لە پەرلەمانتارە ئەڵمانەکان، هەستی بە مەترسییەکە کردبێت، چونکە دەڵێ: “پێویستە هەموو رێوشوێنەکان لە دژی پەتاکە، ملکەچی چاودێری پەرلەمان و دادگاکان بن”.
ئەو گلەیی لەوە هەیە کە وەک خۆی دەڵێ “هەندێک زانیاری لە ناوچە جیاوازەکانی جیهانەوە بۆیان دووپاتکردوومەتەوە کە پۆلیس و هێزە ئاسایشییەکان، هێزی زیاد لە پێویست و هەندێکجار بکوژیان بۆ سەپاندنی رێوشوێنەکانی کەرەنتین و قەدەخەی هاتوچۆ بەکارهێناوە”.
15٪ پەرلەمانەکانی دونیا پەکیان کەوتووە
ترس لە بێدەسەڵاتکردن و بچووککردنەوەی پەرلەمانەکان لەسەر ئاستی جیهاندا، وەک سەرچاوەی یەکەمی دەنگی خەڵک، لە زۆر شوێندا هەستیان پێدەکرێت، پێدەچێ پەتاکە هاوکاری حکومەتەکان بووبێت بۆ رزگارکردنیان لە چاوی تووندی دەسەڵاتی یاسادانان و لێپێچینەوە لێیان.
یەکێتیی پەرلەمانتارانی نێودەوڵەتی ئاشکرایکردووە لە ماوەی شەپۆلی یەکەمی پەتای کۆرۆنادا. 85٪ی پەرلەمانەکانی جیهان بەشێوەیەک لە شێوەکان لە کارەکانی خۆیان بۆ چاودێری حکومەتەکان بەردەوام بوون.
مارتن سنۆنگۆنگ، ئەمینداری یەکێتیی پەرلەمانتارانی جیهان، رۆژی 26ی مانگی رابردوو، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی ئێمە سووربووین لەسەرئەوەی پەرلەمانەکانی جیهان لە ماوەی کەرەنتینە و پەتای کۆرۆنادا، پارێزگاری لە مافەکانی مرۆڤ بکەن.
ئەو دووپاتیکردووەتەوە رێکخراوەکەی ئەوان کاریکردووە بۆ ئەوەی پەرلەمانی هیچ وڵاتێک، پەڕەی سپی نەخەنە بەردەست حکومەتەکان بۆ ئەوەی بەدڵی خۆیان بڕیارەکان دەربکەن و خۆیان لە چاودێری پەرلەمانەکان بدزنەوە.
بەپێی قسەکانی سنۆنگۆنگ، پەتاکە 15٪ی پەرلەمانەکانی جیهانی لەکار خستووە.
ئەو هۆشداریداوە لەوەی کە یەکێتی پەرلەمانتارە نێودەوڵەتییەکان، هەست بەنیگەرانی دەکات لە حاڵەتی هەستکردن بەبێبایەخکردن و پەراوێزخستنی پەرلەمانەکانی وڵاتان لە کاتی پەتاکەدا.
سنۆنگۆنگ ئاشکرایکردووە، رێکخراوەکەیان رێنوێنی هەموو پەرلەمانتارانی وڵاتە ئەندامەکانی دەکات، تا رێگەنەدەن فرەڕەنگی بەسەر بڕیارەکانی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆناوە نەمێنێت و حکومەتەکان تاکلایەنە و بەبێ گەڕانەوە بۆ نوێنەرانی خەڵک، بڕیارە گرنگ و چارەنووسسازەکان دەربکەن.
پەکخستنی گەورەترین پەرلەمان
پەتاکە سەرئێشەی زۆری بۆ پەرلەمانەکانی جیهان دروستکردووە، هەستی بێئومێدی و حساب بۆ نەکردن و راوەرنەگرتنی لای زۆر پەرلەمانتاری جیهانی دروستکردووە، کارەکە بەجۆرێکە پەرلەمانی دیارترین دیموکراتییەکانی جیهان، بە ناچاری هەڵوەستەی قورسیان لەسەر کارەکانی خۆیان کردووە.
پەرلەمانی بەریتانیا کە تەمەنی 700 ساڵە، بەهۆی کۆرۆناوە لە 25ی ئاداری ئەمساڵەوە تاوەکو 21ی نیسان هیچ کۆبوونەوەیەکی گرێنەدا، بەشێکی ئەو پشووە ناچارییە پشووی دەستووریی پەرلەمان خۆیب وو، بەڵام کۆرۆنا پشووەکەی بەناچاری درێژکردەوە. ژوورەکانی ئەو پەرلەمانە پڕ جەنجاڵییە، تاوەکو کۆتاییەکانی حوزەیرانی ئەمساڵ کۆنەبوونەوە و ئەوەش رووداوێکی دەگمەنی ناو ئەو دیموکراتییەتە گەورەیەی دونیا بوو.
پەرلەمانی بەریتانیا کاتێکیش دەستیکردەوە بەکۆبوونەوە ئاساییەکانی خۆی، رێگەی بەئامادەبوونی تەنیا 50 پەرلەمانتار لە کۆی 650 پەرلەمانتاردا لە هۆڵەکانیدا ئامادەبن، ئەوانیدیکە دەبوو لەرێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەشداری بکەن، کارێک هەر زوو ناڕەزایەتی تووندی لێکەوتەوە.
ئەندام پەرلەمانەکانی وڵات گوتیان دانیشتنەکانی ‘ڤیدیۆ کۆنفرانس’ چێژی بەدانیشتنەکانەوە نەهێشتووە و جۆری گفتوگۆکانی لە رەخنە و سەرنجی تووندەوە، بۆ گفتوگۆی ئاسایی گۆڕیوە.
ئەنجوومەنی پیرانی فەرەنسا کۆبوونەوەکانی خۆی لە هەفتەی یەکجاردا کورتکردووەتەوە، ژمارەی پرسیارە ئاراستەکراوەکان بۆ حکومەت کەمکراونەتەوە و تەنیا ئەو کەسانە لە کۆبوونەوەکاندا ئامادە دەبن کە پرسیار دەکەن، لەگەڵ سەرۆکی پارتەکانی ناو پەرلەمان، لە کاتێکدا هیچ کۆبوونەوەیەک بۆ بڕیاردان لەسەر هیچ پرۆژە یاسایەک رێکنەخراوە، تەنیا ئەو یاسایانە نەبێت، کە پەیوەستن بە رووبەڕووبوونەوەی کۆڤید 19ەوە.
پەرلەمانی ئیتاڵیا، بەناچاری کاری زۆرینەی کارمەندەکانی بۆ ناو ماڵەکانی خۆیان گواستەوە، لە سویسرا پەرلەمانی وڵات ناچاربوو لەبری کۆبوونەوە لە باڵەخانەی ئاسایی خۆیدا، پەنا بباتە بەر سەنتەری بێرن بۆ پێشانگاکان، ئەمەش لەبەر دابینکردنی مەرجەکانی خۆپاراستن بۆ ئەو ئەندام پەرلەمانانەی، ئامادەی کۆبوونەوەکان دەبوون.
لە ئەمریکا کۆنگرێس دژی بنەما سەرەکییەکانی خۆی وەستایەوە، چونکە بۆ یەکەمجار لە دوای 231 ساڵ، نەیتوانی هیچ کۆبوونەوەیەکی گفتوگۆ رێکبخات و هەموو ئەندامان ناچاربوون لە ماڵەکانیانەوە بۆچوونی خۆیان لەسەر رووداوەکانی وڵات دەرببڕن.
ئەوەی لە نێو کۆنگرێسدا روویدا، ناکۆکی لە نێوان دیموکرات و کۆمارییەکانی وڵاتدا دروستکرد، چونکە دیموکراتەکان کە خاوەنی زۆرینەی ناو ئەنجوومەنەکەن، رووبەڕووی رەخنەی کۆمارییەکان بوونەوە، ئەوان پێیانوابوو شێوەی کاری کۆنگرێس لە سەپاندنی زیاتری دەسەڵاتی دیموکراتەکان بەسەر ئەنجوومەنەکە شتێکی زیاتر نییە.
دانیال شومان، بەڕێوەبەری توێژینەوەکانی رێکخراوی ‘دیماند برۆگرس’ کە قسەی بۆ ‘نیویۆرک تایمز’ کردووە، دەڵێت: “نەبوونی گفتوگۆ و پێکداچوونی بۆچوونەکان لەنێو ئەندامانی پەرلەمان، شێوەکاری نوێ بەسەر کۆنگرێسدا دەسەپێنێت”. کە خۆی لە بنەمادا بۆ زیاتر چەسپاندنی رای زۆرینەی ناو هۆڵی کۆنگرێس بەسەر کەمینەی ناو هۆڵەکەدا دروستبووە.
دیکتاتۆرەکان و بەدەستهێنانی دەسەڵاتی زیاتر
ئەگەر لە وڵاتە دیموکراتییە دێرینەکانی جیهاندا، گلەییەکان لەسەر ئاستی بەشداریپێنەکردن و پەراوێزخستن بێت، لە بۆچوونی پەرلەمانتاران لە بڕیارەکاندا، لە شوێنەکانی دیکە پاشەکشەی فرەدەنگی و بەدەستهێنانی دەسەڵاتی رەهای لێبەرهەمهاتووە.
گۆڤاری ‘فۆرین پۆڵسی’ لە 17ی حوزەیراندا هەڵوەستەی لەسەر دۆخی دیموکراتییەکانی جیهان، لەسایەی کۆرۆنادا کردووە. راپۆرتەکە بەرووداوێکی ناو فلیپین دەستپێدەکات کە تێیدا رۆدریگۆ دۆتێرتی، پیاوە بەهێزەکەی ئەو وڵاتە، لە کۆتاییەکانی ئاداری ئەمساڵدا، لە پەرلەمانی وڵات یاسایەکی تێپەڕاندووە، کە دەسەڵاتی فراوانی دەداتێ بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ دۆخی کۆرۆنادا.
بەپێی یاساکە دۆتێرتی رێگەی پێدراوە لە گواستنەوەی بودجەی نیشتمانی تایبەت، بەچەندین لایەنی جیاوازی ژیان بۆ رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا و بەپێی هەمان بڕیار، دۆتێرتی سەرۆکی فلیپین، خۆی راستەوخۆ سەرپەرشتی کاری نەخۆشخانەکانی وڵاتەکەی دەکات. ئەو لە دوای بڕیارەکەوە بە دانیشتووانی وڵاتەکەی گوت: “ململانێی حکومەت مەکەن، چونکە دەیدۆڕێنن”.
شەش رۆژ پاش رووداوەکەی فلیپین، ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا، یاسای ئاوارتەی لە پەرلەمانی وڵاتەکەی دەرکرد، کە بەهۆیەوە دەسەڵاتی زیاتر بەدەستدەهێنێت و بۆی هەیە ئەو کەسانە دەستگیر بکات، کە حکومەتی وڵات پێیوایە، ‘پڕوپاگەندە’ لە دژی رێوشوێنەکانی حکومەت لەبەرامبەر کۆرۆنادا، بڵاودەکەنەوە.
نووسەری ئەو راپۆرتەی گۆڤارە ئەمریکییەکە کە فریمان سپۆگلییە، دەڵێ گەشبینی بە پاشەڕۆژی دیموکراتیەت پاشەکشەی کردووە و زیاتر لە هۆکارێک هەیە بۆ ئەوەی هەست نیگەرانی بکەین لە بەرامبەر دیموکراتییەتدا.
نووسەری راپۆرتەکە، لە بنەمادا گلەیی لە دۆخی دیموکراتیەتی جیهانی هەیە، ئەو پێیوایە لە ساڵانی 2015 تاوەکو 2019 دیموکراتیەتی جیهان زۆرترین پاشەکشەی کردووە، پەتای کۆرۆناش مەترسی زیاتری لەسەر دیموکراتیەت دروستکردووە.
ئەو دەڵێ لە وڵاتانی وەک هیندستان، ئیسرائیل و پۆڵەندا دیموکراتیەت لە پاشەکشەدایە، ئەمە لە ئەمریکا و کۆریای باشووریشدا هەستی پێدەکرێت، کە بێسەروبەرەیی لە دژی بیانییەکان لە گەشەدایە، تاوەکو پەتاکەش تەواو دەبێت، مەترسییەکە زیاتر دەبێت، چونکە بیانوو هەیە بۆ ئەوەی حکومەتەکان، سیستمی چاودێری و بەدواداچوون بگرنەبەر کە بەتەواوی تایبەتمەندیی ئازادییە تاکەکەسییەکان، لەناو دەبات.
ئەو راپۆرتە هەڵوەستەی لەسەر سیستمێکی تاکلایەنەی وەک چینیش کردووە کە بەبڕوای ئەو، بەسەرکوتکردن و لەناوبردنی دیموکراتیەت، دەیەوێ لێهاتوویی خۆی لە بەرامبەر کۆنترۆڵکردنی پەتاکەدا پێشانی جیهان بدات. لە بەرامبەریشدا ئەوەی باسکردووە کە دەوڵەتێکی وەک تایوان، سەلماندی چەندە درۆیە کاتێک دەگوترێ مامەڵەکردن لەگەڵ پەتاکە پێویستی بەسەرکوتکردنی ئازادییەکان هەیە.