زیاتر لە سەدە ونیوێک لەمەبەر، چارلس دیکنز ڕۆمانی بەناوباگی “کارۆڵێکی کریسمس” ی بڵاو کردەوە کە هەندێک وەک ئیدانە کردنی نایەکسانی لە دابەشکردنی سامان، و ستەمی ئابووری و دەسەڵاتی خاوەن کارە سەرمایەدارەکە (ئیبنیزەر سکروج) لە سەر کارمەندەکەی (بۆب کراتشیت) دادەنێن، لە بەریتانیای سەردەمی ڤیکتۆریا، لە سەدەی نۆزدەهەمدا، کاتێک کە هەژاری و برسیەتی بڵاو بوو، بە تایبەتی لە ناوەندە پیشەسازیە گەورەکانی وەک لەندەن و مانچستەر. دیکنز، کارمەند بۆب کراتچیت وەک کەسێکی دڵسۆز و لێبوردە نیشان دەدات، و لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا سکروجی سەرمایەدار بە ئاگا دێت و لە ناکاو لە کەسێکی چاوچنۆک و بێ بەزەییەوە دەگۆڕدرێت بۆ کەسێکی خاوەن بەزەیی و دڵسۆزی هەژاران. ئەمە لەوانەیە هەوڵێکی دیکنز بێت بۆ ئەوەی هیوای ئەگەری چاکسازییمان پێبدات لە سەرمایەداریدا. کات خێرا کەینەوە بۆ سەردەمی ئەمڕۆ، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە خەیاڵەکەی دیکنز نەهاتۆتە دی، چونکە سەرمایەداری ناتوانێت دەستبەرداری نایەکسانی و باڵادەستی بێت، ئەمەش مانای وایە کە هەتاکو ئەم سیستەمە لە شوێنی خۆیدا بمێنێتەوە، نەهامەتی سەدان ملیۆن مرۆڤ بەردەوام دەبێت.
قەیرانەکانی سیستەم و قوربانییەکانی، کۆڤید- ١٩ وەک نموونەیەک:
لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابودوودا، پەتای کۆڤید تیشکی خستە سەرقووڵایی ئەو نایەکسانیەی کە ئەمڕۆ هەیە، و ڕەنگە بۆ یەکەم جار، سەرنجی بۆ ڕۆڵی گرنگ و حەیاتیی “کرێکارانی بنەڕەتی” لە پاراستنی سەلامەتی و خۆشگوزەرانی کۆمەڵگاکانمانی ڕاکێشا. ئەم دستەواژەیە بووە یەکێک لە ووشە بەناوبانگەکانی سەردەمی کۆڤید، کرێکارانی بنەڕەتی بە زۆرینەی ئەو کرێکارانە پێناسە دەکرێن کە لە بواری تەندروستی، پەروەردە و چاودێری کۆمەڵایەتی، پاک و خاوێنی، گواستنەوە، ئاو، خۆراک و بواری تردا کار دەکەن.
ئەوەش بە ڕوونی ئاشکرا بووە کە ئەم توێژە کۆمەڵایەتییە، کە تا ڕاددەیەکی زۆر پاڵپشتی ئابووری ووڵاتان دەکەن، بە گشتی بێ بەشترینن و بەرکەوتووی ئیستغلالکردنن، هەروەها داتا فەرمیەکان دەریانخستوە کە ئەو چینە لە هەمان کاتدا زۆرترین بەرکەوتووی مەترسییە پیشەییەکانی پەتاکەبوون. جگە لەوەش، ئەم گرووپە زۆرترین زیانی بە هۆی دەرەنجامە درێژخایەنە ئابووری وکۆمەڵایەتی و تەندرووستیەکانی پەتاکەوە لێکەوتۆتەوە. و لەهەمووشی گرنگتر ئەوە ڕوون بووەتەوە کە ژنان و پەنابەران و کرێکارانی کەم داهات، زۆرینەی زۆری ئەم توێژە پەراوێزخراوانە پێکدەهێنن. شایانی باسە، ئەم ئیهتمامە بە چینە لەبیرکراوەکان و ڕۆڵی نەرینی جیاوازی چینایەتی لە سەر ژیان و چارەنووسیان تەنیا شتێکی سەرزارەکی بوو و لە لایەنی میدیایی وپێزانینی مەعنەوی بۆ هەوڵ و قوربانیەکانیان لە سەردەمی پەتاکەدا تێنەپەڕی ونەبووە هۆی ڕەنگدانەوە وهیچ گۆڕانکاریەک لە واقیعی ماددی ژیانیاندا، کەواتە نایەکسانییەکان لەشوێنی خۆیان ماونەتەوە و تەنانەت قووڵتریش بوونەتەوە.
پەتاکە کۆتایی هات، و زیاتر لە دوو ساڵە زاڵ بووین بە سەر ڕێوشوێنە تەندرووستیەکانیدا، هەرچەندە تا ئێستاش بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگاکانمان بە دەست ئاکامە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانیەوە دەناڵێنین. لەگەڵ کۆتایی هاتنی ئەم قۆناغەدا، تەنانەت ئەو ئاوڕدانەوە سەرزارەکییە بە کرێکارانی بنەڕەتی و باقی توێژە پەراوێزخراوەکان ووردە ووردە کاڵ بووەوە و شتەکان بۆ ئەوان گەڕایەوە بۆ ئەوەی پێش پەتاکە وخراپتریش. لێرەدا ڕاستییەک هەیە کە ناتوانرێت پشت گوێ بخرێت، ئەویش ئەوەیە کە زۆرێک لەو کرێکارانە کە زۆربەیان کاری کەم مووچە ونا زامنیان هەیە، بە گرێبەستەی سەعاتی سفرەوە، هەموو ڕۆژێک لە ساڵدا ڕووبەڕووی نا ئەمنی دەبنەوە، پەتا هەبێت یان نا. بەڵام قەیرانەکان دەرفەتێک بۆ ڕژێمە دەسەڵادارەکان دەڕەخسێنن کە دەسەڵاتی خۆیان بە سەر کرێکاراندا پتەوتر بکەن و پاشەکشەیان بە سەردا بسەپێنن لە پێناو چەسپاندنی پایەکانی سیستەمی نایەکسانی.
پەتای کۆڤید تەنها قەیرانێکی تەندرووستی نییە، بەڵکو قەیرانێکی ئابووری و کۆمەڵایەتیە کە کاریگەریی فرە ڕەهەندی هەیە. پەتاکە درووست کەری نایەکسانی چینایەتی نەبوو بەڵکو تیشکی خستە سەر ئەو نایەکسانیەی پێشتر هەبوو و گەورەتری کرد. ڕاستیشە کە بارگرانی پەتاکە لەسەر هەموو دانیشتوان چونیەک نەبوو، ئەویش لە بەر ئەوەیە کە زۆرێک لە “دیاریکەرە کۆمەڵایەتیەکانی تەندروستی”* – لەوانەش هەژاری، خراپیی ژینگەی فیزیکی وەک پیسبوون و بەرکەوتن بە دووکەڵ و ئاوارەیی و خراپی خانووبەرە و ڕەگەز- کاریگەریی بەرچاویان لەسەر دەرەنجامەکانی هەبووە.
با سەیری بەریتانیا بکەین، کە لەوێوە شۆڕشی پیشەسازی سەدەی ١٨ و ١٩ بە جیهاندا بڵاو بووەوە. ئەمڕۆ زۆرێک لە خێزانەکان لە ماڵی سارد و شێداردا دەژین کە یان ئامرازی گەرمیی پێویستیان نییە، و یان توانای خەرجییەکانی گەرم کردنەوە نادەن. زۆر کەسی دیکە- کە زۆربەیان گەنجی بێکار کراون- لە ژێر پردەکاندا یان لە بەردەم دەرگای میترۆکاندا دەخەون. ڕاپۆرتە فەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم ووڵاتە لە دوای ساڵانی ١٩٥٠ کانەوە گەورەترین دابەزینی ئاستی ژیان بەخۆیەوە دەبینێت و زیاتر لە یەک لەسەر سێی منداڵان و یەک لەسەر چواری گەورەساڵان لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. “هاوپەیمانی کۆتایی هاتنی هەژاری سووتەمەنی” ** مەزەندە بەوە دەکات کە لە ساڵی ٢٠٢٢/٢٠٢٣ بە هۆی ژیان لە ماڵە ساردەکاندا، لە زستانی ئەم ساڵەدا ٤٩٥٠ مردنی زیادە لە بەریتانیا هەبووە.
ڕۆژنامەی لانسێت ووتارێکی لە سەر “پێداچوونەوەی ڕاپۆرتی مارمۆت- ٢٠٢٠” بڵاوکردۆتەوە ( ڕاپۆرتی ئەسڵی لە ساڵی ٢٠١٠ دا دەرچووبو)، کە تێیدا هاتووە کە “لەگەڵ ڕوودانی گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی و ئابووری، پێویستە تەندرووستی بەردەوام بێت لە باشتر بووندا”، و “ڕاپۆرتی مارمۆت ٢٠٢٠ تیشک دەخاتە سەر ڕەوتی نیگەرانکەری بەرەو دابەزینی تەندروستی لە ئینگلتەرا و هۆشیاری دەدات کە کۆمەڵگا بەرگەی کەمتەرخەمی دەربارەی نایەکسانیی تەندرووستی ناگرێت”. هەروەها لە ووتارەکەدا هاتووە کە “هەرچەندە زۆرێک لە پێشنیارەکان، وەک کەمکردنەوەی هەژاری منداڵان و کەمکردنەوەی کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا، لە سەر بنەمای ئەو بەڵگانەن کە تا ڕاددەیەکی زۆر لە ئینگلتەرا وەرگیراون، بەڵام کاریگەریی بەرچاوی جیهانییان هەیە”.
لە عێراقدا، خەڵک بە دەست کاریگەرییەکانی سیاسەتی سەرمایەداری جیهانییەوە دەناڵێنن، بە هۆی شەڕ و ئاوارەیی و کۆچ و هەروەها سیاسەتی دەوڵەت کە تەواوکەری سیاسەتەکانی سەرمایەداری جیهانین، کۆڤید-١٩ تەنها قەیرانێکی تر بوو کە زیاد کرا بۆ ئەو چەندین قەیرانە قورس و گیرخواردوو و بێچارەسەرانەی کە هەن. پرسەکانی گەندەڵی و خراپی بەڕێوەبردن و هەروەها تێکدانی سیستەماتیکی سیستەمەکانی تەندرووستی گشتی وپەروەردەی گشتی وژینگە و گواستنەوە و گەیاندن ڕۆژانە باری ژیانی خەڵکیان قورستر کردووە، ئەمە جگە لە قەیرانەکانی مووچە وجیاوازی بەرین لە پلەکانی مووچەدا و قەیرانی سووتەمەنی ئاسودەیی و ئارامی لە زۆرینەی ڕەها سەندۆتەوە. یاسا کۆنەپەرستە پیاوسالارەکان هەموو کۆمەڵگا، نەک هەر ژنان، ڕووبەڕووی چالەنجی یەکجار گەورە دەکاتەوە بە هۆی بووژانەوەی ستانداردی پیاوسالاری و توندوتیژی خێڵەکی وتایفگەرایی، کە بە دەوری خۆی جیاوازییەکان و نایەکسانییەکان قووڵتر دەکەنەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان عێراقی بە پێنجەم ووڵاتی بەرکەوتەی گەرمبوونی جیهانی و گۆڕانی کەشوهەوا پۆلێن کردووە. ووشکەساڵی، بیابانبوون (التصحر)، زیادبوونی ڕێژە و چڕیی زریانە خۆڵییەکان، پیسبوونی ژینگە و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی نیشانەکانی ئەم قەیرانەن. بە دڵنیاییەوە، کاریگەرییەکانی هەموو ئەم قەیرانانە لە عێراقدا ڕەهەند و دەرەنجامی جیهانیی فراوانی هەیە.
لەم ڕۆژانەدا، کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ نزیک دەبینەوە و پێشوازی لە ساڵی نوێ دەکەین، لە کاتێکدا ئاسان نییە باسی یان تەنانەت بییر لە شتێک بکەینەوە جگە لەو وێرانکاری و شەڕانەی کە لە چواردەورەوە هەڵگیرساون و بوونەتە واقیعی ڕۆژانەی ژیانی ملیۆنەها کەس، و کارەساتەکانی کەشوهەوا کە دووبارە دەبنەوە و توندی و وێرانکارییان زیاتر وزیاتر دەبێت، پێویستمان بە بیرکردنەوەیەکی قووڵ نییە بۆ ئەوەی بزانین هەمان ملیۆنەها کرێکاری بنەڕەتی، زەحمەتکێشان، چینە هەژارەکان و ژنان و هەموو توێژە فەرامۆشکراوەکانی تر، کە ژیانی ڕۆژانەیان بەستراوەتەوە بە ئارەزووەکانی کەمینەیەکی مشەخۆر لە ژێر سایەی سەرمایەداریدا، هەر ئەوانن کە پشکی هەرە گەورەی نەهامەتییەکانی ئەو شەڕ وکارەساتانە هەڵدەگرن.
ئاسۆی گۆڕانکاری:
لە سایەی پێشکەوتنی تەکنۆلۆجی و دەستکەوتە زانستیەکانەوە، ئاسۆیەکی زۆر بەرین لەبەردەم مرۆڤایەتیدا کراوەتەوە بۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی باشتر و بەرزترین پلەی تەندروستی و خۆشگوزەرانی بۆ هەمووان، و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی کارەساتە ژینگەییەکان و پەتا تەندرووستییەکانی داهاتوو، ئەویش بە ڕێکخستنەوەی سیستەمی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی لە سەر بنەمای دابیینکردنی پێداویستیە ماددی و مەعنەویەکانی مرۆڤایەتی لە جیاتی ئەم سیستەمی سەرمایەدارییە کە لە سەر بنەمای درووستکردنی قازانج وکێبڕکێ و نایەکسانیە.
بەڵام لە سایەی ئەم سیستەمەدا، کۆمەڵێکی بچووک لە سەرمایەداران وەک ئیلۆن ماسک و جێف بیزۆس و هاپیشە سەرمایەدارەکانیان، دەستیان بە سەر چەندەها ملیار دۆلاردا گرتووە، بە جۆرێک کە توانای کۆنتڕۆلکردنی چارەنووسی مرۆڤایەتییان پێ دەدات وتەواوی دانیشتوانی هەسارەی زەوی ملکەچی خواست و ئیگۆکانی ئەمان بن. ئەوەتا ئێستا ئەم دوو پیاوە خوازیارن گەشتی ئاسمانی تایبەتی بەڕێخەن بۆ بۆشاییەکانی ئاسمان بۆ هەرکەسێک کە بیەوێت، ئیتر ملیارەها دۆلار لەم بوارەدا خەرج دەکرێت چونکە سەرمایەداری هەمیشە پێویستی بە فراوانکردنی بازاڕەکانیەتی بۆ تێپەڕدانی قەیرانەکانی خۆی. خواستەکانی سەرمایەداران تەنیا لە پرۆژەکانی وەبەرهێنانی بۆشایی ئاسماندا سنووردار نییە، بەڵکو ئێستا ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنە سیاسییەکانیش هەیە. ئەوەتا ماسک، بەشەخسی، زیاتر لە چارەکە ملیۆنێک دۆلاری بەخشیوە بۆ هەڵبژاردنی دۆناڵد ترامپ بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی ئەمریکا، و لەم دواییانەشدا وەک هاوسەرۆکی دامەزراوەی (بەڕێوەبردنی کارایی حکومەت) دەستنیشانکراوە. ئەرکی ئەم دامەزراوەیە بڕینی ٢ تریلیۆن دۆلارە لە خەرجییە فیدڕاڵییەکان. ئەم سیاسەتە کۆنپەرستانانە، بە شێوەیەکی سەرەکی سنوورداکردنی خەرجییەکان لەسەر دوو بەرنامەی چاودێری تەندرووستی حکومی (مێدیکەر و مێدیکەید) و پرسی بێ خانەولانەیی دەکەنە ئامانج. ماسک پێی وایە کە “تاکە ئاوارەکان لە ڕاستیدا زۆمبی توندوتیژی ماددە هۆشبەرەکانن و چاویان مردووە و دەرزی و پیسایی مرۆڤن لەشەقامەکاندا” و “هەتا پارە زیاتر بۆ ئاوارەیی خەرج بکرێت، خراپتر دەبێت”. واتە ئێستا ماسک ڕۆڵ و باڵادەستیی بەرزی لە داڕشتنی سیاسەتە کۆنەپەرستەکانی دەوڵەت و شێوەی حکومەتی داهاتوودا هەیە. باقی ملیاردێرەکانیش ڕیزیان بەستووە، و بە پەلەن، بە چەکی چەندەها ملیۆن دۆلاری پشتیوانی سەرۆکی هەڵبژێردراو دەکەن، بۆ دڵنیابوون لە ڕۆڵگێڕانیاندا لە ژێردەستەیی هەموو لایەنکانی ژیان بۆ بەدەستهێنانی قازانجی تایبەت و پتەوکردنی ڕیزەکانیان بۆ سەرکوتکردنی هەر بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی بە دژی.
بە پێی دواترین ئامارەکانی گۆڤاری فۆربس، سامانی ماسک نزیک بە نیو تریلیۆن دۆلارە. سامانی کەسیی ئەو کە ٤٤٢ ملیار دۆلارە، تەنیا لە ماوەی دوو مانگی ڕابوردوودا نزیکەی ١٨٠ ملیار دۆلار گەشەی کردووە، زۆربەی ئەم زیادبوونەش لە شەش حەفتەی دوای دووبارە هەڵبژاردنەوەی دۆناڵد ترامپ بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا ڕوویداوە. بە دڵنیاییەوە، ئەو بڕە پارە فەلکییانە دەتوانن قەیرانە جیهانییە جۆراوجۆرەکانی وەک برسێتی و هەژاری چارەسەر بکەن، یان کۆتایی بە ئاوارەبوون و بێخانەولانەیی و یان چارەسەرێک بۆ شێرپنجە بدۆزنەوە، یان مەترسییەکانی کارەساتی ژینگەیی دوور بخەنەوە. بەڵام ئەم پرۆژانەی کە پەیوەندی بە ٨.٢ ملیار کەسەوە هەیە و دەکرێت سوودی لێ ببینێت، ناگەڕێنەوە بە قازانج و گەرەنتی باڵادەستی ئابووری و سیاسیی بۆ ئەم پارێزەرانەی ملیارەها دۆلار ناکەن، بۆیە هیچ چاوەڕوانی ئەوە ناکرێت کە ماسک و ئەو ڕیزە درێژەی هاوپیشە سەرمایەدارە ملیاردێرەکانی، نە دەستبەرداری خەونە ئاسمانییەکانیان بن، و نە باڵادەستی و دەسەڵاتە سەر زەمینییەکانیان.
ئەم هاوكێشەیە پێچەوانەیە و دەبێت بگۆڕدرێت. ئەو ملیارەها دۆلارانەی کە ئەم مشەخۆرانە دەستیان بەسەردا گرتووە، دەبێت بگەڕێندرێنەوە بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکانیان: ئەو سوپا گەورەیەی کرێکارانی بنەڕەتی، هەژاران، زەحمەتکێشان، ژنان، گەنجانی بێکارکراو، منداڵان، کۆچبەران و هەموو چینە پەراوێزخراوەکان. ئەم گۆڕانکارییە نە بە پشتبەستن بە هیوای چاکسازی سکرووج دەبێت، وەک ئەوەی دیکنز پێشنیاری دەکات، وە نە بە گەشبینیی و لێبوردووی ساویلکانەی کارمەندەکەی بۆب کراتشێت. بەڵکو لە ڕێگەی گۆڕانکارییەکی هەمەلایەنە و ڕیشەیی لە پەیوەندییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا دێت کە ژیانێکی ئاسوودە و خۆشگوزەرانی بۆ ٨.٢ ملیار دانیشتووی هەسارەکە دابیین دەکات، نەک تەنها بۆ ژمارەیەکی بچووک لە چەتە دەریاییەکان.
گەیشتن بە یەکسانی دروشمێک یان خەون و فانتازیا نیە، بەڵکو پێویستیەکی هەرئێستاییە. بە بێ ئەوە، هەموو ئەوەی کە لە گەشت بۆ قووڵایی بۆشاییەکانی ئاسمان بەدەستی دەهێنێت، هاوردەکردنی نایەکسانییە لە زەویەوە بۆ گەردوون.
شیرین عەبدوڵڵا
٢٥.١٢.٢٠٢٤
* Social Determinants of Health
** End Fuel Poverty Coalition