ئاشتی عەبدوڵا:
کورسی سەرۆکایەتی هەرێم ، بۆتە هۆی دروستکردنی قەیران و فەرامۆش کردنی میللەت .
ئەم ئاڵوگۆڕەی دەسەڵات، بۆتە هۆی خولقێنەری قەیرانەکان ، هەموو حکومەت و دامەزراوەکانیشی لەگەڵ خۆی پەلکێشی یارییە سیاسیەکان کردوە.
سەرەتا ئەم پۆستە تا ئێستا نەیتوانی ئیدارەدانی میللەتێک بکات ، بەهەموو چین و توێژوو و لایەنەکانییەوە ، بەم میکانیزم و جۆرەی ئێستاش ناتوانێت .
ناتوانێت لەنێوان ئەم هەموو قەیرانەدا ، گیرفانی هاووڵاتیان پڕبکاتەوەو مووچەیان لەکاتی خۆیدا پێ بدات . ناتوانێت ئۆتۆمۆبیلی هاووڵاتی پڕ بەنزین بکات و لەگەرمای سەرەگرتن و بوون و نەبوونی بەنزیدا رزگاری بکات . ناتوانێت کێشەی کارەبا چارەسەر بکات . ناتوانێت کار بداتە گەنجە بێکارەکان، ناتوانێت رێگری لە فیول پەمپی خراپ و بەنزینی خراپ بگرێت . ناتوانێت سفرەی هەژاران رازاوە بکات، ناتوانێت کێشەی نیشتەجێبوون چارەسەربکات. ناتوانێت کوشتن و بێرێزییەکانی بەرامبەر ژنان دەکرێت راگرێت ، ناتوانێت پشتگیری لەکەم ئەندام و نابینا بکات و ژیانیان رووناک بکات. ناتوانێت دەستی منداڵانی شەهید بگرێت ، سەبووری دایکانی شەهید بداتەوە.
چی کرا بۆ هاووڵاتیانی ئەم هەرێمە لەدوای دروستبوونی حکومەت و پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم. ناتوانین بڵێن هیچ نەکرا، بەڵێ کرا.
هەرچی خزم و کەس وکاری بەرپرسان هەیە دامەزراون و بەبندیوار و وەهمییەکانەوە، بینایی جوان و بڵندو بێ ئەندازە لەشارەکاندا ریزکراوان ، بەڵام موڵکی کێن ، بێگومان هاووڵاتی نییە! هەرچی زەوی چواردەوری شارەکانە کرا بەباخ و فیلای خۆیان و بازنەکەی چواردەوریان . دروستکردنی سەدان کۆمپانیا و کارگە ، بەڵام بەناوی کێوەن ! کەرتی تایبەت گەشەی کردوە ، بەڵام تایبەت بەخۆیان. ئیفاد بۆ دەرەوەی ووڵات و سەفەر بۆ بەرپرسان. هێنانی ئۆتۆمۆبیلی گرانەبەها و جۆراو جۆر پڕکردنەوەی شەقامەکان ، ئەمیش هەر خۆیان و بازنەکەی چواردەوریان. سەقام گیری ئاسایش و ئارامی ، بۆ خاتری مانەوەی خۆیان و پرۆژەکانیان . زۆری کاری تر ، بەڵام !
ئەمانە تەنها دڵۆپێکن لەدەریایەک ، لەڕووی ئابووریی و کۆمەڵایەتیەوە ، باسی دیوێکیتری کارەکانی حکومڕانی ماوە کە رووە سیاسیەکەیەتی . ئەوە بۆ بەشێکی تر ، یان کەسانی پسپۆرتر لەسیاسەت بەجێدێڵین ، چونکە لەئێستادا میللەت باری شانی گەلێک قورسە ، بەدەست قەیرانە دروستکراوە ئابوورییەکانەوە دەناڵێنێت.
حکومەت و پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم تێکەڵەیەکن ، لە خواستی حزب ، بۆیە هەر گۆڕانکارییەکی سیاسی بێتە پێشەوە ، هەردوولا بە یەک ئاڕاستە کاری بۆ دەکەن.
هەموو لایەنە سیاسیەکانیش بێ بەش نین لەم بێ سەروبەرییەی لەکوردستاندا هەیە. زۆرجار هاووڵاتیان دەگەنە ئەو راستییەی هیچ لایەنێک خەمخۆری میللەت نییە ، بێ ئاگان یان بەئەگا ، هاووڵاتییان فەرامۆش کردوە. سیاسەت کردنی لایەنەکان بۆ خزمەتی هاووڵاتی و بەڕێوەبڕدنی دامەزراوەکانی نییە ، هێندەی بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی حزبی و مانەوەو برەودان بەفۆرمی بەحیزبیبوونی خۆیان. ئەم قسەیەش هەروا سەرپێی ناکرێت و لەبێزاری شەقامەوە وەرنەگیراوە ، بەڵکو بەڵگەی شکستهێنانی حکومەتی هەرێمە لەماوەی ساڵێک لەتەمەنی . ساڵێک دەرفەتێکە بۆ بەرچاو روونی و تێگەیشتن لەئەدایی کاروباری حکومەتی هەرێم .
ئەم شکستەی حکومەتی هەرێم جگە لەپاساوەکانی هەمیشە کاربەدەست و سیاسییەکان دەیهێنێننەوە بۆ شکستەکانیان هیچیتر نییە ، جگە لە ناکۆکی لایەنەکان و ئاڵوگۆڕنەکردنی دەسەڵاتەکان. بۆ درێژەدان بەماوەی حکومڕانی و دەرفەتی زیاتر بۆ مانەوە لەدەسەڵات ، لایەنێک قەیران دروست دەکات و لایەنەکانی تریش لەدوورەوە دەڕوانن و جارجار جوڵەیەکی سست دەکەن. ئیتر کاتییەتی خۆتان یەکلابکەنەوە ، تاکەی مافی ئەوە بەخۆتان دەدەن میللەت بەکاربێنن، وەکو ئامراز بۆ ئامانجی مانەوەتان.
دەستور دەنووسنەوە ، ئاڵوگۆری دەسەڵاتەکان دەکەن ، چی دەکەن بیکەن ئەوە ئەرکی ئێوەیە ، بەڵام میللەت فەرامۆش مەکەن ، هەرێمی کوردسان لەقەیرانەکان رزگار بکەن. داهاتووی ئەم هەرێمە بەرەو رووناکی بەرن ، نەک دیکتاتۆرییەت . دەنگمان تەزویر مەکەن ، میللەتێک لەدەسەڵاتی خۆماڵی لەوە زیاتر بێ هیوا مەکەن. ئیتر خۆتان یەکلابکەنەوە.