ماوه‌یه‌كه مشتومڕێكی گه‌رم و گوڕ له‌سه‌ر شێوازی سسته‌می حوكمڕانی له كوردستاندا له ئارادایه له سه‌ر دیاریكردنی شێوازی سسته‌می سیاسی بۆ داهاتووی كوردستان.
له‌م نێوه‌دا دوو به‌ره كه هژمۆنیایان به‌سه‌ر په‌رله‌مان و حكومه‌ته‌وه هه‌یه, ئه‌لته‌رناتیفی خۆیان هه‌یه بۆ شێوازی حوكمڕانی ئاینده‌ی كوردستان كه به‌هێزترینیان ده‌سه‌ڵاتدارانی زۆنی سه‌وز و زه‌ردن, یه‌كیان 4 پارته سیاسییه‌كه‌یه (( ینك , گۆڕان , یه‌كگرتوو , كۆمه‌ڵی ئیسلامی )) كه خوازیارن سه‌رۆك به كه‌مترین ده‌سه‌ڵاته‌وه له په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرێت وه‌ك یۆنان و ئه‌ڵمانیا …., بژارده‌كه‌ی خۆیان ناو ناوه سسته‌می په‌رله‌مانی , له لایه‌كی دیكه‌وه پارتی دیموكراتی كوردستانه كه خوازیاره سه‌رۆك به ده‌نگدانی گشتی هه‌ڵبژێردرێت به ده‌سه‌ڵاتی جارانه‌وه , یان له‌و په‌ڕی ناچاری به كه‌مێك كه‌مكردنه‌وه‌وه , به مانای ئه‌وه‌ی یاسای سه‌رۆكایه‌تی ئێستا كه‌مترین هه‌موارو بكرێته‌وه واتا مكیاجێكی كاڵی وا بكرێت سیماكه‌ی نه‌گۆرێت و وه‌ك خۆی بناسرێته‌وه, ئه‌وانیش سسته‌مه‌كه‌ی خۆیان ناو ناوه سسته‌می په‌رله‌مانی , كه له راستیدا هه‌ردوكلا راستده‌كه‌ن بۆ ناو لێنانی سسته‌مه‌كه‌یان , چونكه نموونه بۆ هه‌ردوكلایان له جیهاندا زۆره, به‌ڵام بۆ ناپرسن كامیان باشتره, له بری شه‌ڕكردن له سه‌ر ناو , باشتره شه‌ڕ له‌سه‌ر باشترین بكرێت.
ئه‌وه‌ی رونه هیچكام له‌م دوو به‌ره‌یه به دوای سسته‌مێكه‌وه نین گه‌ڵ بڕیار ده‌ربێت تیایدا كه ئه‌ویش دیموكراسی راسته‌وخۆیه, تیایدا گه‌ل ده‌سه‌ڵاتی ره‌های هه‌یه‌و بڕیار له‌سه‌ر گۆڕینی ده‌سه‌ڵاتداران, یاساكان , په‌سه‌ند كردنی بڕیاره‌كان و ….. ده‌دات , له باشوری كوردستان وه‌ك رۆژئاوای كوردستان به دوای ئه‌زمونێكه‌وه نین له كونج و كه‌له‌به‌ری په‌رتوكه‌كانه‌وه له‌وپه‌ڕی جیهان , توێژه‌رێكی گیرفان به‌تاڵ توێژینه‌وه‌ی بۆ كرده‌بێت, كه وێڵی گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی گه‌ل بێت له خواره‌وه, ناونانی كانتۆن له رۆژئاوای كوردستان , ته‌نها ناو نانێكی ئاسایی نییه, به‌ڵكه له باوه‌ڕ بوونه به دیموكراسی راسته‌وخۆ, مه‌سه‌له‌كه ته‌نها ناو لێنان نییه كه هه‌نده‌ك وای بۆ ده‌چن , له‌م ئه‌زمونه‌ی لای خۆمان نه‌یاران داوای زیاتری به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی رۆڵی خه‌ڵك ده‌كه‌ن له بڕیاردان وه‌ك له ده‌سه‌ڵاتێك كه ئه‌وه‌ی باوه‌ڕی پێ نه‌بێت یاسایه(( هه‌رچه‌نده ئه‌و حیزبانه‌ش به‌شێك له ده‌سه‌ڵات به‌ڵام وه‌ك پاشكۆ)) ته‌نها بۆ كات كوشتن هه‌مووانی پێوه سه‌رقاڵه كات, دوای په‌سه‌ند كردنیش له كاتی قازانجدا یاسا ئاماده‌یه, له كاتی مه‌ترسی بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیشی بۆ هه‌ڵگرتنی سه‌ر ره‌فه‌كانه .
پاساوی 4 لایه‌نه‌كه بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌م شێوازه گوایه به‌شێكی به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌یه ترسیان له ساخته‌كاری هه‌یه كه پارتی بیكات له هه‌ڵبژاردنه‌كان له ناوچه‌كانی زۆنی زه‌رد, بێشك ده‌یكات ئه‌گه‌ر بشی كوژن, نه‌ك بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم بگره بۆ هه‌ڵبژاردنی چایچییه‌كیش بێت, ئه‌مه تایبه‌تمه‌ندی هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاتداری كوردستانه, ئه‌م به‌هانه‌یه لاوازه و ده‌ربڕی ئه‌وه‌یه ئاڵا هه‌ڵگرانی باوه‌ڕیان به ده‌نگی خه‌ڵك و پرۆسه‌ی ده‌نگدان و به‌شداری زۆرینه له بڕیاره‌كاندا نییه, ئه‌وان سه‌یری سیاسه‌ت ته‌نها له به‌رژه‌وه‌ندی خۆیانه‌وه ده‌كه‌ن, ئه‌وه‌نده ده‌نگدانیان ده‌وێت شه‌رعیه‌ت به ئیمتیازاته‌كانیان خۆیان بدات, مه‌گه‌ر بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانیش پارتی ساخته‌كاری ناكات و كورسیه‌كانی پێ زیاد ناكات؟؟, ئه‌مه له كاتێكدا ئه‌وانیش ناوچه‌ی نفوزی خۆیان هه‌یه كه زۆنی سه‌وزه و له رابردوودا له‌و زۆنه ده‌ست نه‌پارێزراوه له ساخته‌كاری له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا, ته‌نانه‌ت خۆیان (ئه‌م 4 لایه‌نه) یه‌كتریان تۆمه‌تباركردووه به ته‌زویر كردن, كه ئێستا دوو لایه‌نه حوكمڕانه‌كه‌ی ئه‌و زۆنه به یه‌ك لیست داده‌به‌زن ئه‌وا ژینگه‌ی ساخته‌كاری له‌بارتر ده‌بێت بۆیان و هیچ ره‌قابه‌یه‌ك له‌سه‌ریان نامێنێت, هاوكات بێ ئه‌وه‌ی ئه‌وه بزانن وه‌ك خۆیان بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن 11 كورسیه‌كه‌ی كۆتا پارتی دیموكراتی كوردستان له به‌رژه‌وه‌ندی خۆی له په‌رله‌مان به‌كاری ده‌هێنێت, كه ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنی ناو خه‌ڵك بێت, ئه‌وا 1 یه‌كسان ده‌بێت به 1 و كۆتا نامێنێت, وه‌ك بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن 11 كورسیه‌كه یه‌كسان ده‌بێت به ده‌نگی 1 كورسی, كه‌واته له‌مه‌دا پارتی زیانی ده‌نگی 10 كورسی لێده‌كه‌وێت, له كه‌مترین حاله‌تدا زۆربه‌ی ئه‌و ده‌نگانه له ده‌ستده‌دات, كه ده‌توانێت له هه‌ڵبژاردنی ناو په‌رله‌مان به‌كاری بهێنێت له به‌رژه‌وه‌ندی خۆی, ئه‌گه‌ر ئه‌م گریمانانه هیچیشی نه‌بێت هێزی دیموكراسیخواز ئه‌وه‌یه داكۆكی له‌و پرنسیبه بكات ئه‌گه‌ر خۆشی زیانی لێبكات, له پاڵ هۆكاره‌كانی سه‌ره‌وه كه به كورتی ئاماژه‌مان پێیان دا ئه‌وا ده‌سته‌ی نا سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان كه ئێستا 4 پارته‌كه به‌سه‌ریدا زاڵن ده‌توانن وردتر له جاران چاودێری هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێ بكه‌ن و وه‌ك چه‌كێك به‌كاری بهێنن, ئه‌و ترسه‌یان كه‌متر بێته‌وه‌و سه‌خته‌كانی پێ كه‌م بكه‌نه‌وه, ئه‌وه‌ی جێی ئاماژه‌یه له هیچ بارودۆخێك و له بوونی هه‌ر ترس و گومانێك, نابێت مافه‌كانی تاك و دیموكراسیه‌ت بكرێته قوربانی ئه‌گه‌ره‌كان و پێشبینییه‌كان, من لام سه‌یره هاوكێشه‌كه به‌م شێوه‌یه كه‌وتۆته‌وه, ده‌بوایا پرۆژه‌كان پێچه‌وانه بونایه, له بری ئه‌و 4 پارته, پارتی دیموكرات دژ به‌وه بوایه سه‌رۆك له‌ناو خه‌ڵكه‌وه هه‌ڵبژێردرێت, چونكه له ناو په‌رله‌مان زیاتر مامه‌ڵه‌و سات و سه‌ودای هه‌لپه‌رستانه‌ی تێدا ده‌كرێت و كه‌ڵك له ده‌نگی كۆتاكان وه‌رده گرترێت بۆ به‌ده‌ستهێنانی پۆسته‌كه و مسۆگه‌ركردنی, نه‌ك بچێته هه‌ڵبژاردنێكی ته‌مومژاییه‌وه ئاسۆی سه‌ركه‌وتن ته‌م و مژاوی بێت, 4 پارته‌كه به‌م پێگه دیبلۆماسیه‌ی ئێستایان به تایبه‌ت گۆران كه زۆر لاواز‌و دوژمن په‌یداكه‌ره, ناتوانن به‌ره‌ی خۆیان تۆكمه بكه‌ن و لایه‌نی دیكه بهێننه ناو بازنه‌ی خۆیانه‌وه بۆ بردنه‌وه‌ی پۆسته‌كه له‌ناو په‌رله‌مان, به‌تایبه‌تیش توركیا‌و ئێران به‌ره‌كانیان دابه‌ش كردووه,كه‌مترین كورسی هه‌یه بۆ مانۆڕ نواندن, گۆڕان به‌و رێكه‌وتنه‌شی له گه‌ڵ یه‌كێتی , وێڕای جه‌وله‌كانیان بۆ لای پارت و لایه‌ن و پێكهاته‌كان, له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زوو زوو په‌رله‌مانتارو سیاسییه زۆربڵێكانیان كێشه‌یان بۆ دروسته كه‌ن, ناتوانن سه‌ركه‌وتوو بن له بواری په‌یوه‌ندی ناوخۆیی و په‌یداكردنی هاوپه‌یمان و دۆست, دوای تاڵه‌بانی خه‌ریكه ینك یش به‌ره‌و ئه‌و ئاراسته‌یه ده‌ڕوات و ئه‌و ده‌رده ده‌گرێت, له دروستكردنی دژبه‌ری سیاسی به به‌رهه‌م ده‌بن .
ئه‌دی سسته‌مه‌كانی جیهان چۆنن؟؟؟
زۆربه‌ی وڵاتانی دیموكراسی جیهان سسته‌می سیاسیان سه‌رۆكایه‌تییه, كه دابه‌ش ده‌بن به‌سه‌ر 4 جۆر , له‌وانه ( 43) وڵات راسته‌وخۆ سه‌رۆك له لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه هه‌ڵه‌بژێرن و ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی بێ ركابه‌ریان هه‌یه كه هاوزه‌مان جگه له سه‌رۆك كۆماری سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تیش ده‌كه‌ن, وه 22 وڵات سه‌رۆكی به‌هێزیان هه‌یه كه خه‌ڵك هه‌ڵیان ده‌بژێرێت به بوونی سه‌رۆك وه‌زیرانی لاواز له وڵات كه سه‌رۆك كۆمار دیاری‌یان ده‌كات, هاوكات 29 وڵات سسته‌می سیاسیان نیمچه سه‌رۆكایه‌تییه( سه‌رۆكێكی به‌هێزی هه‌ڵبژێردراو و سه‌رۆك وه‌زیرانی لاواز ) كه په‌رله‌مان هه‌ڵی ده‌بژێردرێت به كه‌متر له ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆك, به‌مه‌ش ژماره‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ی سسته‌می سیاسیان كۆمارییه له جیهاندا ده‌گاته 94 وڵات له كۆی 193 وڵاتی جیهان , كه نزیك 49,2%ی وڵاتانی جیهان پێك ده‌هێنن .
هه‌ر له‌م په‌یوه‌نده‌دا 8 وڵات راسته‌وخۆ له‌ناو په‌رله‌مان سه‌رۆكی به‌هێزی وڵات هه‌ڵده بژێرن به بێ بوونی سه‌رۆك وه‌زیران (نموونه كۆماری باشوری ئه‌فریقیا), واتا له‌م وڵاتانه گه‌ل سه‌رۆك هه‌ڵنابژێرێت به‌ڵكه گه‌ل په‌رله‌مان هه‌ڵده‌بژێرێت, ئه‌وانیش سه‌رۆكه به‌هێزه‌كه هه‌ڵه‌بژێرن, به‌مه‌ش ژماره‌ی وڵاته سه‌رۆكایه‌تییه‌كان به‌رز ده‌بێته‌وه بۆ 102 وڵات له جیهاندا.
هه‌روه‌ها له جیهاندا 46 وڵاتی كۆماری په‌رله‌مانی هه‌یه(زۆربه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپا له‌م چه‌شنه‌ن) , لێره‌دا سه‌رۆكی وڵات به دووجۆر دیاری ده‌كرێت, به‌شێك راسته‌وخۆ له‌ناو خه‌ڵك هه‌ڵده‌بژێردرێت كه زۆرینه‌ن, نموونه‌یان هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماری نه‌مسا بوو له‌م رۆژانه بینیمان كه به‌هۆی ده‌نگی زۆری نۆربیت هۆفه‌ر له پارتی ئازادی راستگه‌راوه چ هه‌ڵایه‌كی گه‌وره‌ی نایه‌وه, به‌شی دووه‌میان له سسته‌مه په‌رله‌مانیه‌كان سه‌رۆكه‌كان له‌ناو په‌رله‌مان هه‌ڵده‌بژێردرێن وه‌ك ئه‌ڵمانیا و یۆنان و ئیتاڵیا و توركیا(ئه‌ردۆگان ده‌یه‌وێت بیگۆڕێت , له تونسیش پارتی نه‌هزه ده‌یه‌ویست سسته‌م بكاته سه‌رۆكایه‌تی كه‌چی پارته ده‌سته خوشكه‌كه‌یان له كوردستان كه لاوازه‌و له ده‌سه‌ڵاته‌وه زۆر دووره سسته‌می په‌رله‌مانی ده‌وێت ) , سستمی په‌رله‌مانی به هه‌ردك شێوازه‌كه‌یه‌وه زیاتر له 25%ی وڵاتانی جیهان پێك ده‌هێنن, هه‌روه‌ها 29 وڵاتی پاشایه‌تی ده‌ستوری په‌رله‌مانی له جیهاندا هه‌یه(ئه‌وروپا و یابان و وڵاتانی كۆمۆنۆلس), وه 8 وڵاتی پاشایه‌تی په‌رله‌مانی به بوونی پادشای به‌هێزه‌وه كه ئه‌مانه‌ش ناتوانرێت به سسته‌می په‌رله‌مانی و وڵاتانی دیموكراسی بناسرێن( زیاتر وڵاتانی مه‌له‌كی عه‌ره‌بین), هاوكات به‌شێكیان دیكتاتۆریش نین .
به‌مه‌ش له كۆی گشتی 169 وڵاتی دیمكراسی له جیهان له سسته‌مه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی و په‌رله‌مانی, نزیك 55%یان كۆمارییه‌و 45%ی په‌رله‌مانییه به كۆماری و پاشایه‌تی, گروپی یه‌كه‌م زیاتر له ئه‌مه‌ریكای لاتین و وڵاتانی سۆڤیه‌تی جاران و ئه‌فریقیاو ئه‌مه‌ریكای باكور و وڵاتانی ده‌ریای كاریبی و .. , وه‌لی گروپی دووه‌م زیاتر له ئه‌وروپا و وڵاتانی نیمچه كیشوه‌ری هیندی و وڵاتانی ده‌وروبه‌ری و ئه‌سیوبیاو سۆماڵ و عێراق و لیبیایه…ن , زۆربه‌یان به تایبه‌ت له به‌شی ئه‌وروپا ئه‌و وڵاتانه‌ن دیموكراسیه‌ت زیاتر تیایاندا چه‌سپیوه‌و تیایاندا یاساكانی هه‌ڵبژاردن پێشكه‌وتنی زۆری به‌خۆوه بینیوه له پێناو دادپه‌روه‌ری زیاتر له نوێنه‌رایه‌تی, دیاره له‌م وڵاتانه‌ش به تایبه‌ت ئه‌و وڵاتانه‌ی دیموكراسیه‌ت تیایاندا نه چه‌سپوه ناڕه‌زایه‌تی به‌رامبه‌ر به سیسته‌می سیاسی هه‌یه, نموونه هه‌نووكه ناڕه‌زایه‌تی له مۆڵداڤیا و نیپاڵ هه‌یه كه داواكارن سه‌رۆك له‌ناو خه‌ڵك هه‌ڵبژێردرێت , له عێراقیش ناره‌زایه‌تی هه‌یه , لام مسۆگه‌ره له كوردستانیش ئه‌م داواكارییه له داهاتوو دێته پێشه‌وه, ئه‌گه‌ر بژارده‌ی ناو په‌رله‌مان دیاریبكرێت و سه‌رۆكی نا سه‌ركه‌وتووی وه‌ك ئێستای به‌غدای لێوه هه‌ڵبژێردرێت دوای قۆناغی كارێزما سیاسییه‌كانی سه‌رده‌می خه‌باتی چه‌كداری.
ئه‌مه‌و له‌ناو وڵاتانی جیهاندا, 2 وڵاتی ئاینی(ئێران و ڤاتیكان), 6 وڵاتی پاشایه‌تی دكتاتۆری, 8 وڵات تاك حیزبی هه‌ن كه سه‌رجه‌میان له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی وڵاتانی دیموكراسین, كۆیان ژماره‌یان 18 وڵاته نزیك 9,9%ی وڵاتانی جیهان پێك ده‌هێنن, هاوكات وڵاتێكیش كه په‌یڕه‌و له سسته‌می دیموكراسی نیمچه راسته‌وخۆ ده‌كات ئه‌ویش سویسرایه, له هه‌موو سسته‌مه‌كانی ئاماژه‌مان پێیان دا زیاتر تاك رۆڵ ده‌بینێت له بڕیاره‌كاندا له‌م سسته‌مه, دیموكراسی نوێنه‌رایه‌تی ئه‌مڕۆ له هه‌موكات زیاتر له به‌ر ره‌خنه‌ی نه‌یارانیدایه كه ئه‌لته‌رناتیفیان دیموكراسی راسته‌وخۆیه, نازانم جه‌نگاوه‌رانی دوێنێی ئازادی له كوردستان بۆچی شه‌ڕ له‌سه‌ر ئه‌م شێوازه‌ی دیموكراسیه‌ت و به‌ڕێوه‌بردن ناكه‌نه‌وه بۆ باشوری كوردستان ؟؟؟؟؟.
به بڕوای من ئه‌لته‌رناتیفی ئه‌و 5 لایه‌نه ئه‌وه‌نده نزیكه له یه‌كتره‌وه نه‌ك شایانی ئه‌م بارگرژییه‌ی ئێستای كوردستان نییه, به‌ڵكه شایانی كات كوشتنیش نییه.
به‌هۆی ئه‌وه‌ی سسته‌مه سه‌رۆكایه‌تیه‌كانی وڵاتانی دواكه‌وتووی چه‌شنی كوردستان به‌شێكی زۆریان به‌ره‌و دكتاتۆریه‌ت چوونه, نموونه وڵاتانی ئاسیای ناوه‌ڕاست و ئه‌فریقیا …., هه‌رچه‌نده حاڵی به‌نگه‌لادیش و سۆماڵ و توركیاش مایه‌ی حه‌سودی پێدا هاتنه‌وه نییه, بۆیه بۆ گرنتی مانه‌وه‌ی دیموكراسی له كوردستان, سسته‌می په‌رله‌مانی به‌شێوه‌ی كاتی تا ئه‌وكاته‌ی دیموكراسی راسته‌وخۆ ده‌بێته داواكاری خه‌ڵك, گونجاوه له چوارچێوه‌ی رای سیاسی باودا,له‌ناو ئه‌ویشدا هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك له‌ناو خه‌ڵكه‌وه به ده‌سه‌ڵاتی ته‌شریفاتییه‌وه نموونه‌شمان دوا هه‌لبژاردنه كه له نه‌مسا ئه‌نجامدرا.
له كوردستان چی بكه‌ین؟؟؟
ئێستا هه‌ردوو به‌ره‌ی ركابه‌ر باسی سسته‌می سیاسی په‌رله‌مانی ده‌كه‌ن بۆ داهاتووی كوردستان , یه‌كیان باوه‌ری وایه سه‌رۆك له‌ناو په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرێت به كه‌مترین ده‌سه‌ڵاته‌وه, لایه‌نی دووه‌م خوازیاره له‌ناو خه‌ڵك هه‌ڵبژێردرێت به ده‌سه‌ڵاتی جارانه‌وه, لێره‌دا هه‌ردوولا راسته كه‌ن و نموونه له جیهان بۆ هه‌ردوو شێوازه‌كه هه‌یه, بۆ هه‌ر یه‌كه له‌م دوو به‌ره‌یه نموونه‌ی وڵاتانی باش و خراپ هه‌یه .
پێم وایه سسته‌می په‌رله‌مانی زۆر گونجاوترو باشتره بۆ كوردستان له سسته‌می سه‌رۆكایه‌تی له ترسی خزان به‌ره‌و دكتاتۆریه‌ت, هه‌رچه‌نده قه‌واره‌ی كوردستان هێشتا له روی سه‌ربه‌خۆییه‌وه یه‌كلا نه‌بۆته‌وه, له‌م نێوه‌شدا پێم گونجاوتره له هه‌ردوو بژارده‌كه سه‌رۆك له‌ناو خه‌ڵكه‌وه هه‌ڵبژێردرێت به ده‌سه‌ڵاتی ته‌شریفاتی كه‌مه‌وه, واتا له داواكاری هه‌ردولایه‌نه‌كه هه‌ر یه‌كه‌یان به‌شێك وه‌ربگرترێت و موتوربه‌ی یه‌كتر بكرێت, ئه‌گه‌ر موتوربه‌ی هه‌ندێك به‌های دیموكراسی راسته‌وخۆش بكرێت باشتر ده‌بێت زیاتر ده‌توانێت به‌ها دیموكراسیه‌كان و ئازادیه‌كان بپارێزێت,
به‌م هۆكارانه‌ی خواره‌وه‌یه هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكم له‌ناو خه‌ڵكه‌وه پێ باشتره له چوارچێوه‌ی سسته‌می په‌رله‌مانتاریا :
1- هه‌موو تاكێك ده‌تواننێت مافی خۆی موماره‌سه بكات بۆ خۆ كاندید كردن بۆ ئه‌و پۆسته, مافی هه‌مووان بۆ وه‌رگرتنی پۆسته‌كه پارێزراوه, به پێی ئه‌وه‌ی ده‌ستور و یاسا دیاری‌یان ده‌كات .
2- هه‌موو تاكێك ده‌توانێت مافی خۆی موماره‌سه بكات بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك .
3- سسته‌م هه‌مه ره‌نگتر ده‌بێت , مه‌رج نییه ئه‌و لایه‌نه‌ی حكومه‌ت پێك ده‌هێنێت سه‌رۆكی هه‌رێمیش بباته‌وه, له جیاتی بژارده‌یه‌ك دوو بژارده له‌به‌رده‌م گه‌لدا ده‌بێت بۆ حیزبی حوكمڕان .
به‌ڵام هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك له ناو په‌رله‌مان به قازانجی پارته رامیاریه‌كانه به تایبه‌ت گه‌وره‌كان , به‌وه‌ی ده‌توانن كاندیدی خۆیان دیاریبكه‌ن بۆ پۆسته‌كه, به‌مه‌ش پۆسته‌كه له نێوان خۆیان پاوان ده‌كه‌ن , ده‌نگ كڕین و ته‌نانه‌ت حیزب كڕینیشی لێ ده‌كه‌وێته‌وه, هاوكات له كاتی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك مامه‌ڵه به ژماره‌ی كورسیه‌كانیانه‌وه ده‌كه‌ن بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك له پشتیوانی كاندیدێك, به‌مه‌ش ئیمتیازاتی زیاتر به ده‌ست ده‌هێنن له به‌رامبه‌ر ده‌نگدانیان, لێره‌دا ئازادی و دیموكراسیه‌ت له به‌رژه‌وه‌ندی حیزب به تایبه‌تیش حیزبی گه‌وره ده‌بێته قوربانی .
هاوكات بۆ بارودۆخی كوردستان به‌هۆی زاڵ بوونی پاوانخوازی حیزبی و ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌یی و سیاسه‌تی به‌رچاو ته‌نگی حیزبایه‌تی, ده‌كرێت كۆمه‌ڵێك پێوانه بۆ سه‌رۆك دیاریبكرێت به كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانیه‌وه, له‌وانه :
1- سه‌رۆك له پارته‌كه‌ی ده‌ست بكێشێته‌وه.
2- سه‌رۆك باره‌گای سه‌ره‌كی كاره‌كه‌ی له پایته‌خت ده‌بێت و ته‌نها له كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی كه له پایته‌خته كاره‌كانی به‌ڕێوه ده‌بات.
3- سه‌رۆك ئه‌ژندای كاره‌كانی رون بێت و سه‌رۆكی ته‌واوی گه‌ل بێت نه‌گ گروپ و پارت و بنه‌ماڵه‌و شارێك .
4- نابێت دوو كه‌سی نزیكی یه‌كتر هاوكات دوو پۆستی سیادی وه‌ربگرن.
5- نابێت كه‌سه نزیكه‌كانی سه‌رۆك كاری بازرگانی بكه‌ن و پرۆژه له حكومه‌ت وه‌ربگرن.
6- سه‌رۆك سه‌روه‌ت و سامانی خۆی و كه‌سه نزیكه‌كانی ئاشكرا ده‌كات و بڵاوی ده‌كاته‌وه بۆ ئاگادار بوونی هاووڵاتیان.
7- له هیچ بارودۆخێك نابێت له دوو خول زیاتر به‌هیچ به‌هانه‌یه‌ك پۆسته‌كه‌ی بۆ درێژ بكرێته‌وه , یان خۆی كاندید بكاته‌وه له قۆناغه‌كانی دواتری ژیانیدا بۆ هه‌مان پۆست.
له كۆتادا ده‌ڵێم , سسته‌می دیموكراسی نوێنه‌رایه‌تی له ژێر پرسیاری جدیدایه, شۆرش دژ به‌م شێوازه له حوكمڕانی ده‌ستی پێكردووه, ماوه‌ی دور بێت یان نزیك پاشه‌كشه‌ی پێ ده‌كرێت, ده‌بێت به‌دوای دیموكراسی راسته‌وخۆوه بین ,بۆ ئه‌وه‌ی گه‌ل بڕیاری خۆی له‌سه‌ر هه‌موو شتێك بدات له هه‌موو كاته‌كانی ژیاندا‌و له هه‌موو بڕگه‌كانی فه‌رمانڕه‌واییدا, نه‌ك 4 ساڵ جارێك به هه‌ڵبژاردنێكی روكه‌شانه‌ی فریوده‌رانه هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنرێن و درۆكان دوباره كرێنه‌وه له رێگای سندوقه‌كانی ده‌نگدانه‌وه.