
پزیشکان بە لوقمانیان گوتووە ئەگەر لە دەرەوە نەشتەرگەی بۆ چاوی راستی نەکات، بە تەواوەتی بینایی لەدەستدەدات.
ئەو پێشمەرگەیە داوا لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات بێتە سەر هێڵ و بۆ نەشتەرگەری رەوانەی دەرەوەی بکات.
لوقمان تەمەنی 43 ساڵە و پێشمەرگەی لیوای یەک بووە. لە شەڕ و پێکدادانەکانی 16ی ئۆکتۆبەردا لە کەرکووک بریندار بووە.
لوقمان محەممەد، دەڵێت: “هێزێکی حەشدی شەعبی ویستیان هێرش بکەنە ناو شاری کەرکووک، ئێمەیش بەرەنگاریان بووینەوە. من لەسەر بیکەیسی هەمەر بوون، بە گوللەی دەبابە لێیانداین و من بە سەختی بریندار بووم. ئیتر چاوێکم لەدەستدا کە ئێستاکە پلاستیکە و ئەوە چاوەکەیشم لە لێواری کوێربووندایە. دکتۆر دەڵێت لە دەرەوە نەشتەرگەری دەکرێت، نزیکەی 10 دەفتەر دۆلاری تێدەچێت.”
لوقمان دەڵێت: “داوا لە کاک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەم بێتە سەر هێڵ، بێت بە هانامەوە، با ئەو چاوەیشم لەدەستنەدەم. سێ ساڵ و شتێکە منداڵی خۆمم نەدیوە و ئاواتم ئەوەیە چاوم ببینێت و منداڵی خۆم ببینم.”
لوقمان محەممەد تاوەکو ئێستا 9 نەشتەرگەریی لەسەر ئەرکی خۆی کردووە و ئێستا لە رووی داراییەوە توانای وەرگرتنی چارەسەر و نەشتەرگەریی نەماوە.
ئیدی کەسوکارەکەی توانای دابینکردنی تێچووی نەشتەرگەریی چاوی لوقمانیان نییە. لوقمان باوکی دوومنداڵە، کوڕەکەی تاوەکو تەمەنی نۆ مانگی بینیوە و شێوەی کچەکەیشی ناکات. مەنال محەممەد، هاژینی لوقمانە و دەڵێت: ”کچەکەمان ساڵ و نیوێکە و، نەیبینیوە. کوڕەکەیشی لە نۆ مانگییەوە نەبینیوە.”
وەزارەتی پێشمەرگە لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی چارەسەری پێویست بۆ لوقمان بدۆزنەوە. عەقید هێمن حەسەن، فەرماندەی لیوای دووی پیادەی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ”لە رێگەی وەزارەتی پێشمەرگەوە بۆ چارەسەرکردنی نووسراو بۆ نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کراوە.”
بەپێی دواین راپۆرتی پزیشکی دەبێت نەشتەرگەری بۆ چاوی راستی لوقمان بکرێت، نەشتەرگەرییەکەش لە دەرەوەی وڵات دەکرێت، ئەگەر نا بینایی لەدەستدەدات.
رووداو