پاولۆ کۆیلۆ لەناو چڕی و ئاڵۆزی ڕۆمانی (یانزە خولەک)دا، بابەتی مرۆڤایەتی و پێکهاتەی گرفتەکانی پەیوەندی بە خۆشەویستی و ژیان و سێکس گرێدەدات بەکەشێکی ئەدەبی و درامییەوە.
لەکۆتایی ڕۆمانەکەیدا دان بەوەدا دەنێت ئەم چیرۆکە پەیوەستە بە یەکێک لەکچە بەرازیلیەکانی لەڕێگەی کۆچەوە دەچێتە وڵاتانی دیکە تا لەڕێگەی لەشفرۆشیەوە ژیان دروست بکات، لێرەوە ئاشنا دەبین بە گرفت و بەربەستەکان، ئەو لەپێناو چیرۆکەکەیدا ناوی (ماریا) بەکاردەهێنێت، کچێکی بەرازیلی شیک و جوان و خاوەن هیوا، ئەو لەپێناو ژیانێکی ئارام کۆچ دەکات کاتێک دواتر خۆی لەناو لەشفرۆشیدا دەدۆزێتەوە لەپێناو دابینکردنی بژێوی ژیان، ئەو لەپێناو گەیشتن بەخەونەکانی جەستەی بەکاردەهێنێت، نوسەر وڵاتی سویسرا هەڵدەبژێرێت لەپێناو چارەسەری ئەم بابەتە، بەهۆی گرنگی ئەو وڵاتە لەکیشوەری ئەوروپا و کاری لەشفرۆشی.
ماریا لەبەڕازیل لەدایک دەبێت، ئەو لەبەڕازیل ئاشنا دەبێت بە خۆشەویستی و جەستە و سێکس، بەبێ ئەوەی ئاگاهی تەواوی هەبێت لەو بابەتانەدا، بەهۆی شەرمەوە هەلی خۆشەویستی دەدۆڕێنێت، ئەو هەلەی ژیان پێی بەخشیبو، پێش ئەوەی چێژ لە جەستەی وەربگرێت، دواتر چێژی کامڵ لەناو جەستەیدا دەدۆزێتەوە، دواتر ڕادێت بەوەی بەخۆی ڕازیبێت، بەڵام لە حەقیقەتدا ئەمە بەس نەبو، بەتایبەت پاش پراکتیزەکردنی جەستە و سێکس بۆی ئاشکرادەبێت بەم شێوەیە ناتوانێت ژیانی بەڕێوە ببات، دواتر پاش ئەوەی خوێندنی ناوەندی تەواو دەکات، ئاڕاستەی ژیانی دەگۆڕێت، ئەو ئیدی ناچار دەبێت هەڵێک ببەخشێت بە ئاڕاستەی ژیانی، تا بگات بە لوتکەی حەز و ئارەزوەکانی، سەرەتای کار کردن ئەزمون دەکات، لەڕێگەی کارە نوێکەیەوە پارە کۆدەکاتەوە، دواتر بڕیاردەدات گەشت بکات تا چێژ لەژیان ببینێت، ئەو شاری ڕیۆ دی جانیرۆی بەڕازیلی دڵڕفێن هەڵدەبژێرێت، لێرەوە ژیانی ئەو بەشێوەیەکی دراماتیکی بەرەو پێشتر دەڕوات، ئەو ژیانێکی نوێ لەنێو کەناراوەکاندا تاقی دەکاتەوە، لەوێ بیانیەکان دەناسێت، یەکێک لەبیانیەکان دەناسێت، ئەو پیاوە ئالودەی ڕاوکردنی کچە بەڕازیلیەکان بو بو، بەڵام ئەو لەپشت ئەم کردەوانەیەوە بەرنامەیەکی هەبو، ئەو کچانەی جوان و شیاو بون بۆ کاری لەشفرۆشی دەیگواستنەوە بۆ وڵاتی سویسرا لەژێر ناوی ناوبانگ و هونەردا!
پاش گەیشتنیان بە وڵاتی سویسرا ئاشنا دەبن بە حەقیقەتێکی تاڵ، ئیدی پاشگەزبونەوە سودێکی ئەوتۆی نابێت، بەتایبەت پاش ئەوەی گرێبەست ئیمزا دەکەن و ڕێک دەکەون لەسەر مەرجەکان، هەمان گرفت بەسەر ماریادا دێت، ئەو ڕادەستی چارەنوس دەبێت، ئەو چارەنوسەی خۆی هەڵیبژاردبو، ئەو تاریکستانەی خۆی هەڵیبژارد، ئیدی بەناچاری بڕیار دەدات بەردەوام بێت، حەز و ئارەزوەکان و خەونەکانی ئەو بەجۆرێک بو تەنها کچێکی ئاسایی نەبو، خۆی فێری زمانی فڕەنسی دەکات، هەوڵدەدات خۆی ڕۆشنبیر بکات، تا ڕادەی خۆ دۆزینەوە و پەی بردن بە نهێنی جوانیەکانی ژیان.
هەست کردن بە تەنهایی، ئەزمون کردنی ژیانێک لەناو خەڵکی بیانی و دور لەوڵاتی خۆت دەکرێت تاڵترین و تاریکترین ئەزمون بێت مرۆڤ پێیدا گوزەر بکات، بەجۆرێک مرۆڤایەتی لەناو ناخی ئەو کەسەدا دەگاتە کەناری مەرگ و هەستەکانی دەکرێت تەواو لاواز ببن.
پاش ئەوەی (ماریا) ڕازی دەبێت بە مەرجەکانی ئەو کەسەی کاری پێدەکات لە وڵاتی سویسرا، بەرگە دەگرێت تا ئەو ساتەی گرفت لەنێوانیاندا دروست دەبێت، بەجۆرێک ناچار دەبێت خۆی ژیانی خۆی بەڕێوە ببات، دوردەخرێتەوە، ئیدی گەشتێکی نوێ دەستپێدەکات، گەڕان بەدوای کارێکی نوێدا، پێش ئەوەی کارێک بدۆزێتەوە هەوڵدەدات خۆی فێری زۆر شت بکات لەوانە؛ ناسینی شێوەی ژیان لە سویسرا، ئاشنا بون بە زمان، کەلتور، ڕۆشنگەری سویسری، فاکتەرێکی سەرەکی دەبێت تا ژیانی بۆ ئاسان ببێت، لێرەوە دەچێتە ناو قوڵایی جیهانی لەشفرۆشی، تا بتوانێت بەم شێوەیە کەم وکورتیەکانی ژیانی پینە بکات، یەکێک لەماڵەکانی لەشفرۆشی پەیدا دەکات، شەوانە کاری لەشفرۆشی تێدا ئەنجام دەدرێت بەناوی (كوبا کابانا) لەمشوێنەدا ئاشنادەبێت بەکۆمەڵێک نهێنی تایبەت بە ژیانی مرۆڤەکان، بەڵام تێڕوانینی بۆ ژیان دەگۆڕێت بەهۆی ناسینی دوو کەسی دیکەوە ، ئەو لەڕێگەی ئەو دوو کەسەوە فێری یاریەک دەبێت (خۆشەویستی ژیان بەشێوەیەکی دیکە و جیاواز) کەسێک جۆرێک لە ئازاردانی دەرون بە چارەسەر دەزانێت لەپێناو بەرامبەردا، هەروەها ئازاردانی بەرامبەر لەپێناو خود دا لەناو پێکهاتەی سێکسدا، لەپێناو دەرباز بون لە قورسایی تاوانەکان، ئەو قورساییانەی شانی مرۆڤەکان ماندودەکات، بەڵام ئەو کەسەی دیکە بۆتە هۆکاری ئەوەی جارێکی دیکە ژیان بگەڕێتەوە بۆ نێو دڵ، پاش ئەوەی بڕیار دەدات ماوەیەک خۆشەویستی دوابخات ، ئەم کەسە بەجۆرێک دەچێتە ناخیەوە تا قوڵایی دەرون دەڕوات تا حاڵەتی ناسینی خود، گەرچی جیهانی ماریا پڕیەتی لە پەیوەندی بەستن لەگەڵ پیاودا، بەڵام ئەوەی لەگەڵ (ڕالف هارت)ی وێنەکێشدا پێی دەگات زۆر جیاواز و دەگمەن بو، نوسەر بە (سێکس)ی پیرۆز ناوی دەبات، ژیانی ماریا بەم شێوەیە دەڕوات، پێش ئەوەی وادەی گەڕانەوەی بۆ بەڕازیل نزیک ببێتەوە.
خۆشەویستی کۆیلایەتی و پەرستش نییە تا دو کەس لەسەری ڕێکبکەون، بەڵکو پێچەوانەکەی ڕاستە، کاتێک خۆشەویستی بونی هەیە ئازادی بونی نامێنێت، بۆ ئەو کەسانەی دەرون و جەستەی خۆیان ڕادەست دەکەن، واهەست دەکات ئازادە، ئیدی بەبێ سنور خۆشەویستی دەکات، کاتێک کەسێک بەبێ سنور خۆشەویستی دەکات ئیدی هەست دەکات بە ئازادی دەرون، لەناو ئەم کەشە درامی و ئاڵۆزەدا مرۆڤ هەست بە گرنگی خۆشەویستی دەکات بۆ مرۆڤ، کاتێک مرۆڤ کەسی گونجاو دەدۆزێتەوە ئیدی گەشتی گەڕان بەدوای خود دەست پێدەکات، ئەو بەرەو ئازار نایبات، چونکە لەناو خۆشەیستی ڕاستەقینەدا بریندار کردن بونی نییە، هەردولا خۆیان بە بەرپرسیار دەزانن، کەس ئەوی دیکە تاوانبار ناکات، کەس لۆمەی ئەوی دیکە ناکات، لێرەدا پاولۆ کۆیلۆ دەنوسێت: (ئەمە ئەزمونی ڕاستەقینەی حەقیقەتی ئازادی بو: گرنگترین شتی ژیان ڕوبدات بەبێ ئەوەی تۆ خاوەنی بیت، ئامانجی بونەوەرێکی وەک مرۆڤ تێگەیشتن لە قوڵایی خۆشەویستی، ئەو خۆشەویستیە لەناو بەرامبەردا نییە، بەڵکو لەناو ناخی خۆماندایە، ئێمە بە خەبەری دێنین، بەڵام لەپێناو ئەوەی بەخەبەر بێت پێویستمان بە بەرامبەر دەبێت، ئیدی گەردون هیچ مانایەکی نابێت تا ئەو ساتەی پەرچەکردارەکانمان هاوبەشی پێنەکەین.
ئازار سزا نییە، بەڵکو چێژی مرۆڤەکانە و قوربانییە لەو تاوانانەی کردومانە، ئازار بە مانای خۆشی دێت، مانا و چێژ دەدات بەژیان، لێرەدا دەنوسێت: هیچ شتێک لەوە بەچێژتر نییە کاتێک مرۆڤێک دەخرێتە ناو جیهانێکی نادیارەوە، پاکیزەیی لێسەندراوەتەوە، پاکیزەی جەستەیی نا بەڵکو پاکیزەی ڕۆحی، لێرەدا نوسەر سود لە (مارکیز دی ساد) وەردەگرێت، سەبارەت بە گرنگترین ئەزمونکردن لای پیاو، ئەو ئەزمونەی تا کۆتا سنور پاڵنەر دەبێت، بەم ڕێگەیە تێدەگەین، چونکە ئەم ڕێگا تەواوی ئازایەتی دەوێت، ئێمە نابێت بوێری ئەوە بکەین تۆڵە لەژیان بکەینەوە، بەڵکو دەبێت بەقوڵایی ڕۆحدا گوزەر بکەین، بگەین بەو سەرچاوەی بزانین ئارەزو لەکوێوە دێت لەئازادکردنی دڕندەیی، پاشان لەوە تێبگەین سێکس و ئازار و خۆشەویستی ئەزمونی ڕاستەقینەی مرۆڤە، هە کەسێک ئەو سنورانە بزانێت، ئەو بەتەنها لەمانای ژیان تێدەگات، ئەوەی کە ماوە تەنها کات بەسەربردنە، دوبارەکردنەوەی هەمان بەرپرسیاریە، کەپێکهاتوە لەوەی تەمەنمان هەڵدەکشێت و دەمرین بەبێ ئەوەی بزانین چیمان کرد لەم ژیانەدا.
ماریا لەژیانەوە فێر بو، بێسودە گەر مرۆڤ پێی وابێت خاوەنی کەسێکی دیکەیە، ئەم کچە ژیانی تەرخانکرد بۆ لەشفرۆشی بە هەمو توانای خزمەتکردنەوە، بەهۆی ڕق و گرنگی پێنەدان، لەترسی لەدەستدانی خود، پێش ئەوەی بگەرێتەوە نێو وڵاتی خۆی توانی تا قوڵایی ناخ بڕوات تا گەیشت بەو ئاستەی خۆشەویستی بەبێ بەرامبەر بدۆزێتەوە، لەناو ئەم بابەتەدا نوسەر باس لە هەستی ئێرەیی دەکات، گەرچی بیرکردنەوەکانمان جیاوازبن یان لەقوڵایی ناخی مرۆڤانەماوە بێت ناتوانین ئەم هەستە کپبکەینەوە، نوسەر گرەو دەکات لەسەر ئەوەی باشترین خۆشەویستی ئەو جۆرەیە ناتوانیت گرەو بکەین لەسەر ئەوەی بناغەیەکی بەهێزی هەیە یان نا، بەمانایەکی دیکە خۆشەویستی کەرەستە یان مادەیەکی نەگۆڕ نییە، دەکرێت بڵێین ماریا دو کەسایەتی هەبو، یەکێکیان دەیەوێت ئەو خۆشی و شادی و سەرکێشیانە تاقیبکاتەوە ژیان پێی دەبەخشێت، ئەوی دیکەیان دەوێت کۆیلەی ڕۆتین و ژیانی خێزانی بێت، هەروەها کردەوە بچوکەکان و پلان دانان بۆ جێبەجێکردن و بەدیهێنانیان، لێرەدا نوسەر پێمان دەڵێت: مەرج نیە لەژیاندا لەهەمو شتێک تێبگەین و بیزانین، وە پێویست ناکات هەمو شتێک دەربارەی خۆمان بزانین، مرۆڤ وەک بونەوەرێک دروست نەبوە تا هەوڵبدات هەمو شتێک سەبارەت بەخۆی بزانێت، بەڵکو لەهەمان کاتدا دەبێت زەوی بکێڵێت، چاوەڕێی باران بکات، گەنمەکەی بنێژێت و خۆشەویستی وەربگرێتەوە، گەنم بکات بە هەویر و هەویر بکات بە نان.
پاولۆ کۆیلۆ لەناو پێکهاتەی ڕۆمانی (یانزە خولەک)دا هەوڵدەدات بابەتی مرۆڤ بەشێوەیەکی گشتی چارەسەر بکات، ئەو تیشک دەخاتە سەر بەشێکی گرنگی گرنگی پێکهاتەی مرۆڤ، وەک ئامڕازێکی جوڵەی مرۆڤ، کە پێکهاتوە لە سێکس، لێرەدا سروشتی بونی مرۆڤ پەیوەست دەبێت بە ژیان و خۆشەویستی، جەنگەکانی مرۆڤ دژ بەخۆی، هەست کردن بە ئازاری تاوان و ماڵ، گرفتە دەرونیەکان و کەمی متمانە، ترس کە یاری هەموان تێکدەدات، پاشان سەکرێشیەکانی مرۆڤ بەشێک دەبێ لەو پڕۆسەی منداڵێژ جیهان بناسێت، ئەو ئەشکەنجە و خەم و ئازارانەی لەیاد ناکرێن، تەنها کاتێک دەتوانین لەیادیان بژەین بفڕین بەسەریاندا، وەک ئەوەی باسمان کرد ئازارێک دوای خۆی چێژ دروست دەکات، مرۆڤ بەرەو ئارامی دەبات، ئازاێک دەتبات بەرەو ئاشتی، ئەوەی جیهان دەجوڵێنێت گەڕان نییە بەدوای چێژدا، بەڵکو بەخشینە لەوەی هەیە لەڕواڵەتدا، لەم سۆنگەوە باشترین نمونە: ئەو سەربازەی دەڕوات بۆ جەنگ، بۆ ئەوە دەڕوات دوژمن بکوژێت یان بمرێت لەپێناو نیشتیمان؟ هەروەها نوسەر ڕەخنە دەگرێت لەو وتەی دەڵێت (ئەوەی دورە لەچاو دورە لەدڵەوە) ئەمەش بەو مانایە دێت تا دوربین هەمو ئەو هەستانەی هەوڵ دەدەین بیانخنکێنین نزیکتر دەبنەوە لەدڵ، کاتێک دور لەوڵاتی خۆمان دەژین هەوڵ دەدەین بچوکترین یادەوری ڕەگ و ڕیشەی خۆمان لەیاد نەکەین، گەر هاتو دوربین لەو کەسانەی خۆشمان دەوێن، هەمو کەسێکی سەر شەقامەکان ئەومان دەخاتەوە یاد، مرۆڤ خۆی ناناسێت تا ئەو ساتەی سنورەکانی خۆی تێنەپەڕێنێت، لێرەدا ئاماژە دەکات بە مەرجی مرۆڤایەتی لەو ساتەوەی لە بەهەشت دەرکراین، یان دەبێت ئازار بچێژین یان ئازاری خەڵک بدەین یان ئیهامی ئازاردانی ئەوانی دیکە بکەین، ژیان زیاتر لەوەمان پێدەبەخشێت ئازارە، پێویستە هەر یەک لەئێمە ئەوی دیکەی خۆش بوێت بەبێ ئەوەی هەوڵبدەین بەرامبەرەکەمان کۆیلەی خۆمان بکەین.