یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان ناڕەزایی خۆی بەرامبەر بە دواخستنی موچەی مامۆستایان دەربڕی و راشیگەیاند “ئەوە سزادانی مامۆستایانەو دەریدەخات پەروەردە جێگەی بایەخپێدانی حكومەت نەبوە.”
یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان رۆژی(پێنجشەممە-٥\٧\٢٠١٨) لەسەر ئاستی ئەنجومەنی گشتی كۆبوەوەو پاش كۆبونەوەكەش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بەیاننامەیەك بڵاوكردەوە.
عەبدولواحید محەمەد، سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایان لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا بەیاننامەكەی خوێندنەوە كە تێیدا هاتوە”ئەمڕۆ كۆمەڵێك بابەت باسكراون لەسەروی هەمویشیانەوە كێشەی لیستی موچە، كە وەزارەتی پەروەردەی تێدا نەبوە، سەرباری پاشەكەوتی موچەو دواكەوتن و پێنەدان و بڕینی بەشێكی دەرماڵەكان، هەمو هەوڵەكانی ئێمەی مامۆستایان بۆ ئەوە بوە پرۆسەی پەروەردە بەردەوام بێت.”
هەروەها باسی لەوەشكرد كۆمەڵێك داواكارییان لەبارەی مامۆستایانی گرێبەست و وانەبێژ و كێشەی راژەی مامۆستایان پێشكەشكردوە و داوایانكردوە ئەو كێشانە چارەسەر بكرێن، پارێزبەندی بۆ مامۆستایانیش دابنرێت، بەڵام سەرباری هەمو ئەوانە وەزارەتی دارایی لیستی موچەی مانگی چواری راگەیاند و مامۆستایانی تێدا نییە.
وتیشی”ئەوەش سزادانی مامۆستایانە و جێگەی نیگەرانیمانە، چونكە هەم 47 رۆژە موچەی مامۆستایان دابەش ناكرێت، هەم بەڵێنەكانی حكومەت نایەنەدی و دەریدەخات پەروەردە جێی بایەخپێدانی حكومەت نییە.”
سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایان وتیشی “هەر كاتێك حكومەت بیەوێت دڵی وەزارەتێكی دیكە رازی بكات، شاباش بە موچەی مامۆستایان دەكات.”