داعش لەراگەیاندنی خەلافەتەكەیدا لە29ی حوزەیرانی 2014 رایگەیاند كە كار بۆ جێبەجێكردنی شەریعەتی ئیسلام دەكات، بەڵام رفاندنی پتر لەسێ هەزار كچو ژنی ئێزدیو شەرعییەتدان بەكۆیلەكردنو دەستدرێژی كردنە سەریان، دیارترینی ئەو بنەمایانە بوون كە داعش لەخەلافەتەكەیدا بۆ ئەندامانی حەڵاڵی كردنو وەكو بنەماو ستراتیژێك دەقی بۆ دەركرد، ئەو خەلافەتە ئێستا لەپاڵ كوشتنی بێ پاساو، بەسێكسبازیو جیهادی نیكاح دەناسرێتەوە.
داعش لەنوێترین نامیلكەیدا رێنمایی سێكسی بڵاوكردووەتەوە، سەرۆكی كۆڕبەندی هزری ئیسلامیش دەڵێت سێكس پاڵنەرە بۆ چوونی گەنجان بۆ نێو ریزەكانی داعش.
وەفا شنگالی كچێكی ئێزدیی ئایینی گوندی قەسرۆكی سەر بە شنگالە، ئەو كە هێشتا چواردە ساڵ تەمەنییەتی، بەڵام جوانییەكەی بوو بەو بەڵایەی چاوچنۆكی ئەمیرێكی خەلافەتەكەی ئەبو بەكر بەغدادی بێ بەزەییانە بەناوی ئیسلامەوە پاكیزەیی پێ لە دەست بدات، تاكە گوناهیشی ئەوەیە مسوڵمان نەبوو.
ئاژانسی ئهنادۆڵ لهم راپۆرتهیدا بڵاویكردووهتهوه پاش كۆنتڕۆڵكردنی شنگال لەسەرەتاكانی ئابی رابردوو چەكدارانی داعش 95 پیاو و پتر لە 120 ئافرەت و منداڵی گوندەكەی وەفایان بە كوێلە و سەبییە راگەیاند و كوشتارگەی ئێزدییەكانییان دەستپێكرد و ژن و كچەكانیشیان خستە خزمەتی هەوسبازیی خۆیانەوە.
وەفا كچێكی جوانكیلەیە، بۆیە هەر زوو دەبێتە جێی چاو تێبڕینی ئەمیرێكی داعش و بۆ خۆی دەباتەوە ماڵەوە و ئەوەی دەیەوێت لەگەڵیدا دەیكات، بەڵام ئەو دوو مانگ و نیوەی وەفا لە لای بووە بۆ ئەم تەمەنێكە هەرگیز بیر ناچێتەوە، ئەو لەبارەی رۆژە تاڵەكانییەوە دەڵێت: “زۆر بە منییان دەگوت دەبێت ببیتە ئیسلام و منیش دەمگوت نابم، هەر بۆیە زۆریان لێدەدام، جگە لەوەش جارێك ویستم خۆم بكوژم، بەڵام نەمتوانی ئەو كارە بە تەواوەتی بكەم”.
هەزاران كچ و ژنی ئێزدی هاوچیرۆك و هاوئازاری وەفاكەی شنگالن، ئەگەر چی ئەم رزگاری بووە، بەڵام هێشتا زۆر لەو ژن و كچانە چاوەڕوانی ئایندەیەكی قورس و تاڵ و رەنگە خۆكوشتنیش ببنەوە.
وەفا كە لەگەڵ كچ و ژنی چەند گوندێكی دیكە سەرەتاكانی ئابی رابردوو براوەتە شنگال، دواتر بۆ تەلەعفەر كە تەنها سێ رۆژ تێیدا ماوەتەوە، هێرشی فڕۆكەكانی هاوپەیمانان چەكدارانی داعشیان ناچاركرد ئەوان كە بە گوتەی ئەو كچە 500 كچ و ژن و منداڵ دەبوون بۆ گرتووخانەی بادوش لە مووسڵ بگوێزنەوە.
وەفا شنگالی لەدایكبووی ساڵی 2000ە، بۆ ئەو كچە ئێزیدییە منداڵە بینینی دیمەنەكانی كوشتنی كچان و ژنانی ئێزدی و دەستدرێژیی سێسكی بۆ سەریان هێشتا زوو بوو، بەڵام ئەو دیمەنانەی هەمیشە لە مێشكدایە و دەڵێ شاهێد حاڵی كوشتنی چەندین كچ و ژنی ئێزدی بووە كە ئامادەنەبوون سێكس لەگەڵ داعشەكان بكەن، بەتایبەت سوورییەكان كە بێ یەك و دوو یاخی بووەكانییان لەو ئافرەتانە دەكوشت لەوانەی بە ملكەچبوون رازی نەبایەن.
لهو راپۆرتهدا كه رۆژنامهنوس هێمن بابان لهئاژانسی ئهنادۆڵ ئامادهی كردووه ئاماژه بهوهشكراوه پاش كۆنتڕۆڵكردنی مووسڵ لە 10ی حوزەیرانی رابردوو، چەكدارانی داعش پاش كۆنتڕۆڵكردنی ناوچەكانییان لە سەرەتاكانی ئابی رابردوو”كافربوون”یان كردە پاساوی كوشتنی سەدان پیاو لە پەیڕەوانی ئاینی ئێزیدی لەوانەی لە ژێر دەستیاندا مابوونەوە، ئیسلامبوونی سەدانی دیكەشییان لەژێر زەبری شمشێر راگەیاند، ئەو خەلافەتەی داعش پێیوایە شەریعەتی ئیسلام جێبەجێ دەكات بە دابەشكردنی كچ و ژنانی ئێزیدی و كردنییان بە”سەبایا”ی چەكدارانییان و دواتر كڕین و فرۆشتنییان لە هەردوو بازاڕی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە لە مووسڵ و شاری رەقەی سوریا مرۆڤایەتیی بۆ سەردەمی كۆیلایەتی گەڕاندەوە، ئەم هەڵمەتەش كە بۆ لەناوبردنی ئێزیدییەكان بوو حەفتاوپێنجەمین هەڵمەتی قڕكردنی ئەو كەمینەیە لە مێژوودا كرابێت كە زۆرینەیان لەسەر دەستی ئیسلامییە توندڕەوەكانی دەوروبەریان بوون.
داعش بە هەوسبازیی سێكسی و تەماشاكردنی كچان و ژنانی پەیڕەوانی ئاینی ئێزدی بە دەستكەوت” غەنیمەت” خۆی لەسەرجەم رێكخراوە تیرۆریستییەكانی دیكەی جیهان بە تایبەت ئەوەی لە منداڵدانی دروستبوو”قاعیدە” نموونەیەكی ناشرینتری سەلەفییەتی جیهادی نیشان دا، چونكە ئەوەی قاعیدە نەیكرد، داعش بە دەركردنی بە فەتوای جیهادی نیكاح و سەبییەكان سێكسی حەرامی بۆ چەكدارانی حەلاڵكرد.
داعش لە ژمارەی ئۆكتۆبەری 2014ی گۆڤارەكەی خۆی”دابق”، باسی لە هێرشەكانی بۆ سەر شنگال لە سێی ئاب كردووە و دانی بە كڕین و فرۆشتنی ئافرەتانی ئێزیدی و مامەڵەكردن پێیانەوە وەكو سەبایا بە بیانووی”شەیتان پەرست”ی كردووە. ئاینی ئێزدییەكانیش گەورەترین هۆكاری بێدەنگبوونی جیهانی ئیسلامی بوو بەرامبەر بە تاوانەكانی داعش لە دژیان بە دیاریكراو لە ئەتكردنییان كە بە بۆچوونی شارەزایان ئەوە گەورەترین شەرمەزاریی جیهانی ئیسلامی بوو بەرامبەر بە پەیڕەوانی ئاینەكانی دیكەی دراوسێیان.
بە پێی ئامارەكانی بەردەستی لێژنەی سەرژمێریكردنی ئەو ئافرەت و كچانەی لە دەستی داعشدان لە بنكەی رۆشنبیری و راگەیاندنی لالش چوار هەزار و 650 كچ و ژن و منداڵی ئێزدی لە هێرشەكانی داعش بۆ سەر ناوچە ئێزیدی نشینەكانی نەینەوا لە مانگی ئابی رابردوو كەوتوونە دەست چەكدارانی خەلافەتەكەی داعش.
شەمۆ قاسم بەرپرسی ئەو لێژنەیە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت “نزیكەی چوار هەزار و 650 كچ و ژن و منداڵی ئیزدی كەوتوونەتە دەستی داعش، بە پێی خەمڵاندنەكانی ئێمە نزیكەی 70 لەسەدی ئەوان ژن و كچن، جگە لەوەش نزیكەی 430 كچ و ژن و منداڵ گەڕێنراونەتەوە”.
شەمۆ كە رێكخراوەكەیان گەورەترین رێكخراوی ئێزیدییەكانە لە هەرێمی كوردستان پێیوایە ئەو مۆركە ئیسلامییەی داعش بەخۆی داوە و ئێزدی بوونی ئەوان وایكرد جیهانی ئیسلامی پشتییان تێ بكەن لە گەورەترین رووداوی قڕكردن و ئەتككردنی بە كۆمەڵ لە سەردەمی نوێ.
ئەو لەوبارەیەوە دەڵێت “بەداخەوە جیهانی ئیسلامی وەكو پێویست بەدەم ئازارەكانمانەوە نەهات و غەدرێكی گەورەی لە ئێزدییەكان كرد، چونكە مسوڵمان نیین، هێشتا هۆشیاریی خەڵكی جیهانی ئیسلامی نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی پاڵپشتیی لە مافەكانی مرۆڤ بكەن”.
داعشی رێكخراو و خەلافەت و دەوڵەت دەوڵەمەندترین گرووپی تیرۆریستی جیهانە، سەرباری موڵكایەتیی نەوت و پاڵاوگە و غاز و كبریت، ملیۆنەها دۆلاری لەو بانكانەشدا دەست بەسەرداگرت لەو ناوچانەی كۆنتڕۆڵیكردوون لە نەینەوا و سەلاحەدین و دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەكی دیكە، لە پاڵ ئەوانەشدا كڕین و فرۆشتنی ئافرەتانیش سەرچاوەیەكی دارایی ئەو رێكخراوەیە.
داعش بە راكێشانی سەدان گەنجی برسی بە سێكس لە دونیای عەرەبی و ئیسلامییەوە بە تایبەت بەهۆی ئەو ئافرەتانەی بە سەبییە و كویلەیان كردوون جگە لە خۆ بەهێزكردن و زیادكردنی ژمارەی چەكدارانی، نرخیشی ئافرەتانی كوێلە بەپێی تەمەن، جوانی، لەش و لار دیاریكرد، ئەمەش گێڕانەوەی مرۆڤایەتییە بۆ سەدان ساڵ لەمەوپێش و قێزەوەنترین بازرگانیكردنە بە مرۆڤەوە.
داعش لە ئاداری 2013 فەتوای جیهادی نیكاحی دەركرد كە سێكسكردنی موجاهیدەكانییەتی لەگەڵ ئافرەتان بۆ چەند كاتژمێرێك بۆ پڕكردنەوەی ئارەزووەكانییان رێگە پێدا كە ئەمەش بەرامبەر بە زەواجی موتعەی شیعەكان دانرا هەرچەندە ئەمەی دوایی هەندێك رێسا و نووسراو و شاهێدیشی پێویستە، بەڵام داعش تەنها بەڵێنی بەهەشت بەو ئافرەتانە دەدات كە ئەو كارە دەكەن، لەم پێناوەشدا هەڵخەڵەتاندن بەردەوامی هەیە.
خەلافەتەكەی ئەبو بەكر بەغدادی ماوەیەك لەمەوبەر نامیلكەیەكی بەناوی” سۆال و جواب فی السبی و الرقاب” بڵاوكردەوە كە رێنمایی سێكسكردنی چەكدارانی لەگەڵ ئەو ئافرەتانەی كەوتوونەتە دەستیان لەخۆ دەگرێت، جگە لە هێنانەوەی بەڵگەی ئایاتی قورئانی لەسەر ئاسایی سێكسكردن لەگەڵ ئەو كچ و ژنانە و رێگەپێدانی زانایانی ئیسلام، داعش لەو نامیلكەیە كڕین و فرۆشتن و بە دیاریكردنی ئەو ئافرەتانەی كەوتوونەتە دەستیان بەپێی ئایەتی ژمارە 605ی سورەتی مۆمنونی قورئان حەلاڵكردووە.
ئەو نامیلكەیە 32 پرسیاری سێكسی لە خۆ دەگرێت لە نێویاندا داعش رێگەی بە چەكدارانی داوە خۆشی لەو كچانە ببینن كە مناڵن و تەمەنییان بۆ سێكس گونجاو نییە، ئەو كچانەشی كە مناڵن و بۆ سێكس كردن گونجاو نیین، هەڵاتنی ئەو كچ و ژنانەش بە گوناهی گەورە ناو دەبات.
لە ئاینی ئیسلامدا لە دەرەوەی پەیوەندیی خێزانی دوو جۆر پەیوەندیی سێكسی هەیە، پەیوەندییەك كە بە رەزامەندیی هەردوو رەگەزی نێر ئەنجامدەدرێت و پێیدەگوترێت زینا و سزاكەشی 100 جەڵدەیە بۆ رەبەن و بەردبارانكردن تا مردن بۆ ئەوانەی هاوسەرگیرییان كردووە، پەیوەندیی دووەم كە بە ناڕازیی لایەكیان دەبێت و بە دەستدرێژی كردنە سەر” اغتصاب” هەژماردەكرێت و ئەوە سزاكەی قورسترە، بەڵام سەیر لە مەسەلەی سەبایا و جارییە ئەوەیە كە لە زینا خراپترە، جگە لە بە كویلەكردن دەستدرێژیكردنە سەر و بە دیاریكردنیشی تێدایە، بەڵام بە بۆچوونی هەندێك زانای ئیسلام حەڵاڵە. لە فیقهی ئیسلامییدا سەبایا بەو ئافرەتانە دەگوترێت كە لە شەڕی مسوڵمان لەگەڵ بێ باوەڕەكاندا دەگیرێن كە كوشتنییان رێگەپێدراو نییە.
سەرۆكی كۆڕبەندی هزری ئیسلامی لە هەرێمی كوردستان د.محەمەد تاهیر شەریف دەڵێت گرێی سێكسی لە پشت ئەو كارانەوەیە كە چەكدارانی داعش بۆ حەلاڵكردنی سێكسی حەرام دەیكەن، ئەو كە پێی وایە ئەوەی ئەوان بە ناوی سەبییە و جارییەوە دەیكەن رەفتاری پێغەمبەر نەبووە، دەشڵێت” ئەوەی دەیكەن دەستدرێژیی سێكسییە و هیچ پەیوەندییەكی بە ئاین و ئەخلاقەوە نییە”.
دەشڵێت” گومانم لەوە نییە خەفەكردنی سێكسی وایكردووە بەهەر جۆرێك بێت داعش رێگەیەكی شەرعی بدۆزێتەوە ئەگەر فەتوایەكی لاوازیش بێت و بنچینەشی نەبێت بۆ ئەوەی غەریزەی خۆیانی پێدابمركێننەوە”، پێشیوایە خەفەكردنی سێكسی پاڵنەرێكی سەرەكییە لە هەڵخەڵەتاندنی سەدان گەنج بۆ چوونە ریزەكانی داعش.
ئەو شارەزایەی ئاینی ئیسلام بە پێویستیشی دەزانی لە مەڕ كارە سێكسییەكانی داعش بەرامبەر بە ژنان و كچان زانایانی ئاینی ئیسلام بەدەنگ هاتبان و ریسوایان كردبا، چونكە لە پاڵ ناوی ئیسلامەوە دەكرێت، چونكە بە بۆچوونی ئەو داعش بەو كارانەی ئیسلامی ناشرین كرد.
لەگەڵ ئەوانەشدا سەرۆكی كۆڕبەندی هزری ئیسلامی پێیوایە لە فیقهی ئیسلامیدا شتێك بەناوی سەبایاوە هەیە، بەڵام پێیوایە ئەوە بۆچوونی مرۆڤە و ئاین كە هی خوایە شتی وای تێدا نییە، ئەوەشی لە فیقهی ئیسلامی هەیە رەنگدانەوەی بارودۆخی كۆمەڵایەتی سەردەمی خۆیەتی كە بەبۆچوونی ئەو پێغەمبەری ئیسلامیش نەیتوانیوە بەتەواوەتی بنەبڕی بكات، بەڵام بە رای ئەو هانی نەداوە كچ و ژن لە شەڕەكاندا بە كویڵە بكرێن وەكو ئەوەی داعش دەیانكات.
د.محەمەد تاهیر شەریف بە سووربوونیشەوە دەڵێت” مەسەلەی سەبایا دژی مرۆڤ و دژی ئایەتەكانی قورئانە كە دەڵێت (لقد كرمنا بنی ادم)، ئەسل َوایە مرۆڤ ئازاد بێت و دەستدرێژی كردنەسەری حەرامە، سەبایا پێچەوانەی ئیسلام و عورفە و لەگەڵ رۆحی ئیسلام دەست نادات، شتێكە سونەتی خوا نییە سونەتی بەشەرە”.
توێژەر و شارەزای مێژووی ئێزیدی داود خەتاری كە سەرقاڵی بە ئەرشیفكردنی ئەو تاوانانەیە كە چەكدارانی داعش دوای كۆنتڕۆڵكردنی شەنگال بەسەر ئێزدییەكانی هێنا ساڵی پار، ئەو تا ئێستا لەگەڵ پتر لە 100 ئافرەتی گەڕاوەی ژێر دەستی داعش چاوپێكەوتنی كردووە و هەمووشی ئەرشیفكردووە تا لە كتێبێكدا بڵاویان بكاتەوە و حكومەتی هەرێمیش بۆ بەجینۆسایدناساندنی پرسی رۆڵەكانی هاوئاینی سوودی لێوەربگرێت و لە ئایندەشدا نەوەكان ئەو تاوانانە بیرنەكەن.
خەتاری كە ماستەری لە بە بەڵگەنامەكردن هەیە و 36 پەرتووكی لەسەر ئێزدییەكان نووسیوە دەڵێت” 70 لەسەدی ئەو ئافرەتانەی كەوتوونەتە دەست داعش لە ئازارەكاندا هاوبەشن، ئەوان ئەشكەنجە دراون، دەستدرێژییان كراوەتە سەر و هەوڵدراوە بكرێن بە مسوڵمان”.
ئەو توێژەرە ئێزدییە دەڵێت “داعش بە نووسراوی رەسمی كڕین و فرۆشتن بە كچانی ئێزدییەوە دەكات وەكو هەر كاڵایەكی ئاسایی، هەر ئافرەتێك بۆ ماوەیەك لای كەسێك دەبێت و دوای تێربوون لێی دەیفرۆشێتە كەسێكی دیكە”.
دەشڵێ داعش نرخی بۆ كچانی ئێزدی داناوە و بە بۆچوونیئەو لە سووریا نرخی هەر كچ و ژنێكی ئێزیدی لەنێوان پێنج سەد تا هەزار دۆلار دەبێت، بەڵام لە بازاڕی مووسڵ لەنێوان 1500 تا 4500 دۆلار دەبێت و هەندێك جار زیاتریش دەبێت ئەگەر ئافرەتەكە زۆر جوان و رێك بێت”.
داود كە پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ كچێكی ئێزدی رفێنراوی دەستی داعش لە نێو مووسڵ هەیە دەیگوت ئەو كچە هێندە بێ بەزەییانە پەلاماردراوە ئێستا تووشی ئیفلیجی هاتووە و لەروونی دەروونیشەوە باری تێكچووە كە ئەو پێیوایە ئەوە چارەنووسی چەندین كچی دیكەیە.
ئێستا وەفا هاوشانی دەیان ئافرەتی ئێزدی هەڵاتوو لە چنگی چەكدارانی داعش بەدیار خەمی لەدەستدانی پاكیزەیی و ئەو رۆژە رەشانەی بە ئەستەم لە هزری بەتاڵ دەبنەوە رۆژ و شەو بەسەر دەكاتەوە و دەڵێت جگە لەوەی گرانترین شتی ژیانی لەدەستداوە، لەو خێزانە 13 كەسییەی پێش هێرشەكانی داعش پێكەوە دەژییان تەنها چواریان پێكەوە ماون، هێشتا دوو خوشكی وەفاش لە ژێر دەستی چەكدارانی داعشە.
خەلافەتەكەی داعش كە مۆركی ئیسلامیی هەڵگرتووە بە ناوی جیاجیاوە لە رۆشنایی دەقەكانی قورئان سێكسی بۆ چەكدارانی حەڵاڵكرد، بەڵام ئێستا ئەو خەلافەتە “خەلافەتی جیهاد” نەماوە كە پێشتر بۆی دامەزرا بەتەنها. ئەگەرچی ئەوان لێرە و لەوێ خەڵك بە تاوانی سێكسەوە دەكوژن، بەڵام سێكسی نا رەوا و دەستدرێژیی ئاسایی كردەوە، ئەوەش ئەو خەلافەتە بەناو ئیسلامییەی بەرەو هەوەسبازی و سێكسبازی بردووە.