
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت، پێویستە دۆسیەی ئاوارەکان لە هەموو پارێزگاکان دابخرێت، بڕیارەکە کەمپەکانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
تیمەکانی لقی هەولێری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، سەرقاڵی جێبەجێکردنی بڕیاری حکومەتی عێراقن، کە تاوەکو 30-7-2024، سەرجەم کەمپی ئاوارەکان دابخرێن.
حکومەتی عێراق ئاوارەکانی سەرپشک کردووە، ئەگەر ناگەڕێنەوە زێدی خۆشیان، دەتوانن لە پارێزگایەکی دیکەی عێراق یان لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێبن.
هەرێمی کوردستان بە ئاشکرا رایگەیاندووە، لەگەڵ گەڕاندنەوەی بەزۆرەملێی ئاوارەکان نین، بەڵکو پشتگیری گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە دەکەن.
لەکاتی شەڕی داعش ، زیاتر لە ملیۆنێک و 800 هەزار کەس لە پارێزگا سونییەکانی عێراق، ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون.
ئێستا لە هەرێمی کوردستان 631 هەزار ئاوارەی عێراق ماون، لەو ژمارەیە زیاتر لە 158،000 یان، کە دەکاتە 33% ـی ئاوارەکان، لە کەمپەکاندا دەژین.